کۆتایی ئەفسانەی ڕۆژئاوا!….. نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کۆتایی ئەفسانەی ڕۆژئاوا!

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

چارەنووسی ڕۆژئاوا، نادیار و لێڵە. دوو ڕوداو ئەم کیانەی سەرەنجام ڕوبەڕوی چارەنووسی خۆی کردەوە و ئەو کەلێنە قوڵەکانی ئەم قەوارە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و سەربازیەی سەرمایەداری هاوچەرخی دەرخست، کۆڕۆنا و جەنگی ئەوروپا لە نێوان ڕوسیا و ناتۆ لە ئۆکرانیا.

تا پێش ئەم دوو ڕووداوە و بە تایبەت تا پێش جەنگی ئەوروپا، ئەم جیهانە، لە خەوی دوای جەنگی ساردی خۆیدابوو. ئەم کەمپەی براوەی جەنگی سارد بڕیار بوو قسەی کۆتایی لەبارەی هەموو شتێکەوە، لە سیاسەتەوە تا فەرهەنگ تا ئابوری و تا دیاریکردنی سنوری ماف و ئازادی تاجۆری دەوڵەت، تامافی حاکمیەت، تا نرخ و بازاڕ، ئەو بیکا. بڕیار بوو هەر جێگایەکی دنیا بڕۆن و هەر وڵات و هەرجێگایەک ئەگەر ویستیان تێکەڵی خاک و خوێن بکەن و زۆر سادە بڵێن ئەو بەهایەک بوو دەبوو بیدەن لە پێناو قبوڵکردن و بەڕێوەچوونی بەهاکانی دنیای دیموکرات و ئازاد.

تا ئەوکات و تا پێش ئەم ڕوداوانەی دوایی، سەرباری ئەوەی کە دڵڕەقترین و هەمەجیتیرین دیکتاتۆر و ئسیتیبدادە خوێناوییە بۆرژواییەکان، چەنگ بەخوێنترین گەلەی هێزە دینی و ئیسلامیەکان ڕاستەوخۆ دروستکراوی ئەو کەمپە بوون و بە کۆمەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەو کەمپە کرانە مڵوزمی سەرسینگی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەش لە ئاسیاو ئەفریقا، بەڵام وەک بڵێی کەس مافی ئەوەی نەبوو گومان لە ڕەسەنایەتی و باڵاتربوونی دیموکراسی ڕۆژئاوا بکات.

سەرباری ئەوەی کە خودی ئەم دیموکراسیەی ڕۆژئاوا لە خودی مەدەنیەتی ڕژئاوا دا لانکەی پێگرتن و هاتنەسەرکاری دڵڕەقترین و ڕاستڕەوترین و خۆێناویترین کارەکتەر و ئێلیتی سیاسی بووە لە تاتشەرەوە بۆ ڕیگان و لە بۆش و بلێرەوە تا ترامپ و بایدن و جۆنسون، کەسانێک کە لە پشتی وێرانکاری و کوشتاری گەورەبوون لەگۆشەو کەنارەکانی دەرەوەی دنیای ڕۆژئاوا، بەڵام گوایە دەبوایە هێشتا مرۆڤایەتی سوپاسگوزاری خێروبەرەکەتی دنیای دیموکراسی ڕۆژئاوازێ لەو مەودایەی کە بە ئازادی مرۆڤی بەخشیوە. تاپێش ئەم ڕوداوانەی دوایی ئەم بۆرژوازیە سەرمەستەی نەشئەی سەرکەوتنەکانی خۆی لە دوای جەنگی سارد، بە مافی خۆی دەزانی کەمەری مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش لە برسێتیدا بشکێنێ، شیر و نان و خوردو خۆراکی ئاسایی بکاتە بابەتی سەودای سیاسی و ئامڕازی پیادەکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی، بەڵام هێشتا دەیتوانی سەری بەرز ڕابگرێ و هێشتاش باسی ئاشتی و ئارامی جیهانی بکات.

ڕۆژئاوایەک کە یوغسلافیای وێران کرد و چووەپشتی یەکێک لە خوێناویترین جەنگە قەومی و ئەتنیکیەکان لەخودی کەمپی خۆیدا و لیبیا وعێراقی لە بنەوە هەڵتەکاند و دڕندانەترین وهارترین کۆنەپەرەستی دینی و قەومی هێنایە سەرکار و ئامادە نەبوو ڕوسیا وەکوبەشێک لە کەمپی خۆیدا قبوڵ بکا، ئەمجارە لەڕێگەی هێنانە سەرکاری ئێلیتێکی ڕاستی غەربگەرا لە ڕێگەی شۆڕشە پرتەقالیەکان و پڕچەککردنی گەلەی ڕاستی فاشیستی ئەوروپا و ڕاکێشانی سنورەکانی ناتۆ یاریەکی مەترسیداری بەڕێخست. یاریەک کە بەرلەهەر شتێک عەیب و عار و پوچی وەهمەکانی ئەم کەمپە و بێ ئایندەیی ئەوکەمپەی ئاشکرا کرد. یاریەکی ترسناک و حیساب بۆ نەکراو کە غۆلی ڕوسیای برینداری دوای جەنگی سارد کە وێران و لاواز وپارچەیان کردبوو و تەنانەت مافی ئەوەیان پێڕەوا نەبینی بوو کە بەشێک بێ لەو دنیا موحتەرەمەی ڕۆژئاوا و تەنیا وەک مانگای شیردەری سەرچاوەکانی وزە، نەوت و غازو دەیاندۆشی، گۆڕی بە غۆلێکی لە قەفەس بەربوو کە تا بەخۆیاندا هاتنەوە، تا کەمێک نەک زۆر بەنجی سەرکەوتنەکانی کۆن و لوتبەرزی ئەوروپا سەنتەری بەریدان، بینیان وا لەو دیو دەروازەکانی ناتۆ دا وەستاوە.

