ئاسۆس ساڵح : ئەرکی چەپەکان و کۆمۆنیست و جەماوەری ناڕازی شەقام ئەوەیە کە خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات نیشان بدەن… دیمانەی بۆپێشەوە  هاوڕێ ئاسۆس ساڵح هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەت …

0

ئاسۆس ساڵح : ئەرکی چەپەکان و کۆمۆنیست و جەماوەری ناڕازی شەقام ئەوەیە کە خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات نیشان بدەن…

دیمانەی بۆپێشەوە  هاوڕێ ئاسۆس ساڵح هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەت …

بۆپێشەوە: زیاتر لە ساڵیکە هەڵبژاردنی پیش وەختە لە ژیر گوشاری جەماوەریدا کراوە، بەمەبەستی پیکهێنانی حکومەتیک کە وەڵام بەلانی کەمی گرفتەکانی عێراق بداتەوە، کەچی تا ئیستا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێنرێت، هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئاسۆس ساڵح: دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە لایەن ئیمپریالیزمی ئەمریکا و هەنگاو دوای هەنگاو چەسپاندنی دیموکراسی ساختە و ڕواڵەتی؛ هاوکات برەودان بە سیستەمی جیهانگیریی و بازاڕی ئازاد بەناوی نیۆلیبڕاڵیزم و دابەشکردنی پێگە سیاسی و حکومییەکان کێشەکانی عێراقی نەتواندرا چارەسەر بکرێت. هەرچەندە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام لەو ماوەیەدا نەتواندرا ژێرخانێکی بەهێزی بۆ بوونیاد بندرێت. بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەکان بەرەو قوڵی زیاتر دەڕۆن و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ژیانیان قورستر دەبێت. لەژێر گوشاری جەماوەری ناڕازی و شەقامدا بڕیاردرا کە هەڵبژاردنی پێش وەختە بکرێت. بەڵام وەک ئاشکرایە دوای ساڵێک نەتواندرا حکومەتێک پێک بهێنن و لانی کەم بەشێک لە داواکاری خەڵکی ناڕازی جێبەجێ بکەن. ئەمەش بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە، بەشێکی زۆری خەڵک بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەیان کرد. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم جۆرە لە سیستەم و بەڕێوەبردنە چیتر جێگەی متمانەی خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق نییە. چونکە ڕێکەوتنی سیاسی حزبەکان لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی حزبی و شەخسییە. سەرئەنجام هەر ئەمەشە وادەکات بەهۆی ئەو کێشە بەرژەوەندی پەرستییەی لە نێو هێز و لایەنەکان هەیە نەگەنە ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لە بەرژەوەندی خەڵک و جەماوەر بێت. بیروڕای خۆسەپێنی لەنێو حزب و سەرۆک رەوت و حیزبەکان دۆخی حوکمڕانی زیاتر بەرەو و قەیران بردووە. بەشێکی تری کێشەکان فشار و دەستتێوەردانی هێز و وڵاتانی هەرێمی و جیهان بۆ بەرژەوەندی و خۆسەپاندیان وایکردوە ئەم گرفتانە زیاتر قوڵ ببنەوە و هێز و لایەنەکانیش دابەشی سەر ئەم بەرە هەرێمی و جیهانیانە ببن.

بۆپێشەوە: نەک سەرجەم بۆرژوازی عێراقی ریزەکانیان لێک ترازاوە، بەڵکو خانەوادەی یەک بزوتنەوەی سیاسیش لەناو خۆیاندا پارچە پارچە و شەق بوون، “خانەوادەی شیعەی سیاسی” خانەوادەی بۆژوازی سونە” خانەوادەی بۆرژوازی کورد” هۆکاری ئەم پارچە پارچە بوونە چییە؟

ئاسۆس ساڵح: لە وەڵامی پرسیاری یەکەم بەشێک لە گرفتەکانی عێراقمان گەڕاندەوە بۆ ئەم دەستتێوەدانە دەرەکییانە. هەڵبەت لەگەڵ لاواز بوونی دەوڵەت و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ڕوخانی ژێرخان و سەرخانی دەوڵەت هەموو دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان پەل بۆ ئەو ناوچەیە دەهاوێژن بۆ مەبەست و مەرامەکانی خۆیان. دیارترین سیمای ئیمپریالیزم ئەوەیە کە هەموو خێر و بێری ئەو وڵاتە دەست بەسەردا دەگرێت، لە خەڵکی ئەو وڵاتە ئەدزێت بۆ وڵات و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆی. عێراق بەهۆی دەوڵەمەندی لە سامانە سروشتییەکان بووەتە چەقی ململانێ زلهێزەکان و بۆ بەتاڵان بردنی داهاتی ژێر زەوی و سەرزەویی ئەو وڵاتە پێویستیان بە هەژموونی سیاسی، ئابووری و سەربازییە. ئەم دۆخە خراپەی ناوخۆ و فشارە بەردەوامەکانی هێزە دەرەکییەکان وای کردووە هیچ کات حکومەتێک پێکنەیەت لە خزمەتی هاوڵاتی دابێت و لە ئاستی داواکاری و رەزامەندی زۆرینەدا بێیت.

