عامر سابیر :  کوردستان لە 1991 ەوە و عێراق لە 2003 وە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک تاقمی مافیایی و تاڵانچیدایە، کە هیچ باکیان بە ژیانی خەڵک نییە و هیچ لێپرسراوێتییەکیان بەرانبەر بە ژیانی دانیشتوان لە ئەستۆ نەگرتووە و هەر تاقمەیان سەر بە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکەیە و نەخشەکانی ئەوان ئەبەنە پێشەوە … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ عامر سابیر کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

0

عامر سابیر:  کوردستان لە 1991 ەوە و عێراق لە 2003 وە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک تاقمی مافیایی و تاڵانچیدایە، کە هیچ باکیان بە ژیانی خەڵک نییە و هیچ لێپرسراوێتییەکیان بەرانبەر بە ژیانی دانیشتوان لە ئەستۆ نەگرتووە و هەر تاقمەیان سەر بە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکەیە و نەخشەکانی ئەوان ئەبەنە پێشەوە …

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ عامر سابیر کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

بۆپێشەوە: هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی بەغدا بۆسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، هیرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێم زیاتری کردووە، هەروەها ئێران ناوە ناوە لەڕیگای موشەک هاویشتنەوە بۆ هەولێر و دەوروبەری گوشارەکانی زۆرتر بووە، هۆکاری زیادبوون و فراوانبوونی گوشارەکانی تورکیا و ئیران بۆسەر هەرێم چییە؟

عامر سابیر: مەبەستی موشەک هاویشتنەکانی ئیران و درۆن ناردن و تۆپبارانکردنەکانی تورکیا بە بڕوای من دوومەبەستی سەرەکی لە پشتە. یەکەمیان بۆ وەڵامدانەوەیە بەو ئەزمە قوڵەی لەناوخۆدا هەیانە و ئەیانەوێ لە ڕێگەی ئەم هێڕشانەوە خەڵکی وڵاتەکانیان مەشغوڵ بکەن و ناڕەزایەتی ناوخۆ خامۆش بکەن. وە دووەمیان بۆ سەپاندنی هەژمونی سیاسی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و بۆ بردنەپێشەوەی کێشمەکێشەکانیانە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەدا.

کوردستان لە 1991 ەوە و عێراق لە 2003 وە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک تاقمی مافیایی و تاڵانچیدایە، کە هیچ باکیان بە ژیانی خەڵک نییە و هیچ لێپرسراوێتییەکیان بەرانبەر بە ژیانی دانیشتوان لە ئەستۆ نەگرتووە و هەر تاقمەیان سەر بە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکەیە و نەخشەکانی ئەوان ئەبەنە پێشەوە. ئەم هەلومەرجە زیاتر دەستی هەر یەک لە ڕژێمی فاشیست و نائینسانی توکیا و ئێرانی ئاواڵاکردوە تا بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر تەدەخول بکەن و نەخشەکانیان ببەنەپێشەوە و هەژموونی خۆیان بسەپێنن و نائارامی و کوشتارگا بۆ خەڵکی کوردستان دروستبکەن. ناسیۆنالیزمی کورد بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بێزراو و بۆ درێژەدان بە تەمەنی دەسەڵاتە دکتاتۆری و سەپێندراوەکەیان، عەقدی 50 ساڵەیان لەگەڵ حکومەتی فاشیستی تورکیادا بەستووە، بە بیانووی ئابووری سەربەخۆوە، داهاتی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەیان هەرزانفرۆش کردووە، کە خۆیان و کۆمپانیاکانیان بەشی هەرەزۆری لێ هەڵئەلوشن.

لە دوای ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی کە لە 25/9/2017 دا ئەنجامدرا، کە هەر خودی خۆی و حیزبەکەی ئەنجامەکەیان کردە ژێر پێوە و ڕایانگەیاند کە ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی نەبووە. وە بەدوای ڕوداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 و داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تر لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە حکومەتی عێراقی. لەوکاتەوە هاوسەنگی هێز بە قازانجی تاقمە تائیفی و مەزهەبییە شیعی و سونییەکان شکاوەتەوە و دەسەڵاتدارانی تاڵانچی کوردایەتی و شەریکەکانیان لە مەوقعییەتێکی لاوازتردا جێگیر بوونە. لە ئیستادا ئەوانەی بەغدا ئەیانەوێ داخوازییەکانیان بسەپێنن و لەم نێوەشدا ئەوەی زیانی بەرئەکەوێ و مافخوراو ئەکری لە کێشمەکێشی بەینی ئەم جەردانەی هەولێر و بەغدادا  کرێکاران و دانیشتوانی کوردستان و بەشەکانی تری عێراقە.

