ئەکرەم غەریب:  بەبڕوای من ئەو وشەی حکومەتە پێویستە لەفەرهەنگی بزوتنەوەی کرێکاریەکاندا بسڕێتەوە، تەنها دەستەواژەی دەسەڵاتی سەرمایە بەکاربێ ڕونترە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی ئەکرەم غەریب سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەت …

0

ئەکرەم غەریب:  بەبڕوای من ئەو وشەی حکومەتە پێویستە لەفەرهەنگی بزوتنەوەی کرێکاریەکاندا بسڕێتەوە، تەنها دەستەواژەی دەسەڵاتی سەرمایە بەکاربێ ڕونترە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی ئەکرەم غەریب سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەت …

بۆپێشەوە: زیاتر لە ساڵێکە  هەڵبژاردنی پێش وەختە لەژێر گوشاری جەماوەردا کراوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێک کە وەڵام بەلانی کەمی گرفتەکانی عێراق بداتەوە؟ کەچی تائێستا نەتوانراوە حکومەت پێک بهێنرێت ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئەکرەم غەریب: پاش ڕێزو سڵاوم دەبێ بڵێم ببورن خود بەخود جۆری پرسیارەکان وایە ڕاپێچت دەکەن بۆ بەگرنگ زانینی حکومەت، ئەمە بۆ من دەگەڕێتەوە سەر تێڕوانینی چینایەتیم تێڕوانینێکی جیاواز بۆحکومەت، من پێم وایە لەدوای شکستی سەرمایەداری دەوڵەتییەوە ڕۆڵی حکومەت بەو پێناسە کۆنە گۆڕاوە. لەسەرمایەداری دەوڵەتیدا ڕۆڵی حکومەت چارەسەری قەیرانەکان بوو، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکاری سیستەمەکە ئێستا ئەم دەسەڵاتانە لەسەر قەیران دەژین و خۆیان خوڵقێنەری قەیرانەکانن نەک چارەسەری قەیرانەکان، ئەوتێڕوانینە کۆنەش تێڕوانینێکی وردە بۆرژوازیانە بووە  لەڕۆڵی حکومەتکردندا، بۆ ئەم سەردەمەش ئەگەر بمانەوێت هەمان ڕۆڵ بگێڕینەوە بۆ حکومەتە خۆجێییەکان دەکەوینە سەر ڕەوتێکی کۆنەپەرستانە (کە سەرمایەداریی دەوڵەتییە) چونکە سەرمایە خۆی بۆخۆی جیهانی بوەتەوە هەر ئەم جیهانی بوونەوەش وادەکا کە شۆڕشی کرێکاری جیهانی بێتەوە بۆیە ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ئەو ڕەوتە لوکاڵیانە، سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانیش ڕەنگە ئەوەگرنگ بێت یادی بخەینەوە کە زۆرینەی عێراقیەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، دەبێ لێرەوە ئەوە لەبەرچاو بگرین کەئەم سیستەمە بەهەڵبژاردن و دەنگدان نەهاتوە تا بەهەڵبژاردن و دەنگ نەدانیش بڕوخێ، یا بگۆڕێ، هەموو هەڵبژاردنەکان تەڵەیەکی سیاسی فریودەرانەن بۆ بەلاڕێدابردن و چەواشەکردنی خەڵک و کوشتنی ناڕەزایەتیەکان، ئەوانە مەبەستیانە بڵێن کەدەرفەت هەیە بۆگۆڕانکاری، بەڵام ئەگەرسەرنج بدەینە سەر دوای هەڵبژاردنەکان هەمان تاس وحەمامە هەمان سیستەمە، هیچ نەگۆڕاوە جگە لە کۆمەڵێک دەموچاو هەر ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق توانی دەنگی ناڕەزایەتی شەقامی عێراقی کپ بکاتەوەو بەر بەو شەپولە ناڕەزایەتیە بگرێ و دوای بخا کە هەتا ئێستاش زۆر لایەن و خەڵک لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە قەیرانەکانیش زیادیان کردوە کەمیان نەکردوە، بۆیە گرنگە ئێمەی کرێکاران بەرچاو ڕونیمان هەبێت هەموو حکومەت و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانیشیان لە هەرشوێن و لە هەرباڵێک بن هەرناوێکیان هەبێت هەمان دەسەڵاتی سەرمایەیە و هیچی دی. ئەگەرسەرنج بخەینە سەر وڵاتانی بەناو پێشکەوتوو مەدەنی وسیکۆلار هیچ جیاوازیەک نییە لە چەوسانەوەی پرۆسەی کاردا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەناو دیکتاتۆر و مەزهەبی وکۆنەپەرستن، تەنها جیاوازیەک جیاوازی پێداویستی هێزی کارە لەهەرشۆێنێک خاوەن سەرمایەکان پێویستیان بەهێزی کارە، ئەواجۆرێک ئارامی بەرقەرارە، بەڵام لەم وڵاتانە کە سەرمایە کەمتر پێویستی بەهێزی کارە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و کۆنەپەرست و مەزهەبی بەرقەرارە ، بەهەمان واتای پێداویستی هێزی کار ئەو پێودانگەیە کەئاشتی وئارامی پێ پێناسە دەکرێ، دەبێ بڵێم بەداخەوە ئەگەر پێمان وابێ حکومەت پێکنەهاتوە بەبڕوای من ئەولێکدانەوە هەڵەیە، چونکە بۆ چرکەیەکیش ئەم وڵاتە بێ حکومەت نەبوە حکومەت واتە دەسەڵاتی سەرمایە، یانی پرۆسەی کارو بەرهەمهێنان و کەڵەکەی سەرمایە، ئەگەر پێمان وابێ حکومەتێک دێت و چارەسەری گرفتەکان دەکا ئەوا هەڵەین، چونکە دەسەڵاتی سەرمایە هەتادێ فراوانتر دەبێ و کەرتە گشتیەکان زیاتر کۆنترۆڵ دەکا…

بۆپێشەوە: ململانێی نێوان حیزبە بۆرژوازیەکانی عێراق وانیشان دەدرێ کەلەسەرچۆنیەتی ئەلگۆی جیاوازە بۆپێکهێنانی حکومەت لەوانە ململانێی لەنێوان حکومەتی هاوبەش و بەش بەشێنە وتەوافقی لەلایەک و حکومەتی زۆرینەو نیشتیمانی لەلایەکی ترەوە لەم بارەیەوە دەڵێن چی؟؟؟

ئەکرەم غەریب: سەرەتا ڕەنگە ئەوەگرنگ نەبێت بڵێین عێراق وڵاتێکی داگیرکراوە، چونکە من پێم وایە سیستەمەکە جیهانییە، هەربەومانایەیە کەهیچ حکومەت و دەوڵەتێکی لۆکاڵی نییە، پاشان ڕاستیەکە ئەوەیە کەهەموو حیزب و هێزو لایەنەجۆراوجۆرەکانی عێراق بەنوێنەرایەتی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان لەدەسەڵاتدان ئەو ناکۆکی وململانێ یانەش وانیشان دەدرێن کەسیاسین، ناکۆکی وململانێی پشکەکانی کۆمپانیا خاوەن پشکەکانە، هیچ هێزێکی بەناو سیاسی بەبێ ڕەزامەندی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان ناتوانێت هیچ کێشەیەک چارەسەربکا، ئەوجۆرە ڕاگەیاندنانەش جگە لەچەواشەکاری هیچی دی نین، چونکە هیچ هێزێکی سەربەخۆ نییە تاچارەسەری سەربەخۆو جیاوازی  پێ بێ، لەبەرامبەریشدا هیچ هێزێکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ ناتوانێت لەچوارچێوەی کاری ئەوسیستەمەدا بێت، بەبڕوای من ئەو وشەی حکومەتە پێویستە لەفەرهەنگی بزوتنەوەی کرێکاریەکاندا بسڕێتەوە، تەنها دەستەواژەی دەسەڵاتی سەرمایە بەکاربێ ڕونترە… ئێمە هەموان لێمان ڕونە کەعێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند بوو! سەرزەوی و ژێر زەوی پڕسامانی سروشتی، هەرئەو دەوڵەمەندیەش وایکردبوو کە عێراق ببێتە جەمسەری (امە عربیە واحیدە‌)‌، بەڵام ئێستا وڵاتێکی قەرزارە  قەرزی بانکی دراوی نێودەۆڵەتی و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان هەرئەم کۆمپانیایانەش کەمتر پێویستیان بەهێزی کارە و زیاتر پێویستیان بەبازاڕە ئەوەش هاندەری گەورەن بۆناکۆکی و ململانێی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان هەرئەوململانێیانەش دابەزێنراوەتە ناوکۆمەڵگەی عێراقیەوە بەناوی ناکۆکی وململانێی سیاسی کەعێراقی کردوەتە جەهەنەمێکی ڕاستەقینە، هەموو ئەو بەناو ناکۆکیانە ناکۆکی وململانێی پشکەکانی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانە کەچاویان لەپشکی زیاترە… ئەوجۆرە چەمک و دەستەواژانەش کەباس لە حکومەتی زۆرینە یا نیشتیمانی دەکەن یان باس لەچاکسازی دەکەن هەمان سیاسەتی چەواشەکارانەی کۆمپانیاکانە تا کۆمەڵگە لەچاوەڕوانی گۆڕانکاریەکاندا بهێڵنەوە، مقتەدا سەدر توانی هێزی ملێونی شەقامی  عێراقی بجوڵێنێ یانی زۆرینەی عێراق، بەڵام بینیمان پاشەکشەی پێکرا هەر بەو مانایەی نوێنەرایەتی زۆرینە دەکا؟؟؟ یان ئاوڕدانەوەیەک لەهەڵبژاردنەکان کە  (٨۰ %) زیاتر لەدانیشتوانی عێراق بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد کە دەکاتە زۆرینە زۆرتریش ئەوکەمینەیە هەردەسەڵاتی خۆی سەپاند کە دەسەڵاتی سەرمایەیە؟؟ لەهیچ فەرهەنگێکیشدا حساب بۆ و زۆرینەیە بۆ؟ ناکرێ ؟؟؟ ئیدی لێرەوە دەبێ تێ بگەین کەحکومەتی کەمینەو زۆرینە جگە لەچاو ڕاوهیچی دی نییە ئەوەی هەیە تەنها دەسەڵاتی سەرمایەیە، هەموو تەوافقەکان و ڕێکەوتنەکانیش ڕێکەوتنە لەسەرپشکەکان نەک ڕێکەوتنە سیاسیەکان…

بۆپێشەوە: موقتەدا سەدر بانگەوازی وازهێنانی لەکاری سیاسی کرد هوکار چی یەوسەدر بەشوێن چییەوەیە؟؟

ئەکرەم غەریب: پێشتر ئاماژەمان بەململانێی پشکەکانی کۆمپانیاکان کرد ئەوململانێی پشکانەش لەسەرەتای داگیر کردنی عێراقەوە سەریهەڵداوە هەر جارەو بەچەشنێک خۆی نواندوە سینارێوکانی کۆمپانیاکان وبوکەڵە سیاسەکانیان هەرڕۆژەی بەچەشنێکە، سەرەتاش بەتیرۆر لەعێراقدا دەستی پێکرد، پێشتریش لەکوردستان بەشەڕی ناوخۆ سەردەمانێکیش بەشەڕی داعش ڕۆژگارێکیش لەکوردستان بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام  هێزی  مقتەدا لەکاتوشوێنێکی هەڵەدا نمایشکرا، هەروەک بزوتنەوەی گۆڕان، مقتەدا بەپشتیوانیکردن لەپشکەکانی سعودیەو ئەمریکا خۆی نواند و شەقامی دژ بەپشکەکان و بەرژەوەندیەکانی ئێران جوڵاند، بەڵام ئەمریکا پشتیوانی لەپشکەکان وبەرژەوەندیەکانی  ئێران کرد، چونکە بەرژەوەندیەکانی ئێران واتە کلیلی ڕۆژهەڵات بۆئەمریکا، شکستی ئێران واتە شکستی ئەمریکا لەناوچەکە،  بوکەڵەکانی ئەوسینارێویانە تەنها بۆ سوار بونی شەپۆلە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکە، نەک تێکدانی بەرژەوەندیە باڵاکانی خاوەن پشکەکان بۆیە مقتەداش وەک گۆڕان ناچارە پاشەکشە بکات و بەوپشکانە ڕازی بێت. بوکەڵە سیاسیەکان هێندە ڕۆڵیان هەیە کەسەرلێشێواوی بۆجەماوەر دروست بکەن تا سواری شەپوڵی ناڕەزایەتیەکان ببن و بەلاڕێیدابەرن، ناتوانن لەوسنورانەی بۆیان دیاریکراوە هەنگاوی زیاتر بنێن…

بۆپێشەوە: لەم دواییانەدا گرژی نێوان ڕەوتی سەدر وچوارچێوەی هەماهەنگی چوە ئاستێکی مەترسی دار، دەستبردن بۆچەک  وتوندوتیژی ولەئاکامدا ژمارەیەک لەخەڵک ولایەنگرانی سەدر کوژران، لاتان وایە ئەوە بەرەو شەڕی ناوماڵی شیعی دەچێت؟؟

ئەکرەم غەریب: من پێشتر لەنوسینێکدا ئاماژەم بە شکستی سەدر دابوو هۆیەکەش خوێندنەوەی دیدگای چینایەتی بوو کە سەدریەکان نوێنەری ناڕەزایەتیەکانی خەڵک نین و ناتوانن هیچ وەڵامێک بەداخوازی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی عێراق بدەنەوە. عێراق لێوان لێوە لەناڕەزایەتی، پەیوەندیەکانی کارو بەرهەمهێنان برسێتیەکی لەڕادەبەدەر، گرانی، بێکاری، نەمانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری، گەمەو سینارێو سیاسیەکانیش هەربۆچەواشەکاری و ڕێ ونکەری ئەوناڕەزایەتیانەیە. ئەوە کە سەدر پاشەکشە دەکا لەسیاسەت هەروەک پاشەکشەکەی گۆڕانە، ڕازی بوونە بەو پشکەی بۆی دیاریکراوە بەبێ ڕەزامەندی کۆمپانیا خاوەن پشکەکان چالاکیەکانی سنوردارە و ڕاوەستانەوە بەرامبەر بەرژەوەندیەکانی ئێران ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، نەک ماڵی شیعە.  جەنگی ناوخۆیی ماڵی شیعە لەم هەلومەرجەدا کەعێراق لێوان لێوە لەناڕەزایەتی شتێکی دوورە، چونکە لەوکاتانەدا چەک دەکەوێتە دەستی خەڵک دوورنییە بەدژی بەرژەوەندییەکانیان هەڵبگەڕێتەوە بۆیە ئەوە لەبەرچاو دەگیرێ کەچەک نەکەوێتە دەستی خەڵک، دوریش نییەو ئەگەرێکی کراوەیە لەکاتی قوڵبونەوەی قەیرانەکان و شەپولی ناڕەزایەتیەکان بازاڕ پەیداکردن بۆکۆمپانیاکانی چەک ڕۆڵێکی شەڕانگێزی پێ  بسپێردرێ؟

بۆپێشەوە: ئایندەی ململانێی ئێستای سەرگۆڕەپانی عێراق بەرەوکوێ دەچێت؟ ڕۆڵی جەماوەر دەبێ چی بێ؟

ئەکرەم غەریب: من پێم وایە دەکرێ لەپەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆ ئەوململانێیانە بڕوانین کاڵا بەرهەم هاتوەکانی کۆمپانیاکان بازاڕی عێراقیان داگیرکردوە و پاشان هێزی کار لەم ناوچەیە لەبەر بێکاری زۆر هەرزانەو کۆمپانیاکانی نەوتیش کەمترین ڕێژە پێویستیان بەهێزی کارە، ئەمەش وەڵامێکی دروستمان دەداتەوە کەچۆن کۆمپانیاکان گۆڕەپانی عێراق بکەنە شوێنی ململانێکانیان، هەرکۆمپانیایەک بەشوێن پشکی زیاترەوەیە هەرئەو کۆمپانیایانەش سەرچاوەی بەتاڵانبردنی هێزی کار و وزە و ئاوەزمانە بۆیە بەبڕوای من ئەو ململانێیانە گرنگ نین، ئەوەی گرنگە ئێمە وەک کرێکاران بەشوێن چیەوەین، وە پێشم وایە ململانێی ڕاستەقینە ململانێی چینە کۆمەڵایەتیەکان بۆ نەمانی چینایەتی، قوڵی قەیرانەکانی ئەم سیستەمە هەر ڕۆژەی شەپۆلێک لەناڕەزایەتی دێنێتە بەرهەم، هەرڕۆژەی لەکەنارێکەوە سەرهەڵدەدا هەموو ناڕەزایەتیەکان بەتەنگ هاتنە لەپەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان لەکوێرە دێیەکەوە تاگەورەترین شار، گرانی و بێکاری، نەمانی خزمەتگوزاری چەوسانەوەی پرۆسەی کار، زیادەکاری، کرێی کەم، جەنگ ئاوارەیی، بەداخەوە لەبەر نەبوونی دیدگایەکی ڕۆشن زۆرینەی ناڕەزایەتیەکان شکست دەخۆن هێزو وزە بە دەسەڵاتداران دەبەخشن دروشمە لۆکاڵیەکان زاڵبونی دیدگای ناسیونالستی و ڕیفۆرمخوازی و کۆنەپەرستی و مەیلی سەرمایەداری دەوڵەتی ئەو نەریتانەن کەسەرچاوەی شکستن، هەرئەمانەش دەبنە وانەو سەرمەشق بۆ ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی تر لەناڕەزایەتی. بۆیە گرنگە بەرچاوڕونیمان هەبێت بەرامبەر شۆڕشی کرێکاری هەر ئەوە کە دەڵێین شۆڕش یان نییە یا جیهانییە، کرێکارانی جیهان یەکگرن هەر ئەوەش بەناچار پەیوەستمان دەکا بەخەباتی بزوتنەوە جیهانیەکەی چینی کرێکارەوە. عێراق بەهیچ شێوەیەک دابڕاونییە لەو سیستەمە بزوتنەوە ناڕازیەکانیش چەندین ئەلگۆیان تاقی کردوەتەوە. ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بەنەریتی نوێیە، سەرەتای ئەونەریتە نوێیەش دەرکەوتوە کەکۆمەڵە هەرەوەزیەکانە و میکانیزمی ئەو ئاڵوگۆڕەش کۆمیتە شۆڕشگێڕەکانە. خۆشبەختانە هەرئێستا لەناوبزوتنەوە کرێکاریەکانی عێراقدا قسەوباس لەسەرئەوکۆمیتە شۆڕشگێڕانە لەبرەودایە کەپێویستی بەئاراستەیەکی نوێ یە تابتوانێ ئاڵوگۆڕ لەپەیوەندیەکانی سەرمایەداریدا بکا…

بۆپێشەوە: ئایندەی سیاسی کوردستان لەسایەی دۆخی ئێستای عێراقدا چۆن دەبینن؟

ئەکرەم غەریب: پێم وایە لەوەڵامەکانی پێشومدا ئەم وەڵامەم داوەتەوە، چونکە من جیهانبینیم وایە کە سیستەمەکە جیهانییە هیچ ئاڵوگۆڕێکی ناوچەیی ولۆکاڵی نییە بەبێ بزوتنەوە جیهانیەکە، تەنها ئەوەندە هەیە  کە کرێکارانی هەرناوچەیەک ئەرکیانە کاری خۆیان لەگەڵ سەرمایەداری خۆجێیەکان یەکلایبکەنەوە، پاشان ڕەنگە ئەوش گرنگ بێت کە ئێمە خۆمان بەبەشێک لەوبزوتنەوەیە بزانین، نەک بزوتنەوەکە بەبەشێک لەخۆمان بەو واتایەی بەشوێن بزوتنەوەکەوە بین، نەک بزوتنەوەکان بەشوێن خۆماندا کێش بکەین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.