داگیرکاری تورکیا دەبێ کۆتایی پێ بهێنرێت… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

داگیرکاری تورکیا دەبێ کۆتایی پێ بهێنرێت

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

دەستێوەردانی سیاسی و سەربازی، لەشکرکێشی، دامەزراندنی بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری و سیخوری، بۆمباباران و تۆپباران، ڕفاندن، تیرۆری نەیارانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی، بەکارهێنانی درۆنەکان لە قوڵایی کوردستاندا بۆ کردەوەی تیرۆریستی… لە دیارترین ملهورییەکانی تورکیان لە هەرێمی کوردستاندا.

رادەی ئەو دەستێوردان و ملهوریانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا لە سێ دەهەی رابردودا تا هاتووە زیادی کردووە و بەرینتر و هەمەلایەنەتر بۆتەوە. ئەگەر سەرەتا تورکیا ناو بەناو بە پاساوی بوونی چەکدرانی پەکەکەو پاراستنی ئاسایشی سنورەکان ئۆپەراسیۆەکانی بەشیوەی کاتی دەکرد، ئەگەر چەند کیلۆمەترێک سنورەکانی دەبەزاند، ئەوا ئێستا بە شێوەی بەردەوام دەستێوەردان دەکات، ئۆپەراسیۆنەکانی نەبراوە و بۆنەتە کاری ڕۆژانە.. ئێستا نەک لەسەر سنورەکان، بەڵکو لە قوڵایی کوردستاندا ئۆپەراسیۆن دەکات و کردەوەی تیرۆریستی دەست بۆ دەبات. لەوانەش زیاتر دەیان بنکەی سەربازی جێگیری لە چەندین جێگا دامەزراندووەو بەرەو زیاتریشی دەبات. ئەم کردەوە و دەستێوەردانە سیاسی و سەربازی و هەواڵگریانەی دەوڵەتی تورکیا، بەجیا لەوەی پانتایەکی بەرینی لە سنورەکان بەرەو نائارامی بردووە و ناوچەکەی میلیتاریزە کردەوە، هاوکات بۆتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتی بێتاوان، سوتاندنی دەیان گوند و ناچارکردنی هاوڵاتیانی سەدان گوند کە شوێنی کارو ژیانیان بەجێ بهێڵن.

