چەمکی ”دەوڵەت” لە دیدێکی ڕەخنەییی مارکسیستییەوە نووسینی: ئاسۆس ساڵح

0

چەمکی ”دەوڵەت” لە دیدێکی ڕەخنەییی مارکسیستییەوە

نووسینی: ئاسۆس ساڵح

چەمکی دەوڵەت گرینگییەکی سەرەکی هەیە لە تیۆر و هزری مارکسیزمدا. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان بڕوایان وایە کە دەوڵەت دامەزراوەیەکە لە سەروی هەموو ئەوانی ترەوە ئەرک و کاری راگرتن و بەرگریکردنە لە زاڵبوونی چینایەتی و درێژەدان بە بەردەوامی چەوساندنەوە چینی ژێردەست. فریدریک ئەنگڵس لە کتێبی ”بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت” تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی دروست بوونی دەوڵەت و وا پێناسەی دەکات: ”دەوڵەت بریتییە لە ددانپێدانانی بەوەی ئەو کۆمەڵگەیە کەوتۆتە نێو گێژەنی ناسازی و دژایەتی لەنێو خودی خۆیدا و ناتوانیت چارەسەریان بکات، دابەش بووە بەسەر چەند چینێکی لێکدژ و ناتەبا، بە جۆرێک کە کۆمەڵگە لە بەرامبەریاندا دەستەوەستان و بێ دەسەڵاتە. جا بۆ ئەوەی ئەو لێک دژانە، واتە ئەو چینانەی خاوەن ئابووری لێکدژن، خۆیان و کۆمەڵگە نەکەن بە خۆراکی شەرێکی بێئاکام، ئەوا پێویستی هاتنەکایەی هێز و دەسەڵاتێکی باڵاتری جڵەو بەدەست لەسەرووی کۆمەڵگە سەرهەڵدەدا، هێزێک ئەو بە یەک دادان و دژایەتییە نەهێڵێت و بیخاتە چوارچێوەیەک ”بەرزەفتکراو”ەوە، بەڵام خۆی لەسەروی کۆمەڵگە دادەنێت، دەسەڵاتێکی جارلەجار زیاتر لە کۆمەڵگە دابڕاو و نامۆتر، ئەویش بریتییە لە دەوڵەت.” (ئەنگڵس، ۲۰۱۷؛ لا٢٨٤-٢٨٥) کەوایە لە دیدی ئەنگڵسدا دەوڵەت لەسەر بەنامای لێکدژی ئابووری و بەرژەوەندی چینەکان دروست بووە، لە هەمان کاتدا بۆ جڵەوگیرکردنی ئەم لێکدژییەیە و سەپاندنی لایەنەکە بەسەر ئەویتردا. هەر وەک دەڵێت: ”لەبەر ئەوەی دەوڵەت بە پێویست بۆ جڵەوکردنی ئەو دژایەتییەی نێوان چینەکان سەریهەڵدا و لە هەمانکاتیشدا لەناو جەرگەی بەیەکدا هەڵپرژاندنی ئەو چینانە سەریهەڵدا، کەواتە دەبێت وەک بنەمایەک دەوڵەت سەر بەو چینە بێت، کە لە ڕووی ئابوورییەوە باڵا دەستە، دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتیش دەکەوێتە دەستی ئەو چینە و بەهەمان شێوە دەستەبەرکردنی کەرەستە و ئامرازی نوێ بۆ چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی چینی ژێردەست.” (ئەنگڵس، ۲۰۱۷؛ لا٢٨٧) کارڵ مارکس پێی وایە ئازادی بریتییە لە گۆڕینی دەوڵەت لە دەزگایەکی سەپێنراوەوە بەسەر کۆمەڵگەدا بۆ دەزگایەک کە بەتەواوەتی لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت. چونکە ئەو پێی وایە بە هەبوونی چینایەتی و لە دەسەڵاتبوونی چینی بۆرژوازی و لە دەستگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووری و کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەوڵەت تەنها لە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار دەبێت و دەبێت بە دەزگایەکی سەرکوتکەر بۆسەر چینی ژێردەستە کە چینی کرێکار و زەحمەتکێشە. ماڕکس و ئەنگڵس لە ”مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست”دا دەنووسن: بۆرژوازی، دەسەڵاتی سیساسیی تەواوی خۆی لە دەوڵەتی نوێنەراتیی مۆدێرندا بەدەستهێناوە. دەسەڵاتی دەوڵەتیی مۆدێرن تەنها کۆمیتەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە هاوبەشەکانی کۆی چینی بۆرژوازیی.” (مارکس، ئەنگڵس، ۲۰۱٦؛ لا٢١) بە پێی ڕەخنەی مارکسیستی دەوڵەتی سەرمایەداریی مۆدێرنیتە (دەوڵەت نەتەوە) ئیمکانی ڕیفۆرمی تێدایە، بەڵام دەبیت هەر وردووخاش بکرێت، تاوەکوو جیاوازی چینایەتی بمێنێت کێشمەکێشمی نێوان چینەکان بەردەوام دەبێت و دیموکراسی ڕاستەقینە نایەتە کایەوە. هەمیشە چینێک چینێکی تر وەک کۆیلە سەیردەکات، کۆیلەی مۆدێرن کاری کرێگرتەیییە. بە ڕیشەکێشکردنی کاری کرێگرتە ئەوکات جیاوازی نامێنێت. “مارکس پێی وایە مانای حەقیقی دیموکراسیی، حوکمڕانیی ڕاستەقینەی خەڵکییە بەسەر خۆیاندا نەک سپاردنی حکومەت بە دەستەیەکی نوخبەی سیاسیی. تاقانە دەوڵەتی قبوڵکراو لای مارکس حوکمڕانی هاوڵاتییە بەسەر خۆیاندا نەک حوکمڕانیی کەمینەیەک بەسەر زۆرینەدا.” (تێری ئیگڵتۆن، ۲۰۱٥؛ لا۳۳٥) پێویستە ئەوە بخرێتە بەر باس کە تیۆر و هزری مارکسیزم بە تەنها بەربەرەکانێ و خەبات کردنی چینی پرۆلیتاریا نییە دژی سەرمایەداری؛ بەڵکوو تیۆری سەرکەوتنەکەشیەتی!.

