”ئەوە بەچی پێئەکەنی؟“
”ئەوە بەچی پێئەکەنی؟“
ــ “ئەوە بە چی پێئەکەنی؟”
ــ “وەڵا بەم شاعیر و ماعیر ونووسەر و شتانە”
ــ “جا چیانە، ماشەڵڵا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەک گەرا ئەترەکێن، شکور میللەتی ئێمە هۆشیارە، هەر ئێمە بە تەنیا بەقەدەر هەموو عالەم شاعیرو شتیوامان هەیە”
ــ “بەڵێ بەڵێ وایە، لە بەعزێ مەملەکەت یەک دکتۆر، بۆی نیە چارەسەر و چاودێری سەد، یان سەدوپەنجا کەس زیاتر بکات، کەچی لای خۆمان هەر یەک کەس، سەدوپەنجا شاعیری بەرەکەوێ”
ــ “وەڵا خۆ ڕاستیش ئەکەی”
ــ “جا بە هیچ پەست نابم بە شتێک نەبێ”
ــ بە چی؟.”
ــ” ئێستا قیسمێکی زۆر لە شاعیران و نووسەران، سەری خۆیان هەڵگرتوە”
ــ نە بابە.. ئەمە کەی.. یەعنی کوردستانیان بەجێهێشت؟”
ــ بەڵێ، ئێستا هەر یەکەیان کچێک یان ژنێک نیشتمانیەتی، ئێ خۆ کابرا کفری نەکرد وتی (ئێستا کچێک نیشتمانمە) دە بزانە چەند شاعیر و تەنانەت نووسەرانیش ئەم قسەیە بە ڕاست و بە چەپا ئەجوونەوە، ژنە شاعیرێک ئەڵێ ئێستا پیاوێک نیشتمانمە، نێرەشاعیرێک ئەڵێ ژنێک نیشتمانمە. کچۆڵەیەک ئەڵێ کوڕێک نیشتمانمە، هەرزەکارانیش ئەڵێن باوەش نیشتمانمانە”
ــ “ئێ.. ئێ.. ئەوانەم بیستوە، جا کەوایە ئێستا کوردستان مساویە بە باوەش”
ــ “یان (ئەی یار) و (جەنابی یار)ی ئەوانی تر، ئێستا سێ بەش و نیوی شاعیرەکان بەکاری ئەهێنن”
ــ “ئەی (دڵی من)ی کابراکەی تر بۆ ناڵێی، ئێستا بەعزێکیان ـ دڵی من ـ ئەخەنە کۆتایی هەموو دێڕەکانەوە”
ــ “کەوایە زانیت بە چی پێئەکەنم؟”
ــ “ئا ئا زانیم، خۆ جگە لەوانەش چەندین وشە، دەستەواژە، وێنای شیعری، خەیاڵ، بیرۆکە و سەدان ڕستەهای تۆکمە و قایمی دیکەش، بە ڕۆژی نیوەڕۆ لە گیرفانی ئەندێشەی شاعیران و نووسەران دزراون”
نووسینی: ئارام حەسەن