لێرە بەتەنیشت خۆمەوە ڕاكشاوم
لێرە بەتەنیشت خۆمەوە ڕاكشاوم
لێرەم بەتەنیشت خۆمەوە
دەستم لەملی خۆمدایەو باوێشك
ئەدەم
زووزوو دڵم ئەكەوێتە خوارەوەو
ئەیخەمەوە شوێنی خۆی
لەتەماشابونی كاتژمێری سەر دیوارە
سپیەكە بێتاقەتبووم
حەزناكەم تێڤێكە داگیرسێنم
لەهەواڵی كەوتنە خوارەوەی
مرۆڤەكان سەرم گێژ دەخوات
هاوار هاوارێكی سەیرەو لێی تێناگەم
چاوی ڕاستم خوێنی لێ ئەتكێت و
لێی تێناگەم
ئەزانم چاك ئەزانم، هەزارەها جۆر گەمە هەیە
گەمەی تەنیایی گەمەی ڕۆشتن و نەگەڕانەوە
گەمەی مردن و پێكەنین
گەمەی وەستانی دڵی پەڕەسێلكەیەكی
سپی لەكاتی فڕیندا
لەتەنیشت خۆمەوەم و سەرم بۆ ڕاناگیرێت
توشی دڵەڕاوكێیەكی خراپ بووم
ونبونێكی سەیر خۆمم لێ وونبووە
یەك كۆڵانی گەڕەكە كۆنەكەمانم
بۆنادۆزرێتەوە
نازانم ئێستا چ ڕۆژێكەو چ مانگێكەو چ ساڵێكە
زۆر خراپ سەرەو ژێربوم
زۆر خراپ هەناسە ئەدەم
بۆنی هیچ عەترێكم بۆناكرێت
یەك مۆمم بۆداناگیرسێت
یەك ئینجانەم بۆئاو نادرێت
لەبەر پەنجەرەكەدام و بۆڕوناكی ئەگەڕێم
بێكراسم و قۆپچەكانی هەناسەم
دادەخەم
لێرەم و بەتەنیشت خۆمەوە
ڕاكشاوم
سەری بام گرتۆتە باوەشم و
دەستەكانم لەبەر باران داناوە
شتێكم بۆناخوێنرێتەوە
یەك حەرفی كوژراوی مناڵی خۆمم
بۆهەڵناگیرێتەوە
زۆرخراپ سەرەو ژێربوم
زۆر خراپ (هیچ هیچ ناڵێم)
میرزا