دیارە لەشکرکێشی و هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ ناو عێراق و بەدیاریکراوی بۆ ناو هەرێمی کوردستان، لەسەردەمی رژێمی بەعسیشدا هەبووە، ئەو کاتە چ عێراق و چ تورکیا بەپێی ڕیکەوتنامەیەک کە لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا  لە ژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی سنورەکان ئیمزایان کردبوو، ڕێگەی دەدا بە هەردوو وڵات بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر سنور ببڕن، بەڵام ئەوەی بەدوای روخاندنی رژێمی بەعسی گۆڕ بەگۆرەوە روودەدات، پەیوەندی بە ڕیکەوتنی پێشوی نیوان بەعس و تورکیاوە نییە، بەڵکو لە بنەرەتدا بەرهەمی بۆشایی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان لەلایەک و روخانی رژێمی بەعس و لاوازی دەسەڵات و حکومەتە فشۆڵەکانی دوای کەوتنی بەعس و هاوکات رێکەوتنێکی ترە لە دوای کەوتنی رژێمی بەعسەوە کە ڕیگە دەدات تورکیا تا ٢٥ کیلۆمەتر بێتە خاکی عێراقەوە. دیارە هاوکاری و خۆشخزمەتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش بە تورکیا… ئەو کارەی تورکیای ئاسان تر کردووە. ئێستا ئیتر تورکیا نەک بەپێی ڕێکەوتننامەکان و نە تەنها بە پاساوی بوونی چەکدارانی پەکەکە، بەڵکو بێ گوێدانە هیچ پرانسیبێکی نێو دەوڵەتی و بەبێ هیچ رێکەوتنێک وەکو دەوڵەتێکی ملهور بەکەڵک وەرگرتن لە بۆشایی ئەمنی و سیاسی و لاوازی دەسەڵاتی هەرێم و بە هۆکاری قوتبی نەبوونەوەی دەسەڵاتی مەرکەزی و لاوازی دەسەڵاتی بەغداوە، وەکو خاوەن ماڵ و هەر کاتێک بیەوێت و بخوازێت، دەستێوەردانی سیاسی و سەربازی هەواڵگری و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات و ئامانجەکانی تەنها بە لێدان و گورز وەشاندن لە هێزەکانی پەکەکە سنوردار نابێتەوە، بەڵکو وەکو دەوڵەت و قوتبێکی ناوچەکە لە چوارچێوەی پەرەدان بە قەڵەمرەوی پیگەی سیاسی و سەبازیی لە ناوچەکەدا مامەڵە دەکات و دەیەوێت باڵادەستی سیاسی خۆی بەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی عێراقدا، لە بەرامبەر بە ئیراندا بباتە سەرەوە. پاشەکشەی هێزە سەربازی و مەیدانیەکانی ئەمریکا لە عێراق، بوونی جەنگ لە ئۆکرانیا و گرنگی پێگەی دەوڵەتی تورکیا بۆ بلۆکەکانی دنیا، ئەزمەی ناوخۆیی قوڵ و سیاسی و ئابوری تورکیا… ئەو هۆکارانەن کە بواری داوە تورکیا زیاتر لە جاران و بە لەخۆ ڕادیویەکی زیاتر و بە دەست ئاوەڵایەکی زۆرترەوە هەم لە عێراق و هەم لەناوچەکەدا دەستێوەردان و ملهوریەکانی زیاتر بکات و گوێ لە دەنگی نارەزایەتی فەرمی ناوەندە نێو دەوڵەتیەکان” کە پێویستیان پێی هەیە” و دەنگی نارەزیەتی شەقامیش نەگرێت.

لەگەڵ پەرەسەندن و فراوانبوونەوەی رۆژ بەرۆژی دەستێوەردان و ملهورییەکانی تورکیادا. ئاستی تورەیی و نارەزایەتی جەماوەرییش بەرەو سەر چووە. تۆپبارانی ناوچەی پەرەخی زاخۆ کە بەم دوایانە روویدا و ژمارەیەک گەشتیاری کردە قوربانی، کاردانەوەیەکی خێرای نارەزایەتی جەماوەری بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێک کە لەزۆرێک لە شارەکانی خوارو و ناوەراستی عێراقدا، ئاڵای توکیا لەسەر سەفارەتخانەکان هێنرایەو خوارەوە و سەفارەتخانەکان بوونە گۆرەپانی نارەزایەتی بەرووی تورکیادا و تەنانەت دەوڵەتی تورکیاش ناچار بوو وەکو جەلاد بۆ قوربانیەکان فرمێسکی ساختە هەڵبوەرێنیت و دەست بۆ داگرتنی ئاڵای سەر سەفارەتخانەکانی لە ژێر ناوی هاوخەمی بۆ قوربانیەکان… ببات. دیارە تورکیا ئامانجی ئەوە بوو بەو ریاکارییە لەلایەکەوە خۆی لە غەزەبی شەقام بپارێزێت لەلایەکی ترەوە ئەو تاوانە لەسەر شانی خۆی لاببات و بیخاتە سەر پەکەکە.

کاردانەوەی شەقامی عێراقی، دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی عێراقی و هێزە سیاسیەکانی ناچار کرد، کە بۆخۆ جوتکردن لەگەڵ دەنگی شەقام، کاردانەوە لەخۆیان نیشان بدەن و بەوێنەی بەرگری لە خاک و سەرەوەری عێراق! خۆیان دەربخەن و چەند خواستێک بەرووی تورکیادا بەرز بکەنەوە، لەوانە چاوخشاندنەوە بە پەیوەندی و رێکەوتنامە ئەمنیەکان، داواکردن لە تورکیا کە داوای لێبوردن بکات، تا دەگات بە سکاڵا تۆمارکردن لە ئەنجومەنی ئاسایش و دوای چوونە دەرەوەی هیزەکانی تورکیا لە عێراق.

