گرینگی و پیرۆزی لەهەبوونی ماف دایە!!… عبدالرحمن رسول

0

گرینگی و پیرۆزی لەهەبوونی ماف دایە!!
عبدالرحمن رسول

مرۆڤ کە هاتۆتە سەرزەوی بۆ ئەوە هاتووە کە ئاسوودە و دوور لەئازاردان و چەوسانەوە بژی. گرینگ ئەوە نییە چۆن مرۆڤ دروست بوووە و چۆن هاتۆتە سەرزەوی و چۆن زەوی بۆ مرۆڤ ئامادەکراوە, ئەمانە بابەتی مێژوویی و زانستین ئەکرێت خودی مرۆڤ بەردەوام بەگەشەدان بە ئەندێشەی بیرکردنەوەکانی لەبارەی دروستبوونی زەوی و مرۆڤەوە هەنگاوی باشتر بنێت بە گفتوگۆ و پرسیارو گەڕان بەدوایی وەڵامەکاندا.

لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە مرۆڤ برسی نەکرێت و بێکارو سەرکوت نەکرێت و نەچەوسێتەوە و بێماف نەکرێت و بەشێوەیەکی یەکسان دەستی ڕابگات بەسەرجەم داهات و سامانە  ماددی و مەعنەوییەکان  کە لەکۆمەڵگەکەدا هەیە .

مێژوویی مرۆڤایەتی ئەوە دەسەلمێنێت کە هەمیشە بەدوای ژینگەیەکی خۆشگوزەران و ئاسوودە و ئارام کۆچی کردووە بۆ مانەوەی لەژیان. لەسەردەمێک لەمێژوودا لەناو ئەشکەوت و دارستانەکان ژیانی کردووە دواتر بەهۆی گەشەی وشیاری شوێنی شێوەو جۆری ژیانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کشتوکاڵی کردووە و دواتر کارگەی داهێناوە و بەرهەمی جۆراوجۆری بەرهەمهێناوە.
هەموو ئەمانەش بەهۆی گەشەی وشیاری مرۆڤەکانەوە بووە کە بەرهەمی بیرکردنەوەی باشتر بووە.

کەم نین ئەو مرۆڤانەی کە بەهۆی سەرکوت چەوسانەوە و نایەکسانی بیروباوەڕی دینی و قەومی وڵاتەکانیان بەجێ هێشتووە، نەک تەنها خۆیان، بەڵکو کوڕو نەوەکانیشیان لە وڵاتێکی جیاواز لەشوێنی لەدایکبوونیان دەژین کە لەگەڵ نەتەوە و ئایین و ڕەنگی پێستی جیاوازدان، بەڵام ئاسوودە و ئارام و ئازاد و خۆشگوزەرانن لەژیان و نەوەکانیان هەرگیز بیر لەگەڕانەوە بۆ نیشتیمانی باوک وباپیریان ناکەنەوە، چونکە نایانەوێت وەکو باوک وباپیرانیان جارێکی تر ئاوارەبن.
ئەگەر مناڵێک برسی بێت بیروباوەڕو دین و نەتەوە هیچ نرخی نییە، کاتێک مرۆڤێک لەتکە نانێکی دەداتێ هەرگیز مناڵەکە ناڵێت ئەم نانە هی چ نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕێکە لەبەرئەوەی ئەوەی بەلاوە گرینگە پاراستنی سەلامەتی ژیان و بەردەوام بوونی ژیانێتی بەئاسوودەیی، نەک جۆری بیروباوەڕو دین و نەتەوە.

بەدڵنییایی  مرۆڤایەتی هەر بەم جۆرەش هەنگاوی ناوە کە هەمیشە بەجۆری ئەندێشەو بیرکردنەوە و تێڕامانەکانی  لەبواری زاست و زانیاری و زەویناسی باشتر و جوانتر هەنگاوی ناوە مرۆڤایەتی.

بەڵگە بەرجەستەکان باشتر ئەوە دەسەلمێنن کە هێزی مرۆڤ لەبیرکردنەوە و داهێنانی سوودبەخش و زانست و زانیاری باشتر هیچ کات و ساتێک ناوەستێت، ڕۆژانە و ساڵانە لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێ بیستی هەواڵی نوێی زانستی و ئەستێرەناسی و زەویناسی و مرۆڤ ناسی دەبینەوە کەوایە گەشەی شەپۆلی فێربوون هیچ کات ناوەستێت و هەمیشە ئێمەی مرۆڤ بە زانیاری و زانستی نوێ سوود بەخش دەکات دەرئەنجامی ئەمەیە کە پێویستە ئێمەی مرۆڤ هەرگیز لە فێربوونی زانست و زانیارییەکان نەوەستین بۆ ئەوەی سوودمان زیاتر بۆ ژینگەو مرۆڤایەتی هەبێت.

