هەرێمەکانی ترس) نوسینی شەماڵ بارەوانی … بەشی دووەم

0

هەرێمەکانی ترس)

نوسینی شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم

ئەو دەسەڵاتە ڕەهاگەراییەی پیاو جگە لە چەوسانەوەو لێدان لە ژن چیتری لێ بەرهەم نایەت. ئەم دەسەڵاتەی وەنەبێ تەنها لەچوارچێوەی ماڵ بەسەر ژن و خێزاندا جێ بەجێ بکرێت و خۆی بسەپێنێت و بە زاڵی بمێنێتەوە، بەڵکو ڕۆچووەتە کونج و کەلەبەری هەموو سێکتەرەکانی ژیان و بووەتە مۆتەکەو نەریت و کەلتوور و مەزهەب.

یاسا و نۆڕمەکان هەمووی لە بەرژەوەندی پیاو داڕێژراون و پشت بە بنەماکانی ئەقڵیەتی پیاو سالاری دەبەستن و تا سەر مۆخی ئێسقان دژ و پێچەوانەی پێوەرەکانی مرۆڤ بوون و مافەکانی ژنن.

فەزیلەخان لە ڕێگەی ئەو کارەکتەری ڕۆمانەکەی (مارگرێت باس لە نەهامەتی و موعاناتەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵات دەکات، ئەو تاڵی و سوێری و موعانات و نەهامەتیانەی مارگرێت لە میسر و لوبنان و عێراق دەیچێژێت و ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

فەزیلە لە «هەرێمەکانی ترس»دا باس لە پاردۆکس و دژایەتی و ململانێ و یەکتری کوشتنی مرۆڤەکان دەکات، لە پێناو ئایین و مەزهەبی جیاواز، نووسەر قسە لە ناکۆکی سیاسی دەکات و لەو جەنگە ئایینی و مەزهەبی و تائیفی و ئایدیۆلۆژیی و تیرۆرە فیکری و توندوتیژییە ئایینی و یەکترکوشتنەی مرۆڤەکان دەدوێت، کە لەپێناو مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاو ئایین بەرپایانکردووە.

ئەو مرۆڤانەی مەزهەب و بیرو باوەڕەکەیان، کردوونی بە نەیارو دوژمنی یەکتری و وەک دڕندەیەک بەربوونەتە گیانی یەکتری و بە دەڕاسەی مەرگ ژیان و مرۆڤ دەدوورنەوە. ئەو مرۆڤانەی بوون بە ڕاسزم و فاشیستی تەمام عەیارو بیری ڕاسیزم گەرێتی و  فاشیزم بڵاودەکەنەوە.

ئەو مرۆڤانەی ئایین دەکەن ئامێرێکی توقێنەر و بەئایدیۆلۆژیایەکی ترسناک و ڕێگەی سەرکوتکردن و یەکلاییکردنەوەی حیساب لەگەڵ خاوەن بۆچون و ئایینی جیاواز. ئەو مرۆڤانەی بەزۆر بیروباوەڕە توند ئاژۆییەکەی خۆیان بە سەر ئەوانیتردا دەسەپێنن.

ئەو مرۆڤانەی ئایین دەکەن بە شمشێر و ملی ئازادی مرۆڤەکانی پێ دەپەڕێنن. ئایین دەکەن بە بەردو مافەکانی ژنی  پێ بەردباران دەکەن.  ئایین دەکەن بە ئامێری ڕق و دڵ و دەروون و بیرو هزری مرۆڤەکانی پێ دەشوێنن. ئایین دەکەن بە تانک و زرێپۆش و ئاوەدانییەکانی ژیانی پێ تێکدەدەن و وێران دەکەن. ئایین دەکەن بە کابووسێکی مەترسیناک و هەناسەی جوانییەکانی ژیانی پێ دەخنکێنن.

ئەو مرۆڤانەی ئایین لە دیوە مەعنەوی و عیرفانی و ڕۆحانی و ئیمانییەکەی بەتاڵ دەکەنەوە و دەیکەن بە فرۆشگایەکی سیاسی و کاری بزنس و بازرگانی لەسەر حیسابی خوێن و کەرامەت و مافی خەڵک و بە ناوی خواوە پێ دەکەن.

 ئایین  لە کەلتوورەوە بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی تاریک و تەسک دەگۆڕن و دەیکەن بە دەزگایەکی ترسناک و تێیدا بیری توندڕۆی و ڕەگەز پەرستی بڵاودەکەنەوە.  ئایین لە ڕاستەهێڵەکەی خۆی لادەدەن و جوانییەکانی!! ناشیرین دەکەن. لە کاتێکدا هەموو ئایینەکان مادام ئایینی ئاسمانی بن و لای خواوەندەوە هاتبن و بانگەشەی ئاشتی و پێکەوە ژیان و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان بکەن، کەواتا بۆ دەبێ مرۆڤێک لەسەر جیاوازی ئایین و بیروباوەڕو بۆچوونی جیا، مرۆڤێکیتر بکوژێت و ئەو مافە بە خۆی بدات خوێنی مرۆڤ بڕژێنێت!؟

بۆچی دەبێ مرۆڤەکان لە جیاتی خۆشەویستی فێری ڕق بکەین!؟

بۆچی لە جیاتی شەڕ و ناکۆکی و ڕەتدانەوە و ڕەفز، فێری زمانی دایەلۆک و یەکترقبوڵ کردن و خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانیان نەکەین؟

تاکەی بە ناوی ناکۆکی مەزهەبی و شەڕی ئایینی و جەنگی پیرۆز، مرۆڤ ببێت بە قوربانی و سوتەمەنی؟

مرۆڤ یەکتری بکوژێت و جەنگ بەرپا بکات و ژیان خەڵتانی خوێن و مرۆڤایەتی وێران بکات.

زەردەشتی، سابیئە، کاکەیی، هیندۆک، ئێزدی، بوودی، جوو، کریستیان و موسوڵمان..تاد. بەرلەوەی وەی بڕیار لە سەر ئایینیان بدرێت هەموویان لە مرۆڤ بوون هاوبەش و خوشک و بران.

ئەی کەواتە چۆن دەبێت مرۆڤ لەبەر جیاوازی ئایین و مەزهەب و بۆچوون ڕقی لە براو خوشک و هاڕەگەزی خۆی ببێتەوە و قبوڵی نەکات و ڕێزی نەگرێت و بیکوژێت؟!

“ئەو جارە مەسیحیەکان موسڵمانەکان سەردەبڕن! ئەوجارە موسڵمانەکان مەسیحییەکان سەردەبڕن! یان هاوڕەگەزەکەیان…”،

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.