“گەندەڵی و جەندەر: دیدێک بۆ سەقامگیری سیاسی و ئابووری”“ نووسینی: لاوک سەڵاح

0

“گەندەڵی و جەندەر: دیدێک بۆ سەقامگیری سیاسی و ئابووری”“

نووسینی: لاوک سەڵاح

بواری جەندەر تەنها مەسەلەیەک نییە پەیوەندی بە ماف و یەکسانی نێوان پیاو و ئافرەتەوە  هەبێت، یاخود لەو بوارەدا قەتیس بکرێت، هەرچەندە کرۆکی مەسەلەکە لێرەوە دەست پێدەکات،  هەروەها جەندەر تەنها پرسێکی کۆمەڵایەتی و رێکخستنی پەیوەندی نێوان ئافرەت و پیاو نییە، هەرچەندە ئەمەش لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم بوارەیە. جەندەر لە رەوتێکی “سیاق” سیاسی فراواندا، کۆڵەکەیەکە لە کۆڵەکەکانی بەرجەستەکردنی مافی مرۆڤ و دامەزراندنی پرۆسەیەکی پتەوی دیموکراسی لە نێو دامەزراوەکانی حکومرانییەکی دادپەروەرانە. جەندەر کاریگەری راستەوخۆ و ستراتیژی لەسەر بیناکردنی پرۆسەی دیموکراسی و حکومرانی هەیە و ئەگەر ئەو پرۆسەیە تەندروستانە دامەزرێت و باش رەچاو بکرێت یارمەتی کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی دەدات. جەندەر بوارێکە بۆ وردکردنەوەی بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی کە دواتر زەمینە خۆش دەکات بۆ هێنانەکایەی گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری، بە تایبەتی لەو دەوڵەتانەی کە لە قۆناغێکی سیاسی سەختەوە دەخوازن بپەڕنەوە بۆ قۆناغێکی سیاسی سەقامگیر و هەمیشە پەرەسەندوو.

بەڵام، ئەم پرۆسەیە چۆن دەخوڵقێنرێت؟ پەیوەندی نێوان ئەو تەوەرانەی سەرەوە چۆن رێکدەخرێت، بە تایبەتی ئەزموونی هەر وڵاتێک و نەتەوەیەک زۆر لە یەکتر جیاوازە. ئەم نووسینە بۆ ئەو مەبەستە نووسراوە، بۆ پەرێنەوەیە لە مافە بایۆلۆژی و یەزدانییەکانی ئافرەت بۆ بەرجەستەکردنی بەشداری ئافرەت و پیاو لە کەمکردنەوەی گەندەڵی سیاسی و ئابووری. ئەم نووسینە تەنها داخوازیەکی رووت نییە بۆ گەڕاندنەوەی مافێک لە یەکسانی بۆ ئافرەتان، مافێکی رەها کە خۆیان خاوەنین، بە مانایەکی دیکە، لێرە، تەنها داکۆکی لەو مافە رەوایە ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت لەوەندە زیاتر بڕوانینە مەسەلەیەک کە راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە دامەزراندنی پرۆسەیەکی دیموکراسی و حکومرانی دادپەروەرانە، وەک ئاماژەمان پێدا.

لە راستیدا زۆر بەدەگمەن لەسەر ئەم پرسە و ئەو پەیوەندیە نووسراوە، هەمیشە لە ئەدەبیاتی سیاسی باوی ئێمەدا بە شێوازێکی ئینشائامێز باس لە ئافرەت و جەندەر و ئەو مافە سەرەتاییانە دەکرێت، بەداخەوە لە دروشمی سیاسی و بەیاننامەی پارتی سیاسی تێناپەرێت و شۆرنابێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی خوڵقاندن وهێنانەکایەی پرۆسەیەکی سیاسی و یاسای و ئابووری و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چالاک بدات کە هۆشمەندی سیاسی سەبارەت بە جەندەر و گەندەڵی و بەشداری ئافرەت لە حکومرانیدا بە کۆمەڵگە ببەخشێت. لە گرفتە هەرە سەرەکییەکان، نەبوونی پرۆسەیەکەی کراوەی سیاسییە کە بەرژەوەندی رەوا بۆ ئافرەت بێنێتە ئاراوە بە شێوازێک کە سەربەخۆیی ئافرەت و بوونیان لە دامەزراوەکاندا بپارێزێت. لە هەمان کاتدا، داواکاری بۆ هێنانەدی ئەو مافە دوولایەنەیە، هەندێک دەڵێن پێشوەخت دەبێت ئەو مافانە لە یاساکاندا رەنگبداتەوە، ئێمە دەڵێین یاسا مرۆڤ دایدەرێژێت، یاساکان رەنگدانەوەی هۆشمەندی سیاسی گشتی کۆمەڵگەیە، نەوەک پێویست بە دارشتن دەکات بەڵکو دەبێت توانایەکی سیاسی و یاسایی شیاو هەبێت تاوەکو بپارێزێت و گەشەیان پێبدا، دیسانەوە چۆن؟ دواتر هەندێ پێشنیار دەکەین.

