هەرێمەکانی ترس نووسینی: شەماڵ بارەوانی…. بەشی یەکەم
هەرێمەکانی ترس
نووسینی: شەماڵ بارەوانی
بەشی یەکەم
شاکارێکیتری (فەزیلە ئەلفاروق) خاتوونە نووسەری ئەمازیغی بە ڕەگەز جەزائیرییە و نووسەر لە پاڵ ڕۆمانی هەرێمەکانی ترسدا.
خاوەن چەندین شاکاری تری ئەدەبی و ڕۆمانی تری ناوازەیە لەوانە:
-پیتی شەرم
-دۆزینەوەی شەهوەت
-میزاجی هەرزەکارێک
چرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر..
لە«هەرێمەکانی ترس»دا،
خاتو فەزیلوو لە ڕێگای گێڕانەوەی چیرۆکی مارگرێتەوە، باس لە تراژیدیاو نەهامەتی و ناخۆشیەکانی ژیانی ژن بە تایبەتی و مرۆڤایەتی بە گشتی دەکات.
مارگرێت خانەوادەکەی لە شەرمەشێخ لە میسر ڕووبەڕووی هێرشێکی تیرۆرستی خۆکوژی دەبنەوە، تەنها ئەو بە سەلامەتی لێی دەردەچێ. مارگرێت بەو چەشنە سەرجەمی ئەندامانی خانەوادەکەی لەو ڕووداوە تیرۆرستیە لە دەست دەدات.
ئەو وەک هاووڵاتیەکی مەسیحی و ئەمریکی و بنەچە ڕۆژهەڵاتی دەبێتە قوربانی جەنگ و تیرۆر و ناکۆکی تائیفی و مەزهەبی.
چیرۆکەکانی مارگرێت زۆرن، من ئەوە بۆ خوێنەر خۆی جێ دیڵم و بڕوات ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە و پەڕە بە پەڕەی ڕۆمانەکە هەڵداتەوە و بچێتە ناو قوڵایی بەسەرهات و چیرۆکەکانی ژیانی مارگرێت.
ئەوەی من لێرە مەبەستمە بیڵێم لەو نووسینە ئەوەیه، کەلە «هەرێمەکانی ترس» دا فەزیلە هەمان شێوەی هەر یەک
لە ڕۆمانەکانی (پیتی شەرم، دۆزینەوەی شەهوەت، وچرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر)، کەمن لەسەر هەموویانم نووسیوەو پێشووتر لە ماڵپەڕی گەلاوێژ بڵاو بوونەتەوە،
دیسان خاتو فەزیلە کاروانی خەباتی فێمێنزمانەی خۆی درێژە پێدەدات و لە پێناو کریزی ژن و ماف و ئازادییەکانی دەکۆشێت، بە تایبەتی دۆخە دۆزەخییەکەی ژن لە کۆمەڵە ئیسلامی و عەرەبی و ڕۆژهەڵاتییەکاندا،.
کە ژن و ڕەگەزی مێینە چارەنووس زۆر دڵ ڕەقانە و بێ بەزەییانە وای بۆ بڕیوەتەوە مێژووییەکی سیزیفیانە لە چەوسانەوەو تاڵی و نەهامەتی و تراژیدیا ئەزموون بکات و بە دەستی ئەقڵیەتی خێڵگەرێتی و مێنتەڵێنتی نێرسالاری و قامچی مەزهەب بگەرێتیەوە دنیایەک ناسۆری و نەهامەتی و تاڵی بچێژێت.
فەزیلە دوای ئەوەی کە لە هەرسێک ڕۆمانەکانی “دۆزینەوەی شەهوەت و ، پیتی شەرم و، چرکەساتی دزینی خۆشەویستی و چەند چیرۆکێکیتر”
کە لەو سێ شاکارە ئەدەبییەیدا سەرکۆنەی چەوسانەوەی ژن دەکات لە کۆمەڵە پاتریاریکی و نێرسالارییەکان و ئەو توندوتیژییە جەستەیی، دەروونی، ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی دژی ژن پێڕەوی لێدەکرێت، ڕیسواو پرۆتستۆ دەکات.
لە کۆمەڵە نێرسالارییەکاندا تائێستایش ڕێساکانی پیاوگەرێتی و ئایدۆلۆژیای مەزهەب و بنەماکانی خێڵ جێبەجێدەکرێت و ژن لە لایان نێرینەوە ڕووبەڕووی لێدان و کەرامەت شکاندن و چەوسانەوە دەبێتەوە و نەریتە کۆنین و نۆرمە باوەکانی کۆمەڵی نێرسالاری دەوری ژیانی ژنیان داوەو بوون بە قەفەسێک بۆ ئازادییەکانی ژن و مێینە.
