کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە ڕەوتێکی ڕوو لە داکشاندا… عەبدوڵا مەحمود

0

کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە ڕەوتێکی ڕوو لە داکشاندا…

عەبدوڵا مەحمود

بەرواری ٢٨ ئاب ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کۆبوەوە. بەپێ ڕاگەیەنراوی کوبۆنەوەکە خۆری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان روو لە درەوشانەوەیە و ئاینندەی یەکێتی چ لە ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەکە، ڕوو لە پێشرەویەکی کەم وێنەیە و سەنگی یەکێتی روو لە هەڵكشانە. هەر کەسێکی واقع بین لەناو خودی سەرکردایەتی یەکێتی و تا دەگاتە هەر کادر و ئەندام و لایەنگرێکی یەکێتی نیشتیمانی، ئەگەر ویژدانی  بە بەرژەوەندیەکی تایبەتی نەفرۆشتبێ، وە پەردەیەکی تاریك و قەترانی نەدرابێت بەسەر بینین و روانینیدا و مێشکی لە بۆتەی دروشمی حزبی قائیدا، قاڵبەندی نەکرابێت، دەزانێت، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە خراپترین سەردەمی سیاسی و رێکخراوەیی و جەماوەریی و دیبلۆماسی، خۆیدایە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پێش کونگرەی چوارەوە شەیپوری نوێبونەوەی یەکێتی و ڕوحی تازە بە بەریەکێتی کردنەوەدای، بەدەستەوە گرت، هەر ئەوکاتە، بڕیاری بێ گەڕانەوەی بۆ گرتنەبەری رەوتێکی روولەخوار نمایش کرد.

یەکێتی لە جیاتی ئەوەی بە چاوێکی واقعیانە، دۆخی نەخوازراوی خۆی بخاتە ڕوو، وە بە راشکاوی رای بگەینێت، کە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیەکی بناغەیی هەیە، دەرگیری دەیان کێشەی سەرەکیییە، لەوانە کێشەی ڕابەری و پڕکردنەوەی جێگای تاڵەبانی، کێشەی ناوخۆیی و باڵەکانی ناوی، کێشەی دوورکەوتنەوەی جەماوەرەکەی و سەنگەر گوستنەوەیان، کێشەی ڕیكخراوەیی و دارمانی هەموو بنەما رێکخراوەیەکانی، کێشەی چەق بەستن و لاواز بوونی رۆڵی لە ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەکە، تا دەگات بە پاشەکشەی سەرەکی لە بنەما راگەیەنراوەکانی و وەرچەرخانی بەرووی بریاری تاک ڕەوانە، خۆ رادەستکردنی بە سیستەمی بنەماڵەیی نوزە بڕین لەهەر بانگەشەیەک کە بەرووی نەیارەکانیدا بەرزی دەکردەوە و روو بەکۆمەڵگە فریوکاری پێوەدەکرد، کەوتە پیا هەڵدان بەخۆی و هەموو هەوڵی ئەوەبوو لە رێگا بەدەستەوەگرتنی رابردووە ئامبازی داهاتوو بێت. گرتنەبەری ئەم هێڵەش بۆ ئاییندەی یەکێتی، نەک یەکێتی بەجێگایەک نەگەیاند و نەیتوانی کۆنگرەیەکی ئاسایی بگرێت، بەڵکو خودی کۆنگرەی کردە نمایشێکی بێتام و بێ ناوەڕۆک و شکست خواردوو، کە بانگەشەکانی نەیتوانی خۆراکی چەند مانگێکی یەکێتی زامن بکات، کە بەدارمانی شیرازەی خێزانی رابەری “ئامۆزاکان” بەر لەهەموو شت سیستەمی هاوسەرۆکی، کە لە بنەرەتدا دابەشکردنی رۆڵ بوو، لە نەبوونی رابەردا، بەسەریەکدا ڕماند و هاوسەرۆکی یەکەمی یەکێتی لە بازنەی رۆڵ گێران، دورخرایەوە و میراتی تاڵەبانی، بۆ ماڵە باوان گوێزرایەوە.

بەدوای ئەم روداوانەی ناوخۆی یەکێتیدا، دیسان سەرکردایەتی و دەسترۆشتوانی یەکێتی رایانگەیاند کە یەكێتیان لە پێشوتر بەهێز کردووە سەردەمی زێرینی یەکێتی دەستی پێکردۆتەوە، دوبارە بە فۆکردنە خۆ، ئەو عادەت و خووە نمایشەیی پێشوویان لە بەرگێکی تردا خستەوە ڕوو.

ئەم جارەش و دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی جارێکی تر لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆبونەوەکەیاندا دەڵێن:

” ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە گفتوگۆکانیاندا دەست خۆشیان لە سەرۆک بافڵ و تیمی یاوەریکرد لە بەغدا کە سیاسەتەکانی ماوەی رابردوو پێگەی یەکێتی وەک زەمانی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال بوژاندۆتەوەو سەنگی سیاسەتی کوردستانی لە عێراق و ناوچەکە بەرزکردۆتەوە “