خوێنەرانی ئازیز ئەمەوێت بە پرسیارێک بچینە ناو بابەتەکەمانەوە بۆئەوەی تەنها وەک خوێنەرێک بابەتەکە نەخوێنیتەوە، بەڵکو هەر یەکەمان بیرکردنەوەمان ئاراستە بکەین بە وەڵامی پرسیارێک ئەویش ئایا مرۆڤ گرینگترە یان ئامێرەکان؟ ئایا مرۆڤ گرینگترە یان بیروباوەڕەکان؟ ئایا مرۆڤ گرینگترە یان ژینگە؟ یەک پرسیاری تر کە کۆی پرسیارەکانی تر بەرەوڕووی خۆی ئاراسته دەکات ئەویش ئایا کە مرۆڤ نەبێت لەژیان ئەمانە (بیروباوەڕەکان و دینەکان و ژینگە و ئامێرەکان نرخ بەها و گرینگییان چییە؟ کەوایە وردتر با بیربکەینەوە پێکەوە کە وەڵامێکی ئەرێنی و سوودبەخش بۆ مرۆڤایەتی بدەینەوە.

لەشوێنی خۆمان لەماڵین یان لەکار با سەیریکی ژینگە و شێوەی ژیانمان بکەین، ئەوجا وردتر دەرک بەوەڵامە دروستەکە دەکەین. ئەو ژینگە و شێوەی ژیانەی هەمانە بۆ مانەوەی ئێمەی مرۆڤە، هەرکاتێک ئێمە لەشێوەی ژیان و جۆری ژینگە نەمان توانی ئاسوودەبین کەوایە دەبێت بیربکەینەوە بۆئەوەی هەنگاوبنێین بۆئەوەی جۆری ژیان و شێوەی ژیانمان بگۆڕین بەرەو باشتر، ئەمەش لەبەرئەوەی خودی خۆمان وەکو مرۆڤ بەلاوە گرینگ و بەبەیاخە.
هەروەک نموونەی مناڵە برسییەکە ئێمەش کە ژیانمان ناخۆش بێت و پێویستە تێکۆشان بۆ باشتربوونی ژیانمان بکەین لەگەڵ هاوچارەنووسەکانمان  دەستی یەکتری بگرین بەبێ ئەوەی سڵ لەهەبوونی جیاوازی دینی و نەتەوەیی و بیروباوەڕ بکەینەوە.

مرۆڤ کاتێک لەژینگەیەکدایە نائارام و مەترسی لەسەرژیانی هەیە ناچارە هەنگاوبنێت بۆ ئەوەی  ژینگەکەی ئارام بکاتەوە، بەڵام ئەگەر نەی توانی زیاتر مەترسییەکانی زیاتر بوو بەناچاری ڕێگای کۆچ دەگرێتە بەر بۆ ژینگە و شوێنێکی ئارام و باشتر .

لەلایەکی ترەوە خودی  ئاستی ژیری و وشیاری مرۆڤ ڕۆڵی گرینگ دەبینێت بۆ هەست کردن بەرپرسیارێتی لە پاراستنی ژینگەی جوان و مرۆڤایەتی.
سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ بەرنامەیەکی بەپلان لەلایەن دەسەڵاتە ملهوڕەکانی سیستەمی سەرمایەداری کە لەهەر گۆشەو کەنارێکی ئەم جیهانە تووشی قەیران و کێشەبوون پەنا بۆ زیندووکردنەوەی بیروباوەڕە ئەفسانەیی و کۆنەخوازییەکان دەبەنەوە، بەئامانجی دابەشکاری و سازکردنی کێشە و ململانێی لەنێوان هاوڵاتیانی کۆمەڵگەدا، لەهەر کۆمەڵگەیەو بەجۆرێک نماییش و کاری لەسەر دەکەین.
لە عێراق و ئێران و کوردستان و تورکیا زیاتر دەسەڵاتە ملهوڕەکان کار لەسەر نماییشە مەزهەبی و سۆزە دینی و نەتەوایەتی و خێڵایەتییەکان دەکەن. واتە بەجۆرێک کە ئامانجیان ئەوەیە یەکگرتویی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر دەسەڵاتیان پەرتەوازە بکەن و ئاراستەی ململانێێ ناوچەیی و دینی و فکرە کۆنەخوازییەکانیان بکەن.

