خانەنشینان توێژى فەرامۆش کراو لە هەرێمى کوردستان دا … نووسینی: ئەحمەد هەورامى*

0

خانەنشینان ئەو توێژەن کە زۆربەى تەمەنیان لەپێناو خزمەتکردنى وڵات و گەلەکەیان بەسەر بردووە، بەڵام بەداخەوە وەفاى ئەم دەسەڵاتە بۆیان ژیانێکیان پێ ڕەوا نابینێ کە شایستەى مرۆڤى ئەم سەردەمە بێت.

ئەمڕۆ دەبینین وڵاتانى ناوچەکە و عێراق و کوردستان بە بارودۆخێکى ئاڵۆز و ناسەقامگیر تێدەپەڕن. کۆمەڵانى خەڵکى لە هەرێمى کوردستاندا لە ئەنجامى قەیران و ململانێکاندا لە بارودۆخێکى سەخت و پڕ مەترسیدار ژیان دەگوزەرێنن، کە بەچەندەها گرفتەوە دەناڵێنن لە هەژارى و بێکارى و نەخۆشى و نەبوونى دەرمان و ئاو و کارەبا و سوتەمەنى و خزمەتگوزارى و گرانى پێداویستیەکانى ژیان و دانەمەزراندنى هەزارەها خوێندکارى دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکان کە سوپایەکى بێکارى سەرشەقام و ئۆردوى کۆچکەرانى هەندەرانیان دروست کردووە. دانەمەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژ و گرێبەست و خۆبەخش لەبەشەکانى ترى فەرمانگەکاندا، ئەمانە هەمووى حکومەتى هەرێمى کوردستان لێى بەرپرسیارە کە بەدەم داخوازیەکانیانەوە نایەت.

 خانەنشینان ئەو توێژەن کە ساڵانێکە لەلایەن دەسەڵاتەوە فەرامۆش کراون، کە بەردەوام لە هەموو ڕێگەیەکەوە هەوڵى بەدەستهێنانى مافەکانیان داوە، بەڵام تائێستا حکومەتى هەرێم بەدەنگیانەوە نەهاتووە بۆ جێبەجێکردنى داخوازیەکانیان.

1- خانەنشینانى هەرێم داواى هاوتاکردنى مووچەیان کردووە بە مووچەى خانەنشینانى بەغداد بەپێى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق ژمارە (9)ى ساڵى (2014) کە کەمترین مووچەى خانەنشینى لە بەغداد (500) هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێم (200) هەزار دینارە. بۆ جێبەجێکردنى ئەم یاسایە لە هەرێمدا چەندین هەوڵ درا لەڕێگەى پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیرانەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو. لە هەرێم ئەو یاسایانە پەیڕەو دەکرێن کە بەپێى یاساى سەرەوە لەکار خراون، کە ئەمەش پێشێلکردنى ئاشکراى مافى خانەنشینانە لە هەرێمدا، خانەنشینان لە بەغداد دواى تەواو کردنى (30) ساڵ خزمەت خانەنشین دەکرێن بە (12) مووچەى تەواو پاداش (ئیکرامیە) وەردەگرن، بەڵام لە هەرێمى کوردستان کە خزمەتەکەشیان لەوە زیاتربێ تەنها (6) مووچەى بنەڕەتییان بۆ خەرج دەکەن.

2- خانەنشینان لەساڵى (2015)وە حکومەتى هەرێمى بە بیانووى بێ پاساو نایاسای دەستى بردووە بۆ پێنەدانى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان، کە (20 ) موچەى تەواویان پاشەکەوتى زۆرە ملێ کراوە، زیاتر لە (5) مووچەیان لە (21%)یان لێبڕاوە.

3- خانەنشینانى عێراق مووچەیان لە سندوقى خانەنشینى وەردەگرن، کە فەرمانبەران لەدامەزراندنیانەوە ڕێژەیەک لە مووچەکەیان دەبڕێت بۆ ئەو سندوقە، بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا لەساڵى (1992)وە ئەو سندوقە بوونى نى یە و پارەکەش دیار نییە.

4- خانەنشینان و فەرمانبەران و مامۆستایان لەم هەرێمەى ئێمەدا بێ بەشن لە کەمترین خزمەتگوزارى وەکو بیمەى تەندروستى و دانانى میکانیزمێکى گونجاو  بۆ وەرگرتنى مووچەیان، کە لە سەرماى زستان و گەرماى هاوینى تاقەت پڕوکێندا بەچەندەها کاتژمێر لەسەرەى وەرگرتنى مووچەیان دەوەستن کە کارەساتى دڵتەزێنى لێ دەکەوێتەوە بە گیان لەدەستدانى ژمارەیەک لە خانەنشینان.