 گومان لەوەدا نییە، نەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی تەنانەت نووسەری ئەم راگەیاندنەش دەزانێت هیچ راستیەک لەو بانگەشەیەدا نییە. سیاسەتەکانی یەکێتی لە ماوەی رابردوودا، جگە لە بێ سیاسەتی و دروشمی ئاگراوی چیتر نەبووە. یەکێتی لەهیچ ئاستێکدا خاوەنی هیچ سیاسەتێکی دیاریکرا و رۆشن و هیچ پرۆژەیەکی سیاسی نەبووە، و سەنگی یەکێتیش نەک  هەر لەئاستی کوردستان رووی لە پاشەکشە بووە و کەس حەسودی بە پێگەکەی نابات، بەڵکو لەو زۆنەش کە یەکێتی دەسەڵاتی بەدەستە، پاشەکشەی کردووە و کارنامەکەی هێندە قیزەونە، بۆتە نوکەی وێردی زمانی هەمووان لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا… لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم زۆنەدا خەڵک لەسەرەی موچە گیان دەبەخشن، بانقەکان خاڵی دەکرێنەوە لە پارەو موچە نییە، گروپە مافیاکانیان هەر رۆژەو هەر سەعاتە هەڵدەکوتنە سەر جێگایەک، لە ململانێی سەرانیاندا شار چەندین جار نائارام کراوە، خەڵک لە دڵەڕواکێدان، بازار و کار و کەسابەتی خەڵک سست و پڕ کێشەیە، باسی دەستبەسەراگرتنی موڵک وماڵی هاوڵاتیان و زەوی و زاری گشتی، سپی کردنەوەی پارە، دزی خاڵە سنورییەکان و باج و سەرانە سەندن لە زمانی خودی دزەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، موچەی کرێکارانی ژینگە پارێز نادەن و بەهۆی مانگرتنی رەوای ئەوانەوە بۆ موچەکانیان، بەشیکی زۆری شارو شارۆچکەکان خەریکە بۆگەن دایان دەپۆشێت. لە ئاستی سیاسیدا رکەبەرەکانی یەکێتی بە ئاسانی گرفت بۆ یەکێتی ساز دەکەن و لە هێزی یەکێتی بۆخۆیان کیش دەکەن، جەماوەر بەگشتی و جەماوەی یەکێتی بە تایبەتی روو لەکەم بوونەوەیە. لە ئاستی کوردستانیش سەنگی یەکێتی چ لەبەرامبەر بە پارتی وەکو دەسەڵاتی زۆنێکی تر، لاوازتر بووە و پیگە سیاسی و جەماوەییەکەی لە زۆنی زەددا، بەرەو پوکانەوەی خێرا دەچێت. لە ئاستی عێراقدا لەگەڵ ئەوەدا یەکێتی دەسەڵاتی زۆنێکی بەدەستە، بەڵام هیچ سەنگێکی قورس و خاوەن بریاری لە بەغدا نییە و هیچ پرسێکی سیاسی و چارەنووسازی نیوان بەغدا و هەرێم بەدەستی یەکێتی نییە و ئەو ناتوانێت هاوسەنگی هیز و باڵانس بگۆرێت. لە ئاستی ناوچەکەش بەهەمان شێوە، یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا گوێ لەمستی بلۆکیكی ناوچەییە، بەڵام توانایی و رۆڵی لاواز و بی کاریگەر تر لە هەموو کاتێکە. سیاسەتی حەكیمانەی مام!! کە گوایە زیندوو کراوەتەوە، جێگای پێکەنینە… نەک رۆڵی مام جەلال و حیکمەتەکانی!!، بەڵکو رۆڵی هەموو خانەوادەی بۆرژوازی کورد و سەرانیان لە بەغدا، جگە لە پاڕانەوە و لاڵانەوە بۆ هاوبەشی پێکردنیان لە دەسەڵات و وەرگرتنی ئیمتیازات و بودجە و دەستکەوت بۆ حزبەکانیان شتێکی تر نییەو بە رۆژی روناک دیارە رۆژ بەرۆژ رۆڵ و دەسەڵاتی بۆژوازی کورد و حزبەکانی سنوردارتر دەکرێتەوە ئەوە نەک تەنها لەئاستی عێراقدا بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیشدا… دەرهێنانی دۆسیەی نەوت و غاز لەدەستی دەسەڵاتی هەرێم، پرسی سنورەکان و خاڵە گومرگیەکان، پرسی ئەمنی… هەموویان گەواهی دەری پاشەکشەی رۆڵ و دەسەڵاتی بۆرژازی کوردن لە ئاستی عێراقدا… ئەگەر ئەوە سیاسەتی حەکیمانە بێت… ئینسان نازانێت لەکوێ سیاسەتێکی ناحەکیم بناسێت؟!!

لە کۆتاییدا ماوە بوترێت… کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەپێی ئەو راگەیەنراوەی بڵاویان کردۆتەوە، لە درێژەی هەمان رەوەندی پاشەکشەی یەکێتیدا دەچێتە پێشەوە و هەڵگری دەرمان بۆ هیچ کام لەو هەموو دەردە سەختانەی یەکیتی نییە. هاوکات ناوەرۆکی راگەیاندنەکەی یەکێتی ئەو راستیەش دەخاتە ڕوو کە ئامانجی ئەو کۆبونەوەیە لە بنەرەتدا بۆکۆتاییهێنان بە سیستەمی هاوسەرۆکی و بە فەرمی دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگ و داخستنی هەموو دەرگاکانی ئومێد بوو بەروویدا. لەگەڵ کردنی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی  و کپکردنی هەر دەنگێکی نارەزایەتی لەناو خۆی یەکێتی و  ژێر پێخستنی بەرنامە و پەیرەوی ناوخۆ لەرێگای زۆری پۆستاڵی سەرۆکەوە.

کۆتایی ئابی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.