یا حجاب کردن یان سەربڕین! نووسینی: مستەفا باهیر
یا حجاب کردن یان سەربڕین!
نووسینی: مستەفا باهیر
ئەمەی سەرەوە وتەی دکتۆر “مەبرۆک عەتیە” یە کە دکتۆرێکی یاساناسی زانکۆی ئەزهەرە لە قاهیرە، ئەم وتەی لەئەنجامی ڕوداوی سەربڕینی قوتابیەکی کچ بەناوی “نیرە ئەشرەف” لە زانکۆی مەنسورە کردوە. لە ڕۆژی دووشەممە، بەرواری ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لەبەردەم یەکێک لە دەروازەکانی زانکۆی “مەنسوورە” لە شارۆچکەی “دەقهەلیە” لە باکوڕی قاهیرە، لە وڵاتی میسر، قوتابیەکی کۆلیژی ئاداب بەناوی “محەمەد عادل” تەمەن ٢١ ساڵ، چەند چەقۆیەک لە ” نیرە ئەشرەف ئەحمد”ی تەمەن ٢٠ ساڵ دەدات و دواتر سەری دەبڕێت کەهەردووکیان قوتابی هەمان زانکۆ و هەمان کۆلیژ بوون. ئەم تاوانە قێزەوەنە بەتەوای شەقامی میسری هەژاند.
بەگوێرەی وتەی کەسە نزیکەکانی ئەو دوو خوێندکارەی زانکۆی مەنسوورە، محەممەد بکوژی (نیرە)، سواری هەمان ئەو پاسە بووە کە قوربانییەکەی تێدابووە و بەرەو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە زانکۆی مەنسوورە دەچوو، بەڵام بکوژەکە هەوڵیداوە لە تەنیشت (نیرە)ـەوە دابنیشێت، لەنێو پاسەکەدا دەبێتە شەڕیان. سەرەنجام سەرنشینانی پاسەکە بە کێشەکەیان زانیوە و کوڕەکەیان دوورخستووەتەوە، وەکو شایەتحاڵەکان باسیان کردووە، محەمەد لەنێو پاسەکەدا بە ئاماژەی دەستی هەڕەشەی سەربڕینی لە نیرە کردووە. دوای راوەستانی پاسەکە “نیرە” بە ڕاکردن بەرەو زانکۆ رۆیشتووە، بەڵام محمد دوای کەوتوەو دوو چەقۆی لە سنگی (نیرە) داوە و دوای ئەوە قوربانیەکە دەکەوێتە سەرزەوی محمد چەقۆی بە ملی نیرەدا هێناوە وسەری بڕیوە، دوای سەربڕینیشی چەند چەقۆی تری لێداوە. ڕیبوارانی ئەو ناوە محمد دەگرن و ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی دەکەن.
نیرە، خوێندکاری قۆناغی سیێەمی کۆلێژی ئاداب و زانستە مرۆییەکان بووە لە زانکۆی مەنسوورە، بەپێی قسەی هاوڕێی نزیکەکانی ” نیرە” کچێکی هێمن و لەسەرخۆ و شەرمن بووە، محەممەدیش لە هەمان قۆناخ بووە، هەردووکیان دانیشتووی یەک گەڕەک بوون. بەپێی زانیارییەکان کە میدیای میسر بڵاویان کردووەتەوە، چەند جارێک محەمەد چووەتە داخوازی ئەم کچە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، بەڵام کچەکە ڕەزامەند نەبووە، هەربۆیە محمد هەمیشە هەڕەشەی لێکردوە.هەر وەک خۆی لە لێکوڵینەوەدا دەڵێت ئەوە تەنها هۆکار بووە بۆ ئەنجام دانی ئەو تاوانە.