ئەوەى زیاتر پەیوەندى بە فەرمانبەران و خانەنشینانەوە هەیە، ئەو لێدوانەى وتەبێژى حکومەتى هەرێم بوو کە بە ئاشکرا ڕایگەیاند پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لاى بەغدایە لاى ئێمە نییە.

پێویستە ئەوە بلێین/ لەخۆ داماڵینى حکومەتى هەرێم لە بەرپرسیارێتى بەرانبەر فەرمانبەران و خانەنشینان لەپاى چى؟

لەژێر هیچ پاساوێکدا حکومەتى هەرێم ناتوانێت خۆى لە بەرپرسیارێتى مووچەى پاشەکەوتى زۆرەملێى فەرمانبەران و خانەنشینان بدزێتەوە کە قەرزارى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە، چونکە (12) ملیار دۆلار قەرزەکەى پاشەکەوتە کەلەسەر (29) ملیار دۆلار قەرزەکەى هەرێمە.

خانەنشینانى هەرێم مووچەیان لەسەر بەغداد نییە کە لێیان پاشەکەوت کرابێ تا داواى پێدانەوەى مووچەى پاشەکەوت کراویان لێبکەن، خانەنشینان لەبەغداد لەسەرەتاى هەموو مانگێک بەکارتى زیرەک مووچەیان لە بانک و نووسینگەکانى عێراق و بە هەرێمى کوردستانیشەوە بێ دواکەوتن وەردەگرن. بەڵام لە هەرێمى کوردستان دواى هەموو فەرمانبەران بە دەردەسەرى مووچە وەردەگرن. کە تووشى چەندەها کارەسات دەبن تا گیان لەدەستدان.

لەهەمان کاتدا ئەو فەرمانبەران و مامۆستایانە کە لەساڵى (2016) دا زیادە مووچە (ترفیع) یان وەستاوە، ئێستاش خانەنشین کراون بە موچەى ئەو ساڵەى زیادە موچەیان وەستاوە خانەنشین کراون، کە جیاوازیەکى زۆر لە موچەکەیان هەیە.

ئەمەش غەدرێکى ترە لە خانەنشینانى هەرێم دەکرێت کە لە بەغداد یەک مانگ سەرە مووچە و زیادە مووچەیان دواناکەوێت. لەبەر ئەم ناعەدالەتیەیە کە فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێم داوا دەکەن مووچەکانیان بخرێتە سەر بەغداد.

فەرمانبەران و خانەنشینان بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت چاوەڕوانى میکانیزمێک بوون بۆ دانەوەى مووچە پاشەکەوت کراوەکان بە کردنەوەى حسابى بانکى و پێدانەوەى قەرزەکان، بەڵام ئەم لێدوانەى وتەبێژەکەى حکومەت وا دەرى دەخات کە مەبەست و نیازى دانەوەى نابێت!

لێدوانەکەى وتەبێژى حکومەت نابێت فەرامۆش بکرێت، چونکە ونکردنى مافى فەرمانبەران و خانەنشینان لە بەرداشى هەرێم و ناوەندا نادادپەروەریەکى ئاشکرایە بەرامبەر فەرمانبەران و خانەنشینان دەکرێت. کە هەندێ لایەن و “پەرلەمانتارانى بەڕێزى کوردستان” ڕوون کردنەوەیان دا بەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران لەئەستۆى حکومەتى هەرێمە.

ئێستاش نرخى بەرمیلێک نەوت (120) دۆلارى تێپەڕاندووە، حکومەتى هەرێم دەتوانێ بەبێ ناردنى (200) ملیار دینارەکەى بەغداد مووچە دابەش بکات، بەڵام مەترسى لەوەدایە ڕاگەیاندنەکەى وەزیرى دارایى عێراق کە دەڵێت ئەگەر هەرێمى کوردستان پابەند نەبێت بە بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق ناردنى (200) ملیار دینارەکە بەردەوام نابێت. ئەمەش حکومەتى هەرێم بیکاتە بیانوو بۆ دواخستنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان.