فەزیلەخان لە ڕوانگەیەکی گەردوونی و یۆنیڤێرساڵانە و مرۆڤانەوە لە پرسی ژن دەڕوانێت. ڕوانگەیەکی جێندەریانە و باڵا، ڕوانگەیەکی دوور لەو دیده نزمە ئایدۆلۆژیست و مەزهەبیەی کە هەمیشە ژن لە گۆشەیەکی زۆر تەسک و داخراو نزمەوە دەبینێت و ژن وەک بوونەوەرێکی ناتەواو کەم ئەقڵ و بێ ئیرادەو لاواز و سێبەر و پاشکۆی پیاوەوە سەیر دەکات و لە شکۆمەندی و مرۆڤ بوون و پیرۆزی و بەهاو پێگەی ژن دەدات و دایمە لە ژن بوونی ژن کەم دەکاتەوە.
فەزیلە دەیەوێت بەو نێرانەی ژن تەنها وەک ئامێرێکی جنسی و لنگ بازی و ئامڕازی خزمەتی ناوگەڵی پیاو دەبینن و تەنها ئاڵۆش و خرۆشی خۆیانی پێ دەشکێنن و غەریزەی خۆیانی پێ دادەمرکێننەوە، بڵێت ژن بەرلەوەی ژن بێ، مرۆڤە، ژن قوتابخانەی ژیانە، درێژەپێدەری بوون و لەگەڵ پیاو هاوتاو یەکسانە.
وەرن باوەڕ بە ڕووکنی فێمێنیزم بوون بێنن و تێگەیشتنێکی جێندەرییانە لە بارەی ڕەگەزی مێینە لە بیروباوەڕتان جێگیربکەن و ژن پەروەری بکەن بە ئەقیدەی مرۆڤ بوونتان و وەک پیرۆزییەک پێڕەوی لێبکەن و لادان لێی بە هەرەتەقە و کفرێکی ڕووت بە مافی ژن وەک مرۆڤێک لە قەڵەم بدەن و سەرپێچیکەرانی مافەکانی ژن سزا بدەن.
خاتوو فەزیلە بە هەڵگرانی بیری نێرسالاری دەڵێ دەبێ ئیتر دان بە هەموو مافە سروشتی و ئازادییە سەرەکییەکانى ئافرەتدا بندرێت، لە کایەکانی سیاسەت، ئابوورى، کۆمەڵایەتى، ڕۆشنبیرى و مەدەنى و هەموو ئەو بوار و مەیدانانەى دی کە دەرفەت بۆ پیاوەکان ڕەخساون و کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم ئازادیی و هەنگاوەکانی ژن داندراون و پشکداریى ژنیش لە هەموو ئەم بوارو کایانەدا دەبێ ئیدی بە مافێکى سروشتی و سەرەتایی و یاسایی و ئاسایی بزانرێت.
دەبێ ئیدی ڕێز لە ژن بگیرێت و نابێت چی دیکە بە هیچ پاساوێک و لە ژێر هیچ ناوێک و بە هیچ بیانوویەک ژن له ژنبوونی خۆی دابماڵرێت و لە پیرۆزی و پێگە و بەهای ژن بدرێت.
فەزیلە خان پێمان دەڵێت، ژن به ڕۆڵ و پێگه و فيکر و ئیشیان هیچی کەمتر نییە لە پیاو. بۆیە دەبێ لە جێ بەجێکردن و بهرجهستهکردنی ههموو مافه بنەڕەتییە مرۆیییهکاندا یهکسان و هاو واتابێت لهگهڵ پیاوداو ڕێز لە توانا و هێزی ژن بگیرێت و ڕۆڵی بەهەند وەربگیرێت و سەروەری بۆ ژن بگێڕدرێتەوە. دەبێ بنەماکانی جڤاتی نێرسالاری هەڵبوەشێندرێتەوەو بتی نایەکسانی تێک و پێک بشکێندرێت و دەستکاری و ڕیفۆرمی بەشێک لە نەریتە کۆن و نۆرم و ڕێسا باوەکانی کۆمەڵی نێرسالاری و مینتەڵێنتی نێرسالاری بکرێت و جارێکیتر پڕەنسیپ و یاساکانی کومەڵ، لەسەر پێوەری یەکسانی جێندەری و هاوسەنگی نێوان هەردووک ڕەگەز دابڕێژرێتەوەو کریزی ژن بە فەرمی و بە دامەزراوەیی بكرێتن و خەمی ژن ببێت بە خەمی هەموو كۆمەڵ و ژن لە پەراوێزی نایەکسانی و فەرامۆشی ژێر کەڵبەی کابووسی نێرسالاریدا بهێندرێتە دەرەوە و بە جدی بیر لە ماف و ئازادییەکانی ژن بكرێتەوە.
چیتر ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتێرو گشتگیرەی پیاو لە دنیای نێرسالاریدا سنوورێکی بۆدابندرێت و هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ڕۆڵی ژن و پیاودا بکرێت و لەسەر پڕەنسیپی یەکسانی ئەرک و ڕۆڵەکان دابەش بکرێن.
ماویەتی