لەدەسپێکی تازەی ساڵی خوێندندا… خوێندن و پەروەردە ڕەنگدانەوەی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسییە… عەبدوڵا مەحمود
لەدەسپێکی تازەی ساڵی خوێندندا…
خوێندن و پەروەردە ڕەنگدانەوەی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسییە…
عەبدوڵا مەحمود
بەم زوانە دەسپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢/٢٠٢٣ دەست پێدەکات و دەرگای قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان دەکرێتەوە.
لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە، کە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگەو لەوپەرێ خراپیدایە و تادێتیش بەرەو خراپ تر دەچێت. رێژەی بێکاری و هەژاری بەخێرایەکی زۆر دەچێتە سەرەوە، گرانی بازار وەکو ئەژدیهایەک دەستی ناوەتە بینەقاقای بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە. سلکی خوێندن و پەروەردە بەرەو داڕمانێکی ئاشکرا پەلکێش کراوە. نەبوونی بینای پێویست بۆ قوتابخانە و پەیمانگاکان، نەگونجاوبوونی بیناکان، نەبوونی پێداویستیەکانی خوێندن، وەکو کتێب و قەڵەم و کورسی و تاقیگەو… پرۆسیسی خوێندن و فیرکردن و پەروەردەی شەلەل کردووە. بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکارییەوە رێژەی نەچوونی و نەناردنی مناڵان بۆ خوێندن هەڵکشاوەو ئەو مناڵانە ناچار بەوە کراون لە جێگای قوتابخانە، مل بە بازاڕی بێرەحمی سەرمایە بدەن و ببنە سەرچاوەی کاسبی بۆ خێزانەکانیان.
نەبوونی موچەو دواکەوتنی و دڵەڕاوێکی بڕینی موچەکان و لێقرتاندنی، هەمیشە سایەی بەسەرسەری مامۆستایانەوەیە. هەلومەرجی کارمەندانی پەروەردەو مامۆستایان بەتایبەتی لە چەند ساڵی رابردوودا، کە نیوە موچە و چارەکە موچەیان پێدەدرا، ئاستی ژیان و گوزەرانیانی توشی داڕمان کردووە بەو هۆیەشەوە توانایی ئەو توێژەی کەمکردۆتەوە. دابەزینی رادەی دەرچوون بۆ نزمترین ئاست رەنگدانەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوەیە….
زاڵکردنی کەشی کۆنەپەرستی لەناو زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەکاندا، تا دەگات بە هەرەشەو چاوسورکردنەوەو ترساندن لە قوتابخانەکاندا، لایەنێکی ترە کە پرۆسیسی خوێندنی بەرەو وێرانەیی بردووە. هاوکات مەنهەجی خوێندنی کۆنەپەرستانەی سەرچاوە گرتوو لە دین و خورافاتی دینی، تا دنەدانی دیدو روانینی ناسیونالیستی و تیکەڵکردنی ئەمانە لەگەڵ مەنهەجەکانی خوێندندا، خودی ناوەندەکانی خوێندنی گۆرێووە بۆ ناو کایەی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە فیربوونی زانستی و دیدی ئیساندۆستانەو ژیان دۆستی.
بەجیا لەوانە دیارنەبوونی هیچ ئایندەیەک بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و دانەمەزراندن و دەستگیر نەبوونیان لە هیچ کارێک، وای کردووە گرنگی دان بە خوێندن لاواز ببێت. هۆکارێکی سەرەکی کۆچی لاوان و تازە لاوان بۆ وڵاتانی ئەوروپا راکردنە لەو دۆزەخە و وێڵ بوونیانە بەدوای ژیان و کاردا.
دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، لەبەرامبەر بەم دۆخەی پرۆسەی خوێندن و پەروەردەدا، نەک هەر بێباکە، بەڵکو خۆی هۆکارێکی ئەم کەشە نەخوازراوەیە کەبەسەر کۆی سیستەمی پەروەردەو خویندن و فیرکردندا زاڵکراوە. چونکە گومان لەوەدانییە، کە سیستەمی خوێندن و پەروەردەو فیرکردن رەنگدانەوەی دەسەڵات و سیستەمی سیاسییە. ناکرێت سیستەمێکی دواکەتووی کۆنەپەست خوێندن و پەروەردەو مەنهەجی خوێندنی پیشکەوتنخوازو ئینسانی بێت. هەر وەکو ناشیت سیستەمێکی سیاسی مۆدێرن و کراوە و ئینسان دۆست، سیستەمی پەروردەو خوێندن و فیرکردنی دواکەتوو و داخراو سەرکوتگەرانەو لەسەر مەبنای گیڵکردن و گەوجاندن دامەزرابێت.
سیستەمی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن لە کوردستان، رەنگدانەوەی سیستەمی سیاسی شکستخواردووی دەسەڵاتێکی میلیشیایی تاڵانچییە.
هۆکاری ئەوەی ئەلگۆ و فۆرمی سیستەم و خوێندنی دانیمارکی و سویدی لە کوردستان ناتوانرێت پیادە بکرێت، دەسەڵاتی سیاسییە. ناکرێت خوێندن و پەروەردەو فێرکردن تیکەڵ بەدین و سیاسەت بکرێت و هاوکاتیش چاوەروانی ئەوە بیت، فۆرمی و ئەلگۆ سویدی جێ بەجێبکرێت و سەرکەوتوبێت. ناکرێت مامۆستا موچەی نەبێت و خوێندکار و قوتابی برسی بن و پیداویستیەکانی خوێندن لە بیناوە تا تاقیگەو مەنهەجی خوێندن فەراهەم نەکرابن و چاوەروانی سەرکەوتن و پیشرەوی لە خوێندن و پەروەردەدا بکرێت.
خوێندن و پەروەردە وەکو سەرجەم بوارەکانی تری لە چەشنی تەندروستی، رێگاو بان، یاساو سیستەمی دادوەری… ناکرێت لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا وەڵام دەرەوەی ویستی خوێندکار و قوتابیان و خواستی گشتی کۆمەڵگە بێت.
ئەگەر هێشتا خویندن و پەروەردە و فیرکردن لە کوردستان نەتوانراوە بەتەواوەتی ئیسلامیزە بکرێت، نەتوانراوە بەتەواوەتی لەبەین بچێت، هۆکارەکەی راوەستاوی بەرەو بلۆکی ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستانە، لە پێشیانەوە مامۆستایان و کارمەندان و شارەزایانی دڵسۆزی بواری پەروەردەیە. مەیدانی خوێندن و پەروەردە وەکو هەموو بوارەکانی تر مەیدانی بەرامبەرکێی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەیە.
کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە سیستەم و ئەلگۆیەکی سەردەمی خوێندن و پەروەردەیە، کە بەبێ کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە مەیسەر بوونی لەمەحاڵ نزیکە. ساڵی تازەی خوێندن دەست پێدەکات، لەگەڵیشدا ململانێی لەگەڵ دەسەڵات بۆ سەرەتاییترین پیداویستیەکانی زامن بوونی کەشیکی سادەو ئاسایی خوێندن و پەروەردەش دەست پێدەکات. پرسی موچە، زیادکردنی موچە، دامەزراندن، بردنە سەری توانایی مامۆستایان، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژو کردنی کارەکەیان بەهەمیشەیی، قوتابخانەی شیاو، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی سێ دەوامی، تا دەگات بە بەرگرتن بە شەپۆلەکانی کۆنەپەرستی… مەیدانی ئەو بەرامبەرکێیەن.
خوێندکاران و مامۆستایان و کەس و کاریان، پێویستە دەستیان لەناودەستی یەکتریدا بێت، بۆ باشترکردنی پرسی خوێندن و پەروەردە. لەو نێوەدا بوونی ریکخراوەی مامۆستایان و خوێندکاری سەربەخۆ کە بەرژەوەندی هاوبەشی مامۆستایان و خوێندکاران و پرسی خوێندن و پەروەردە، بێ گوێدانە ناسنامەی حزبی و بیرورای سیاسی، مەبناکەی بێت، دەتوانێت کاریگەری زۆری هەبێت بۆ گێرانەوەی ئیرادە بۆ مامۆستایان و خوێندکاران و کەس و کاریان و هەنگاونان، بۆ توڕهەڵدانی ریکخراوە مامۆستایان و خوێندکارییە حزبی و گوێ لەمستەکان. هاوکاتیش دەتوانێت ئاراستەی خوێندن و پەروەردە، بە ئاقارێکی شیاودا ببات و ببێتە گوشاری کاریگەریش لەسەر دەسەڵاتی سیاسی.
ناوەراستی سێبتەمبەری٢٠٢٢