ئەم تاوانە هەمو خەڵکی ئازادیخوازی میسرو جیهانی توشی شۆک کرد، بەتایبەتی دوای بڵاوبونەوەی هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی کە تێیدا دەردەکەوێت تۆمەتبار قوربانییەکە سەردەبڕێت. دوای ئەم تاوانە ژنانی ئازادیخوازی میسر زوو دەنگی نارەزایەتیان بەرزکردەوەو داوایان کرد کە دەبێت تاوانباران بدرێنە دادگا. هەر بۆیە نوێنەرایەتیی گشتی کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە میسر ناچاربوو بەزوترین کات راگەیاندێک بڵاوبکاتەوە تیایدا دەڵێت “نوێنەری گشتی بڕیاری بە لێکۆڵینەوەی خێرا لە ڕووداوی کوشتنی خوێندکار (نیرە) کردوە، دەبێت ئەولێکۆڵینەوەیە بە زوویی تەواو بکرێت”
چەندێک ئەم تاوانە دڕندانەیە خەڵکی ئازادیخوازی میسرو جیهانی دڵگران کرد، ئەوەندەش وتارو لێدوانەکانی مامۆستایانی زانکۆی ئەزهەر خەڵکی هەراسان کرد. بە تایبەتی دوای ئەوەی دکتۆر “مەبروک عەتیە” هۆی ئەو تاوانەی گەڕاندەوە بۆئەوەی کە کچەکە بەبێ حیجاب چوەتە دەرەوە، داوای لە کچان کردوە و دەڵێت “بۆ ئەوەی ژیانت پارێزراو بێت دەبیت حیجاب بکەیت، حیجاب نەکەیت ئەوە ژیانت لە مەترسیدایە”.هەروەها ڕوودەکاتە کچان و دەڵێت”. بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراوبێت و کەس تەحەڕوشتان پێنەکات دەبێت جگە لە حیجاب جلوبەرگی پانوپۆڕ لەبەرکەن، بۆئەوەی سەرنجی کەس ڕانەکێشن، ئەگەر ئەمانەت نەکرد لەماڵ مەچنە دەرەوە، چونکە بێگومان ژیانتان لە مەترسیدا دەبێت”. بەم شێوەیە بانگخوازە ئیسلامیەکان دەیانەوێت لە ڕێگای ترس و تۆقاندنەوە کچان ناچار بکەن بۆئەوەی بەزۆر پۆشاکی ئیسلامی بپۆشن، بێگوێدانە ئەوەی کە پۆشاک شتێکی تایبەتی مرۆڤەکانەو هەموو مرۆڤێک خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و کەس ناتوانێ ئەو مافەی لێ زەوت بکات. بەڵام لەهەر وڵاتێک کە ئەحزابی ئیسلامی سیاسی تیا و بێت کەمێک هێزیان هەبێت، حیجاب رەنگ و رواڵەتێکی مەترسیداری بە خۆیەوە گرتووە و حزبە ئیسلامیەکان هەموو ڕێگایەکیان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی کە زۆرترین کچان و ژنان باڵا پۆش بکەن. دەسەڵات و حکومەتەکانیش هاوکاریان دەکەن.
ئیسلامیەکان جەستەی ژن دەکەنە ئامڕازێکی جنسی و هەڵخرێنەری هەستی سێکسی پیاو، بۆیە ناچارت دەکەن کە ئەو جەستەیە بە حیجاب داپۆشرێ. بەڕای من سەرەڕای ئەوەی کە حیجاب مانای کۆیلەیی ژن دەگەیەنێ و لەبنەرەتیشدا سمبولی ئیسلامی سیاسییە، بەڵام چەندە حجابکردن و پۆشاکی ئیسلامی سوکایەتیە بەژنان ئەوەندەش سوکایەتیە بە پیاوان، چونکە پیاوان وەکوو تاکێکی نەفس نزم نیشان دەدات کە مێشکیان لەناو گەڵی ژن دایە و هەردەم بیر لە دەستدرێژی و ئازاری ژنان دەکەنەوە. هەر بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ئینسانیکی ئازادیخواز بە توندی دژی ئەوکارەی حزبە ئیسلامیەکان بوەستێتەوە رەخنە بگرێت لەو دیاردە قێزەونە. ئەگەر سەیری ئەو وڵاتانە بکەین کە ئەحزابی ئیسلامی تیا نییە، ژنان و پیاوان لە کەنار دەریاکان پێکەوە خۆیان داوەتە بەرهەتاو و پێکەوە یاری دەکەن، پێکەوە لە مەلەوانگەکان مەلەدەکەن، هیچ کەسێکیش کێشەی نییە و پەلاماری هیچ کەسێکیش نادرێت، چونکە یاسایەک هەیە کەهەموان دەپاریزێت.