 نووسەری بەریتانی و مارکسیست “جۆن مالینۆ” لە کتێبی “نەریتی ڕاستەقینەی مارکسیزم” دەڵێت: “شیکردنەوەی مارکسیزم وەکو تیۆرێک بۆ پرۆلیتاریا نیشاندراوە کە ئەم چەمکە سێ توخم لە خۆدەگرێت: ۱/ مارکسیزم وەکو بیرودۆزێک بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی سەرتاسەری چینی کرێکار لە ڕووی جیهانییەوە. ۲/مارکسیزم وەکو بەرهەمی لە دایکبوونی پرۆلیتاریای هاوچەرخ و پەرەسەندنەکانی ململانێکەی دژی سەرمایەدری. ۳/ مارکسیزم وەکو تیۆری سەرکەوتنی ئەم چینە. پێناسەکردنی هەرە کورتی ئەم توخمە بریتییە لەوەی مارکسیزم تیۆری شۆڕشی پرۆلیتاریایانەی جیهانە.” (جۆن مالینۆ، ۲۰۱٨؛ لا۱۹) کەوایە هەروەک لینین دەڵێت: مارکسیست ئەو کەسەیە کە ددانپیانانی بە ململانێی چینایەتیی بە دانپیانان بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا درێژە پێدەدات. ئەمەش دەبێت وەک بنچینەیەکی سەرەکی مارکسیزم جێبەجێ بکرێت. دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دیموکراسیترین شێوەیە بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتیی و نایەکسانی.

هەروەک لەسەرەتا ئاماژەمان پێدا ئەنگڵس دەڵێت دەوڵەت لە ئەنجامی دژبەریی و لێکدژیی چینەکان دروستە، بۆیە لەکاتی کۆتایی پێهێنان بەو جیاوازیی و لێکدژیی و بەرژەوەندییە چینایەتییانەی هەیە، دەوڵەتیش کۆتایی دێت، چیتر نابێتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە.

سەرچاوەکان: ١/مانیفێستی پارتی کۆمۆنست، کاڕڵ مارکس، فریدریک ئەنگڵس، و: پێشڕەو محەمەد، چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی تاران.

 ۲/ بنەچەی خێران و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت، فریدیک ئەنگڵس، و: کەریم مەلا ڕەشید، چاپی ۲۰۱۷، چاپخانەی تاران.

۳/ بۆچی مارکس لەسەر حەق بوو؟ تێری ئیڵگتۆن، و: پێشڕەو محمەد، چاپخانەی دلێر، چاپ٢٠١٥.

 ٤ /نەریتی ڕاستەقینەی مارکسیزم چییە؟، جۆن مالینۆ، و: بژار سەردار، چاپی یەکەم ٢٠١٨، چاپخانەی سارا.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.