سەبارەت بە گەندەڵی، بەرجەستەکردنی بنەما سەرەکییەکانی جەندەر یارمەتی کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی گەندەڵی دەدات. پەیرەوکردن و پابەندبوون بەو بنەمایانە، ئاماژەیەکی پتەوە بۆ بوونی ئیدارە و سیاسەت و ستراتیژیەتێکی هاوسەنگ لە حکومڕانیدا. لە راستیدا کارێکی لەو جۆرە دەستبەجێ دەبێتە هۆی گەرانەوەی متمانەی سیاسی لەهەموو سەکتەرەکاندا. ئەمەشیان چۆن؟

بۆ هێنانەدی ئەو مەبەست و ئامانجانەی سەرەوە ئەم بەرنامەیەی خوارەوە پێشنیار دەکەین:

کارکردن لەسەر ئەم ئاستانەی خوارەوە:

1.پەرەپێدانی ئاستە پیشەی و تەکنیکییەکانی ئافرەتان، بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ئامادەکردنیان بۆ بیناکردنی ئەو پرۆسە هەمەلایەنەی باسمان لێوەکرد، لە پرۆسەی بیناکردنی تواناسازی لە بواری جەندەردا، ئەگەر هەبێت، دەبێت پێداویستییە سەرەکییەکانی ئەم بوارە دابین بکرێت ئەوەیش بە بەراوردکردنی بنەما سەرەکییەکانی بواری جەندەر و مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ پێداوسیتییە کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمهێنانی خوێندندەوەیەکی دروست بۆ ئەو رەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە پرۆژەکانی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، بەمانایەکی سادەتر، دەبێت هەر زوو بزانرێت چی لە کوێدا دەکرێت؟ بۆ نموونە، لە ئێستادا بوونی رێژەی کۆتا بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین ئافرەت مافی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا پارێزراوە، بەڵکو دەبێت کار لەسەر هاندانی باشترکردنی کواڵیتی و ئاستی ئەدای ئافرەت بکرێت. کۆتا هەندێ جار، ئافرەت سارد دەکاتەوە لەوەی کار لەسەر خۆی بکات، دەبێت پرۆسەیەک لە جۆری پێشبرکێ لە ئارادا بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی باشترین و شیاوترین کەس نوێنەرایەتی ئەم بوارە دەکات. پێگە و خاڵی دەستپێکردن لە حکومەتدا وەزارەتی پلاندانانە، لە پەرلەماندا لیژنە یاساییەکان و نوێنەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیین کە گرنگە کارابن، لە نێو رێکخراوەکانی ئافرەتاندا، پێداچوونەوەیەک بە شێوازی نوێنەرایەتیکردن و هەیکەلی سیاسی و رێکخراوەیدا بچنەوە. خاڵێکی گرنگی پەیوەندیدار بەو پرۆسەیە ئەوەیە کە دەبێت کە میکانیزمێک بێتە ئاراوە کە دڵنیابێت هەر مەعریفەیەکی سیاسی و پیشەیی و تەکنیکی دەرژێتە دامەزراوەکان و شوێنەکانی کارکردنەوە، بە مانایەکی دیکە، وەک هەر پرۆژەیەکی دیکەی تواناسازی دەبێت پرۆسەکە سووڕی ژیانی پڕ بەرهەمی هەبێت.

2.بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، پێوستە کار بۆ دامەزراندنی ژینگەیەکی سیاسی تەندروست بکرێت و هاندەری ئینتمای سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی بدات، ئەمەش بەشێکە لەو زەمینە گرنگەی کە هەر حکومڕانییەکی دادپەروەرانە دەیخوازێت. لە راستیدا، مەرج نییە هەموو فاکتەرەکانی ئەو گەشەسەندنە سیاسییە و ئابوورییە لە ئارادا بێت، بەڵام مەرجە ئیرادەی سیاسی و پلانی راستەقینە لە ئارادا بێت کە کار بەو ئاراستەیەدا بکات. ژینگەی سیاسی تەندروست لەلایەکەوە بەرژوەندی سیاسی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەهەند وەردەگرێت و چوارچێوەیەکی ستراتیژیەتی بۆ یاساکان و رێنماییەکان دادەمەزرێنێت کە پانتایی بۆ کاری سیاسی گروپە سیاسییەکان دابین دەکات، و لە لایەکی دیکەوە دڵنیایی دەبەخشێت کە هیچ گروپێکی سیاسی پێشێلی ئەو پانتاییە گشتییە ناکات بۆ ئەجندای بەرتەسک. پانتایی گشتی هی هەمووانە، هەموو بەشیان تێدایە بەڵام مۆنۆپۆلکردنی دەبێتە شێواندنی ئەو پانتاییە سیاسییە و دواجار رێکخستنی پەیوەندی نێو کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە کە جەندەر لە بەشە زیندووەکەیەتی شکست دەهێنێت. لێرەوە پێویستە جۆرێک لە مەنهەج پەیرەو بکرێت کە فرەلایەنە و ئاوێزانی هەموو تواناکانە، ئەوەی کە بە Comprehensive and Integrated Approach ناسراوە.

