بۆچی خەڵکی کوردستان بەدەنگ بانگەوازەکەی نەوەی نوێوە نەچوون؟ عەبدوڵا مەحمود

0

بۆچی خەڵکی کوردستان بەدەنگ بانگەوازەکەی نەوەی نوێوە نەچوون؟

عەبدوڵا مەحمود

٦ ی ئەم مانگە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەوازی خۆپیشاندانێکی هێمنانەی کرد، بەجیا لە سەرکوتی حزبەکانی دەسەڵات و ڕێکارە سەرکوتگەر و ماهیەتی دژە ئازادییەکەیان لەدژی خۆپیشاندانەکە، کە جێگای ئیدانەو ریسواکردن و وەڵامدانەوەیە، بەڵام بەگشتی بەدەنگەوەچوونی جەماوەر بۆ بانگەوازەکەی نەوەی نوێ زۆر سنوردار بوو… بەواتایەکی تر نەک جەماوەر بەگشتی، بەڵکو جەماوەری نەوەی نوێش بەشداریان کەم و سنوردار بوو. بەگشتی جەماوەری ناڕازی کوردستان، ئامادەنەبوون بەشداری خۆپیشاندانێک بکەن کە نەوەی نوێ بانگەوازی بۆ بکات، هۆکارەکەشی لە ئاستی هەرە پایەییدا، لەلایەکەوە ئەوە بوو کە جەماوەری کوردستان متمانەیان بە بزوتنەوە بۆرژوازییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی نەماوە، بەتایبەتی کە ئەزمونی بزوتنەوەی گۆڕانیان هەیە و بینیان بزوتنەوەی گۆڕان دوای دەیان و سەدان بەڵین، خۆیان هاویشتە باوەشی دەسەڵات و ماندووبوون و قوربانی جەماوەری نارازی کوردستانیان کردە بەردە بازێک بۆ دەستگیر بوون لەدەسەڵات و دەوڵەمەند بوونی بەرپرس و ئەندام پەرلەمانەکانیان. لەلایەکی تریشەوە بانگەوازی بزوتنەوەی نەوەی نەوێ، پەیوەندی بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کوردستان و خواستەکانیانەوە نەبوو، بەڵکو بانگەوازێک بوو بۆ خواستی نەوەی نوێ کە سەرەکی ترینیان هەڵبژاردن بوون لە کاتی خۆیدا… ئەوە لە کاتێکدایە جەماوەری کوردستان ماهیەتی هەڵبژاردنەکانیان بۆ دەرکەتووەو بە بایکۆت کردنی فراوان و جەماوەری بەشکستیان کێشاوە.

جیا لەوانە جولانەوەی نەوەی نوێ بە کردەوە نیشانی داوە نەک لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری نییە بۆ خواستە ڕەواکانیان، بەڵکو بۆ خاوکردنەوەو خامۆشکردنی رۆڵی بەرجەستەی گێراوە و لە خزمەت بەدەسەڵاتی تاڵانچی پارتی و یەکێتیدا، درێغی نەکردووە. ئەگەر کرێکارانی ژینگە پارێز دەستیان برد بۆ مانگرتن بۆ خواستی موچە و زیادکردنی موچەکانیان، نەوەی نوێ بەداهاتی خۆی سەیارەو کرێکاریی هێنا، تا شکست بە مانگرتنی کرێکارانی ژینگە پارێز بهێنێت و فریای کۆمپانیاکان و شارەوانی و دەسەڵات بکەوێت… کاتێكیش خەڵک لە دژی بێ ئاوی توڕەیان دەربڕی و ناڕەزایەتیان نیشاندا، دوبارە نەوەی نوێ بۆ خامۆشکردنەوەی توڕەیی و نارەزایەتی جەماوەری، کەوتە تانکەر خستنە گەڕ و ئاو دابەش کردن… ئەو کاتەش خەڵک لە دژی نەبوونی سوتەمەنی و گران بوونی نارەزایەتیان دەربڕی، نەوەی نوێ کەوتە دابەشکردنی سوتەمەنی و  بەنزینخانەی کردەوە و بەنزینی بە نرخی هەرزانتر فرۆشت… واتە نەوەی نوێ لەزوربەی هەرەزۆری بەشە ناڕازیەکانی کۆمەڵگە، رۆڵی خاوکردنەوەی نارەزایەتییەکان و شکاندنی مانگرتن و خامۆشکردنەوەی تورەیی جەماوەری گێراوە و لە زۆر حاڵەتیشدا وەکو سواڵکەر تەماشای جەماوەری کردووە تا ئەوەی دابینکردنی پێداویستی سوتەمەنی و ئاو و …تاد، وەکو مافێکی سەرەتایی و رەوا بە خەڵکی نەداری کوردستان تەماشا بکات. بەم جۆرە رەوتێکی سیاسی دژی نارەزایەتی جەماوەری بێت و بۆ خواستەکانیان و هەوڵی ئیحتیواکردنی بدات و چۆن دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بێت خەڵکی بێبەش و توڕەی کوردستان بەشداری خۆپیشاندانی حزبی بکات و ئەویش بۆ داخوازی حزبی و ڕەوتەکەی خۆی.

جیا لەوانەش خەڵکی کوردستان کاتێک دەستی بردووە بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری ئیلهامی لە شۆرشی و راپەینی بەهاری عەرەبی و راپەرینی جەماوەری عێراقی وەرگرتووە، یان بۆ داخوازییەکانی خۆی هاتۆتە مەیدان و بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندانی بۆ خواستەکانی کردووە، لە کاتێکدا نەوەی نوێ بە ئیلهام وەرگرتن لە خۆپیشاندانی رەوتی سەدر، دەستی بۆ بانگەوازی خۆپیشاندان برد و خواستەکەشی خواستی جوڵانەوەکەی خۆیەتی… ئەوە لە کاتێکدایە رەوتی سەدر یەكیکە لەو هێزانەی رۆڵی سەرەکی بووە لەو دۆخە نەخوازراوەی خەڵکی عێراق گیرۆدەی بووەو خۆپیشاندانێکیش کە وەڕی خستووە دوور و نزیک نەک بەشێک نییە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری عێراق کە بۆ نان و هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان و بەدژی دەستێوردانی دەرەکی توانیویەتی مۆری خۆی بدات لە دۆخی عێراق و ببێتە خاڵێکی جێگائومید و درەوشاوەی کۆمەڵگە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەتوانێت ئیلهام لەسەدر وەربگرێت و کۆپی رەفتارەکانی سەدر بکات، بەڵام ناتوانێت خۆی بەبزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە هەڵبواسێت، کە کرێکاران و کارمەندان، مامۆستایان و فەرمانبەران، خوێندکاران و کاسبکاران، لاوان و ژنان …بۆی لە مەیداندان.

بۆرژاوازی کوردیش نیگەران و هەراسانە بەدەست ئەم بزوتنەوانەوە، نەک نەوەی نوێ. تەنانەت ئەو لەشکرە کە بەدوای بانگەوازی خۆپێشاندنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هێنایە مەیدان، لە بنەرەتدا بۆ ترساندنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریی بوو، پەیامێک بوو بۆ ترساندنی رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

بەدەنگەوە نەچوونی جەماوەر و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بەدەم بانگەوازەکەی نەوەی نوێ، بەجیا لە رەتکردنەوە و ئاشکرابوونی دەستی نەوەی نوێ، کە دەیەوێت بەکاریان بهێنێت بۆ ئامانجەکانی خۆی و خۆ هەڵواسین بە تورەیی جەماوەرییەوە، هاوکات نیشانەی چوونە سەری خۆهوشیاری جەماوەرییە.

ناوەراستی ئابی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.