مانەوەی قەیرانەکان زاڵبوونی بنەماڵەکانە!! عبدالرحمن رسول
مانەوەی قەیرانەکان زاڵبوونی بنەماڵەکانە!!
عبدالرحمن رسول
هەتا بنەماڵە دزو گەندەڵکان لەدەسەڵاتدابن ئەم قەیران و کێشانەش بەردەوام دەبن. بۆیە ئەگەر بمانەوێت نەبینە قوربانی زیاتر ڕێگاچارە لە ڕاماڵینی دەسەڵاتی بنەماڵەکانەدایە و دادگایی کردنیانە لەلایەن دادگایی خەڵکەوە. نەک سەرکەوتنی بنەماڵەیەکی فاشیزم بەپشتیوانی دەوڵەتانی کۆنەپەرست بەسەر بنەماڵە دزو فاشیزمەکانی تری دەسەڵات. .
ئەمەی ئێستا لەعێراق ڕوودەدات دەرکەوتەی کێشەی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەوڵەتانی زلهێزە، ئەمە ململانێیانە زیاتر لەدوایی ڕوودانی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری ئەو جەنگە گواسترایەوە بۆ ململانێی دەوڵەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەئێستاشدا لەناو شێوازی دەوڵەتداری عێراقدا، بەڵام شێوازی ململانێی بنەماڵەکان نیشان دەدرێت. ڕاستەوخۆ لەو ململانێیانەدا دەوڵەتانی تورکیا و فاشیزمی ئیسلامی ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە ژێرەوە بۆ گەشەدانی ئەم ململانێیانە کە شێوازی جەماوەری بەخۆوە بینیووە.
کاتێک خەڵکی ناڕازی لەدژی هەبوونی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دروشمیان دەدا لەشەقامەکان داوای دەرکردنی سوپا دەوڵەتان و دوورکەوتنەوەی دەوڵەتان لەتەدەخولکردنی ئیدارەدانی عێراقییان دەکرد. خەڵکی ناڕازی بە دژی میلیشیاکانی سەربە ڕژیمی ئێران دروشمیان بەرز دەکردەوە. بەپەلە ئیسمائیل قائانی، فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیم، بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە سەردانی شاری بەغدای کرد، بەڵام سەردانی ناوبراو هیچ گرینگییەکی نەبووە و خۆپیشاندەرانی زۆرتر تووڕە کردووە.
فشاری ئێران بۆسەر خەڵکی ناڕازی زیاتر بۆ داتەکاندنی ڕوحێتی بزووتنەوەی جەماوەری چینایەتییە لەناوچەکەدا لەبەرئەوەی بزووتنەوەی چینایەتی لەشارەکانی ئێران لەگەشەکردندا بەرەو ڕێکخراوبوونی جەماوەری مل دەنێ لە عێراقیش خەڵکی ناڕازی لەزۆریک لەشارەکانی عێراق هێزی خۆیان لەناڕەزایەتییەکان نیشاندا، ساڵانی ڕابردوو دواتریش کاریگەرە ئیجابییەکانی دەرکەوت کە خەڵک لەکاتی هەڵبژاردندا لەسەدا ٪٨٠ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەکرد ئەمەش بەمانایی ڕەتکردنەوەی سیستەمی دینی وقەومی و پەڕلەمانی یە کە خەڵک داوای ڕێگاچارەی ئینسانی دەکات کە ژیانیان باشتر بکات.
ئەم جارەی ناڕەزایەتی هێزی مەزهەبی سەدر بۆ داتەکاندنی بنەما و خواستە چینایەتی و شارستانییەکانە، وانیشان دەدات وەک ڕابەرو کارێزمایەک کە ئەو دەتوانێت پێشەوایەتی کۆی گشتی خەڵک بکات، بەڵام خۆشی ئەمە باش دەزانێت کە وانییە، چونکە زۆرینەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی نەکرد.
ئەتوانم بڵێم هەروەک نەوشیروان مستەفا و دواتریش شاسوار عبدالواحید سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بوون لەپێناو بەرژەوەندی یە سیاسییەکانی خۆیان. موقتەدا سەریش لەئێستادا هەر ئەوە دەکات بە جوڵاندنی هەستی سۆزی دینی و قەومی و نیشتیمانییەکانی. ئەگەر بە وردی سەیری ململانێکان بکەین زۆر جیاوازە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵانی ڕابردوو. ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە زیاتر لەژێر هەیمەنەی ڕابەرایەتی سەدر بەڕێوەدەچێت بۆئەوەی داواکاری و خواستەکانی خۆی زاڵ بکات کە بریتییە لە
١- دوورخستنەوەی محمد شياع سودانی لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆک وەزیران.
