ناسیونالیزمی کورد و مەهسا ئەمینی و خرۆشانی جەماوەری… عەبدوڵا مەحمود
ناسیونالیزمی کورد و مەهسا ئەمینی و خرۆشانی جەماوەری…
عەبدوڵا مەحمود
دوای ئەوەی مەهسا ئەمینی لەژێر شکەنجەی جەلادەکانی دەسەڵاتی ئیران بەهۆکاری پەیرەونەکردنی حجابی ئیسلامی گیانی بەختکرد، جەماوەری ناڕازی ئێران لەناو دڵی بزوتنەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا، خرۆشانێکی بەرینی کۆمەڵایەتیان وەرێخست کە زۆر زوو سەراسەری ئیرانی گرتەوە.
ئەم خرۆشانە جەماوەرییە، چەخماغەدانەکەی شکەنجەو مەرگی مەهسا بوو، بەڵام هۆکاریی بەرین بوونەوە و پەل هاویشتنی بۆ دەیان شاری ئێران، ریشەی لە نەفرەت و نارەزایەتی بەرینی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشدا بوو، بەدژی بێکاری و گرانی و سەرکوت و بێمافی و سەرجەم دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی.
ئەم بزوتنەوەیە هیچ مۆرکێکی جغرافی پێوە نییە و پەیوەست نییە، بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و کورد بوونەوە. مەهسا ئەمینی لەسەر داخوازی چارەسەری کێشەی کورد، یان دەنگ هەڵبرێنی بەدژی مافی خەڵکی کوردستان سزای ئیسلامی نەدراوەو گیانی بەخت نەکردووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی وەکو ژنێک بەپێی ویستی ئاخوندەکانی ئێران و “پۆلیسی مۆڕاڵ”ی خاڵی لەهەر مۆراڵێک، حجابی نەکردووەو بۆتە قوربانی.
پرسی ژن و حجاب و جل و بەرگی ئیسلامی، لەگەڵ هاتنەسەر کاری دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیەوە دەستی پێکردووە. ژنان و مافەکانیان و پرسی جل و بەرگی ئیسلامی بۆتە مەیدانێکی بەرامبەرکێییەکی نەپساوەی نیوان دەسەڵات و ژنان و بزوتنەوە پێشکەوتنخوازەکان. پێچانەوەی پرسی مەهسا ئەمینی بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان و کوردایەتییەوە، بەکەم گرتن و هێنانەخوارەوەی بزوتنەوەی مەدەنی و ئازادیخوازی ئیران بەگشتی و بزوتنەوەی نارەزایەتی ژنانە بەتایبەتی و دابڕ دابڕکردنی بزوتنەوەیەکی سەراسەرییە بە پاساوی کێشەیەکی تری سیاسی ناوخۆیی کە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانە.
ناسیونالیزمی کورد، بەکردەوە نیشانیداوە ناکۆکی چارهەڵنەگری لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی ژنان هەیە، و دەسەڵاتەکەشی لە کوردستانی عێراقدا، بە بەڵگەوە ئەم دژایەتییەی بەرجەستە کردۆتەوە. چوونە پشت فرە ژنی، تیرۆری بی پسانەوەی ژنان بە پاساوی شەرەف و ئازاد بوونی بکوژانی، بوونی گۆرستانی بێناو نیشانی ژنان، دەستگرتن بە شەرع” قورعان و حەدیس” کردنی بە سەرچاوەی یاساکان، تێکەڵکردنی دین لەگەڵ خوێندن و پەروەردە. دانانی وەزارەتی ئەوقاف و لغاو شل کردن بە هەزاران مەلا کە بەئارەزوی خۆیان ژەهراو بڕێژن و هێرش بکەنە سەر هەموو لایەنێکی ژیانی تایبەتی و گشتی ژنان و فتوادان لەسەر هەڵسوکەوت و مامەڵەیان. تا دەگاتە دەرگا خستە سەر پشت و فەرشی سور داخستن بۆ رەوتە سیاسییە ئیسلامیەکان و هاوکاری کردنیان. هاوکات دەروازە خستنە سەر پشت بۆیان تا بە کۆمەک و هاوکاری وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە پرۆژەی بەردەوامی حجابی ژنان لە ژێر ناوی “تاجی زیڕین” پێشبرکیی “بەهای فەرموودە” بۆ لەبەرکردنی قورعان… و دەیان رێگەی تر لەڕیگای کەڵک وەرگرتن لە برسێتی و گرانی و بێ موچەیی و بۆ ئەوەی ژنان و کچان لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە و پرسی ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگە پەرەپێبدەن… ئەمانە هەموویان بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکانی مامەڵەی بزوتنەوەی کوردایەتییە لەگەڵ ژنان و مافەکانیان. بەم جۆرە ناسیونالیزمی کورد چەندەش بکۆشیت و هەوڵبدات، ناتوانێت خۆی بەپرسی ژنان و مافەکانیان هەڵبواسێت. ژن چ لە کوردستان و چ لە ئیران و چ لەهەر جێگایەکی تری دنیا بێت، ناسیونالیزمی کورد، لەدەسەڵاتدا بیت یان ئۆپۆزیسیۆن، کێشەی ژن بۆی کیشەیەک نییەو لەوەش زیاتر پایەکی سەرەکی ناسیونالیزم پیاوسالای و بەرگری لە شەرەف پارێزی و دژایەتی ژنان و مافەکانیانە.
شانازیکردنی حزبە ناسیونالیستەکان و نووسەر و رۆشنبیرە مۆڵەپێدراوەکانیان، بە ڕاسانی جەماوەری لە کوردستانی ئێراندا و گریدانی ئەم نارەزایەتییە بە پرسی سیاسی کوردستانەوە و بەکوردی کردنی ئەم بزوتنەوە سەراسەرییە، ماهیەتی کۆنەپەرستانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و دژایەتی سەرسەختانەی بۆ بزوتنەوەی شۆرشگێرانەو ئازادیخوازانە لە ئیراندا، دەخاتە ڕوو.
ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتییەی سەراسەری کوردستان و ئیرانی لەیەک کاتدا گرتۆتەوە، ریشەی لە هاوخەباتی و هاوچارەنووسی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدایە، بەدژی نیزامێک کە دژایەتی چارهەڵنەگری لەگەڵ هەموو ئازادی و ئازادیخوازییەک هەیە، لەسەراسەری ئیراندا. هێرش بۆسەر ژنان لەلایەن دەسەڵاتی ئاخوندەکانەوە، هیچ جغرافیایەک ناناسێت و پەیرەوی نەکردن لە حجابی ئیسلامی، لە هێڵە سورەکانی دەسەڵاتی ئاخونەکاندایە.
لە کەیسی مەهسا ئەمینیدا، ناسیونالیزمی کورد، دەیانەوێت بە هەڵوەراندنی فرمێسکی درۆینە خۆیان بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بزوتنەوەی “نا” وتنی ژنان، بە حجاب و بێ مافی ئافرەتانەوە گرێ بدەن، بەڵام نەک بەوێنەی بزوتنەوەیەکی سەراسەری ژنان لەدژی حجاب و بێ مافیەکانیان لە ئاستی سەراسەری ئێراندا، بەڵکو بە وێنەی نارەزایەتی بە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی کە تائیستا ئامادە نییە بەشداری دەسەڵاتیان بۆ بەفەرمی بناسێت. وە نە بەوێنەی بەرگری لە مافی ژنان وەکو مافێکی حاشاهەڵنەگری ئینسانی ژن، بەڵکو بە وێنەی بەرگری لە “ژن”ی کورد، خۆیان نمایش دەکەن. دەیانەوێت بزوتنەوەی سەراسەری ئێستای ژنان لەناو بزوتنەوەیەکی سەراسەری جەماوەری بێبەشی ئێراندا، لە قاڵبی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، پێش چاو بخەن و چاو لە ئاست ئەم بزوتنەوە سەراسەری و لێک هەڵپێکراوەی ئیران و کوردستاندا، دابخەن.
