پێویستە دەستبەجێ و بێ قەید و شەرت گیراوەکانی بادینان ئازاد بکرێن!
پێویستە دەستبەجێ و بێ قەید و شەرت گیراوەکانی بادینان ئازاد بکرێن!
هێشتا ژمارەیەک لە گیراوەکانی بادینان کە زوربەیان رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر و هەڵسوڕاو و رابەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و بەشدار لە خۆپیشاندانەکان بوون. لە زیندانن و ئازاد نەکراون، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو زیندانیانە بریاری ئازادکردنیان هەیە و بەپێی کەم کردنەوەی سزاکانیان دەبوو ئازاد بکرێن. جیا لەوانەش ژمارەیەکی تر لە زیندانیانی شیلادزی تا ئێستا دادگای نەکراون و بەبێ دادگایی و نزیک بەدوو ساڵە لە زینداندان، و وەکو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەشێکی تر لە زیندانیانی شیلادزی، بریاری ئازاد بوونیان هەیە، کەچی ئەوانیش تا ئێستا لە زینداندا گیر کراون و ئازاد ناکرێن.
ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەگەڵ خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ناڕازییەکانی دەکات، دەکرێت بوترێت لە دنیادا وێنەی زۆر کەم یان هەر نییە… ئاخر لە کوێی دنیا بووە رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوانی ناڕازی بۆ موچەو خزمەتگوازرییەکان، وە بەدژی داگیرکاری دەرەکیدا وەستابنەوە، بەم شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و بەساڵ زیندانی کراون بێ دادگایی؟ لەکوێی دنیا هەیە، سەرۆکی حکومەت پێش بریاری دادگا، مۆری تاوانباری و پسولەی رۆژنامەنووسی و نووسەری و چالاکوانانی دابەش کردبێت و ئەو بریار بدات کێ نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنییەو کێش سیخور و کرێگرتەی وڵاتانی دەرەوە و لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی!!یە. تۆمەتبارکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانی مەدەنی پێش دادگایی و بریاری دادگا، دەرخەری ئەوەیە سەرۆکی حکومەت پیێش وەختە بریاری خۆی دابوو بۆ زیندانکردنیان بەو جۆرەی دڵی دەیخوازێت… وە ئەو بریاریدا دادگا دەبێ چ بڕیاریک بدات کە جوت و تەبا بێت لەگەڵ تۆمەتی خاوەن شکۆدا.
لەوە سەیرتر ئەوەیە دادگا بڕیاری” ئازادکردنی بەمەرجی” زۆرێک لە گیراوەکانی بادینانی داوە، و بەپێی بڕیاری خۆیان کە کەمکردنەوەی سزاکان بوو، سزاکەیان تەواو کردووە، کەچی هێشتا گیراوەکان ئازاد نەکراون. ئەوە لەکاتێکدایە، رژێمە هەرە دڕندەکانی مێژوو کاتێک گەورەترین تۆمەتبار سزاکەی تەواو بووە ئازادیان کردووە، کەچی دەسەڵاتی خۆوڵاتی و رەسەنی کوردایەتی، ژمارەیەک خەڵکی نەک لەسەر تاوان، بەڵکو بەکردەوە لەسەر بێتاوانی سزا داون، کەچی دوای تەواو بوونی سزاکەشیان، ئازادیان ناکەن.
گیراوەکانی بادینان بەمەبەستی ئازاد کردنیان زیاتر لەچەند هەفتەیە دەستیان داوەتە مانگرتن و بەوهۆیەوە تەندروستیان لەمەترسیدایە، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بێباکانە، مامەڵە دەکات و گوێ بە تەندروستی گیراوەکان نادات.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان بەگشتی و نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاکوانانی پێشکەوتنخواو دادوەرانی ئازاد و ئازا و لایەنگرانی مافەکانی ئینسان بەتایبەتی، ئەرکیانە لەبەرامبەر بەو مامەڵە نائینسانییەی دەسەڵات جارێکی تر بێنە مەیدان و ئەو سەرکوتگەرییە ئاشکراو بێ پاساوە ریسوا بکەن و رای گشتی و فەرمی ناوخۆ و دەرەوەی لەدژی هەڵخڕینن. وە پێویستە داوای دەستبەجێ و بیقەید و شەرت ئازادکردنی گیراوەکان و هاوکات قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی بکرێن، لە پای ئەو تۆمەتە بێ بناغانەی بۆیان دروستکراوە.
دەسەڵاتی سیاسی کوردستان دەبێ باش ئەو راستیە بزانێت، خۆشخزمەتی و بە وڵاتانی کۆنەپەرست و سەرکوتگەری ناوچەکە، ناتوانێت گڵۆڵەی روو لە لێژی دەسەڵاتیان بپارێزێت.