ئەم کاردانەوە جەماوەرییەی شەقامی عێراق و ناچارکردنی دەوڵەتی عێراق و دواتریش ناچاربوونی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و لایەنە سیاسیەکانی بەوەی دەنگی نوساویان بەرەو توکیادا کەمێک بەرزتر بێت… لە بنەرەتدا بۆخاوکردنەوەی تورەیی جەماوەری و شەقام و بۆ خۆجوتکردن بوو لەگەڵ نارەزایەتی جەماوەریدا، کە نەک هەر بەرووی داگیرکاری تورکیادا، بەڵکو بەرووی بۆرژوازی عێراقیدا بە کورد و عەرەبیەوە بۆتە کابوسێک و تەنگە نەفەسی کردوون.

دەستێوەردان و ملهوریەکانی تورکیا لە عێراقدا بەدیاریکراوی لە کوردستاندا، داگیرکارییەکی ئاشکرای یەکێک لە دەوڵەتەکانی ئەندامی ناتۆ و بلۆکێکی ناوچەییە، بۆ ئامانجی زۆر واوەتر لەلێدان لە پەکەکە. تورکیا دەیەوێت لەبەرامبەر بە ئێراندا لە ناوچەکەدا یاریچیەکی سەرەکی بێت و لە دۆخی سیاسی عێراقدا، بەشدار و خاوەن بریار و لە بەرامبەر بە هەرێمدا لایەنی یەکلاکەرەوە بێت و لەناوەندەکانی بریاری سیاسی دنیادا، رۆڵی لەناوچەکەدا بۆ بەفەرمی بناسرێت.

کاردانەوەی شەقامی عیراقی و نارەزایەتی جەماوەری بەرووی ملهوری ئەم دواییدا، گورزێکی سەختی وەشاندە تەماحەکانی تورکیا و دەسەڵات و بۆرژوای عیراقیشی لە خەوی قوڵی بێدەربەستیدا بێدارکردەوە و ناچار بە هەلوێست وەرگرتنی کرد. ئەوە نیشانیدا هیزی سەرەکی بۆ دەستکۆتاکردنی داگیرکاری و ملهوری وڵاتانی تری ناوچەکە، نارەزایەتی جەماوەری و شەقامە. ئەگەر جاران خەڵک نەفرەتی لە دەستێوەردان و ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکان لە عیراق و کوردستان و خۆشخزمەتی حزبەکان و دەسەڵات بۆیان هەبوو، ئێستا خواستی پاشەکشەی هێز و بنکە و بارەگا سەربازی و هەواڵگری و جاسوسیەکانی هەیە. ئەم خواستە خواستێکی جەماوەرییە و لە بنەرەتدا چەندە نەفرەتە لە داگیرکاری و ملهوری نواندنی وڵاتانی ناوچەکە لە هەریمدا ئاواش نەفرەت و نارەزایەتیە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی لە عێراق و کوردستاندا… خواستی نان و ئاو خزمەتگوازرییەکان و هەلی کار و موچە، چەندە بۆ جەماوەری عیراق و کوردستان گرنگی هەیە، ئاواش کۆتایی هێنان بە داگیرکاری وڵاتانی ناوچەکە بۆتە خواستێکی حاشاهەڵنەگر. هەر حزب و لایەنێکی سیاسی ئەگەر بیەوێت لەپاڵ ویست و داخوازییە رەواکانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدا بێت، پێویستە خواستی کۆتایی ‌هێنان بە دەستێوەردانی دەرەکی و داگیرکاری و ملهوری وڵاتانی ناوچەکەدا بەدەستەوە بگرێت و ببێتە ئاڵا هەڵگری ئەو خواستە جەماوەرییە.

کۆتایی تەموزی ٢٠٢٢  

Leave A Reply

Your email address will not be published.