٢- هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئیستاو دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەهەمان سیستەمی پێشوو. کەوایە سەدر هیچ کێشەیەکی لە جۆری یاساکان و سیستەم دا نییە کە چۆن ڕێگا خۆش دەکات بە گەشەدانی چەوسانەوە و نایەکسانی و سەرکوتی زیاتر، بەڵکو زیاتر ئەوە ئامانجێتی کە بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی سەدر بپارێزێت، نەک شەڕی ماف و باشبوونی ژیانی گشتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بکات. ئەگەر بۆی بچێتە سەر هەر وەک خومەینی گۆڕ بەگۆڕ بەزۆر خۆی دەکات بە دیکتاتۆری عێراق وفتوا و نەفیرعام لەدژی هەر ڕەوتێکی ئازادیخواز ویەکسانیخواز دەدات.
سەدر زیاتر کار لەسەر هەست و سۆزی دینی دەکات کە هەروەک چۆن بنەماڵە بارزانی وتاڵەبانی کار لەسەر هەست وسۆزی نەتەوەیی دەکەن، سەدریش کار لەسەر هەست و سۆزی دینی دەکات .
٣- هەڵوەشاندوەی دادگای فیدڕاڵی. ئەمەش زیاتر لەژێر فشاری ناڕاستەووخۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە بەڵام لەلایەن سەدرەوە دەردەبڕدرێت. لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق چەندین دۆسەیەی لەدژی بەرپرسانی حکومەتی کوردستان و بەتایبەتی، بەرپرسەکانی پارتی کە تایبەت بە نەوت و گاز کاری لەسەرکردووە لەدادگاکانی ناوخۆ و دەرەوە لە وڵاتی فەرەنساش ئەو دۆسیەی جوڵاندووە دەیەوێت بیکاتە دۆسەیەکی تایبەت کە لەڕوویی نێودەوڵەتی یەوە زیاتر کاری لەسەر بکات، بە ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقیش بەرپرسانی پارتی و حکومەتی کوردستان زیاتر ڕیسواو شەرمەزاری نێودەوڵەتی دەبن.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانی ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی نەوتی لەگەڵ دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا بەبێ پرسکردن بە حکومەتی عێراق کردووە لەکاتێکیش حکومەتی تورکیا بەسوپا و تەیارە و بۆمب هێرش دەکاتە سەر خاکی عێراق هاوڵاتیانی کورد وعەرەبی عێراقی دەکوژێت، بە درێژایی چەندین ساڵە چەندەها بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراق داناوە لەئێستا ئەمە بۆتە جێگەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی عێراق هەربۆیە پارتی دەیەوێت سەرنجی گشتی کۆمەڵگە لەسەر ئەمە لابدات.
زۆر بەئاشکرا پارتی چۆتە پاڵ حەلبوسی بۆ لایەنگری باڵی سەدر. هەروەها یەكێتی نیشتیمانیش بەئاشکرا لایەنگری باڵی مالیكی دەكات. ئەوەش ڕوونە کە باڵی پارتی- حەلبوسی- سەدر لە توركیا و ئیماراتەوە و باڵی یەكێتی- مالكی – عامری لە ئێرانەوە نزیكن. کەوایە زۆر ئاشکرایە بۆ خەڵک کە ھەردوو باڵەكەش بە بنبەست گەیشتوون ناتوانن چارەسەری قەیرانەکانی عێراق و کوردستان بکەن.
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لەبارودۆخی ئێستادا زۆر بێ ئومێدە لەوەی کە بتوانێت کازمی لە دەسەڵات بهێڵێتەوە و، فشارەکانی ئیسرائیل – تورکیا- ئیمارات لەسەری دوو هێندە بووە، بۆیە هێزە چەکدارەکانی دەنێرێتە سەر شەقام بۆ نمایشی سەربازی زەنگ لێ بدات بۆ کودەتایەکی سەربازی بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی سەربە ئێران.
فاشیزمی ئیسلامی ئێرانیش لەڕێگای بنەماڵەکانی سەربەخۆی بەرگری لەدەسەڵاتی مانەوەی بکات لەعێراق دواتر ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی ناوخۆی بنەماڵەکانی دەسەڵات ڕووبدات کە ئەوە ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل-تورکیا- ئیماراتە ئەمەش ڕاستەوخۆ بۆ لێدان لە هەژمونی دەسەڵاتی ئێران لەعێراقە.
ئیسرائیل و تورکیا و ئیمارات، هەریەکەو ئامانجێکیان هەیە، بەڵام لە کۆتایدا دەیانەوێت ئێران لە عێراق لاواز بکەن.