3.بیناکردنی پرۆسەیەکی هۆشداری و هۆشمەندی لە رێگەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەم متمانەی رێکخراوەی نێوان حکومەت و رێکخراوەکان زیاد دەکات، هەم متمانە دەگەرێنێتەوە بۆ کۆمەڵگە لە رێگەی ئەوەی کە حکومەت ئەرکیان پێدەسپێرێت و وێنای رێکخراوەکان و مانا و بەهای سیاسییەکان وەک ئەرکی هاوبەش دەچەسپێنێت، نەوەک وەک هێزی نەیار و دژ. کێ ئەم کارە بکات؟ فەرمانگەی رێکخراوەکان ئەرک و کارەکانی فراوان بکات و زیاتر رۆڵی هەماهەنگی لە نێوان حکومەت و رێکخراوەکان بدات و تێگەیشتنێکی نوێ بەو رۆڵە بدات. لەم نێوەدا، لە نوێکردنەوەی کارو پەیامی فەرمانگەکە، جەندەر نەوەک هەر ببێتە کرۆکی کاری رێکخراوەکە، بەڵکو ببێتە پەیامبەری ئەو پەیامە بۆ ناو دامەزراوەکان و لەوێشەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.

4.ئەرکێک بۆ رێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان: لە بەراوردێکی ساکاردا لە نێوان کۆمەڵگە ئەوروپییەکان و ئەوانی خۆماندا لە رۆژهەڵات، داکۆکیکردنی ئافرەت لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان زۆر کەمتر لەسەر بوونی بایۆلۆژییانە، یاخود بوونیان لە کاردا، ئەگەر ئەوەش بێت، بای ئەوەندە یاسا هەیە کە هانای بۆ بەرن و داوای مافی خۆیان بکەن، بۆ نموونە، ئافرەت لە دامەزراوەکاندا داکۆکی دەکەن بۆ هێنانەدی یەکسانی لە نێوان مووچەی ئافرەت و پیاو، یاخود لە کۆمەڵگەکدا، لۆبی سیاسی دەکەن کە مافی رەهایان هەبێت بۆ لە باربردنی منداڵ، لەوێ تواناکانی ئافرەت دانپێدراوە، بەڵام کێشەی زاراوە و چەمکی جەندەر لای ئێمە سەرباری ئەو کێشانەی سەرەوە، پەیوەندی بە بوون و وجود و ئەوەی پێی دەوترێت “کەینونە”ی ئافرەتەوە هەیە، لەم کۆمەڵگەیانەدا، هێشتا ململانێکان بۆ ئەوەیە کە بەرجەستەی مافە بایۆلۆژییەکان بکرێت. پێ بەپێی ئەمەش، نەبوونی ئەو “وجود”ە کاریگەری لەسەر سەقامگیری سیاسی و پەرەسەندی ئابووری و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی هەیە. دەکرێت رێکخراوەکانی ئافرەتان رەهەندێکی فراوانتر ببەخشنە کارەکانیان بەوەی رەوایەتی ماف لە رەوایەتی کار و توانا و بەهای بوونەوە بەرجەستە بکەن. لێرەوە جۆرێکی نوێ و ئاراستەیەکی دیکە لە تێگەیشتن و تێڕوانین دێتە ئاراوە کە ئەرک بەهای زیاتر بە بوونی خۆرسک دەدات، هیوادارم رێکخراوەکانی ئافرەتان زیاتر کار لەسەر ئەم خاڵە بکەن. زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە لە پانتایی کاری گشتیدا کاریان کردووە، ئەوانەن کە لە پارتی سیاسیدا بوون، زۆر جار، بەداخەوە بوونەتە قوربانی هەڵە سیاسییەکان، لە کاتێکدا، ئەوانەی کە لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن توانایی پیشەیی و ئیداریی و تەنانەت بڕیاردانیان زیاترە لەبەرئەوەی سەربەخۆیی کەسایەتیان زیاترە.

پوختەی قسە: رۆڵی جەندەر لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆنترۆلکردنی گەندەڵی زیندوو و ستراتیژییە، بەشێکە لە بیناکردنی پرۆسەیەک بۆ بیناکردنی کۆمەڵگە لە پاش جەنگ تاوەکو شتەکان بچنەوە شوێنی خۆیان. ئەم کارە پێویستی بە پیادەکردنی ئەو مەنهەجە فراوانە هەیە کە باسمان لێوە کرد. لە ئیستادا و لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، گرفتەکان لەبەرئەوەی بە دیدێکی لۆکەڵیەوە تەماشایان دەکرێن بوونەتە گرێ کوێرە، رەنگە پیادەکردنی ئەو بەرنامەیە بۆمان دوور بێت، بەڵام سبەی هەر دێت و سبەی هەرگیز دوور نیییە.

***

نوسینی / لاوک سەلاح

Leave A Reply

Your email address will not be published.