کابوسی کۆمۆنیزم!…. لە چواردەی تەموزەوە تا ئەمڕۆ نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کابوسی کۆمۆنیزم!….

لە چواردەی تەموزەوە تا ئەمڕۆ

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

14 تەموز ئەو ڕۆژەیە کە میلیشیای بۆرژوازی کوردایەتی تاڵەبانی لە کوردستان چەکیان لە دژی کۆمۆنیزم و چەپ و حیزبەکەی ڕاکێشا و پێنج کۆمۆنیست و خەباتکاری ڕێکای دنیایەکی باشتریان تیرۆرکرد.

بەهانەی ڕاگەیەنراوی دەسەڵاتی شەللاتیەکانی بۆرژوازی کوردایەتی لە سلێمانی بۆ دەستبردنیان بۆ چەک ڕاکێشان لە کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئاشکرابوون و بێ گوێدانە شعوری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ڕایانگەیاند بوو. وتبویان کە ئەم حیزبە داوای یاسایەک دەکا کە دانبنێ بە پڕەنسیپی یەکسانی ژن و پیاو و ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراق و شەریعەتی ئیسلامە. وتبویان کە ئەم حیزبە داوای گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان دەکا بۆ مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق و تا دوایی.

بەڵام بەهانە و پاساوەکانی ئەم شەقاوەگەریە دژی کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەرچیەک بێ بەڵام ناوەڕۆک و جەوهەری ئەو دەعوایە چینایەتی بوو لە هەلومەرجێکی تایبەتی مێژووییدا کە تیایدا کۆنەپەرەستیەکی بۆرژوایی دەیەویست ببێتە دەوڵەت و ببێتە هێزی یەکەم و دەسەڵاتی سیاسی  لەو ناوچەیەدا بە قازانجی بۆرژوازی ببڕێنێتەوە و چارەنوسی  چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەش بە کۆنەپەرەستانەترین شێوەی مومکین دیاری بکا.

 تا هەمان ئەو دەورو دوکانە پوچەی ئێستای کوردستان بە کەمترین دەردیسەر دروست بکا، تا ئەم ناوچەیە بگۆڕێ بە حەوزەی ئازادی ڕەهای سەرمایە و کومپانیاکان، تا ملیاردێر و میلیۆنێرەکان وەک قارچک تیایدا هەڵتۆقن. تا ژنان تێیدا بێکەس کوژ بکرێن و هەزارانیان بە نیشانەی عارێکی گەورەی ئەم ئەزمونە لە گۆڕی بێ ناونیشاندا بنێژرێن، تا دەستیان ئاواڵا بێ و بە ئیسراحەتی خۆیان جەنگی سەروەت سامانی ئەو مەملەکەتە درێژە پێدەن، جەنگێک کە سەدان ڕۆڵەی ئەو مرۆڤایەتیە کرێکار و زەحمەتکێشەی تێدا بووە قوربانی و سەدانی تر تیایدا سەقەت و سقوت کران. کۆمۆنیزم و چەپ و ئازادیخوازی کۆمۆنیستی کە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری نوێنەرایەتی دەکرا ڕێگربوو کە ئەم پڕۆسەیە بەو ئاسانییەی کە بۆرژوازی تازەپێگرتوی کوردایەتی دەیەویست سەرنەگرێ. هەربۆیە دەبوایە بەر لەهەر شتێک تەکلیفی کۆمۆنیزم وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری یەکلا بکەنەوە .

سەرکوتی کۆمۆنیزم و چەپ وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەرەتا و پێشەکیەکی پێویست و ناچاری بوو بۆ مل پێکەچکردنی کۆمەڵگەیەکی شاری چەند میلیۆنی بەچینی کرێکارێکی گەنج کە تازە خەریک چاوی بە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی و بەسیاسەت و کێشمەکێشی سیاسیدا بکرێتەوە. چینی کرێکارێک کە لە هەستانە جەماوەرییەکانی نەوەدەکاندا، بە شوراکان و جوڵانەوەیەکی شورایی وچەپ، لە ئاستێکی دیاریکراودا هاتبوە مەیدانی سیاسەت و یەکەمین ڕۆژەکانی ئاڵوگۆڕەکانی ساڵانی نەوەدەکان جوڵانەوەی کوردایەتی تاڵەبانی و بارزانی له بەرامبەر خۆیاندا بینیبوویان.

دەیانزانی جوڵانەوەیەکی ڕادیکاڵی کۆمۆنیستی و کرێکاری کە دەیگوت ئەم کۆنەپەرستیە بۆرژواییە قبوڵ مەکەن و بێمافی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لێ قبوڵ مەکەن، مافی ئێوە لە ژیان زیاترە لەوەی لەم کۆنەپەرستییە بۆرژواییە چاوەڕوانی دەکەن، ئەگەر دەستی بە ئامڕازە پێویستەکانی کاری سیاسی جیددی ڕابگا و تەلەفیزیۆن و ڕادیۆی هەبێ و هێزی چەکداری هەبێ، لەدڵ و ویژدانی ئەو مرۆڤایەتیە کرێکار و زەحمتکێشە تێنوی ئازادی و خۆشبەختیەدا جێگەی خۆی دەکاتەوە و دەگۆڕێ بە یەکێک لە بژاردە واقیعیەکانی ئەوان. ئەوکات هیچ هۆکارێک نەدەبوو کە چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵگە، دەسەڵاتی بێکەڵک و پوچی بۆرژوایی کوردایەتی بارزانی و تاڵەبانی قبوڵ بکەن.