بۆپێشەوە: هەلومەرجی سیاسی کوردستان تادێت بەرەو خراپی دەچێت، لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تا دەگاتە بەرپرسە سیاسییەکانی بۆرژوازی کورد، ئاماژە بەزیادبوونی مەترسییەکانی سەر هەرێم دەکەن، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵین چی و تا چەندە مەترسی سیاسی لەسەر هەرێم هەیە؟

عامر سابیر: لەم هەلومەرجە سیاسییە خراپەی کوردستان کە باسی ئەکەن، سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان تا دێت کۆمەڵگە زیاتر ئەدۆشن و سەرمایەی زۆرتر کەڵەکە ئەکەن. وە بە پێچەوانەوە ژیانکردن بۆ کرێکاران و هەژارانی کۆمەڵگە، تا دێ دژوارتر و سەختتر بووە. مەبەستی بەرپرسە سیاسییەکانی بۆرژوازی کورد لە مەترسییەکانی سەرهەرێم، مەترسییە لە لەقبوون و نەمانی دەسەڵاتی تاڵانچیانەی خۆیان. نەمانی دەسەڵاتی ئەوانیش لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەڵکی مەحروومی کوردستانە، چونکە لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا خەڵکی کوردستان لە هەژاری و سەرکوت و هاڕینی ئیرادەی خەڵک زیاتر، شتیکی تری دەستنەکەوتووە لەم دەسەڵاتە.

بۆپێشەوە: لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تا دەگاتە لێدوانی بەرپرسانی هەرێم، هۆکاری هەرەشەکان بۆ سەر هەرێم دەگێڕنەوە بۆ ناتەبایی نێوان پارتی و یەكیتی و حزبە کوردیەکان بەگشتی و دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگە….تاد، لەم بارەیەوە دەڵێن چی؟

عامر سابیر: ئێمە کرێکارانی سۆشیالیست زۆردەمێکە وتوومانە کە ئەمانە کاتێک شەڕدەکەن، خوێنی ئێمە و هاوچینەکانمان ئەڕێژن، وە کاتێک کە تەبان و یەکئەگرن خوێنی ئێمە ئەمژن. ئەمانە نە یەکگرتنیان و نە ناکۆکییەکانیان، لەسەر باشترکردنی ژیانی ئێمە و پاراستنی مافەکانی ئیمە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیانە کە کامیان جەردەیی زیاتر بکات و سەرمایەی زۆرتر کەڵەکە بکات. بێگومان ناکۆکی باڵە جیاجیاکانی ناسیۆنالیزمی کورد، زیاتر فرسەتی دەستتێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە فەراهەم دەکات، بەڵام ئایا ئەمانە کەی دەسکەلای دەستی وڵاتانی ناوچەکە نەبوونە و کەی چاوساغیان بۆ ئەوان نەکردووە؟ ئەمانە کەی پرسیان بە خەڵکی کوردستان کردووە و کەی پشتیان پێ بەستووە؟

 لە وەڵامی ئەم پرسیارەتاندا کە باسی هەڕەشە بۆسەر هەرێم دەکەن، بۆ من ئەوەی جێگەی بایەخە و پێویستە ببێتە مەشغەڵەمان لەم هەرێمەدا، هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ئێمە کرێکاران و هەوڵی لێکترازانی کۆمەڵگەیە لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا. هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتی و هەژاری و بێکاری و سەپاندنی چەندەها جۆر باجی جیا جیا و نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری و داڕوخانی پەروەدە و تەندروستی و هەڵتۆقینی کەرتی تایبەت و بنیاتنانی نەخۆشخانەی ئەهلی و زانکۆ و قوتابخانەی ئەهلی بۆ ڕووتانەوەی چینی کرێکار و هەژارکردنی زیاتری کۆمەڵگە، هۆکاری هەموو ئەمانە سیستەمی سەرمایەداری و نیولیبرالیزمەکەیەتی کە ناسیۆنالیزمی کورد وەک تاکە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە ئەیناسێنێ و هەموو سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی بانقی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان جێبەجێکردوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا و نەوەکانی داهاتووشیان کردۆتە ژیر قەرزی ئەم دەزگایانە و کۆمپانیا جیهانی و دەوڵەتانی ئیمپریالیستییەوە. لە کاتێکدا ئەگەر ئەمانە ئەو هەموو داهاتەی دزیویانە و ئەیدزن، بگێڕنەوە بۆ داهاتی گشتی و خەڵکی کوردستان، ئەوا ئەم کۆمەڵگەیە پێویستی بەقەرزی ملیارەها دۆلار نییە کە ئەمانە لەسەر حیسابی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو کردویانە.