کاتێک دەپرسن فڵان شارە یان ناوچەیە بەبەیاخترو پیرۆز ترە لە فڵان ناوچەو وڵات؟ ئەو پرسیارە زۆر هیچ و بێ سوودە و تەنها بۆ دەمەزەنکردنەوەی کۆنەپەرستی یە، لەبەرئەوەی خودی پیرۆزکردنی شوێن هەرشوێنێک بێت کە مرۆڤ مافی پارێزراو نەبێت و ئازاد و خۆشگوزەران نەبێت بە مانایی گەمژەیی ونەزانینە. ئەمەش  لەبەرئەوەیە مرۆڤ لەهەموو شتێک بەبەهاترو بەنرخترە، کە مرۆڤ نەبێت ئەوانی تریش هیچ بەها و نرخیان نییە.
هەرگیز دەسەڵاتی چەوسێنەر بەگرینگی باسی کرێکارێکی ماندوو ناکات کە باش دەزانێت کاری کرێکارەکە کە لەهەربوارو جۆرێکدا بێت ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گەشەدان بە کۆمەڵگە بەرەو ئاوەدانی و باشترو جوانی، ئەزانی بۆچی  دەسەڵات  گرینگی بەکرێکار نادات؟ لەبەرئەوەی کاتێک بە گرینگی باسی  کرێکارێکی دەست و پەنجە قڵیشاو بکات ئیرادەی ئینسانی بەهێز دەبێت، دواتر دەرئەنجام بەگژ دەسەڵاتدا دەچێتەوە، هەرئەمەش هۆکارە بۆیە بەردەوام بەجۆرێک باسی کرێکار دەکات وەک زەلیل و بێ ئیرادەیەک لەژیان و کرێکارێکی فەقیرو نەزان، ئەمەش  بۆئەوەی هەرگیز کرێکار هەنگاو بۆ ڕێکخراوبوونی نەنێت. ئەگەر هەر هەنگاوێکیشی نا بۆ ڕێکخراوبوونی بەزوویی ڕێگری و لەمپەری بۆساز دەکات یان خۆی سەندیکایەکی بۆ دادەمەزرێنێت بۆئەوەی زنجیرەکانی پێی کرێکار بەهێزتر بکات  و بێدەنگ و زەلیلی زیاتری بکات.
با بە ویژدانەوە بەراوردێکی خێرا لەنێوان دوودەستدا بکەین، یەکیان کە ئەم  دەستەیە کە جوانييەكان دروست دەکەن و  کۆمەڵگە  ئاوەدان دەکەنەوە و تةنها بەهۆى ماندووبون و زەحمەتکێشی خۆیانەوە ژیان وگوزەرانی خۆیان بەڕێ دەکەن، ئەمانە بریتین لەدەسته جوان و بەنرخ و پیرۆزەکانی کرێکار .

بەڵام دەستانێکی تریش  هەن کە جگە لە تاڵانی و دزی و لوشدانی سامان و ئازاردانی  مرۆڤەکان  هیچی تریان لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئەوەیە چەوسانەوەو نایەکسانی و نادادپەروەری.
بۆ ڕاگرتنی پایەکانی چەوسانەوە دەسەڵات دێت دەمەزەدی کۆنەخوازی دەکاتەوە باسی پیرۆزی جۆری  شوێن و ئاڵا و دین و نەتەوە بەگوێی خەڵکی کۆمەڵگەدا دەدەن. ئەمەش بۆ داپۆشینی تاوانەکانیانە.
سەرجەم موبەلیغان و بانگەوازانی دینیش کەدەسەڵاتی چەوسێنەر پشتیوانیان دەکات بەردەوام بەرگری لە دەسەڵات دەکات دزی و گەندەڵی و تاوانەکانی دەسەڵات دادەپۆشن و بیانوویان بۆ دەهێنەوە، بەڵام کەمترین پشتیوانی لە ڕێکخراوبوونی کرێکارانی ماندوو ناکات کە بتوانن ژیانیان بەرەو باشتر بگۆڕن. ئەوانیش دێن زۆر بەزەلیلی و تێکشکاوی باسی ژیانی کرێکار دەکەن بۆئەوەی خەڵک خێرو سەدەقەیان پێ بکات نەک پشتیوانی هێنانەدی ماف و دابینکردنی بیمەی بێکاری وسەلامەتیان بێت.

