بەرهەمهێنانەوەی تایبەتكراوی خێزان و چەوساندنەوەی ژنان لەمڕۆدا…   نووسینی: بەڵێن ئیسماعیل

0

بەرهەمهێنانەوەی تایبەتكراوی خێزان و چەوساندنەوەی ژنان لەمڕۆدا

 

نووسینی: بەڵێن ئیسماعیل                                    

دەزگای كۆمەڵایەتی و ئابووری خێزان، كە لە سیستەمی كاپیتاڵیزمدا بەرپرسیارێتی سەرەكیی پاراستن و چاودێری و بەرهەمهێنانەوەی هێزی كاری لە ئەستۆدایە، سەرچاوەیەكی سەرەكییە بۆ سەركوتكردنی ژنان. خێزان تایبەت نییە بە كاپیتاڵیزم و بە شێوەیەكی جیاواز، یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی زۆربەی كۆمەڵگە چینایەتییەكان. (خێزان) بە درێژایی كات خۆی ڕێك خستووە وخۆی گۆڕیوە. ئەم گۆڕانكارییانەش هەم بە هۆی ناكۆكییە ناوەكییەكانی خودی خێزان، و هەم لە وەڵامی چییەتیی وەرچەرخێنەر و پابەند بە بەرهەمهێنانەوە، دروست بووە…لەسیستەمی سەرمایەداریدا خێزان تایبەتمەندیی زۆری هەیە كە لە شێوەكانی پێشووتری جیای دەكەنەوە. لە هەموویان گرنگتر؛ ئەوەیە كە ئەو ڕۆڵە گرنگەی پێشتر خێزان وەك بەرهەمهێنەرو بەرهەمهێنەرەوە بۆ چینی كرێكار دەگێڕا، ئێستا بە شێوەیەكی كاریگەر وەستاوە، چونكە پرۆسەكانی كاری گەورە هەیمەنەی بەسەر بەرهەمهێنانی كاڵادا كردووە. خێزانەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمتر لە ئامرازەكانی ژیانكردن، لە دەرەوەی سەرمایەداری سودمەند دەبن، یان بە گشتی لە مافی هەبوونی سەربەخۆیی لە ئامادەكردنی ئامرازەكانی بژێوی بێبەش بوون. لە بەرامبەردا، بە ناچاری لە پێناو مانەوەی خۆیاندا بە كاری كرێی یەكێك یان چەند ئەندامێكیانەوە پابەند بوون. ئەم كێشەیە ڕۆڵی وەرچەخێنەری خێزان و ئەو دیمەنەی لێیەوە دروست دەبێت، وەك زەمینەیەكی سەربەخۆ ودابڕاو لە بەرهەمهێنان و ژیانی كۆمەڵایەتی و كار، داڕشتووە. بەم پێیە خێزان؛ لانیكەم لە ڕووی تیۆرییەوە، لەسەر چاودێری وبەخشینی ئارامیی ئەو تایبەتمەندییەی ئەندامەكانی دامەزراوە كە بە هۆ و لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا بە ماندوێتیی كاری كرێ و مەیدانی بەرهەمهێنانەوە دروستبوون.

ڕێچكەی مێژوویی ئەم گواستنەوەیە بەهیچ جۆڕێك هەموار نەبوو. كاریگەری پیشەسازیی و هاوشانی دەركەوتنی چینی كرێكار، تاڕادەیەك پەیوەندییە دێرینەكانی خێزانی هەموو خەڵكی لەناو برد -پیاوان، ژنان ومنداڵان-ناچاربوون بە كاری تاقەتپڕووكێن لە كاتێكی دوورودرێژدا، كە هەر جۆرە “ژیانێكی خێزانی” بەو فۆرمەوە كە هەنووكە دەیزانین، دەكردە مەحاڵ. بە بینینی هەمان ڕەهەند بوو كە ماركس و ئەنگڵس بەبێ هیچ دوودڵییەك و بە بەڵگەوە پێشبینیان كرد كە خێزانی چینی كرێكار بەهۆی جەوساندنەوەوە لە دۆخی لەناوچووندایە. “چەمكی خێزان چیتر بوونی نییە، بەڵام لێرە و لەوێ خۆشەویستیی خێزانیی دامەزراو لەسەر پەیوەندییەكی زۆر ڕاستەقینە بە تەواوی دەبینرێت “ئەمە ڕوانگەی ئەوان بوو بۆ ژیانی خێزانیی چینی كرێكار لە ١٨٤٦دا. ڕیفۆرمخوازان و چینی ناوەڕاست هێرشێكی ئایدیۆلۆژی و قانوونیان پێویست بوو بۆئەوەی خێزانی ناوكی بەسەر چینی كرێكاردا بسەپێنن، ئەمەش بووە هۆی كەمكردنەوەی لە دایكبوون و لانیكەمی مردنی بەرزی كۆرپەكان و كەمكردنەوەی لە دایك بوون و لانی كەمی مردنی بەرزی كۆرپەكان، و كەمكردنەوەی ئومێد لە ژیانی كرێكاراندا، كە وەك هەڕەشەیەكی لەناكاو و درێژمەودا بۆ پیشەسازی هەژمار دەكرا. ئەم هێرشانە هەم لەگەڵ بەرگریی كرێكاران ڕووبەڕوو بووەوە، و هەم لەگەڵ پارێزگاریی ئەواندا، كە سەرچاوەكەی لە لایەكەوە نیگەرانی بوو لە توانستی  دابینكردنی بژێویی ئەندامانی خێزانەكانیان، و لە لایەكی دیكەشەوە ئارەزووی ئەوان بوو بۆ گێڕانەوەی شكۆ و كەرامەت، كە وەك بڵێیت تەنها خێزان دەیتوانی بۆیان دابین بكات. سەرئەنجام، تەماشاكردنی خێزان لەناو چینی كرێكاردا بە شێوەیەكی دانەبڕاو لەگەڵ بابەتە ستانداردەكانی ژیاندا پەیوەندیی هەبووە و هەیەتی. ناتواندرێت بەو شێوەیەیەی كە بەشێك لە فێمینیستەكان بیری لێدەكەنەوە سەبارەت بە ژنان، یان سەبارەت بە سوود و بەرژەوەندیی بەشداریی ژنان لە هێزی كاردا ببینرێت.

