چەمانەوەی زیاتر یان هەستانەوەی شۆڕشگێڕانە… نووسینی: عبدالرحمن رسول

0

چەمانەوەی زیاتر یان هەستانەوەی شۆڕشگێڕانە

نووسینی: عبدالرحمن رسول

لەکاتێکدا بەردەوام خەڵکی ناڕازی بەشێوازی جۆراو جۆر لەسەر خیابان و شەقامەکان ناڕەزایەتی بەرامبەر زوڵم و زۆری چەوسانەوە و نایەکسانی ونادادییەکانی دەسەڵاتدارانی ملهوڕی چەوسێنەر نیشان دەدات لە هەمان کاتدا ئەو حزب و ڕێکخراوانەی بانگەوازی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشترو بەختیار دەکەن، بەڵام لەخەوی قوڵی خەوتنیان بەخەبەرنایەن بۆ ڕێکخستنی جەماوەری ناڕازی لەبزوتنەوەیەکی جەماوەری چینایەتی کە خەڵک بتوانێت دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەر بڕوخێنێت! و دواتر خۆی وەک دەسەڵاتی جەماوەری خەڵک ئیدارەی کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت .

کە سەیری کۆمەڵگە بکەین  هەر چەند ساڵ جارێک هێزێکی کۆنەخوازو بۆرژوازی و دژە خەڵکی زۆر بەئاسانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ناڕازی و هەژارو چەوساوەی کوردستان و عێراق دەبێت .

هەموو جارێکیش حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیست و شیوعی وبەناو چەپەکان خەڵکی ناڕازی بەنا وشیار لەقەڵەم دەدەن، لەکاتێکدا خەڵک قوربانی بەخوێنی خۆی داوە لە بەردەوام بوونی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی لەدژی چەوسانەوەو نایەکسانی و جیاوازییەکانی لە ئاستی چینایەتیدا !! هیچ بیانوێک هەڵناگرێت لەکاتێکدا پڕوپاگەندەی سۆشیالیزم و کۆمەڵگەیەکی باشتر بکەی وەک حیزب، بەڵام دوورە پەرێز بێت لەڕێکخستنی جەماوەری ناڕازی لەبزوتنەوەی جەماوەری چینایەتیدا .

لەوانەیە بڵێن ئێمەش بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانمان کردووە، بەڵام خەڵک حیسابمان بۆناکات و گوێڕایەڵی ئێمە وەک پێشڕەوی تێکۆشانەکان نامان بینێت یان هەمیشە هێزەکانی بۆرژوازی خاوەن پارەن بۆ ئاراستەکردنی جەماوەری یان هێزو دەوڵەتی تر لەپشتیانە. خودی ئەم جۆرە بیانو هێنانەوەیە و هێنانەوەی هەر بیانوێکی تر نیشانەی نەبوونی هەستی ئیرادەی ئینسانی تێکۆشانیانە لەڕێکخستنی جەماوەری لەبزوتنەوەی جەماوەری چینایەتیدا کە توانایی هەبوونی شکاندنی تەلسمی  هێزی چەمانەوەیان لەبەردەم  هێزە بۆرژواو کۆنەخوازو ملهوڕەکانیاندا نییە کە بتوانن لەجیاتی چەمانەوە بەردەوام هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی چینایەتی جەماوەری بنێین و بەرنامەڕێژی بۆ بەرەوپێشبردنی تێکۆشانە جەماوەریییەکانی خەڵکی ناڕازی وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری بکەن.

لەعێراق حیزبی شیوعی عێراقی خۆی بە باڵەکانی کۆنەپارێزی وەک سەدر چەندین ساڵە هەڵدەواسێت و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی کادیرانی وردوخاش وتێکدەشکێنت.

لەکوردستانیش حیزبی شیوعی کوردستان ڕاستەوخۆ دەچەمێتەوە لەبەردەم یاساکانی سیستەمی بنەماڵەیی  دا و زۆر دڵخۆش و شاگەشەیە بە وەرگرتنی چەند پۆست و پلەیەکی ڕاوێژکاری بۆ سەرۆکی هەرێم و حکومەت یان هەر ئیمتیازێکی تر، کە لەکاتێکدا هەمان سیستەم و دەسەڵاتی بنەماڵە بەردەوام گەشە بە تێکشکاندنی کەرتە گشتییەکان و خزمەتگوزارە گشتییەکان دەدات و ئیرادەی گەنج و ژن و مرۆڤە بەتەمەن و کرێکارو زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە وردوخاش دەکات ودەهاڕێت بە کوشتنیان لەنۆرەی وەرگرتنی هەقدەست و یان پێنەدان و دواخستنی هەقدەستەکانی کرێکارو مامۆستا و فەرمانبەران .

ئەم جۆرە چەمانەوەی حیزبی شیوعی کوردستان لەسەرەوە بۆ خوارەوە بڵاوبۆتەوە و کاریگەرییەکەی ڕۆژ دوا ڕۆژ نەرێنی و سلبی تر ڕەگ دادەکوتێت..

حیزبە کۆمۆنیستی کرێکارییەکان لەکوردستان و عێراق (ئەوان لەئێستا لەژێرناوی چەند ڕێکخراو و حیزبێکدان) ساڵ لەدوای ساڵیش زیاتر پەرترو لێک بڵاوتر دەبن. ئەمەش لەژێر بیانوی جۆراوجۆری ئەوەی کە خۆیان لەبەر پرسیارێتییە سەرەکییەکە بدزنەوە .

 هەریەکەیان خۆیان سەرقاڵ کردووە بە کاری گرووپ بەندی یەوە واتە حزب و ڕێکخراوی خۆیان  هەر دەڵێی  لەجیهانێکی تردا سیاسەت و حیزبایەتی دەکەن، نەک لەعێراق و کوردستاندا،  چونکە زۆر لاوازو بێ کاریگەر ڕۆژانی حیزبایەتییان بەڕێ دەکەن، کەئەمەش جۆرێکە لەچەمانەوەیان لەبەردەم یاسا و سیستەمی چەوسێنەرو کۆنەخوازی زاڵبوودا، چونکە کۆمەڵگە پێویستی بەهەنگاوی جەماوەری چینایەتی هەیە کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان  ئاراستەی جۆش و خرۆشی تێکۆشانی جەماوەری چینایەتی بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە حیزبانە لەخەوی قوڵی گۆشەگیری دا بەخەبەر نەهاتوون بەدەنگی زوڵاڵی مناڵان وگەنجان وژن و پیاوانی کرێکاروزەحمەتکێشی سەر شەقامەکان .

ئەم تێکۆشانە جەماوەرییە چینایەتییە بەتەنها بەوە سەرکەوتوو نابێت کە کادیرەکانی حیزبێک بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بکات، بەڵکو ئەرکی گەورەتریان لەسەر شانە کە پێویستە هەنگاوی بۆ بنێیت بەکرداری بۆ هێنانەکایەوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری چینایەتی کە خەڵک لەچوارچێوەی بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵی جەماوەری دا ڕێکخراو بکرێت .

پێویستە  ئەرکە پێویستییەکە کاری لەسەربکرێت کە ڕێکخستنی جەماوەری ناڕازییە لەچوارچێوەیەکی تێکۆشانێکی جەماوەری یەکگرتووییدا کە بۆئەمەشیان ڕاستەوخۆ هەموو ئەوانە کەم تەرخەمن کە پڕوپاگەندەی حیزبی و ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستی و شیوعی وچەپبوون و ئازادیخوازی بۆ کۆمەڵگە دەکەن. خەڵکی ناڕازی  بەدەنگ هاتووە لەدژی نادادی وچەوسانەوە، بەڵام تائێستا خاوەن حیزبە کۆمۆنیست و شیوعییەکان لەخەڵوەتی بیرکردنەوەی تەسکی حیزبیان بەخەبەر نەهاتوون!! هەروەک خەنجەری ناوکەلانی کابرایی ژێرکەوتوو کەلێیان پرسی ئەو خەنجەرە چییە پێتە گوتی بۆ ڕۆژی لێ قەومانێ، بەڵام خۆشی لەژێرەوە بوو ئەمەش هەروەک حیزبە کۆمۆنیست وشیوعییەکان .

ئاخر چۆن دەبێت ئێمە کۆمۆنیست و شیوعییەکان کەخاوەنی جوانترین و پاکترین فکرو بیروباوەڕو بەرنامەی ئینسانی بین بۆئیدارەدانی کۆمەڵگە، بەڵام لێگەڕێن گەنجان ولاوان و کرێکارو زەحمەتکێشان لەلایەن هێزە کۆنەخوازو بۆرژواکانەوە ئاراستە بکرێن و دواتریش بەئاسانی بکرێنە قوربانی .

نابێت چیتر ڕێگا بدەین بە بەردەوامی درێژەدانی ئەم ملهوڕی و چەوسانەوەیە، بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی تاکە ڕێگای ڕزگارییە بۆڕاماڵین و کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی زاڵم وچەوسێنەران .

سەرکەوتووبێت تێکۆشانی هاوپشتی ویەکگرتووانە بۆ هێنانەکایەوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری چینایەتی لە کوردستان لەپێناوی ڕاماڵینی دزو چەوسێنەرو گەندەڵکاران  و دواتر بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی خەڵکەوە .

تێکۆشان بۆ هێنانەدی نان کار ئازادی ئیدارەدانی شورایی زامنی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نوێ ترو باشترە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.