لەهەمان کاتدا لێدوانەکەى وەزیرى سامانە سروشتیەکان کە دەڵێت ئەگەر لیترێک بەنزین بکەین بە (450) دینار دەبێت لێبڕین لە مووچەى فەرمانبەران بکەین. ئەمەش نیشانەى ئەوەیە دیسانەوە دەست بۆ گیرفانى بەتاڵى فەرمانبەران و خانەنشینان بەرن، نەک دەست بۆ گیرفانى دزەکانى ئەم میللەتە بەرن.

دیارە کە ئەم هەرێمە لەبەردەم بژاردەى گرنگ و چارەنووسازدایە، ئێستاش حکومەتى هەرێم بەرپرسیارە لە جێبەجێ کردنى داخوازیەکانى فەرمانبەران و خانەنشینان هەرێمى کوردستان بە:-

1- جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق ژمارە (9)ى ساڵى (2014) کە لە عێراقدا لە (1/1/2014) ەوە پەیڕەو دەکرێت و لە هەرێمدا کار بەو یاسایانە دەکرێت کە ئەم یاسایە لە کارى خستوون، کە ئەمەش بووتە زەوت کردنى مافەکانى خانەنشینان لە هەرێمى کوردستاندا.

2- گەڕانەوەى مووچە پاشەکەوت کراوەکان و فەوتاوەکان و بەبەشە لێبڕاوەکان لە مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان کە هیچ لێکدانەوەیەکى یاساى نایانگرێتەوە.

3- کارا کردنەوەى سندوقى خانەنشینى کە لەساڵى (1992)دا لە هەرێمدا نییە لەگەڵ پارەکەى کە لە فەرمانبەران وەرگیراوە. کە ئێستا حکومەتى هەرێم بڕیارى دانانى دەرکردووە، بەڵام هێشتا ڕووناکى نەدیووە.

4- خانەنشینان بێ بەشن لە سەرەتاترین مافەکانیان، کە لەم تەمەنەدا تووشى چەندەها گرفت و نەخۆشى دەبنەوە کە ئەو مووچە کەمەى وەریدەگرن بەشى چارەسەری نەخۆشیان ناکات بەتایبەتى لەم کاتەى دەرمان گرانیدا، لەبەرئەوە پێویستیان بە بیمەى تەندروستى هەیە و چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانەکاندا بەخۆڕایى. خانەنشینان لەم تەمەنەى ئێستایان پێویستیان بە دابینکردنى جێگەى حەوانەوە هەیە کە لەگەڵ کەسایەتى و تەمەنیان بگونجێ، لە وڵاتاندا ئەم توێژە بایەخێکى تایبەتیان پێ دەدرێت، بەڵام لە وڵاتى ئێمەدا فەرامۆش کراون.

5- دانانى میکانیزمێکى گونجاو بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمى کوردستاندا بۆ ئەوەى نەبێتە هۆى ڕوودانى قەڵەباڵغیەکى زۆر و ڕوودانى کارەسات لەکاتى وەرگرتنى مووچەدا بەڕەچاوکردنى ئەم خاڵانە:-

ڕ- لە دانانى خشتەى دابەشکردنى مووچەدا ئەولەویەت بدرێت بە مووچەى خانەنشینان.

ب- جیاکردنەوەى مووچەى خانەنشینانى سەربازى لە خانەنشینانى شارستانى لەکاتى وەرگرتنى مووچەدا.

ج- زیادکردنى بینا و بنکەى دابەشکردنى مووچە بۆ بانکەکان.

د- بۆ کار ئاسانى و نەهێشتنى قەرباڵغى میکانیزمى کۆد (ژمارەى پێناسەى خانەنشین) بۆ دابەشکردنى مووچە پەیڕەو بکرێت.

ه- دابینکردنى شوێنى گونجاو و شایستە بۆ خانەنشینان لەکاتى چاوەڕوانى کردنیان بۆ وەرگرتنى مووچەکانیان.

و- دابەشکردنى مووچە بکرێت بە کارتى ئەلکترۆنى و هەژمارى بانکى بکرێتەوە بۆ مووچەخۆران.

بۆ زامنکردنى مافەکانمان پێویستمان بە هاوکارى هەموولایەک دەبێت، چونکە هەمووان قەرزارى خانەنشینانین.

لەکۆتایدا خانەنشینان بۆ بەدەست هێنانەوەى مافە زەوت کراوەکانیان هەموو ڕێگەیەکى شارستانى دەگرنەبەر تا هەڵوێستى تر کە دەسەڵات بێتە ژێر بارى جێبەجێکردنى داخوازییەکانیان.

*ئەندامى یەکێتى خانەنشینانى کوردستان

Leave A Reply

Your email address will not be published.