کە تۆ بڕیاڕی کۆیلەبوونت دابێت، ئیدی من شەڕی کام ئازادیت بۆ بکەم؟ … نووسینی: شەماڵ بارەوانی

0

کە تۆ بڕیاڕی کۆیلەبوونت دابێت، ئیدی من شەڕی کام ئازادیت بۆ بکەم؟

نووسینی: شەماڵ بارەوانی

زۆرجار دەگەمە ئەو قەناعەتەی کە ڕەنگە سارتەر نەیپێکابێت کاتێک دەڵێت: ئازادی قەدەری مرۆڤە!

وتەیەک هەیه دەڵێت”کە تۆ بڕیاڕی کۆیلەبوونت دابێت، ئیدی من شەڕی کام ئازادیت بۆ بکەم؟!” هەر به جدی خەڵکێک هەیە نایەوێت ئازاد بێت!

مازۆکە و چێژ لە کۆیلەیەتی و پاشکۆیەتی و سێبەربوون و دەبات؟ ڕەنگبێت هەڵەنەکەین گەر بڵێین: کورترین پێناسەی کۆیلەبوون ئەوەیە کە کۆیلەیی: بەرلەوەی کۆیلەبوونی جەستەیی و فیزیکی بێت، کۆیلە، واتای: کۆیلەبوونی فیکر و ڕۆح دەگەیەنێت.

هەڵبەت، کۆیلەبوون و ئازادی دوو چەمکی دژ بەیەکن و هەرگیز پێکەوە کۆنابنەوە.

کۆیلە کێیه؟

کۆیلە: ئەو کەسەیە بیرکردنەوە و ئەقڵی خۆی دەداتە دەست کەسانیتر و لەخۆی نامۆ دەبێت و ڕەسەنێتی خۆی لە دەست دەدات.

کۆیلە ئەو کەسەیە کە مردوێک تەحەکوم بە ژیانیەوە دەکات و فەتوای بۆ دەدات کە چی بخوات و چی نەخوات و چۆن بخەوێت و چۆنیش ڕێبکات و چیش بپۆشێت. کۆیلە هەموو ئەوانەن کە بیرناکەوە و کوێرانە شوێن شتەکان دەکەون.

ئەوە زانیمان کۆیلەبوون چییە و کۆیلە کێیه. ئەی ئازادی چییه و مرۆڤی ئازاد کێیە؟

وتمان: کۆیلەیی، بەرلەوەی کۆیلەبوونی جەستەیی و فیزیکی بێت، کۆیلە واتای: کۆیلەبوونی فیکر و ڕۆح دەگەیەنێت.

بێگوومان کەسانێک هەن لە پێناو بیروباوەڕ و پڕەنسیپەکانیان، لە پێناو خاک و نەتەوەو مرۆڤ بوون و ئازادی  و عیشق و ئامانجەکانیان، دەست و پێیان دەبەسترێتەوە و دەخرێنە کونجی زیندان، تەنانەت جاری وایه، بەرەو مەرگ و بۆ ژێر پەتی سێدارەیش دەبردرێن، وەلێ ئەوان هەرگیز، سل لە ئازادی بوون ناکەنەوە و ڕادەستی کۆیلێتی نابن.

ئاخر ئەوان، ڕاستە بەجەستە زیندانین، وەلێ به بیرکردنەوە و ڕۆح ئازادن و هەرگیز کەس ناتوانێت بیانکات بە کۆیلەی بیرێکی دەمارگیر و فەلسەفەیەکی شۆڤێنی و شوێنکەوتەی ئایدیۆلۆجیایەکی نەخۆش و مەزهەبێکی نا  ئینسانی و ناچارکردنی چوونە ژێر بڕیارێک، کە ویست و حەز و بڕیاری خۆیانی لەسەر نەبێت.