لەباشووری کوردستان خۆیان دەسەڵات ئازاری هەمان جۆر لەنەتەوە دەدەن و جیاکاری و چەوسانەوە و نایەکسانی لەبەرامبەر خەڵکی هەمان نەتەوە و زمان کە بەپیرۆزو گرینگی دەزانن گەشە پێدەدەن لەژێر هەمان جۆرئاڵا و ڕەنگ کە بەردەوام دەم دەکەنەوە بژی بژی بۆ ئاڵا و هەمان نەتەوە دەکەن کەچی سەیر دەکەیت زۆرینە… خەڵک لەهەمان نەتەوە لەژێر هەمان ئاڵای و جۆری دەسەڵاتی نەتەوەیی کە بەپیرۆزی دەزانن دەچەوسێنەوە و ئازارو ئەشکەنجە دەدرێن و بەناچاری کۆمەڵگەی کوردستان بەجێ دەهێڵن و ئاوارەیی  دەگرنە بەر.

لەکوردستان خەڵک دەچەوسێنەوەو دزی لەخەڵک دەکەن دواتر بۆئەوەی دزییەکە داپۆشن دەڵێن فڵان شار لەفڵان شار پیرۆزترە  خەڵکیش لەجیاتی بیر لەڕزگاری لەدەست ئەم دزانە بکەنەوە!!
بێ ئاگایانە خەڵکی چەوساوە سەرگەرم بووە بە وەڵامدانەوە هیچەکانیان.
ڕاستی ئەوەیە هیچ لەوەڵامەکانیان ژیانیان باشتر ناکات!
خەڵکی ناڕازی دەبێت وشیاربێت کە تەنها خۆی وەک مرۆڤ گرینگە و بەبایەخە بۆیە پێویسته مافی خۆیەتی کە ژیانی باشتر بکرێت. چیتر بە دەهۆڵی نەزانانە هەڵنەپەڕێت ولە شایی لوغانی ناسیۆنالیستی و دینی سەرچۆپی نەگرێت. هیچ شتێک لە مرۆڤ گرینگتر نییە. بۆیە پێویستە سەرجەم بەشەکانی تری کۆمەڵگە  بۆ خزمەت و سوودی مرۆڤایەتی  ئاراستە بکرێت و جوانییەکان بپارێزدرێن.
ناکرێ و ناگونجێ شوێن و پێگەو مەکانێک بەخۆشەویست و پیرۆز بزاندرێ، بەڵام دزی و گەندەڵی و نایەکسانی و هەژاری و برسێتی  چەوسانەوە گەشەی پێبدرێت!

کەوایە چارەسەر ئەوەیە: گەورەیی و گرینگی و پیرۆزی تەنھا لەساغی ڕەفتاری مرۆڤەکانەوەیە بێ زیان  گەیاندن بە مرۆڤەکانی تر. کەهەنگاوی جوان و پیرۆز ئەوەیە تێکوشانی جەماوەری لەدژی بنەماڵە دزو زاڵمەکان گەشەپێ بدەین، بە ڕاماڵینی ئەم زاڵمانە ژینگە و مرۆڤایەتی جوانترو پیرۆز دەکەین.
لەهەنگاوی دوایی ڕووخانی دەسەڵاتی بنەماڵە فاشیستەکاندا
گرینگی و بایەخی مرۆڤایەتی بوون لەقبووڵکردنی جیاوازییەکان وبەرگری یە لەئازادی وبەرابەری دایە.

بۆ سەرکەوتنی کاروانی ڕزگاری کۆمەڵگە لە دەست دزو چەتەکانی دەسەڵات ڕاستگۆیانە پێویستە  پشتیوانی دەستە ماندووەکان بین، نەک تەنها بۆئەوەی تەنها کاری تاقەت پڕوکێن بکەن، بەڵکو بۆئەوەی  ئیدارەی کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن، هەتاوەکو لەسەر دەستی ئەم مرۆڤە زەحمەتکێش و کرێکارە ڕاستگۆ وپاکانە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و بەرابەر بەدی بێت.
کەوایە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە شاباشی ناسیۆنالیست و ئیسلامی سیاسی بۆ پیرۆزکردنی شوێن بەشێکە لەبت پەرستی، چونکە نەبیرکردنەوەیان هەیە نەجوڵە شوێنەکان. ئەرکی مرۆڤی ژیر شکاندنی بتەکانە نەک دروستکردنی بتی نوێ. ئەوەی پێویستە نرخ و بەهای بزاندرێت تەنها مرۆڤە بۆ هەبوونی ماف و ئازادی وخۆشگوزەرانی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.