بڕوا ڕەسوڵ ئەحمەد: دەرچون لەژێر هەژمونی ئەم دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ هێزە سیاسییەکانی هەرێم و بەتایبەتیش (پارتی و یەکێتی) کارێکی نەکردەیە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بڕوا رەسوڵ ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی…

0

بڕوا ڕەسوڵ ئەحمەد: دەرچون لەژێر هەژمونی ئەم دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ هێزە سیاسییەکانی هەرێم و بەتایبەتیش (پارتی و یەکێتی) کارێکی نەکردەیە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بڕوا رەسوڵ ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە دۆخی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی…

بۆپێشەوە: گوشارەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراقی بۆسەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ڕۆژ بەڕۆژ زیاد دەبێت، هۆکاری سەرەکی زۆر بوونی هەڕەشەکانی سەر دەسەڵاتی هەرێم چییەو بۆچی دەگەڕێتەوە؟

بڕوا ڕەسول ئەحمەد: لەبارەی ناونانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق بە (بۆرژواز) بۆچونی جیاوازم هەیە، بەلای منەوە ناکەونە ناو ئەو پۆلێنبەندییەوە کە بۆ چینەکانی کۆمەڵ دەکرێت. ململانێی چینایەتی لە عێراقدا جۆرێکی دیکەیە، کە لێرەدا بواری باسکردنی نییە.

سەبارەت، بە وەڵامی پرسیارەکە، عێراق وەک لە دەستورەکەیدا هاتوە وڵاتێکی فیدڕالییە و لە نێویدا، جگە لە حکومەتی ناوەندی دوو جۆر یەکەی بەڕێوەبردن هەیە، ئەوانیش: تاکە هەرێمێکی فیدرال و چواردە پارێزگا. ئەوەی لە دەستوردا هاتوە تا ئەندازەیەکی باش مافی پێکهاتەکانی عێراقی دابینکردوە. ئەوەی کە کێشەی سەرەکییە ڕانەهاتنی عەقڵیەتی سیاسییە لەگەڵ ئەم تەرزەی حوکمڕانی و دابەشبونی دەسەڵاتەکان بەسەر یەکە کارگێڕییەکاندا. هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کورد لە نێویدا ئارەزو دەکەن دەسەڵاتەکەیان زۆر لەوە زیاتربێت کە لە دەستوردا هاتوە، لە بەرانبەردا هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت هەرێم ئەم دەسەڵاتانەشی نەبێت کە بە دەستور بۆی دابینکراوە.

بۆپێشەوە: هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی بەغدا بۆسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، هێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێم زیاتری کردووە، هەروەها ئێران ناوە ناوە لەڕێگای موشەک هاویشتنەوە بۆ هەولێر و دەوروبەری گوشارەکانی زۆرتر بووە، هۆکاری زیادبوون و فراوانبوونی گوشارەکانی تورکیاو ئێران بۆسەر هەرێم چییە؟

بڕوا ڕەسول ئەحمەد: بەشێک لە بڕیاربەدەستانی جوڵانەوە سیاسی و چەکدارییەکانی ئەم بەشەی کوردستان، هەر لەسەرەتاوە گرێدراوی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق بونە. جا ئەمە لە کەم ئەزمونی و نەزانی بڕیاربەدەستانی جولانەوەکانەوە بوبێت، یان بیدەسەڵاتیانەوە بوبێت. دەرچون لەژێر هەژمونی ئەم دەوڵەتانە بۆ هێزە سیاسییەکانی هەرێم و بەتایبەتیش (پارتی و یەکێتی) کارێکی نەکردەیە. لە هەر کاتێکدا بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری یەکێک لە وڵاتانی (تورکیا و ئێران) لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوان لە ڕێگای هێزە دۆستەکانیانەوە یان بە چاوپۆشی ئەوان فشار بۆسەر هەرێم دەهێنن و لەم ناوەشدا باجی گەورە هاونیشتمانیانی هەرێمەکە دەیدەن.

 بۆپێشەوە: زۆر بوونی مەترسیەکان بۆسەر هەرێم، رووی لە دەسەڵاتی حزبە بۆرژوازیەکانی کوردە، یان رووی لە خەڵکی کوردستانە؟

بڕوا ڕەسول ئەحمەد: تا ئێستاش دوو هێزە سەرەکییەکەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕونی و ڕاشکاوی ناتوانن سنوری دۆستایەتی خۆیان لەگەڵ تورکیا و ئێران بۆ هاونیشتمانیان ئاشکرا بکەن. بۆیە بە دیاریکراوی ناتوانین بزانین ئایا مەترسییەکان بۆسەر خاک و خەلکی هەرێمە یان بۆسەر پارتە سیاسییەکانە. بۆ نمونە گریمانەی ئەوە دەکرێت کە ڕێککەوتنی ئەم هێزانە لەگەڵ دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە پارتە سیاسییەکان و لە نێویاندا ئەو بڕیاردەرانەی کە تەواوی دەسەلاتیان لایە پارێزراوبن و لە مەترسییەکان بەدوربن، سەرەڕای ئەم گریمانە و بۆچونانە لەسەرزەمینی ڕاستینەدا ئەوە خاک و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە باجی دەستدریژی و داگیرکارییەکانی ئەم وڵاتانە دەدات. کەواتە لە ئەنجامدا زیان و مەترسییەکان بۆ خاک و هاونیشتمانیانی هەرێمە.

