هاوڕێیان و خوێنەرانی ئازیزی بۆپێشەوە، بۆ ئاشنا بوون بە بنەما و بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، لەم ژمارەیەوە هەر جارەی بەشیک لە بەرنامەی دنیایەکی باشتر “چوارچێوە گشتیەکەی” بڵاو دەکەینەوە…. بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری … بەشی یەکەم دنیایەکی باشتر
هاوڕێیان و خوێنەرانی ئازیزی بۆپێشەوە، بۆ ئاشنا بوون بە بنەما و بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری، لەم ژمارەیەوە هەر جارەی بەشیک لە بەرنامەی دنیایەکی باشتر “چوارچێوە گشتیەکەی” بڵاو دەکەینەوە….
بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری …
بەشی یەکەم
دنیایەکی باشتر
بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، گۆڕینی جیهان و بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر ئاوات و ئامانجی هەمیشەیی ئینسانەکان بووە. سەرباری برەوی بیروباوەڕە قەدەری و خورافییەکان تەنانەت لە دنیای بەناو مۆدێرنی ئەمڕۆشدا، بە دینی و غەیرە دینیەوە، کە هەریەکەیان بە جۆرێک جاڕ بۆ بێ چارەسەربوون و موقەدەربوونی هەلومەرجی زاڵ دەدەن، ژیانی واقعی و کردەوەی ڕۆژانەی جەماوەری فراوانی خەڵک هەمیشە بەڵگەی ئومێد و باوەڕێکی قووڵە بەوەی کە ئایندەیەکی باشتر نەک هەر ئیمکانی هەیە، بەڵکو حەتمیشە. ئومێد بەوەی کە دنیای سبەینێ دەکرێ لە بێبەشی و کوێرەوەری و کەموکوڕی و دزێویەکانی دنیای ئەمڕۆ بێبەری بێت، باوەڕ بەوەی کە کردەوەی دەستەجەمعی و فەردیی ئەمڕۆی ئینسانەکان، دەور دەگێڕێ لە دیاریکردنی چۆنێتی دنیای سبەینێدا، مەیلێکی ڕیشەدار و بەهێزە لە کۆمەڵگە کە ژیان و هەڵسووکەوتی جەماوەری فراوانی خەڵک ئاراستە دەکات.
کۆمۆنیزمی کرێکاری بەرلە هەرشتێک سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئێرە، بۆ ئومێد و باوەڕی ئینسانە بێشوومارەکان و وەچە یەک لە دوای یەکەکان بەوەی کە بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر، جیهانێکی باشتر، بەدەستی خودی ئینسان، زەرووری و مومکینە.
ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی
بێگومان دیدی هەمووان بۆ ژیانێکی خوازراو و دنیای ئارەزوو وەک یەک نییە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بە درێژایی مێژووی چەند هەزار ساڵەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەمیشە هەندێ چەمک و دەستەواژە بە وێنەی پێوانەی بەختەوەری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە بەشێوەی جۆراوجۆر بەرجەستە و دووبارە کراونەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئیتر بە وێنەی کۆمەڵێک چەمکی پیرۆز لە کەلتووری سیاسی جەماوەری خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا جێگای خۆیان کردۆتەوە. ئازادی، یەکسانی، دادوەری و خۆشگوزەرانی لە ڕیزی پێشەوەی ئەم مەحەکانەدان.
ڕێک هەر ئەم ئاوات و ئارەزووانە بنچینە مەعنەویەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری پێکدەهێنن. کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکە بۆ گۆڕینی جیهان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و ئینسانی و خۆشگوزەران.
خەباتی چینایەتی: پرۆلیتاریا و بۆرژوازی
بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری دەستەی ڕیفۆرمخوازانی خۆشخەیاڵ و قارەمانانی تاسەی ڕزگاریی مرۆڤایەتی نییە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ئەلگۆ و گەڵاڵەیەکی دەرهاویشتەی مێشکی کۆمەڵێک حەکیمی خێرخواز نییە. کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکە کە لە هەناوی خودی کۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخەوە هەڵدەقوڵێ و ڕەنگدانەوەی ئاسۆ و ئامانج و ناڕەزایەتی بەشێکی گەورەی هەر ئەم کۆمەڵگەیەیە.
مێژووی تێکڕای کۆمەڵگەکانی تا ئێستا، مێژووی خەبات و کێشمەکێشی چینایەتیە. مشتومڕێکی بێوچان، تاوێک ئاشکراو تاوێک نهێنی لە نێوان چینە چەوسێنەر و چەوساوەکان، ستەمگەر و ستەمدیدەکان لە سەردەم و کۆمەڵگە جیاجیاکاندا هەمیشە لەئارادا بووە. ئەم مشتومڕە چینایەتیە سەرچاوەی سەرەکی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاریە لە کۆمەڵگە.
بە پێچەوانەی کۆمەڵگەکانی پێشوەوە کە بەگشتی لەسەر بناغەی پلەبەندیەکی چینایەتی و توێژبەندیەکی ئاڵۆز دامەزرابوون، کۆمەڵگەی هاوچەرخی سەرمایەداری دابەشبوونی چینایەتی زۆر سادە کردۆتەوە. کۆمەڵگەی هاوچەرخ، سەرباری هەمەچەشنیی فراوانی پیشەکان و کاردابەشکردنێکی بەرین، بەشێوەیەکی گشتی لە دەوری دوو ئۆردوگای چینایەتی سەرەکی بنیاتنراوە کە بەرامبەر بە یەکتر ڕاوەستاون: کرێکاران و سەرمایەداران، پرۆلیتاریا و بۆرژوازی.
لە بنەڕەتدا سەرچاوە و بنچینەی هەموو کێشمەکێشە ئابوری و سیاسی و حقوقی و فیکری و کەلتووریە جۆراوجۆرەکان لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان ئەم دوو ئۆردوگایە. نە تەنها ژیانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە، بەڵکو تەنانەت ژیانی کەلتووری و فیکری و زانستیی ئینسانی ئەمڕۆش کە بە ڕواڵەت وەکو قەڵەمڕەوی سەربەخۆ و سەرو چینایەتی دێنە بەرچاو، مۆری ئەم ڕیزبەندیە سەرەکیەی کۆمەڵگەی هاوچەرخی سەرمایەدارییان پێوەیە. ئۆردوی پرۆلیتاریا، ئۆردوی کرێکاران، لەگەڵ هەموو ئەو بیروباوەڕ و ئامانج و مەیل و حیزبە جۆراوجۆرانەی کە تیایدایە، نوێنەری گۆڕین یان باشکردنی ئەم نیزامەی ئێستایە بە قازانجی جەماوەری بێبەش و ستەمدیدەی کۆمەڵگە. ئۆردوی بۆرژوازیش، دیسانەوە بە هەموو ڕێباز و حیزبە سیاسی و بیرمەند و شەخسیەتە جۆراوجۆرەکانیەوە، خوازیاری پاراستنی کۆڵەکەکانی ئەم وەزعەی ئێستایە و لە بەرامبەر گوشاری ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیی کرێکاریدا بەرگری لە نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵات و ئیمتیازاتە ئابوری و سیاسیەکانی بۆرژوازی دەکات.
کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم خەباتە چینایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕیزێکە لە ئۆردوگای پرۆلیتاریا. کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکارە بۆ ژێرەوژوورکردنی نیزامی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێی بێ چین و چەوسانەوە.
ماویەتی