بۆیە ئەو مرۆڤە ڕۆح ئازاد و دەروون ئازاد و ئازاد بیرانە، نە قامچی و لێدان، نەترس و ئەشکەنجە و سێدارە و لە ناو بردن و زیندان و هیچ شتێک و هێزێک، ناتوانێت ئەوان تۆزقاڵێک لە مەبدەئەکانیان پاشگەزبکاتەوە و قانوونی کۆیلێتیان بەسەردا بسەپێنێت و ئازادی هزر و ئازادی دەروون و ڕۆحیان لێ بسەنێتەوە.

ئینجا ئەفسوس، خەڵکێکی هۆشیار نزم و ڕۆشنبیر لاواز هەیە، زۆر هەڵە و لێنگاو قوچ لە چەمکی ئازادی حاڵی بووە.

کاتێک تۆ پێی دەڵێیت: بەڵێ بۆ ئازادی، یان ئازاد بە، یەکسەر پێت دەڵێت: بڕۆ دایک و خوشکەکەت باخۆیان ڕووت و قوت بکەنەوە و ئازاد بن.

ئای لەو گاڵتەجاڕیە!

تۆ بێیت و ئەو چەمکە پیرۆز و مەزنەی ئازادی لە ڕووت و قوتی کورت کەیتەوە و ئازادی بە بەڕەڵایی پێناسه بکەیت و کاتێک منێکی ئازادیخواز و لیبڕالیست باسی ئازادیت بۆ بکەم، یەکسەر تۆ مێشکت بۆ لای جەستەی ژن و سمت و مەمكی کچ و  ڕووتی و قوتی و ناوگەڵ و سێکس و ئەو شتانە بڕوات!

ئەزیزم، یەکەم:

سەبارەت بە ئازادی، تۆ بۆ ئەوەی ئازادبیت، سەرەتا دەبێت لە گەورەیی ئازادی تێبگەیت و مینتاڵێنت و مێشکت، جیهانبینی و تێڕوانینت، بیرکردنەوە و تەسەوراتت، لە هەموو پێشداوەری و تێگەیشتنێکی پێشووتر و موحەلەباتی و نا ئەقڵانی و دژە لۆژیک و دژە زانست و وشکباوەڕییەک پاکژکەیتەوە.

خۆت لە هەموو دۆگم و قاڵبێك دابماڵیت و سەراپای وجودت لە ترس و خوڕافه خاڵی کەیتەوە و بێیتەوە سەر سکە ڕەسەکەنەی خۆت”هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک دەبێت”. ئینجا، لێنەگەڕێیت چیتر کەس هۆشت بکات بە تۆپ و فتبۆڵێنی پێ بکات.

قبوڵی نەکەیت هیچ کەسێك ئەقڵت لاقە بکات و بتکات بە پاشکۆ و سێبەر و کۆپی خۆی.

ئازادی و ئازادبوون واتا: خۆت بیربکەرەوە، خۆت بڕیار لەسەر ژیانی خۆت بدە و قبوڵی مەکە هیچ مرۆڤێك و  هیچ کەسێک لە ژێر هیچ ناوێک و بە بیانوو و  پاساوێك، دەست لە ژیانی تایبەتیت وەربدات و لە جیاتی تۆ بیربکاتەوە و بڕیاربدات و یاری بە هەست و ئەقڵ و ویژدان و ژیان و بوونتەوە بکات.

گیانەکەم، تۆ بۆ ئەوەی ئازاد بیت و لە واتای پیرۆزی وشەی ئازادی تێبگەیت، هیچ مەکە، تەنها هەوڵ بدە ئازادبە لە ژیانت، لە هەڵبژاردنەکانت، لە بیرکردنەوە و بڕیاردانت، لە تێڕوانین و تەسەورەکانت. ئازادبە لەوەی چی دەخۆیت و  چی دەپۆشیت و چۆن دەژیت و چۆن بیردەکەیتەوە و دەچیتە کامە کافتریا و ناچیتە هیچ پەرستگایەک و حەزت لە چوونە باڕ نییە و دەتەوێ بە ویستی خۆت و دوور لە چاولێکەری ئەم و ئەو لاساییکردنەوەیەکی ناڕۆشنبیرانە و کوێرانە و دەمارگیرانە و (تەبای عامێ دەچمە شامێ)، یان بەهۆی چەقۆی مەزهەب و هەڕەشەی خێزان و ترسی دۆزەخ و لۆمەی کۆمەڵ و سزای باوك و برا، لەچك بکەیت و باوەڕدار و ئاییندار، یان سفور و مۆدێرن و، بێ ئایین بیت.