 بۆپێشەوە: لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تا دەگاتە لێدوانی بەرپرسانی هەرێم، هۆکاری هەرەشەکان بۆ سەر هەرێم دەگێڕنەوە بۆ ناتەبایی نێوان پارتی و یەكێتی و حزبە کوردیەکان بەگشتی و دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگە….تاد، لەبارەیەوە دەڵێن چی؟

بڕوا ڕەسول ئەحمەد: بە دڵنیاییەوە هۆکاری هەرەشەکان ناتەبایی پارتی و یەکێتین، بەڵام ناتەباییەکەی ئەوان پەیوەندی بە گرێدانی بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکانی ئەم دو هێزە، لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە هەیە. هەندێک جار ئەگەر نیەتی تەبایی و یەکبونیشیان هەبێت، بەڵام ئەم یەکبون و تەباییە ببێتە هۆی لێدان لە بەرژەوەندی هێزە هەرێمیەکان، یەکبونەکە سەرینەگرتوە. ئەوەی جێی نیگەرانییە پارتی و یەکێتی کارێکی وایانکردوە ناتوانن لەژێر هەژمونی تورکیا و ئێران بێنە دەرەوە.

 بۆپێشەوە: گوشارەکانی بەغدا لە ئێستادا بە لەدەستدەرهێنانی دۆسیەی نەوت و غاز لەدەست دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد چڕ بۆتەوە… ئەم گوشارانە سیاسین یان یاسایی و دەستوری؟

بڕوا ڕەسول ئەحمەد: لە ماددەی ١١٢ی دەستوری عێراقدا هاتوە، کە حکومەتی فیدڕالی بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان سیاسەتی وزە و سامانی سروشتی، لەو شوینانە بەڕیوەدەبەن کە ئەم سەروەتانەی تێدایە. کەواتە ئەگەر مەرامیکی پاکی سیاسی و بەرەوپێشبردنی وڵات هەبێت، ئەوا دەستور هێڵە گشتییەکەی کێشاوە، بەڵام بەرژەوەندییە کەسی و بنەماڵەییەکان دۆخێکیان دروستکردوە، کە ئەم هاوبەشی و یەکترقبوڵکردنە بۆ بەڕێوەبردن و رەنگڕێژکردنی سیاسەتی وزە نەیەتە ئاراوە. بۆیە ئەگەر گوشارەکان مەرامی سیاسیشیان لە پشتەوەبێت، پێچەوانەی دەستور و یاسا کارپێکراوەکان نییە.

 بۆپێشەوە: ئایندەی سیاسی ئەم کێشمەکیشانەی نێوان هەرێم و بەغدا چۆن دەبین و لێکەوتەکانی لەسەر خەڵکی کوردستان چییە؟

بڕوا ڕەسول ئەحمەد: عێراقی نوێ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە وەک دەوڵەتێکی فیدڕالی خۆی بە گەلانی عێراق و کۆمەڵگەکی نێونەتەوەیی ناساندوە، ئەم بنەمایەی دروستبونی عێراق هەم لەلایەن گەلانی عێراقەوە هەم لەسەر ئاستی جیهان و بۆ سەقامگیری ناوچەکە قبوڵکراوە، بۆیە دەتوانین وا وینای بکەین، کە عێراق بەم سیستەمە سیاسیەوە بەردەوام دەبێت، ئەوەی تێدا دەگۆڕێت ئەوەیە، کە ڕەنگە زیادەڕۆییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم لەمەڕ بەڕێوەبردنی کارگێڕی و سیاسییەوە بچێتەوە ئەو قاڵبەی کە دەستور دیاریکردوە. بە جێبەجێکردنی دەستور و بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی عێراق هەرێمی کوردستان بەشێک لەو دەسەلاتانەی لە دەستدەدات کە لە دەرەوەی دەستور هەیبوە. پارتی و یەکێتی وابانگەشەی بۆ دەکەن، کە ئەمە کاریگەری خراپی بۆسەر هاونیشتمانیانی هەرێم دەبێت، بەپێچەوانەوە من پێموایە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە بونی ئەم دەستورەی ئێستا و ناچارکردنی عێراق بە جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستورەکە ژیانێکی شکۆمەندانە و ئاسودەیان دەبێت.

بۆپێشەوە: لە ڕوانگەی ئێوەوە زامنی ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی کوردستان چییە و چۆن بەدی دێت؟

بڕوا ڕەسول ئەحمەد: تا ئەمڕۆ و لەوانەیە بۆ ئایندەش عێراق قوڵایی ستراتیژییە بۆ خاک و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان. ئەم تێگەیشتنە بۆ هەمو لایەک ڕونە، بەڵام ئەوە بەرژەوەندی هێزە هەرێمییەکانە کە نایانەوێت بەرهەمی هەبێت. گرێدراوی بەرژەوەندییەکانی پارتی و یەکێتی (بە تایبەتی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا) بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی تورکیا و ئێرانەوە گەورەترین بەربەستە لە بەردەم هاوبەشیکردنی هەرێمی کوردستان لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی عێراقدا. ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە، کە سیاسەتی پیادەکراوی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی زۆرینەی هاونیشتمانیانی هەرێمەکە نییە، بە بەڵگەی ئەوەی لە دوا هەڵبژاردندا یەکێتی و پارتی چارەکی دەنگەکانی دەنگدەرانیان بەدەستنەهێناوە. ئەم دۆخە ئەگەری ئەوەی لێدەکرێت لە هەر ئان و ساتێکدا زۆرینەی هاونیشتمانیان (کە من پێموایە عێراقیان بۆ گرنگترە لە تورکیا و ئێران)، ڕێگە و میکانیزمی سیاسی دیکە تاقیبکەنەوە ڕوو لە عێراق، بە ئامانجی ئەوەی بەشداری سیاسی کاریگەرتریان هەبێت لە عێراقدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.