دەمەتەقێ… گفتوگۆیەکی نێوان کاوان قادر و هیوا ساڵح لەسەر ناوەرۆکی ئەو تابلۆیەی بەناوی (کورسییەکەی جەنابی شێخ)

0

دەمەتەقێ…

گفتوگۆیەکی نێوان کاوان قادر و هیوا ساڵح لەسەر ناوەرۆکی ئەو تابلۆیەی بەناوی  (کورسییەکەی جەنابی شێخ)

کاوان قادر: سڵاو هاوڕێ هیوا (کورسییە هەڵواسراوەکەی شێخ) ناونیشانی تابلۆکەتە کە بۆ من بۆتە جێگەی سەرنج، چی لوغزێک و چی پەیامێک لەپشت ئەم کارە هونەرییەوە هەیە؟

هیوا ساڵح: سوپاس هاوڕێ کاوان، بیرۆکەی ئەم کارە هونەرییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٧٠ کان کاتێ مناڵ بووم لە یەکێک لە دوکانەکانی سەرادا کە دراوسێ دوکانی جەرگیزی مەشروب فرۆش بوو بەم شێوەیە کورسییەکی هەڵواسی بوو، لە باوکم پرسی ئەو کورسییە چی ئەکات بەو بەرزی یەوە، دیارە باوکم وەڵامی پێ نەبوو وە نەیئەزانی بۆ؟ بەڵام خاوەن دوکانەکە وتی: ئەوە ئەو کورسی یە کە شێخ مەحمودی حەفید لەسەری دائەنیشت، دوای ئەو ئیتر کەسێکی تر بۆی نی یە لەسەری دابنیشێت، ئێستا بیر ئەکەمەوە کە خەڵکی بۆ سەرکردەکانیان چەند وەفادارن چەند دڵسۆزن، بەڵام بەداخەوە سەرکردەکانمان ئەوەی بۆیان گرینگ نییە خەڵکەکەیەتی.

کاوان قادر: جێگەی سەرنجە، ئەم تابلۆیەتان مەسەلەیەکی زۆر گرینگ ئەوروژێنیت، وەک وتویانە ئاشەوان لە خەیاڵێک وباراش هاڕ لە خەیاڵێک، ئەوەی لە خەیاڵی خەڵکیدایە لە خەیاڵی سەرکردەکاندا نییە، لە هیچ مێژوویەکی کوردا نەنوسراوە کە خەڵکی پشتی لە سەرکردەکەی خۆی کردبێت و هۆکارێک بووبێتن بۆ ئاشبەتاڵی وفەشەلی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەڵکو ئەوە عەمالەتگەری و پاوانخوازی و ملی یەکتر شکاندن بووە کە  شکستی پێ هێناون، ئەو وڵاتە هەزاران داماوی وای تێدایە بەخەیاڵی خۆی بەدڵ و بەگیان خەباتی کردووەو بۆتە قوربانی بۆ ئەوەی ئەمانە بەدەسەڵات بگەیەنێت و ستەمی نەتەوەییان لەسەر نەمێنێت، پێمان وابوو دەسەڵاتی میللی پێشکەوتووخوازە، بەڵام وا دەرنەچوو بگرە کۆنەپەرسترە، کارەساتەکە لێرەوەیە، لە لایەکی ترەوە ئەم تابلۆیە لەبەر ئەوە ناوازەیە کە بابەتێکی زیندووە، هونەرت لەپەیامە ئەسڵەکەی خۆی جیا نەکردۆتەوە هونەر هەر ئەوە وەزیفەیەتی کە تۆ کردووتە، لەهەمان کاتدا لەدونیای بێ ئاگایی و بێ ئومێدی یان هەڵخەڵەتاوی هەندێک هونەرمەند، کە شانازی دەکەن  بە سەربەخۆیی بوون و بێ لایەنی هونەرو ئەدەبەکەیانەوە بەسیاسەتەوە، ئەوەش کارەساتێکی ترو دەردێکی کوشندەتر بۆ چارەنوسی کۆمەڵگە، ئێوە پێتان وا نی یە هونەرمەندان و قەڵەم بەدەستەکان کاراکتەرێکی گرینگن لە کۆمەڵگەدا و دەتوانن دەورو کاریگەرییان هەبێت لە دەخاڵەتکردن وگۆڕینی چارەنوسی کۆمەڵگەدا؟