بۆپێشەوە: رۆڵی دەستیوەردانی دەرەکی لە عێراقدا، چ کاریگەرییەکی لەسەر هەلومەرجی عێراق هەیە و هۆکار چییە کۆمەڵگەی عێراق بۆتە سەرزەمینی ململانێی لایەنە دەرەکیەکان؟

 ئاسۆس ساڵح: لەم عێراقە نا سەقامگیرەی ئێستادا، هیچ ململانەیەک لەسەر بنەمای ستراتیژ بۆ حکومەتداریی و دەوڵەت بوونی نییە. ئەوەی هەیە ململانێی هێزە سیاسییەکانە بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر و پێ قایمترکردنی خۆیانە. لە جیاتی ئەوەی ململانێیەک بێت لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژیای چۆنیەتی خزمەتکردنی خەڵک و بەرەوە پێشبردنی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی سەرخان و ژێرخان و کۆمەڵێک پرسی جەوهەریی و بابەتیی تر؛ ململانێیەکە لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژی مەزهەبی و خۆسەپێنییە بەبێ هەبوونی ستراتیژیەتی ئابووری ڕوون و بڕوابوون بە خزمەتکردنی خەڵک. حزبە قەومی و بۆرژواز و مەزهەبییەکانی عێراق خۆیان پابەندی دەستوورێک نین کە خۆیان دایان ناوە، ئەم پابەند نەبوونە بە یاسا و دەستووری عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەروەر نەبوونی عێڕاق و پەرتەوازەیی لە کۆی پڕۆسەی سیاسی. ئەم بابەتی نەوت و غازەش کە هی خەڵکی ئەو دەوڵەتەیە، ئەوەندەی خزمەت بە کۆمپانیا حزبی و دەرەکییەکان دەکات، ئەوەندە خزمەت بە خەڵکی زەحمەت دیدە و هەژاری ناکات. ئەمە مەلەفێکی گرینگە سەرئەنجام وەک کارتی فشاری سیاسیش بەکار دێت بە مەبەستی خستنە ژێر فشاری یەکتر و دواتر هەڵبەستنی گوتاری پۆپۆلیستی و ناسیۆنالیستی تاوەکو لە ڕێگەیەوە زەخت بخەنە سەر لایەنگرەکانیان و خەڵک بە گشتی.

بۆپێشەوە: لەململانێی و گرژی و شەری دەسەڵاتی هیزە عیراقیەکاندا قوربانیانی سەرەکی چینی کریکار و جەماوەری بیبەشە، لەو دۆخەدا چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر جەماوەر و چەپ و کۆمۆنیستەکان؟

ئاسۆس ساڵح: هەمیشە لە دۆخی نا سەقامگیریی سیاسی و ئابووریدا و لەگەڵ هەبوونی هەر قەیرانێک، سەرمایەدارەکان سەرمایەیان زیاد دەکا و بە لێشاو خەڵک هەژار و هەژارتر دەبێت. بۆیە ئەوە شتێکی حەتمییە کە لە ئاکامی ئەم ململانێ نا سەلیمەی هێز و لایەنە عێڕاقییەکان قوربانی یەکەم خەڵکی کرێکار و جەماوەری بێبەشە. ئەوەی گرینگە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کۆی هێز و لایەنە بۆرژوازییە قەومی و مەزهەبییەکان تاقیکرانەوە بەرهەمەکەیان عێڕاقێکی پڕ لە کیشە و هەژارییە. ئەرکی چەپەکان و کۆمۆنیست و جەماوەری ناڕازی شەقام ئەوەیە کە خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات نیشان بدەن. بە کاری هاوبەش و پلانێکی تۆکمە لە شەقامەوە بە پاڵپشت بە هێزی جەماوەر و خۆ ڕێکخستنی زیاتر دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خەڵکی عێراق دابمەزرێنن. ڕۆلی چەپ ئەوەیە کۆمەڵگە لە قەیران ڕزگار بکات و وەک تیۆری ڕزگاریی هەژاران خۆی بەیان بکات. چیتر دەرفەت بە لایەن و هێزەکانی تر نەدات. ئێمە لێرەدا تەنها باس  و بە پێویست زانینی ئەلتەرناتیڤ بوونی چەپ دەخەیە ڕوو. وەک هەمیشە و زیاتر لە پێشوو دەبێت کۆمۆنیست و چەپەکان فشاری زیاتر درووست بکەن و ببنە هۆکاری زیاتر هۆشیاری سیاسی و خۆیان لەناو کۆی کێشەکانی کۆمەڵگەدا ببیننەوە. سەرئەنجام ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە لای چەپ و کۆمۆنیستەکانە. هەر وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ دەڵێت: ”یان سۆسیالیزم یان بەربەریزم.”

بۆپێشەوە: ئاییندەی سیاسی کوردستان، لە سایەی دۆخی ئێستای عێراقدا چۆن دەبێت؟

ئاسۆس ساڵح: ناسەقامگیر بوونی دۆخی سیاسی عێراق ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانەوە هەیە، هەم لە ڕووی سیاسی، هەم لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەم دۆخە تا ڕادەیەک بەیەک بەستراوە سیاسییەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێڕاق لە ئەگەری هەبوونی هەر باودۆخێکی خراپتر کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵک دەبێت. هاوکات دۆخی سیاسییش نا سەقامگیر دەبێت و پاساو بۆ حیزبەکانی کوردستان دروست دەبێت تاوەکوو ئەو پرۆسە سیاسییە نیوەچڵ و ڕواڵەتییەی هەشە پەکی بخەن لەپێناو بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی خۆیان و زیاتر دزینی داهاتی گشتی و پێنەدانی موچە و مافی خەڵک و بە پاساوی ناسەقامگیری خۆیان لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەی گشتی دەدزنەوە. ئەم جۆرە یاریکردنە ئاشکرایە، وە خەڵکی کوردستان دەزانن ئەمە تەنها یاریکردنە بە ژیان و گوزەرانی ئەوان لە پێناو دزی زیاتر و مانەوەیان لە دەسەڵات.

***

Leave A Reply

Your email address will not be published.