دەیانزانی ئەگەر ئەوە ڕووبدا و چینی کرێکار و کۆمەڵگەی کوردستان لە هەڵبژاردنی سیاسی خۆیدا بەرەو چەپ وەربچەرخێ، ئەوکات ئەو بەشەرییەتە کرێکار و زەحمەتکێشە، لە ڕێگەی ئەم خەتە سیاسی و ڕادیکاڵە کۆمۆنیستیه ئەگەر نەشتوانن سەرکەوتنێکی سیاسی و ستراتیژی چەپ و سۆشیالیستی پیادە بکەن و ئەم کۆنەپەرستیە بڕوخێنن و دەست بەکاری شۆڕشێکی سۆشیالیستی و دروستکردنی کوردستانێکی سۆشیالیستی ئازاد بن، لانیکەم دەتوانن زۆربڵێی و سەرەڕۆیی و شەقاوگەری ئەم بۆرژوازیە هەوسار بکەن و بەسەری بەرز بەرگری لە کەرامەتی خۆیان بکەن و نەهێڵن هەر بێمافیەک کە ئەم بۆرژوازیە دەیەوێ بیکاتە قەدەری ئەوان.

کوردستانی ئەمڕۆ گەواهی زیندوی مانای ترسناکی لاوازی و ئامادە نەبوونی کۆمۆنیزم و چەپە.  کۆمەڵگەیەک کە تیایدا کۆمۆنیزم و چەپ قەدەغە وبایکۆت کرابێ، ژنکوژی تیایدا وەک ئاو خواردنەوە دەبێ، دەستبردن بۆ ژیان و نانی مرۆڤ ئاسان و بێدەردی سەردەبێ، دەست بردن بۆ حورمەت و ماف و ئازادییە فەردی و مەدەنییەکانی هاوڵاتیان بێ حیساب و کتاب دەبێ. کۆمەڵگە دەگۆڕێ بەشانۆی تەراتێنی ڕاسترەوی سیاسی وکۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. سەرمایە و بۆرژوازی خەیاڵیان ڕاحەت دەبێ و دەست ئاواڵا دەبن لە چەرخاندنی بازاڕ و ئابوری کاری هەرزان.

خوێنی هەر ژنێک، هەرسوکایەتیەک کە مرۆڤی ئەمڕۆ بەرامبەر بەشکۆی مرۆڤانەی هەستی پێدەکا،  هەر سەرکزییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەر تەرمێکی ئیجە و هەر حفرەیەیک کە لە ویژدانی  ئەو مرۆڤایەتیە هەڵدەکەنرێ باجی لاوازی کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵی کرێکارانە. خودی ئەم بەدبەختیە چینایەتیەی ئێستای کوردستان  و ئەوەی مرۆڤ ناچار بە ژیانکردنە لە سایەی حاکمیتێکی چینایەتی بێکەڵکەدا، باجی لاوازی  کۆمۆنیزم و چەپ و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە.

کۆمەڵگەی چینایەتی کوردستانی ئەمڕۆ، نەک هەربۆ ڕزگاری لەو دەورو دوکانە چینایەتیە و بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی و سۆشیالیستی و بۆ دامەزاندنی کوردستانێکی ئازاد و سۆشیالیستی، بەڵکو بۆ جڵەوکردن و هەوسارکردنی ئەم کۆنەپەرستی بۆرژوایی حاکم لە کوردستان و بۆ بەرگریکردن لە ژیان و موقدەراتی خۆی پێویستی بە شێخ عبدولەکان و بەئومێد و ابراهیم ومحمد هاوڕێکان و بەشاپور و قابیلەکان و بە سەنگەرێکی سیاسی ڕادیکاڵە کە تیایدا هەزارانی تری لە جنسی ئەو ئەستێرە سورانەی خەباتی چینایەتی، ئامادە بن لەسەر ئازادی و بەختەوەری بجەنگن و ئەو دەریایە لە شەرافەت و ئینسانیەت و ژیانخوازی کە ساڵانێکە لە ژێر چەکمەی ئەو کۆنەپەرستییە بۆرژوایی کوردستاندا سەرکز کراوە، بهێننە زمان و نوێنەرایەتی بکەن.

بەهاری کوردایەتی و دەورو دوکانی چینایەتی خوێڕی ئەمڕۆی کوردستان بە قیمەتی خوێنی ئەوان و سەرکوتی کۆمۆنیزم و چەپ دەستی پێکرد و زستانێکی سەختی بێمافی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردە بەشی کرێکاران و بێبەشان و لە بەهاری هەر ڕابوونێکی سیاسی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی دا و لە بەیانی هەر سەرکەتنێکی سیاسی وچینایەتیدا کە تیایداچارەنوسی ئەم کۆنەپەرستییە بۆرژواییە یەکلادەکرێتەوە، بە شادیەکی تێکەڵ بە حەسرەتی نەبوونی ئێوە لە نێوماندا، یادی ئێوە و هەموو ئەوانەی بۆ ئەوسەرکەوتنە لە ژیانی خۆیان گوزەران، بەرز ڕادەگرین.

بەرز و بەڕێزە یاد و ڕێبازتان

Leave A Reply

Your email address will not be published.