بە پێچەوانەی بانگخوازەکانەوە کە نەپۆشینی حیجاب دەبیتە هۆی کوشتن، بەڵام بەداخەوە هەر چوار ڕۆژ دوای کوشتنی نیرە لە میسر لە یەکێک لە زانکۆکانی ئوردن کچێک بەناوی “ئیمان ڕەشید” لە ناو زانکۆدا لەلایەن هاوڕێیەکیەوە دەدرێتە بەر فیشەک و دەکوژرێت. تەنها لەبەر ئەوەی کە نەیویستوە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات. ئەم کچە ئەو جلوبەرگەی پۆشیوە کە ئیسلامیەکان خوازیارین. هەروەها لە ڕۆژی ٩ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە میسر کچێک بەناوی “سلمی بەهجت الشودافی” کە بە “سلمی فتاة الشرقیة” ناسراوە قوتابی کۆلیژی ڕاگەیاندنە، لەبەردەم شوێنی کارەکەی لە لایەن خۆشەویستەکەیەوە بەناوی “ئیسلام محمد” کە ئەویش قوتابیە لەهەمان زانکۆ وهەمان کۆلیژە بەهەمان شێوەی نیرە ئەشرەف لەڕێگای چەقۆوە سلمی دەکوژێت و سەری دەبڕێت. تەنها لەبەر ئەوەی کە هاوسەرگیری لەگەڵ نەکردوە، بەمەرجێک ئەم کچەش ئەو پۆشاکە دەپۆشێت کە بانگخوازە ئیسلامیەکان هاواری بۆ دەکەن و دەڵێن لە کوشتن دەتپارێزێت.
کەواتە ئەمانە پێمان دەڵێت پۆشینی جلوبەرگ ڕێگر نییە لە تاوان، ئەوەی کە دەبێتە هۆی تاوان نزیک نەبوونەوەی کچان و کوڕانە لەیەکتر، نەبونی یاسایەکی یەکسانە بۆ هەمووان، سەیرکردنی کچانەوە وەک ئامرازی سێکس، نەبونی ئازادییە، تەداخولکردنی ئیسلامیەکانە لەژیانی شەخسی مرۆڤەکان، هاندانی ئیسلامیەکانە بۆ توندوتیژی دژی ژنان…هتد. بۆ کەم بوونەوەی تاوان و دەبێت ئازادی ڕەها هەبێت، دەبێت یاسایەکی یەکسان هەبێت بۆ هەموان، دەبێت دەستی دین لەژیانی شەخسی مرۆڤەکان وەلانرێت…هتد
دژ بەم وتانەی مامۆستایانی ئەزهەر ژنانی ئازادیخوازی مسیرو وڵاتانی عەربی هاتنە دەنگ و دژی وتارەکانی مامۆستایانی ئەزهەر وەستانەوە بەتایبەتی قسەکانی “مەبروک عەتیە”یان بەهێرشکردنە سەر تەواوی ژنان ئەژمارکرد. هەربۆیە لە لایەن چەند چالاکوانێکی بواری ژنان داوای یاسای لەسەر تۆمارکرا. هەروەها لەژێر گوشاری ئازادیخوازاندا مەبروک عەتیە کە لە پەیجی تایبەتی خۆی هەفتانە بەرنامەی ئیسلامی هەبوو ڕێنوێنی!! دەدا بەخەڵکی موسڵمانان وازی هێنا، لەکۆتا گرتە ڤیدۆیەکدا دەڵێت “بەهەڵە لەمەبەستەکەم تێگەشتون من لەمەودوا هیچ بەرنامەیەک پێشکەش ناکەم و من نەم وتوە کوشتنی نیرە نەبوونی حیجاب تەنها هۆکار بووە، بەڵکو یەکێکە لەهۆکارەکان..هتد” .
سەبارەت بە بکوژی نیرە ئەشرەف بەداخەوە دادگا بڕیاری دا بە لەسێدارەدانی بكوژ لە بەردەم زانكۆی مەنسورە، هەموو پەڕاوی لێكۆڵینەوەكەی ڕەوانەی موفتی میسر كرد، تاوەكوو فەتوای شەرعی لەبارەی لەسێدارەدانی بكوژەكە بدات. بڕیار وایە لەبەردەم زانکۆکە لە سێدارە بدرێت. بەڵام پارێزەرەکەی ئەم بڕیارەی تەمیزکردوە.
١٢/٨/٢٠٢٢