کرێکارانی ژینگەپارێز بۆ موچە و مافەکانیان دەست دەدەنەوە مانگرتن…
کرێکارانی ژینگەپارێز بۆ موچە و مافەکانیان دەست دەدەنەوە مانگرتن…
لە ٢٤ی ئەم مانگەوە، بەشێکی زۆر لە کرێکارانی ژینگەپارێز لە ئیدارەی ڕاپەڕین، دووبارە دەستیان دایەوە کۆبونەوە و مانگرتن. دواکەوتنی بەردەوامی موچەکان، کەمی موچە، نەبووونی پێداویستی شوێنی کار، سەرخەت و خواستە سەرەکیەکانی دەستبردنەوەی کرێکارانن بۆ مانگرتن.
کێشەی کرێکارانی ژینگەپارێز کە بەهەزاران کرێکارن نزیکەی ساڵیکە بەردەوامە… ئەم بەشە لە کرێکاران کە کاری قورس و سەخت ئەنجام دەدەن و گەرەک و شەقامی شار و ..شارۆچکەکان بە هیمەت وماندووبوونی ئەوان پاک دەکرێتەوە سیمایەکی جوانیان پێدەبەخشێت، کەچی لەجێگای ئەوەی ستایشی هەوڵ و ماندوبوونیان بکرێت و کرێیەکی شیاو و هەلومەرجی کارێکی گونجاویان بۆ زامن بکرێت، وەکو سواڵکەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت… بەجیا لەوەی کرێیەک کە وەری دەگرن هێندە کەمە کە بەشی بەڕێوەچوونی نەک مانگێک، بەشی یەک هەفتەی هیچ خێزانێک ناکات و هاوکاتیش ئەو موچە کەمەیان بەشێوەی بەردەوام دوادەخرێت. زۆرجار بە دوو مانگ و سێ مانگ یەک موچەیان پێدەدرێت. جیا لەوانە ئەو بەشە لە کرێکاران بەهۆی شێواز و ژینگەی کارەکەیان پێویستیان بە پێدوایستی کارە، کەچی لەو بارەیەشەوە گوێیان لێ ناگیرێت. چەند مانگ پێش ئێستا، ئەو کرێکارانە لەپاڵ بەشێکی زۆری کرێکارانی شارە شارۆچکەکانی تر، دەستیان دایە کۆبونەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان، دوای ئەوە چ شارەوانی و چ کۆمپانیاکان، لە ژێر گوشاری ئەو نارەزایەتییەو کۆبونەوەی خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لەگەرەک و شەقامەکان بەڵێنیان بە کرێکاراندا، کە موچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێبدەن و بەدەم داخوازییەکانیانەوە بچن، کەچی بەکردەوە خۆیان لە جێبەجێکردنی خواستەکان دزیەوە و لەوەش زیاتر ژمارەیەک لە کرێکارانیان لەسەر کار دەکرد و کاری ئەو کرێکارە دەرکراوانەشیان بە بەشێکی کەمتر لە کرێکاران کرد، بەمەش سەختی کاری کرێکارەکانیان دووبەرابەر کرد…
ئێستا دوای ئەو هەموو بەڵینانەو دوبارە دواخستنی موچەکانیان و نەبوونی پێداویستی سەلامەتی کار، بەشێکی زۆری کرێکاران بۆ بەرگرتن بە ژیان و گوزەرانیان و موچەکانیان، ناچارن مان بگرن و کار ڕابگرن… تا وەڵام بە خواستەکانیان دەدرێتەوە. کار راگرتنی ئەم کرێکارانە ناچارییەو لە پێناو خواستە زۆر سادەو رەواکانیاندایە.
پشتیوانی بەشەکانی تری کرێکاران و کۆمەڵگە بەشێوەی گشتی لە خواستی کرێکارانی ژینگەپارێز و مانگرتن و نارەزایەتیەکەیان، رۆڵێکی گرنگ دەگێرێت لەوەی کۆمپانیاکان و شارەوانی و دەسەڵاتی سیاسی بەزووی بەدەم بانگەوازو داخوازییەکانیانەوە بچن، هاوکات زوو وەڵامدانەوە بەخواستی ئەو کرێکارانە وادەکات کرێکاران بگەڕینەوە سەر کارەکانیان و رێگە لەوە بگرن لەوە زیاتر خۆڵ و خاشاک لە گەرەک و شەقامەکان کۆببنەوە و سیمای شارەکان ناشیرین و هاوکات بۆگەنی پیسی بڵاوببێتەوە کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە.
کرێکاران بەشێوەی گشتی و کریکارانی ژینگەپاریز وەکو بەشێک لە چینی کرێکاری کوردستان، رۆڵ و پیگەیان لە کۆمەڵگەدا ناتوانرێت نادیدە بگیرێت و کەس ناتوانێت گومان لەوە بکات، کە کۆمەڵگە لەسەر زەحمەت و ماندووبونی ئەوان دەچەرخێت… بۆیە پێویستە پشتیوانیان لێ بکرێت… بەجیا لە پشتیوانی بەشەکانی کرێکاران و خەڵکی کوردستان، رۆڵی رێکخرابوون و یەکگرتووبوون و هاوکاریی نێوانیان و پێکهێنانی دەستەکانی نارەزایەتی و پێکهێنانی ڕیکخراوەی ژینگەپاێزان رۆڵی چارەنووس ساز دەگێرت بۆ خستەگەری تواناکانیان و بەهیزبوونی لە بەرامبەر بە کۆمپانیا و شارەوانی و تەنانەت بەرامبەر بەو هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەی هەوڵی شکست دان بە مانگرتنی کرێکاران دەدات. هیزی چینی کرێکار لە رێکخراوبوونی دایە بەتەنها دروشمێک نییە، بەڵكو تواناییەکی ئەزموونکراوە، هێزی رێکخراو توانایی پتەو ترە، متمانە بەخشە، کاریگەری زۆرترە، تێکشکاندان و پاشەکشەپێکردنی سەختە، زامنی داسەپاندنی خواستەکان و نیشاندانی توانایی چینی کرێکارە.
ڤ