بنچینە کۆمەڵایەتی ‌و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری … بەشی دووەم کۆمۆنیزمی کرێکاری

0

بنچینە کۆمەڵایەتی ‌و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری …

بەشی دووەم

کۆمۆنیزمی کرێکاری

 

بەڵام، نە تەنها ئازادی‌ و یەکسانی، بەڵکو تەنانەت سڕینەوەی چەوسانەوە و چینەکانیش، ئامانجێکی تایبەت بە کۆمۆنیزمی کرێکاری نییە. لە کۆمەڵگەکانی پێشووشدا ئەم ئامانجانە ئاڵای بزووتنەوە جیاجیاکانی چین ‌و توێژە بێبەشەکان بوون. ئەو شتەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری وەکو بزووتنەوە و ئامانجێکی کۆمەڵایەتی لە هەوڵ‌ و کۆششە ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەکانی پێشوو جیادەکاتەوە ئەوەیە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری چ لە ڕووی عەمەلی ‌و کۆمەڵایەتیەوە و چ لە ڕووی ئامانج ‌و فیکرەوە لەبەرامبەر سەرمایەداریدا، واتە پێشکەوتووترین ‌و مۆدێرنترین نیزامی چینایەتیدا، ڕادەوەستێ.

کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەی پرۆلیتاریایە، ئەو چینەی کە خۆی بەرهەمی سەرهەڵدانی سەرمایەداری ‌و بەرهەمهێنانی مۆدێرنی پیشەسازیە. ئەو چینەی کە لەسەر فرۆشتنی هێزی کاری خۆی دەژی ‌و جگە لە هێزی کاری خۆی ئامڕازێکی تر بۆ بەڕێوەچوونی گوزەرانی شک نابات. پرۆلیتاریا کۆیلە نییە، ڕەعییەت نییە، وەستاکار و پیشەوەر نییە، نە موڵکی کەسێکە و نە کۆیلەی کەس، نەخۆیشی خاوەنی ئامڕازی کاری خۆیەتی. هەم ئازادە و هەم ناچارە کە هێزی کاری خۆی لە بازاڕدا بە سەرمایە بفرۆشێت. پرۆلیتاریا، بەرهەمی سەرمایەداری‌ و پیشەسازی مۆدێرنە و چینی چەوساوەی سەرەکیە لەم نیزامەدا.

بنەما فیکریەکان‌ و ئامانجی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر بناغەی ڕەخنە لە پایە ئابوری‌ و کۆمەڵایەتی ‌و فیکریەکانی نیزامی سەرمایەداری دامەزراوە. ڕەخنەیەک لە دیدی چینی کرێکاری کرێگرتەی ئەم کۆمەڵگەیەوە، هەر بەم پێیەش ڕەخنەیەکی حەقیقی ‌و شۆڕشگێڕ. دیدی زەحمەتکێشان ‌و بەرهەمهێنەرانی غەیرە پرۆلیتار بۆ ئازادی ‌و یەکسانی ‌و بەختەوەریی مرۆڤـ، چ لەمڕۆداو چ لە کۆمەڵگەکانی پێشوودا، بە ناچاری ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەیە کە بەسەر کۆمەڵگە زاڵە، هەروەها ڕەنگدانەوەی جێ وشوێنی خودی ئەوانە لە پەیوەند بە بەرهەمهێنان ‌و خاوەندارێتیەوە. دیدی کۆیلە بۆ ئازادی بە ناچاری زۆر لە هەڵوەشاندنەوەی کۆیلەداری تێناپەڕێت ‌و درکی ڕەعیەت یان پیشەوەری بچووکی شار لە یەکسانی ناتوانێ شتێکی زیاتر لە یەکسانیی لە مافی خاوەندارێتی بێت. بەڵام بە سەرهەڵدانی پرۆلیتاریا وەکو جەماوەری فراوانی بەرهەمهێنەرانی داماڵراو لە هەرجۆرە خاوەندارێتیەکی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان، چینێک کە ئەسارەت ‌و چەوسانەوە ئابووریەکەی ڕێک لەسەر بناغەی ئازادییە حقوقیەکەی بنیاتنراوە، ئاسۆی ئازادیخوازی ‌و یەکسانیخوازی لەبنەڕەتەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. پرولیتاریا ناتوانێ ئازاد بێت بێئەوەی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی لە خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان ‌و دابەشبوونی چینایەتی ڕزگار ببێت. یەکسانی مەسەلەیەکی حقوقیی ڕووت نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا و لەبنەڕەتدا ئابووری کۆمەڵایەتیە.

ڕەخنەی پرۆلیتاری لە سەرمایەداری، هەروەها جیهانبینی ‌و خەباتی سیاسی ئازادیخوازانە و ڕزگاریخوازانەی کرێکاری کە نزیکەی دووسەدە بەرلە ئێستا لە شێوەی دیاریکراوی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا سەریهەڵدا، بەهۆی مارکسیزمەوە ئینسجام ‌و بەرچاوڕۆشنی ‌و توانایەکی تیۆری مەزنیان بەدەست هێنا. بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە درێژایی مێژووی خۆی پەیوەندیەکی قووڵ ‌و نەپساوەی لەگەڵ مارکسیزم ‌و ڕەخنەی مارکسیستی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری هەبووە.

کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیە کە بە سەرهەڵدانی سەرمایەداری ‌و چینی کرێکاری کرێگرتە قەوارەی گرت ‌و نوێنەرایەتی گشتیترین ‌و قووڵترین شێوەی ڕەخنە و ناڕەزایەتی چینی کرێکار دەکات لە نیزامی سەرمایەداری ‌و مەینەتیەکانی. ئامانج ‌و بەرنامە عەمەلیەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بناغەی ڕەخنەی مارکسیستی لە بنچینەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخ، وەکو ئاخرین ‌و مۆدێرنترین ‌و پێشکەوتووترین شێوەی کۆمەڵگەی چینایەتی، دامەزراوە.

کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکی دابڕاو لە گشت چینی کرێکار پێک ناهێنێ ‌و بەرژەوەندییەکی جیا لە بەرژەوەندی هەموو چینی کرێکاری نییە. جیاوازی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەگەڵ باقی بزووتنەوە و حیزبە کرێکاریەکان لەوەدایە کە یەکەم، لە خەباتی چینایەتی هەر وڵاتێکدا، کۆمۆنیزمی کرێکاری ئاڵای یەکێتی ‌و بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی کرێکارانی سەراسەری جیهان بەرزدەکاتەوە، دووەمیش، لە قۆناغ ‌و سەنگەرە جیاجیاکانی خەباتی چینی کرێکاردا، بەرژەوەندی تێکڕای بزووتنەوەی چینی کرێکاری لەبەرچاوە. سەرەنجام کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەی پێشڕەوترین بەشی چینی کرێکارە کە هەلومەرج ‌و پێداویستیەکانی سەرکەوتن ‌و دوا ئامانجی خەباتی چینایەتی بە باشی دەزانێ‌ و لەپێناو هێنانە مەیدانی بەشە جیاجیاکانی چینی کرێکاردا تێدەکۆشێ.

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.