هیوا ساڵح: بێ گومان هۆکاری ئەو کۆمەڵگەیانەی بەرەو وێرانی چووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هونەرمەندان خۆیان بە خاوەن و بە لێپرسراوی کۆمەڵگە نازانن، بەشداری ئێمەی هونەرمەندان زۆر گرینگە، ئەگەر ئەوروپا بەو هەموو پێشکەوتنەیەوە هونەرو ئەدەبی لێدەربکەیت چی ئەمێنێتەوە؟ حەبەشەیەکی مەسیحییەت. ئەوەی لە سەدەی نەهزەدا ڕوویدا کێ کردی؟ هونەرمەندان ئەوروپایان گۆڕی، ئەوان دینیان لەدەوڵەت جیاکردەوە، ئەگینا وەک ئێمەیان لێ دەهات، ئاڵوگۆڕیان پێکهێنا لەدەورەی ژیانی ئێستەی ئێمەوە بەرەو ئەوروپای ئێستا، ئەوەی ئەگەڕێتەوە بۆ دەوری هونەرمەندان لە ئاڵوگۆڕەکاندا، ڕاستە هونەرمەندانیش دەتوانن دەوری گرینگ بگێڕن. هەڵبەت زۆرێک لە کارەساتەکانی ژیانمان بەهۆی پشتیوانیمانەوە بوو بۆئەوانەی بە شاخەوە بوون ناویان نابوو خەبات، لە ئەنفال و کیمیایی باران تا برسی کردنەکەی ئەمڕۆ، ئەمانە لە میللەتێکی زوڵم لێکراوەوە کردیانین بە میللەتێکی زووڵم کار، ئەوانە نە ئێستاو نە ڕابردوو نوێنەی خەڵک نەبوون و خەباتکاریش نەبوون، هەرچییەک ئەمانە کردبێتیان بێ موقابیل نەبووە، بڕوانە نەوشیروان مستەفا کە پێاوەکانی لەو میللەتەیان کردووە بە غاندی کورد کە پێی دەڵێن باوکی فەقیرو هەژار لە ناوەڕاستی شاردا گرد و شاخ و مەعمەلی چیمەنتۆ لەسەر کوڕەکانی تاپۆ ئەکات و مناڵەکانی لە گرانبەهاترین زانکۆی ئەمریکی خوێندنیان کرد بەناوی (Harvard university   ) ئەم گیرفان پڕکردنە حەتمەن باجەکەی کەسانێک داویانە ئەویش قوربانیانی ئەو حزبەیە، ئەمانە لەجیاتی پاداشت و خزمەتی میللەتەکەیان ناشیرینترین مەدرەسەی شەق وەشاندن و تیرۆری نەیارانی خۆیان پەروەردەکردووە، بەداخەوە خەڵکانی وەک ئەوەی کورسییەکەی شیخیان بۆ یادگاری هەڵواسی بوو ئێستا دڵنیام لە ڕیزەکانی خەنەنشینیدا گیان لەدەست دەدەن، ئەگەر لە خەوماکەی جەمیل سائیبیش بخوێنیتەوە باسی ڕووداوەکانی پشتی پەردە دەکات کە لە ناو خودی ماڵی شێخ و دەروبەرەکەی چی ڕوویداوە، دیسانەوە دڵنیا دەبیتەوە ئەو قارەمانەی کە تا ئەو دواییانەی کورسییەکەیان لە  ئاسماندا بۆ هەڵواسی بوو لە ماوەیەکی کورتی حوکمڕانیەتیاندا لە دابەشکردنی زەوی وزاری ئەو مەملەکەتە بە گوریس و گیرفانپڕکردن زیاتر مەشغوڵییەتێکی ئەوتۆیان نەبووە.

سەیری بنەماڵەی مەلایی وتاڵەبانی بکە سەری زمان وبنی زمانیان کوردایەتییە و خۆیان بە زوڵم لێکراو دەناسێنن، بەو مانایەی زوڵمیان لەسەرە بۆیە دەستیان گیراوە ناتوانن معاشی خەڵکی بەتەواوی بدەن کارەبا وخزمەتگوزاری بۆ خەڵكی دابین بکەن، ئەگەر زوڵمەکەیان لەسەر لابچێت ئاخۆ چی لەوە خراپتر بکەن؟ بەداخەوە میللەتێکین شتمان زوو بیر ئەچێتەوە شکست بەدوای شکست، بەڵام هەردوایان ئەکەوین، ئەوانەی مێژوو کە بوون بە قارەمان و سیمبوڵی نەتەوەیی ئەمڕۆ پەیکەری بۆ دروست دەکەن، هەروەکوو ئەمانەی ئەمڕۆ بوون کە سبەینێ ئەمانیش دەکەن بە پاڵەوان و وەک پیاو خاس و فریاد ڕەسی نەتەوەیی دەیکەن بە گەرووی مناڵەکانماندا لە نەخوێندەواری ئێمە ئیستیفادە دەکەن، ئاوێک کە ڕژاوە لە جەنابی شێخەوە بۆ بنەماڵە و ئاغاکان و حزبەکانی کوردایەتی هەر ئەمانە پێکیان هێناوە ئیتر چی چاوەڕوانییەکمان هەبێت لێیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.