دووەم، ئینجا بۆ ئەوەی کە وتم: هەرکاتێک باسی ئازادی دەکەیت، خەڵێک پێت دەڵێت: دایک و خوشکەکەت با خۆیان ڕووت کەنەوە و ئازاد بن. جارێ ئێوە وەک چۆن لە چەمکی ئازادی حاڵی نەبوون بە مانا حەقیقی و گەردوونی و یۆنیڤێرساڵ و فراوانەکەی و ئازادی تەنها لە جلو بەرگ قەتیس دەکەن (پۆشینی پۆشاک بەو شێوازەی مرۆڤەکە خۆی بڕیاری لەسەردەدات و هەڵی دەبژێرێت، بەشێکە لە ئازادی تاک).

هەڵە نەبم شێرزاد حەسەنە لە وەڵامی ئەو ئیسلامیە سیاسی و نێرسالار و داماوانەی کە ئەخلاق لە پارچە پەڕۆیەک کورت دەکەنەوە و لە ژێر عەبایەکی خەلیجی و به تێگەیشتنێکی زۆر سادە و بەستەزمانە پێناسەیدەکەن، دەڵێت: ژن، هەموو لەشی بە عەبایش داپۆشێت، ئێوە هەر بەڕووتی دەیبینن! بۆچی؟ چوونکوو پەروەردەیان سەقەتە و لاواز و بێ هێزن و لە بەرامبەر غەریزەی خۆیان و  ژن. هەڵە  تەلقین دراون و وێنەی ژنیان تەنها وەکو بوکەڵەیەکی جنسی لە مێشکی خۆیان جێگیرکردووە و ئەو جۆرە مرۆڤە لە دەرەنجامی ئەو تێگەیشتنە نزم و خوار و خێچە لە بەرامبەر ژن و ڕەگەزی مێینە (تێگەیشتنێکی نێرسالارانە و مەزهەبیانەو سێکسیانە بۆ ژن) سەرەنجام وایان لێدێت بیر و خەیاڵیان هەر لای سێکس بێت و ژنیش تەنها وەکو ئامێرێکی جنسی و خۆ خاڵی کردنەوە دەبینن، نەک مرۆڤێکی یەکسان وخاوەن ماف و کەسایەتی و ئیرادە.

پاشان بۆئەوەی کەدەڵێن دایک و خوشکتان با خۆیان ڕووتکەنەوە، دووبارە ئەوانە ژن بوون بە کۆیلە بوون حاڵی بوونە.

ئاخر کەسێک کە تەمەنی بوو بە تەمەنی یاسایی و هەژدە ساڵ، منی ئازادیخواز چۆن و بە چ مافێك دێم و دەست لە ژیانی وەردەدەم و بڕیار لەسەر جل و بەرگ، یان سفوری ئەو دەدەم؟! چۆن و به چ مافێک پێی دەڵێم: تەنورەیەکی کورتی مۆدێڕنانە، یان جبەیەکی خەلیجی کۆنەخوازانە بپۆشە؟!

بۆ ئەو مرۆڤ نییە؟ خاوەن ئازادی و بیرکردنەوە و ئەقڵ و ماف و پێگە و  بڕیاردان نییە و لەگەڵ مندا یەکسان نییە؟ خاوەنی جیهانبینی و بۆچوون و کەسایەتی خۆی نییە؟!

سێیەم: ئێمەی ئازادیخواز قەت نەمانگوتووە: ژن باڕووت بێت، بەڵکوو گوتوومان ژن با ئازاد بێت. تاوانی من چییە کە ئێوە فۆبیا و جەهلتان لە بەرامبەر چەمکی ئازادی هەیه و ئازادی و ڕووتیتان لێ تێکەڵ بووە.