لە سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەم، خێزان بەبێ ئەوەی لەناو بچێت، درێژەی بە ئەنجامدانی ئەركی دیاریكراوی خۆیدا. خێزان وەك سەرچاوەیەكی چاودێری، ئارامی و خۆراك، لە مڕۆشدا وەك بەرپرسی سەرەكی خۆشبەختی و بزوێنەرێك بۆ كرێكاران دەبینرێت، بە جۆرێك، كە كرێكاران بتوانن ڕۆژێك، مانگێك، ساڵێك یان دە ساڵی دیكە كار بكەن. تەندروستی و بە كۆمەڵایەتیكردنی منداڵان و بەشێكی زۆری چاودێریكردنی بەساڵاچوان و بیماران و ئەوانەشی توانای كاریان نەماوە، بەردەوام لە لایەن خێزانەوە ئەنجام دەدرێت. سەرچاوەیەكی ئامادە و گونجاو بۆ چەوساندنەوە لە هێزی كاردا بە كەمترین تێچوون (واتە ئەو كرێكارانەی كە خوازیارن و دەتوانن لە پێناو هەقدەستدا كار بكەن)، گرنگترین سەرقاڵییە بۆ چینی سەرمایەدار. بەبێ ئەوەی مرۆڤەكان ئامادە بن بۆ كار و تەنها بۆ قەرەبووكردنەوەی كارەكەیان كەمێك لەو بەهایە قبوڵ بكەن، كە لەگەڵ كارەكەیاندا بەرهەمیان هێناوە، هیچ قازانجێك، هیچ كەڵەكە كردنێكی سەرمایە و هیچ ئامادەییەكی بەهێزو دەستكەوتێك بۆ چینی سەرمایەدار بوونی نابێت. ئەوەی كە كرێكاران لە زۆرینەی بوارەكاندا خواستیان بۆ دووبارەكردنەوەی دەزگای خێزان هەیە، ئەركەكانیان بە ئاسانی و بەبێ هیچ گریمانە و قەرەبوویەك ئەنجام دەدەن و چاودێریكردنی نەوەكان یان ئەوانی دیكە وەك بەرپرسیارێتییەكی تایبەتی لە ئەستۆ دەگرن. لە دیدی سەرمایەدارەوە، خێزان ڕۆڵێكی دوولایەنەی هەیە، هەم وەك دەزگایەكی زەرووری ئابووری، و هەم وەك دەزگایەكی كۆمەڵایەتی كە لە فۆرمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری جودا نییە و گرێدراوە پێیەوە.

زۆرینەی ئەو كارانەی بۆ دامەزراندنی خێزان ئەنجام دەدرێن، خۆبەخشانە، بەبێ هیچ جۆرە باربوو (قەرەبوو) یەكی ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەكی ناڕێكخراو لەلایەن ژنانەوە شكڵ دەگرێت. لەگەڵ ئەوەی كە لە وڵاتە پێشكەوتووە سەرمایەدارییەكاندا، ژنان و پیاوان كاتی كاریان لە هەفتەدا وەكو یەك بێت (بە كاری هەقدەستی و ناهەقدەستییەوە)، هێشتاش ژنان بەشێكی زیاتر لە كاری بێكرێی ناوماڵ ئەنجام دەدەن، بە تایبەت كاتێك كە چاودێری كۆرپە ساواكانیشیان بن. سەرەڕای ئەوەی جیاوازیی سەعاتی كاری ناو ماڵ كە ژنان و پیاوان ئەنجامی دەدەن، لە ماوەی دوو دەیەی كۆتایدا كەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەستی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە ماڵ و منداڵان زۆر جێی سەرنجی ژنانە. گرفتی بونیادی لە كڵێشە جێندەرییەكاندا و نەبوونی یەكسانیی ئابووری لە نێوان ژنان و پیاواندا و خواست و چاوەڕوانییەكانی خاوەنكاران بوونەتە هۆی دۆخێك كە ژنان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامانج و خواستە فەردییەكانی خۆیان یان هاوسەرەكانیان، خۆیان بە ناچار ببینن لە گێڕانی ڕۆڵی چاودێریكردندا ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.