هێرش و بۆردومانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پەلەقاژەی مەرگی دەسەڵاتی ئاخوندەکانە!!
هێرش و بۆردومانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پەلەقاژەی مەرگی دەسەڵاتی ئاخوندەکانە!!
دوای چەند رۆژ لە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەرواری ٢٨ ی ئەم مانگە و دواتر دەسەڵاتی پایە لەق بوو و لەرزۆکی ئاخواندەکانی ئیران کەوتنە بۆردومانی بنکەو بارەگای زوربەی هەرەزۆری حزب و رێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە بنکەو بارەگایان لە کوردستانی عێراقدا هەیە. لە ئاکامی ئەم بۆردومان و هیرشەدا کە بە کاتیۆشا و …تۆپ و راجیمە درۆن ئەنجامدراوە، چەندی کەس گیانیان لەدەستداوەو بەدەیان کەس بریندار بوون و دانیشتوانی کەمپەکان و کەسوکاری هیزە ئۆپۆزسییۆنەکان ئاوارەبوون و ترس و دڵە ڕاوکێ خەڵکی نزیکی ئەو ناوچانەی گرتووە و زەرو زیانێکی مادی زۆریش بە بنکەو بارەگای حزبەکان و ماڵ و موڵکی خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە.
هیرش و پەلاماری وەحشیانەی جمهوری ئیسلامی بۆسەر بارەگاو بنکەکانی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی چاوەڕوانکراو بوو، رژێمی ئاخوندەکانی ئیران کە خۆپێشاندان و نارەزایەتی جەماوەری و راپەرین پێی ناوەتە هەفتەی دووەمەوە بەرەو فراوانتر بوون و گەورەبوونتر دەچێت، دەسەڵاتی ئاخوندەکانی خستۆتە لەرزە. هاوسەنگی هێز بەسودی جەماوەری راپەڕیوو گۆڕاوەو تادێتیش پشتیوانی لەم راسانە جەماوەرییە لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەو دنیادا بەرەو سەر دەچێت،
جمهوری ئیسلامی و ئاخوندەکانی ئێران لە رێگای ئەو هێرشانەوە دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنەنن کە خۆپیشاندان و راپەڕینی جەماوەری لەناوخۆی ئێراندا، پەیوەندی بە هیزە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانەوە هەیە و دوورە لە بزوتنەوەی راپەرینی جەماوەری کە ریشەی لە نابەرابەری ئابوری و بیکاری و گرانی و سەرکوت و بیمافی و هیرشی بێپسانەوە بۆسەر سفرەی کریکاران و خەڵکی زەحمەتکیش و ژنان و لاوان و مافە فەردی و مەدەنیەکانەوە هەیە.
ئاخوندەکانی ئیران دەیانەوێت، گۆرەپانی بەرامبەرکییەکی چینایەتی لەناوخۆی ئیراندا، کەلە لایەکەوە ئۆردوی ملیۆنی چینی کریکار و جەماوەری بیبەش و ژنان و لاوان و لەلایەکی ترەوە کەمایەتیەکی دەسەڵاتی پاریزەی سەرمایەو ئاخوندەکان، شانۆی کۆمەڵگەی ئێرانی داگرتووە، و بەرەو هەڵكشان دەچێت، بەلاواز و ئاژاوەی دوژمنانی ئیسلام نیشان بدەن و سەرنجی دنیا لە ناوخۆی ئیران بگوازنەوە بۆ سەر سنورەکان و ململانێیان لەگەڵ هیزە کوردییە چەکدارەکان.
بۆ چینی کرێکار و جەماوەری بیبەش و ژنانی راساو بۆ تۆڵەکردنەوە لەدەسەڵاتی زیاتر لە ٤ دەهەی ئیسلامی سیاسی و ئاخوندەکان، وەکو رەمزی گەورەترین بیمافی سەرکوت و نابەرابەری لە دنیا ئەمڕۆدا، رۆشنە… جەنگی واقعی و بەرامبەرکیی راستەوخۆ، لە ناو کۆمەڵگەی ئیراندا کڵپەی سەندووە و ریشەی لە بیمافی و سەرکوت و نەبوونی و هەژاری و بیکاری و ملهوری دەسەڵاتی ئاخوندەکانی پاریزەری سەرمایەدایە…
هیرش و پەلاماری وەحشیانە بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی، جێگای ئیدانەی جەماوەری ڕاپەریووی ئیران و کوردستان و هەموو حزب ولایەنێکی سیاسی و جەماوەری و ئازادیخوازە، و پێویستە بەهەموو شیوەیەک لەلایەن خەڵکی کوردستانی عێراق و خەڵکی ناوچەکەوە هاوکاری بکرێن و دەسەڵاتی سیاسیش، ڕێ و شوێنی خیرا بۆ پاراستنی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیران و بنکەو بارەگاکانیان بگرێتە ئەستۆ. هەروەها دەبێ بزانین کە ئەم هیرشانەی جمهوری ئیسلامی بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی، هاوکات هیرشە بۆسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و پیشیلکارییەکی ئاشکراو ژێرپیخستنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانە و دەبێ بەروویدا بوەستنەوە.
ئەم هیرشابە ناتوانێت راستی جەنگی چینایەتی ئیستای ئیران بشاریتەوە لە راستای روخاندن و رماندنی دەسەڵاتی رەشی ئیسلامی، کە نەک هەر بۆتە مۆتەکەی سەر ژیان و گوزەرانی دەیان ملیۆنی ئینسانی ئیرانی، بەڵکو بۆتە مۆتەکەی سەر ژیان و گوزەرانی سەدان ملیۆنی ئینسانی تر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
ئەم هیرش و پەلامارانەش کە پیشبینی دەکرێت بەردەوام بن و زیاد بکەن و شێوەی تر بگرنە خۆ، چ لەدەرەوەی ئیران و سەرسنورەکان و چ لەناوخۆی ئیراندا، نیشانەی لاوازی و داماوییە لەبەرامبەر بە راپەرینی ملیۆنی خەڵکی ئیراندا و پەلەقاژەی مەرگە.
بۆپێشەوە