 خانم (جینین هێنیس-پلاسخارت) کە پێشتر سەربازێکی هێزی دەریایی هۆڵەندا بووە، پاشان بووە بە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و ئەندامی پەرلەمان و وەزیری بەرگری لە هۆڵەندا لەسەر لیستی یەکێک لە حیزبە ڕاستە بۆرژوازییەکانی هۆڵەندا، لە ساڵی 2018 ەوە بۆتە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق. ئەم خانمە لە وتارەکەی پارساڵی لە زانکۆی کوردستان کە لە 19/5/2021 دا ئەنجامدرا، وە لە وتارەکەی ئەمساڵیدا لە مەجلیسی ئەمندا کە لە 17/5/2022 دا پێشکەشی کرد، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا ئەکات کە واز لە گەندەڵی بهێنن و لەو کێشە و ناکۆکیانەی کە لە نێوانیاندایە گەورەتربن و سەقامگیری بەرقەراربکەن و حیساب بۆ دانیشتوان بکەن. خانم هێنیس-پلاسخارت ئامۆژگاریان ئەکات کە ئەم کارە بکەن، ئەگەر نا ئەوا ئەم وەزعەیان تا سەر بۆ نامێنێ. ئەم خانمە ئەم داوایە ئەکات بەڵام ئیشارە بە هیچ بەدیلێک ناکات. وەک ئەزانین ئەمریکا لە 30/8/2021 دا ئەفغانستانی تەسلیمی تاڵیبان کردەوە و لە عێراق و ناوچەکەشدا پاشەکشەی کردووە و سیاسەتەکانی بە بنبەست گەیشتووە. وە بۆ وەڵامدانەوە بەو قەیرانە قوڵەی تووشی بووە، تەرکیزی کردۆتە سەر بیانووگرتن بە چین و دژایەتیکردنی.

هەڕەشە شاراوەکەی خانم هێنیس-پلاسخارت، ئەتواندرێ دوو ئەنجامی لێ هەڵهێنجرێ، یەکەمیان ڕەنگە ئەوەبێت کە ئەوان پشتیوانی دکتاتۆرێک ئەکەن کە عێراق بکاتەوە بە ماستی مەیوو، یان مەبەستی ئەوەیە کە بڵێ خەڵکی کوردستان و عێراق هێندە تووڕەیە لێتان کە ڕائەپەڕن و تەخت و تاراجتان تێک ئەدەن. بەبڕوای من ئەمەی دووەمیان ئیحتیمالی زۆرترە و زەمینەی لەبارترە.

بۆپێشەوە: زۆر بوونی مەترسیەکان بۆسەر هەرێم، رووی لە دەسەڵاتی حزبە بۆرژوازیەکانی کوردە، یان رووی لە خەڵکی کوردستانە؟

عامر سابیر: هەر وەک لەوەڵامی پرسیاری پێشودا باسمان کرد، مەبەستی بۆرژوازی کورد و حیزبە تاڵانچییەکانی لە مەترسی بۆ سەر هەرێم، مەترسییە لە نەمانی دەسەڵاتی گەندەڵ و پڕ تاوانیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا. بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیش لە نەمانی ئەواندایە.

بەڵام گومانی تێدا نییە کە قوربانی هەر تۆپباران و مووشەک هاویشتن و هێڕشێکی سەربازی، خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان ئەبێت. وە تورکیا و ئێران لە پارتی و یەکێتی دڵسۆزتریان دەستناکەوی لەم هەرێمەدا، بۆیە ئەگەر پێویستی کرد پشتیوانی جیدیان ئەکەن و دەست بە باڵایانەوە ئەگرن.

بۆپێشەوە: ململانێی نێو “ماڵی شیعی” چ کاریگەرییەکی لەسەر ئایندەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت؟

عامر سابیر: هەروەک چۆن سەرکەوتن و سەپاندنی داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، سودمەندە بۆ خەڵکی ناڕازی کوردستان. وە بە پێچەوانەشەوە سەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان لە کوردستان و سەپاندنی داخوازییەکان، سودمەند دەبێ بۆ ناڕازیان و خۆپیشاندەرانی بەغدا و بەسرە. ئەم مەسەلەیە بۆ چینی بۆرژوازیش هەر ئاوایە.