پاشان ئەوە ئێوەن، دەتانەوێ ژن هەر کۆیلە و ژێر دەستەو لە ژێر بڕیاری پیاو پاشکۆ وکۆپی پێستی نێر بێت. ژن بە ئەقڵ و جەستە و هەموو شتێکیەوە زیندانی بێت.

دواتر سەرەڕای هەر کەم و کورتیەکیش، هەر ئەوە بەرهەمی ئەو ئازادیەی ئێمەیە، کە ئێوه زۆر ئازادانە لە سایەیدا، ساڵانە و ڕۆژانە و مانگانە، خەریکی فێستیڤاڵی تاجی زێڕین (لەچکی سیاسی) و سەدان چاڵاکیتری مەزهەبیانە و ئیدەلۆژیانەو ئیسلامگەرایانە و عرووبیانە و لە قاڵبدانی بیر و هۆشی مرۆڤەکان و دژه ئازادی تاکن و دەیان و سەدان ڕۆڵەی کورد و  کچی کورد بە هۆی قۆستنەوەی ئەو ئازادیە و فێڵکردن لە چەمکی ئازادییەوە، پۆل پۆل مێشکیان ژاراوی و بۆگەن و کەسایەتیات به ئیخوان دەکەن و لیباس و جبەی خەلیجیان دەکەنە بەر و لەچکی سیاسیان دەخەنە سەر و کورد بوون و ڕەسەنێتی بوون ومرۆڤ بوون و چەمکی ئازادی و پلوڕاڵیەت و توڵەڕانس لە ناخ و هزر و تێڕوانیان دیلێت و ناشیرین و  بە دەعبا دەکەن.

هێشتاش ڕووتان هەیەو دێن و گلەیی لە ئازادی و ئازادیخوازان دەکەن و هێرشمان دەکەنە سەر و لە بەردەم مێگەڵ و خەڵکێکی نا هۆشیار و ڕۆشنبیر لاواز و، دەروێشەکانی خۆتاندا بە هەرتەقە و دێوەزمەمان دەکەن و هێرشمان دەکەنە سەر و پەلامارمان دەدەن. کەچی خۆتان ناتوانن هەزمی سەلمان ڕوشدیەک بکەن و دوو کچ ببێت بە فاشیونیست و مۆدیل و لەچک فڕێ بدات، دەماری داعشبوونتان دەگیرێت و قەڵس… دەبن و لە سۆشیاڵ میدیا و لە ڕاگەیاندنەکانتاندا قیامەت بەرپادەکەن و هەزار و یەک جوێن دەدەن و سوکایەتی و بێ ڕێزی بە ئازادی و هەڵبژاردن و خواستی ئازادیخوازان و ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و هەموو ئەوانە دەکەن کە لە ئێوە ناچن و جیاوازن و وەکو ئێوە بیرناکەنەوەو ژیان ناکەن.

هەڵبەت ئەوە لە کاتی بێ دەسەڵاتیتاندا و هێشتا گەڕەکێتان بە دەستەوە نییە، دەتانەوێ تۆتالیتارانە و پۆپۆلیستانە حیساب بۆ جیاوازیەکان و فرەیی نەکەن و تاک ڕەهەندانە، ئەجێندا و فکر و بەرنامەی داعشیانەی خۆتان بەسەرهەمواندا بسەپێنن. بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتتان هەبێت، سەری ئازادیەکەی ئێمە دەبڕن و بە زۆر و بەعەنتەری ئایدیۆلۆژیا و مەزهەب و لەچک و لیباس و مۆدیل و هەموو شتێکی  خۆتان بەسەر تەواوی کۆمەڵ و جومگەکانی ژیان و هەموو ئازادیخوازان و جودا بیراندا دەسەپێنن و چوون بەرخێکی قوربانی، ملی چەمکی ئازادی دەبڕنەوە و پڵورالیەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی گڕ تێبەردەدەن و هەرچی پێکەوە ژیان و یەکتری قبوڵکردنیشە، دەسڕنەوە.  …

Leave A Reply

Your email address will not be published.