گومان هەڵنەگرە، کوشتنی مەهسا ئەمینی، بووە هۆی چەخماغەدانی بزوتنەوەیەکی فراوانتر لە پرسی ژنان. نارەزایەتی بە حجاب و بێ مافی ژنان، تەنها گۆشەیەکە لە بزوتنەوەیەکی فراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی رەشی چەند دەهەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێرانە. بەتایبەتی کە دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران و پرسی ستەم کێشی و بێمافی ژنان، دوانەیەکی بەیەکەوە گرێدراون و کۆتایی هێنانیش بە حجاب و ستەم کیشی ژن، لە گرەوی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیدایە.
تورەییی و نەفرەتی رۆژ لەرۆژ لەپێشی چینی کریکار و جەماوەری بێبەش لەسەراسەری ئیران، سەرچاوەی بەرین بوونەوەی نارەزایەتیەکانی ئێستا بە کوشتنی مەهسا ئەمینی و بێمافیەکانی ژنان و حجابی ئیسلامییە کە رەمزی کۆیلەتی و بێمافی ژنانە. بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبە سیاسیەکانی ئەگەر لە ژێر گوشار و بەرین بوونەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتیدا بە دژی کوشتنی مەهسا و بەدژی سەراپای دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی، ناچارن بەرگی پشتیوانی لەم بزوتنەوەیە بکەنە بەری خۆیان، بەڵام لە دنیای واقعیدا نیگەران و هەراسانی هاتنە مەیدانی ئەم بزوتنەوە جەماوەری و ئازادیخوازانەیەن، کە ژنان و بەرەی چەپ و ئازادیخوازی کۆمەڵگەی ئیران، وەڕێیان خستووە. هەر ئەوەشە وای کردووە، لەناو ئەو بزوتنەوە فراوانە کۆمەڵایەتییە سەراسەریەدا، تەنها کوردستان و” رۆژهەڵات” بەرجەستە بکەن و هۆکاری کوشتنی مەهسا ئەمینیش، ببەستنەوە بە پرسی سیاسی و نەتەوەیی و دوور لە کیشەی ژن و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە سەراسەری لەئیراندا.
ئەم بزوتنەوە و ڕاپەڕینەی ئێستای ئیران، گۆشەیەکی تر لە بزوتنەوەی نارەزایەتی و تەکانێکی ترە لە راستای خاراوبوون و پێشرەوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی و ئەم تەکانەش دەتوانێت هەم گورزێکی تر بدات لەدەسەڵاتی ئاخوندەکان و هەم باڵانسی هێز بەسودی خەڵکی نارازی ئیران لە بەرامبەر بە جمهوری ئیسلامیدا بگێرێت. لەوەش زیاتر ئەم بزوتنەوەیە هەر ئیستا بۆتە مایەی ئیلهام بەخشین بە بزوتنەوە رادیکاڵ و شورشگیرانەکان، لە وڵاتانی ناوچەکەداو رەوت و هیزە بۆرژوازییەکان بەگشتی و رەوت و هیزە ئیسلامیەکانی بەتایبەتی خستۆتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.
هەر هێزو لایەنێکی سیاسی ناسیونالیست، یان رەوتە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکان، بەهەر جۆرێک بیانەوێت، لە گرنگی ئەم بزوتنەوەیە کەم بکەنەوە یان دژایەتی بکەن، پێویستە کارنامەیان بەوێنەی سەنەدی دژە شۆرش و دژە ژن و دژە ئازادییەکان، بخرێتەوە ڕوو.
کۆتایی سێبتەمبەری ٢٠٢٢