دیسانەوە تیرۆر

0

دیسانەوە تیرۆر

٢٨ ئەم مانگە جارێکی تر دەستی تیرۆر گەیشتە کفری و سوهێل خورشید” ناسراو بە مامۆستا شەماڵ” ی نووسەر و چالاکوان و ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرد. ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە درێژەی ئەو زنجیرە کردەوە تیرۆریستیانەدایە کە بەشێوەیەکی بەردەم دوبارە دەبنەوە و کەم شارو شارۆچکە هەیە، دەستی تیرۆر پێ نەگەیشتبێت و هەڵسوڕاو چالاکوانی سیاسی، کادر و لایەنگرانی پەکەکە یان نزیک لەپەکەکەی تیا تیرۆر نەکرابێت. بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و پیاو کرێگرتەکانی لە هەرێمدا لە پشتی ئەو کردەوە تیرۆریستی و ئینسان کوژییەن. کردەوە تیرۆریستیەکان تادێت گۆڕانیان بەسەردا دێت… ئەگەر پێشوتر لە رێگای درۆنەکانەوە کادر و هەڵسوڕاوانی پەکەکە دەکرانە نیشانەو تیرۆر دەکران، ئەوا ئێستا گروپ و باندی تیرۆریستی دەمامک دراو بێ دەمامک لە ناوجەرگەی شار و بازاڕ و گەرەک و بەردەم ماڵەکان کردەوەی تیرۆریستی دەکەن، وە ئەگەر پێشوتر زۆرتر کادر و هەڵسوڕاوانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و پەکەکە و یەپەگە تیرۆر دەکران، ئەوا ئێستا هەڵسوڕاو و چالاکوانی حزب و رێکخراوی تر تیرۆر دەکرێن کە نزیک لە پەکەکەو ئۆپۆزیسۆنی دەوڵەتی توکیاش نین و گۆرەپانی هەڵسوڕانیشیان تورکیا نییە… بۆیە چوونە سەری ئەم کردەوە تیرۆریستیانە و جۆری تیرۆرەکان پێشهاتێکی ئیکجار مەترسیدارە و رووی لە پاکتاوکردنی جەسەدی هەموو چالاکوان و هەڵسوڕاوێکی سیاسییە کەنەک تەنها ئۆپۆزیسیۆنی راستەوخۆی تورکیا بێت، بەڵکو ئەو رێکخراو لایەنانەش ئەگەر نزیکایەتیەکیان لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە هەبێت، چالاکوانەکانیان تیرۆر دەکرێن. دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد کە رۆژانە باسی ئارامی و ئاسایش و بەهێزی کوردستان دەکەن، لەبەرامبەر بەو شەپۆلی کوشتارەدا نەک بێدەنگن، بەڵکو بەو هۆیە زۆر سادەیەوە کە دەستی یاسا!! ناگاتە هیچ کام لەو بکوژانەو کەس دەستگیر ناکرێت، ئەو گومانە دەکاتە یەقین کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و پیاوە نۆکەر پیشەکانیان، هاوکار و چاوساغ و تەنانەت جێ بەجێکاری ئەم کردەو ئینسان کوژیەن.

کاتی ئەوە هاتووە و تەنانەت وەدرەنگ کەوتووە، کە دەبێ هەرچی حزب و لایەنی سیاسی و جەماوەری و هەموو کۆڕو کۆمەڵێکی ئینسان دۆست و ئازادیخواز و هەر کەسایەتیەکە، کە دژی تیرۆر و پشتیوانی لە ئازادی بەیان و بیروباوەو هەڵسوڕانی سیاسی و مافی ئازادی چالاکی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن، لە بەرامبەر بەم ئینسان کوژییە بە نەخشەو بەرنامەیدا بێنە مەیدان و بە نەخشەوە رێگاکانی کورتکردنەوەی دەستی تیرۆر بگرنە بەر و دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد ناچار بکەن، کە چیتر هاوکاری دەوڵەتەکانی ناوچەکە نەکەن. تیرۆری هەر هەڵسوڕاوێکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکە لە هەرێمدا، ریسوایی و نەنگێکی گەورەیە بە تەوێڵی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە و ئاکامی نۆکەر پیشەیی و خۆشخزمەتی ئەوان و بە وڵاتانی ناوچەکە دەردەخات.

نەک نۆکەرەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەڵکو پێویستە خواستی دەستبەجێی چوونە دەرەوەی هەموو بنکەو بارەگای سیاسی و سەربازی و هەواڵگری و قونسوڵخانەی دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە ببێتە یەکێک لەمەیدانەکانی خەباتی جەماوەری و سیاسی و هاوکات پاراستنی گیانی هەڵسوڕاو ئازادی چالاکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکە، وەکو مافێکی بێ ئەولاو لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە بە فەرمی بناسریت و دەسەڵات پاریزگاری لە ژیان و کار و هەڵسوڕانی سیاسیان بکات.

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.