 هەرچەندە پەرچەکرداری ڕۆژئاوا بەم چارەنوسە حەتمیە، بە ئیلهام وەرگرتن لە وەهمەکانی پێشوی خۆی (یان تا ئەوکاتی خۆی) و ملهوڕیەک کە لەسەری ڕاهاتبوو وەک خاوەن مافی سەرەکی لەدیاریکردنی هەر هاوکێشەیەک و غافڵ لە دنیایەکی گۆڕاو، لە سنوری کەمپەکەی خۆشیدا هەر ئەوە بوو کە لە نزیکەی ٥٠ ساڵی ڕابردودا لە دنیادا پیادەی کردبوو. پیادەکردنی کردنی سیاسەتی بەبرسێتی کێشان و سەپاندنی گەمارۆ  و پیادەکردنی سانسۆری میدیایی لە فراوانترین ئاستی مومکین ومیلیتاریزم و گەرمکردنی تەنوری جەنگ و سەرەوژێرکردنی بە لێشاوی چەک و تەیارکردنی لۆمپێنی ڕاست و فاشسیتی ڕۆژئاوا و گۆڕینی ئەوروپا بە سەربازگەیەکی گەورە.

بەڵام واقعیەتەکانی هەلومەرجی گۆڕاوی دنیا و سەرمایەداری هاوچەرخ، لەوە بەهێزتر بوون کە لوتبەرزی و بێباکی ئەوروپا میحوەری بتوانێ بەرگەی بگرێ. هەر بۆیە کەمی پێنەچوو بینیان گەمارۆی سەر وزەی هاتو لە ڕوسیا خەریکە لە خودی ئەو کەمپە دا ئابوری و بازاڕی کەسب و کاری ئەوان وێران دەکا. بینیان خەریکە لە ئەوروپای متمدن دا نان و دانەوێڵە دەبێتە پرس و ترسێکی گەورە، نەک پیشەسازی گەورە و کارگە و کارخانە و ئابوریەکی زەبەلاح دەگاتە لێواری وەستان، بەڵکو وزەی پێویست بۆ گەرمکردن و ڕۆشنایی دەبێتە کابوسی هاوڵاتیان لەو کەمپەدا، بینیان کە نرخی هەڵاوسان دەگاتە بەرزترین ئاستی چاوەڕواننەکراو لە مێژووی کاپیتالیزمی هاوچەرخدا. بینیان کە وردە وردە خەریکە هاڵاتیان و  چینی کرێکار  لەم کەمپەدا خەریکە بەنجی سەردەمی خەوی قوڵی سەردەمی جەنگی سارد و سەرکەوتنە خوێناویەکانی ناتۆی دیموکرات بەریاندەدا و سەرباری سانسۆری میدیایی و مێشک شۆری فراوانی هاوڵاتیانی کەمپی ڕۆژئاوا دنیا بە شێوە واقیعیەکەی باشتر دەبینن. بەشل بوون و لاواز بوونی کۆنتڕۆڵی ئایدیۆلۆژی و مەعنەوی بە ناچار  ئەو دەرفتە دەڕەخسێ کە هاوڵاتی دنیای ڕۆژئاوا و چینی کرێکار، بە ناچار دووڕویی و دەبڵ ستانداردی سیاسەتی بۆرژوازی ڕۆژئاوا و ئاکامە سەختەکانی هەست پێ بکەن. کەوتنی زەلیلانەی جونسون و سەرەگرتنی حکومەت و کارەکتەرەکانی ڕاستی بۆرژواژی ڕۆژئاوا بۆ هەمان چارەنوسی جونسون ڕەنگە یەکەم کاردانەوەی بۆرژوازی و ڕەنگدانەوەی ئەم گۆڕانە و ئەم ترسەی بۆرژوازی و ڕاستی ڕۆژئاوا بێت بەم هەلومەرجە تازەیە.

ئەم ڕەوەندە تازە لەسەرەتای خۆیدایە.

 چارەنوسی ڕۆژئاوا چی لێ دێ؟  پرسیار و بابەتێکە کە لە جەرگەی ئاڵۆگۆڕە خێرا و گەورەکانی ئێستا خەریکە وەڵام وەردەگرێتەوە، بەڵام تا ئێرە ئەوە بڕاوەتەوە کە ڕۆژئاوا لەم فۆرمەی ئێستایدا وەک کیان و قەوارەیەک تەواو دەبێ و لە تەواو بووندایە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.