ئاخوندەکانی تاران ترساون و ئیسلامییەکانی کوردستان تۆقیون نووسینی: جەمال شەریف
ئاخوندەکانی تاران ترساون و ئیسلامییەکانی کوردستان تۆقیون
نووسینی: جەمال شەریف
لەماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتی ڕەشی جمهوری ئیسلامی ئێران بەردەوام ناڕەزایەتی لێرە و لەوێ و بە شێوەی جۆراوجۆر بەڕووی ئەم ئاخوندانەی ئێراندا بوونی هەبووە، بەڵام ئەم ڕۆژانەی دوایی کە تاوانی تێرۆر کردنی خانمێکی گەنجی دڵ پڕ لە هیوا بۆ ژیان و ئایندە «ژینا ئەمینی» کە دانیشتووی شاری سەقز بوو، بووە بزوێنەری ڕاپەڕینێکی شکۆدار و بەهێزی خەڵکی بەگیان هاتووی ئێران.
کرێکاران و زەحمەتکێشانی برسیی، ژنان و پیاوانی تینوی ئازادیی، گەنجان و خوێندکارانی توڕە لە نادادپەروەریی، بە هێز و تینێکی زیاترەوە بە هاودەنگیی و ڕێکخراو بوونێکی شێلگیرانەترەوە، بە ئامانج و ئەزموونێکی فراوانترەوە هاتوونەتە مەیدان، لەلایەک حاکمانی ئیسلامیی ئێرانیان توشی تەنگەتاویی و بێ ئومێدی و شۆک کردووە و لەلایەکی تر، ئەم ڕاپەڕینە مەزنە بۆتە جێگای سەرنجی دۆست و نەیارەکانی لە تەواوی جیهاندا. بە تێڕوانینێکی هەیەجاناویی چاوەڕوانی بەرهەمی کۆتایی ئەم خرۆشانە جەماوەرییە دەکەن.
لێرەدا هەڵوێست و دۆخی ئیسلامییەکانی کوردستان لەم بارەیەوە جێی تێڕامانە، هەر لە سەرەتای ئەم ڕاپەڕینە شکۆدارەوە ئیسلامیەکانی کوردستان تووشی ترس و تۆقان هاتوون، کاتێک ئازادیخوازەکان و یەکسانیخوازەکانی کوردستان وەک ئەرکێکی ئینسانیی و چینایەتیی خۆیان، هاوپشتییان بۆ خەڵکی خرۆشاوی ئێران و کوردستان دەربڕی، ئیتر ئیسلامییەکان پەتی خۆڕاگرییان پچڕا و بە ڕێگای جۆراوجۆر کەوتنە هێرش بۆسەر چەپ و کۆمۆنیستەکان، دیارە ئیسلامییەکانیش بە پێویستی دەزانن بە ئەرکی خۆیان هەستن، کە پشتیوانییە لە ڕێبەرە ئاخوندەکانیان.
لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە ئەم هەوڵەی ئیسلامییەکان چاوەڕوان کراو بوو، چونکە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی بەرەی چەپ و ئازادیخوازان لە لایەک و ئیسلامییەکان خۆیان لە لایەکەی تر باش دەزانن، کە تێرۆریستانی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و ئیسلامییەکانی کوردستانیش لە داوێنی پیسی ئیتڵاعاتەوە بەربوونەتەوە، دەستیان بەدەستی یەکەوە گرێ دراوە و پێکەوە هەناسە دەدەن، بەو پێیە شکستی مەلاکانی ئێران دان شکانی ئەمانە، نەمانی دەسەڵاتی پەت و سێدارەی ئەوان، مردنی ئەمانە، بۆیە ناحەقیان نییە کە ئاغاکانیان لە تاران شەق دەخۆن، ئەمان لە کوردستان سمتیان ژان دەکات.
جێگای خۆش حاڵییە، کە نیشانەکانی شۆڕشی ڕاستەقینە لە ئێران ڕوو لە گەشەیە و هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ پێشەوە. دەنگی هاوپشتیی بۆ ئەو خرۆشانە لە جیهان و لە کوردستان بڵندە و بە پەنا بردنی ئیسلامییەکان بۆ بەناو دادگای هەرێم و هەڕەشەی ئاگری دۆزەخی خورافییان، ئەو دەنگە کپ ناکرێت.
سەرکەوتوو بێت ڕاپەڕینی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان