مردوەكان گوێ لەگڤەی با دەگرن
مردوەكان گوێ لەگڤەی با دەگرن
لێرە قسە لەگەڵ بادەكەم
وێنە لەگەڵ تەنیایی دەگرم
باران دەخەمە ڕستەوە
باوەش بەئاودا دەكەم
ئاواز بۆڕۆژی قیامەت دادەنێم
لێرە دەبمەوە مناڵ و
هەڵماقۆ لەگەڵ مردوەكان دەكەم
لێرە من و خوا لەسەر یەك كورسی
دادەنیشین
پێكەوە قاوە ئەخۆینەوە و
گویێ لەلێدانی دڵی دەریا دەگرین
لێرە من و خوا پێكەوە
گۆرانی دەڵێین
پێكەوە دەریاكان ئاودەدەین
پێكەوە تینوێتی بەفردەشكێنین
پێكەوە بەبێباڵ دەفڕین
لێرە قسە لەگەڵ بادەكەم
بەبەژنوو باڵای پیرترین مردودا هەڵدەدەم
دەبمە دراوسێی ژنێكی بێ مەمك
بەدزی خواوە دوگمەی ستیانی
گەورە كچێكی هەڵەبجەیی ئەترازێنم
لێرە وەك هەنارەكانی ئەوێ
دەمم پڕدەبێت لەئاو
لێرە قسە لەگەڵ بادەكەم
گۆرانی بۆتەنیایی ئەڵێم
هەرچی ئاوێنە هەیە ئەیشكێنم
پەنجەرەی مزگەوتەكان
بەرد باران دەكەم
بە قەشەكان ئەڵێم
كڵێساكان چۆڵ كەن
لێرەقسە لەگەڵ بادەكەم
میرزا