هەوڵی سەرەکی هەموو ئەم تاقم و گرووپە میلیشیا ومافیایییانەی هەولێر و سلێمانی و بەسرە و بەغدا، بۆ کۆنترۆڵکردن و بەلاڕێدا بردنی تووڕەی خەڵکی مەحروم و هەژارانی کۆمەڵگەیە. ترسی هەمووشیان لە ڕاپەڕین و تەقینەوەی تووڕەیی خەڵکە لە ئەنجامی ئەو قڵشتە چینایەتییە گەورەیەی دروستیان کردووە.

بۆپێشەوە: لەهەلومەرجی سیاسی کوردستاندا، چۆن دەروانە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەتایبەت نەوەی نوێ؟

عامر سابیر: ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی دیوی دووەمی ئەم دەسەڵاتەیە و چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەکی باشی لەبەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا لێ ناکرێ. نەوەی نوێ و بەرپرسەکەی خۆیان بەرهەمی ئەم  گەندەڵی و تاڵانچێتییەن کە لە کوردستاندا ئەگوزەرێ، ئیتر چۆن ئەتوانن چاکسازی بکەن و ژیانی خەڵک باش بکەن؟ خەڵکی کوردستان تەجرەبەیەکی زیندووی لەبەردەستدایە و باجێکی گەورەیدا بەوەی کە خۆشخەیاڵبوو بە نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەکەی.

لە بەناوهەڵبژاردنی ڕابردوودا کە بۆ پەرلەمانی عێراق لە 1/10/2021 دا کرا، هەموو حیزبە بورژوازییەکان، بە دز و شەریکە دزەکانەوە لەنێویاندا نەوەی نوێش، کەمتر لە 20٪ی خەڵک بەشداری ئەو گاڵتەجاڕییەی کرد. کە ئەمە بۆ سەرتاسەری عێراقیش هەر بەو جۆرە بوو. بۆیە لە ئێستادا کرێکاران و خەڵکی کوردستان تا ڕادەیەکی باش لە خۆشخەیاڵی بە کوردایەتی هاتۆتەدەرەوە، بەڵام بەدەست ناڕیکخراوی و بێ ئیرادەیی و بێ هیوایی ئەناڵێنین.

بۆپێشەوە: لە ڕوانگەی ئێوەوە زامنی ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی کوردستان چییە و چۆن بەدی دێت؟

عامر سابیر: بە کورتی ئایندەیەکی باش بە وەلانانی سیستەمی سەرمایەداری ئێستا و بنیاتنانی سۆشیالیزم بەدی دێ. لەم ڕاستایەدا و بۆ ئەنجامدانی هەر گۆڕانکارییەکی ئیجابی، باوەڕبوون بە ئیرادەی خۆ، خۆ ڕێکخستن و هاوئاهەنگی ناڕەزایەتییەکان، بەرچاوڕۆشنی و زانینی چی ویستن، زامنی سەرکەوتن و ئایندەیەکی گەشە بۆ کرێکاران و خەڵکی هەژارکراوی کوردستان. وەلانانی تەواوەتی ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی دەسەڵاتی شوراکان لە شوێنی کار و لە شوێنی ژیاندا، زامنی ئایندەیەکی گەشە بۆ کۆمەڵگە. دەسەڵاتدارانی ئێستا لەسەر بورکانی تووڕەیی خەڵک وەستاون. هیچ کات هێندەی ئێستا خەڵک و دەسەڵات لێک دوور نەبوونە. گەڕانەوەی باوەڕ بە تواناییەکانی خۆمان، باوەڕ بەوەی کە تەنها خۆمان ئەتوانین ژیانی خۆمان بگۆڕین، مەرجێکی سەرەکی سەرکەوتنمانە.

ئەوە زیاتر لە سی ساڵە کاری سەرەکی ناسیۆنالیزمی کورد و حیزبە شەریکەکانیان، نەهێشتن و لاوازکردنی باوەڕی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانە بە باوەڕبوون بە توانایی و ئیرادەی خۆی. ئێمە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان ئەبێت لەوەهمی چاوەڕوانی ئەوەی کە فریادڕەسێک دێ و ڕزگارمان ئەکات، ڕزگارمان ببێت. کە باوەڕبوونمان بە ئیرادەی خۆمان چووە ئاستێکی بەرز، ئیتر خۆشخەیاڵی بە ئەمریکا، یان کەسانی وەک نەوشیروان و شاسوار، نامێنێت و باشتر ئەزانین چیمان ئەوێت و چارەنووسی خۆمان، خۆمان لەدەستی ئەگرین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.