سەلمان روشدی و چەقۆی تیرۆر
سەلمان روشدی و چەقۆی تیرۆر
بەرواری ١٢ ی ئەم مانگە سەلمان روشدی نووسەر و رۆمانووسی هیندی و نووسەری کتێبی ئایاتی شەیتانی، کە لەساڵی ١٩٨٩ وە بە فتوای گەورە جەلادی ئیسلام خومەینی خوێنی حەڵاڵ کرا و فتوای تیرۆری درا، بەچەند دەققەیەک پیش وتەیەک بۆ ناساندنی کتێبێکی تازەی لە شاری شاتاکوا لە رۆژئاوای نیویورک، لەلایەن یەکێک لە چەقوکێشە تیرۆریستەکانەوە هیرشی کرایە سەر و بەسەختی بریندار کرا، و پاشان گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەم کردەوە تیرۆریستی و ئینساکوژییە، ئەو نەریتە کە لەبەرچاوی جەماوەر و بەرۆژی روناک، هەڵدەکوتێتە سەر ئینسان و تاوان دەخوڵقێنی، دەمێکە بۆتە ناسنامەی تیرۆریزمی ئیسلامی و رەوتە راسیستەکان. کە هەردووکیان چ ئیسلامی سیاسی و چ راسیزمی هەوسار پچراو، بەرهەم و زادەی نیزامی دڕندەی سەرمایەدارین و دەمێکە دنیا بەدەستیانەوە دەناڵێنێ و کۆمەڵگە بە کردەوە تیرۆریستیەکانیان توشی ترس و ڕاچەنین، دەکەن. ئەم دوو رەوتە جڵەو بەرەڵابووەی دەست پەروەدەکراوەی ئەمریکا و غەرب و نیزامی سەرمایەداری، هیچ گۆشەیەکی ئەم جیهانە نەماوە دەست درێژی نەکەنە سەری و هیچ گۆشەیەکی ژیانی کۆمەڵایەتی نەماوە، رقی خۆیانی تیا هەڵنەڕێژن. لەهەر جێگایەک هێزیان هەبێت، ئەو جێگایە مۆری کردەوەی تیرۆریستی ئەوانی پێوەیە. بەدوای هێنانەوە سەرکاری تاڵیبان، لە ئەفغانستان، ئیسلامی سیاسی لە تەواوی دنیا دڵخۆش بوون و هەناسەیەکیان بەبەردا هاتۆتەوە و بەدوای هیرشی روسیاش بۆسەر ئۆکرانیا، راسیزم لە ئاستیکی فراونتر لەپێشوو خۆی نمایش دەکات و هەڵاواردن و جیاکاری و ئینسانی “چاو شین” “نەوەی ئەوروپایی” لەچاو ئینسانی تردا، باڵاتر و شارستانی پێناسە دەکات و ئینسانی دەرەوەی ئەو بازنەیە کەم و ناشارستانی و بێ بەها، تەماشا دەکات، و لەلایەن خودی دەوڵەتی ئەمریکا و غەربەوە باوەشین دەکرێت.
هێرش بۆسەر سەلمان روشدی، مۆری یەکێک لەو دوو رەوتە ئینسان کوژەی پێوەیە، بەتایبەتیش ئیسلامی سیاسی. چونکە ئیسلامی سیاسی بەرگەی رەخنە لە ئیسلام و بنچینەکان و رەمزەکانی ناگرێت، بەرگەی رەخنەو ئازادی بەیان و چاپەمەنی ناگرێت، توانایی قبوڵکردنی سەرەتاییترین ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکانی نییەو هەر شتیک حوكم و توانایی قادری قادران خودا بخاتە ژێر پرسیارەوە، دەیخەنە بەر زەبری کردەوە تیرۆریستیەکانیان. سەلمان روشدی نووسەی کتێبی ئایاتی شەیتانی، کە فتوای کوشتنی لەلایەن خومەینییەوە دراوەو ئەو فتوایە ماوەو سەرچاوەی دنەدانی ئیسلام و رەوتەکان و پیاوەکانیەتی، دەشی لەپشتی ئەو کردەوە تیرۆریستیە بن.
لەهەموو حاڵەتێکدا ئەم کردەوە تیرۆریستییە چ ئیسلامی سیاسی یان راسیستەکان کە دوو دیوی یەک دراو و تەواوکەری یەکترین، ئەنجامیان دابێت، هیچ لەو راستییە کەم ناکاتەوە کە ئەمە کردەوەیەکی تیرۆریستییەو هاوکات ئەو ڕیگا پوچە ناتوانێت ئازادی و ئازادیخوازی ئینسان و رەخنەی لە دزێویەکانی کۆمەڵگە رابگرێت یان کەمی بکاتەوە. دوای ئەم کردەوە تیرۆریستییە هەم سەلمان روشدی ناسراوتر لە پێشوو دەبێت و هەم کتێبی ئایاتی شەیتانی، کە رەخنەیە لە محەمەدی ئیسلام و کارنامەی ئیسلام، لای دنیای ئازادیخواز و وێڵ بەدوای حەقیقەتدا، پەسەندتر و فرۆشی بەرینتر و بەربلاوتر دەبێت.