باسەرنج بەرینە سەر سەردەمی شەڕی بنەماڵەکانی تاڵەبانی وبارزانی لە سەرەتای ١٩٩٤، بارزانی و تاڵەبانی بە فەرمانی ئێران و تورکیا شەڕێکی خوێناوییان تووشی خەڵکی کوردستان کرد، بەهەزارەها کوڕە کرێکارو کوڕە جوتیارو خەڵکی زەحەمەتکێش بوونە قوربانی، زۆرێک لەقوربانییەکان تائێستاش بێ سەروشوێنن چارەنووسیان نادیارە. کە تا ئێستا کاریگەرە پڕ لە نێگەتیڤەکانی لەسەر خەڵکی کوردستان ماوەتەوە.
ئەمەی لەشاری بەغداد ڕوو دەدات شەڕی نێوان باڵە جیاكانی نێو ماڵی شیعە بەتەنها نییە، بەڵکو نا ڕاستەوخۆ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش بەجۆرێک لەناو یارییەکەدا بەشدارن. لەدوایین وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمدا داوا لەلایەنە ناکۆکەکانی عێراق دەکات کە بچنە شاری هەولێر لەوێ گفتوگۆی چارەسەری کێشەکان بکەن، هەروەکو ئەوە وابێت کوردستان شامی شەریف بێت!! خەڵکی کوردستان ئاسوودە و ئازادبێت!!
بێگۆمان ئەمەش بۆئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بەسەرکەوتوو نیشان بدەن، لەکاتێکدا خۆیان نقومی گەندەڵی و فەسادی و دزین. خەڵکی کوردستانیان لەناو چەندین کێشە و قەیرانی ئاگراوی بێ خزمەتگوزاری و بێکاری و برسێتی و هەژاری وچەوسانەوەدا ڕاگرتووە.
ئەوەی لەعێراق و کوردستان هەیە هەمان کێشەو قەیرانی چینایەتییە کەڕۆژانە گیانی زەحمەتکێش و هەژارەکان بەیاساکانی بنەماڵەی فاشیزمەکان هەڵدەللوشێت و چەوسانەوەو بێمافییەکان درێژەی پێدەدرێت بەهۆی ململانێی فاشیزمی بنەماڵەکان.
بەکورتی و کوردی ئەوانە شەڕی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لەپارە و دەسەڵاتی زیاتر دەکەن، شەڕی بەرگری لەمانەوەی جۆری دەسەڵاتی فاشیزمی بنەماڵەیی خۆیان دەکەن بە هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و فاشیزمی ناوچەکە.
بۆیە سەرۆکی بنەماڵەکان بەلایانەوە هیچ گرینگ نییە کە چۆن و بە چ شێواز و جۆرێک خەڵکی کرێکارو هەژارو زەحمەتکێش بکرێتە قوربانی و خوێنی جەستە و هێزی بازوویی بەفیڕۆ بچێت.
هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر و نوێ تریش لەسەرکەوتنی هێزی بنەماڵەیەکدا نییە کە هەریەکە لەبنەماڵەکانی دەسەڵات چ لە عێراق و چ لەکوردستان لەکارگەی فاشیزمی خێڵگەراوە لەدایک بوون، بەڵام لەبەرگی نەتەوەی و دینی خۆیان نمایشی سیاسی درۆزانە و فێڵبازانە دەکەن.
ڕزگاری کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان بەئیدارەدانی خەڵک مەیسەر دەبێت:
کەوایە: هەر شەڕ و ماڵوێرانێک ڕووبدات ئەوا بنەماڵەکانی دەسەڵات هەمووییان بەبێ جیاوازی تاوانباران، پێویستە هانی گەنجان و لاوانی ناڕازی بدەین کە بەهیچ جۆرێک بەشداری شەڕی نێوان بنەماڵەکانی دەسەڵات نەکات، لەدژی بێمافی و چەوسانەوە و شەڕەکانی بنەماڵەکانی دەسەڵات بێتە مەیدانی تێکۆشان لەناو بزووتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا خۆی ڕێکخراو بکات. ئەوەی ڕوودەدات لەبێ مافی و چەوسانەوە هۆکاری نەبوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چینایەتییە لەکۆمەڵگەدا. هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نوێترو باشتر لەیەکگبوونی تێکۆشانی چەوساوەکاندایە لەناو بزووتەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری چینایەتیدایە بۆنەمانی دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخوازی بنەماڵەکان لەعێراق و کوردستان. ئەرکی هەر مرۆڤێکی بەویژدان و ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخوازە کە دڵی بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نوێترو باشتر لێدەدات هەنگاوی کرداری بنێت بۆ گەشەدان و ڕێکخرابوونی بزووتنەوەی جەماوەری چینایەتی لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی عێراق و کوردستان بە ئامانجی لەگۆڕنان و ڕاماڵینی تەواوی سیستەم و دەسەڵاتی بنەماڵەکانی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ لەعێراق و کوردستان. دواتر خەڵک لەجیاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆیان لەگەڕەکانەوە شوراکانیان هەڵبژێرن و کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن…