پەیامی کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی عێراق…. عەبدوڵا مەحمود

0

پەیامی کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی عێراق

عەبدوڵا مەحمود

کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان و دواتریش راگەیاندنی سەدر بەوەی لە پرۆسەی سیاسی سیاسی عێراق دەکشێتەوەو لەگەڵ گەندەڵکاران حکومەت پێکناهێنێت، جێگای پرسیاو لێڕامانە.

کشانەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق بەدوای ئەوەدا هات کە رەوتی سەدر و هاوپەیمانیەتیەکەی دوای تێپەڕینی نزیکەی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پیش وەختەی عێراقدا، نەیاتوانی بەسەر گرفتە قوڵ و چارهەڵنەگرەکانی عێراقدا زاڵ ببن. هاوکات نەیانتوانی حکومەت پێکبهێن و خواستی پیکهێنانی حکومەتی زوربە، بەشوێنێک نەگەیشت.

رەوتی سەدر بە کشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق، دەیەوێت شانی خۆی لە شکستی پێکهێنانی حکومەتدا، خاڵی بکاتەوە، لەوەش زیاتر هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەت بخاتە ئەستۆی نەیارە سیاسیەکانی، بەتایبەتیش چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لە ئێرانەوە نزیکن.

دیارە چ بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی زوربە و چ پاشەکشەی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، هەر دووکیان مانۆری رەوتی سەدرن بۆ پێکهێنانی حکومەت، نەک دەستهەڵگرتن لە پێکهێنانی حکومەت و کشانەوە لە پرۆسیسی سیاسی عێراق. رەوتی سەدر نەک لە پرۆسەی سیاسی عێراق ناکشیتەوە، بەڵکو بەو مانۆرە سیاسیانەی ئەنجامی دەدات، خەونی بوون بە تاکە سواری بێ رەکبەری لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەیە.

رەوتی سەدر بۆ ئەو ئامانجەی کە دەیەوێت ببێتە یاریزانی سەرەکی و هێزێکی هەژموونگەرا لە عێراقدا، دەمێکە دوو بژاردەی بەدەستەوە گرتووە. بژاردەی کایەی پەرلەمانی و حکومەتداری لەلایەک و بژاردەی شەقام و هەوڵدان بۆ خۆجوتکردن بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریی، لەلایەکی ترەوە.

بەجیا لەوانەش رەوتی سەدر وەکو سەرجەم هێزە سیاسیەکانی تر، هێزێک نییە بتوانرێت لەهەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراقدا بە سانایی کەنار بخرێت. رەوتی سەدر لە حکومەت و پەرلەماندا بێت یان نا، لەسەر شەقام ئاکسیۆنی نارەزایەتی رەوتەکەی نمایش بکات یان نا… بەو هۆیەوە خاوەنی چەک و میلیشیایی تایبەت دام و دەزگای هەواڵگری و جاسوسی و وابەستە بە بلۆک بەندیەکانی ناوچەکەیە، وەکو یاریزانێکی سەرەکی لە دۆخی عێراقدا دەمێنێتەوە و هەموو جۆرە حکومەتێک بەبێ بەشداری و ئۆکەی ڕەوتی سەدر، حکومەتێکی لاواز و شلۆق و بریار لاواز و تەمەن کورت دەبێت. هەر ئەو واقیەتەشە، شانسی بەرەوتی سەدر داوە، مانۆری جۆراو جۆر نمایش بکات… کشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، یەکێک لەو مانۆرانەیە.

جیا لەوانە بانگەشەی رەوتی سەدر بە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، بۆ زاڵ بوونە بەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق و بە بانگەشەی دژایەتی گەندەڵییەوە. رەوتی سەدر دەیەوێت لە ژێر چەتری وەستانەوە بەرووی گەندەڵیدا، هەم رەوتەکەی وەکو هێزێکی پاکژی تێوەنەگلاو لەدزی و تاڵانی و گەندەڵی بخاتە ڕوو، هەم رەوت و هێزە سیاسیە نەیارەکانی بە دزو گەندەڵکار، بناسێنێت و لەو رێگایەشەوە بزوتنەوەی دژە گەندەڵی کە بەشێکی گەورە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری پێک دەهێنێت، بەخۆی ڕەوتەکەیەوە بلکێنێت و خۆی بە ئاڵاهەڵگری ئەم بزوتنەوە دژە گەندەڵییە، هەڵبواسێت.

دیارە رەوتی سەدر، لەدوای کەوتنی رژێمی بەعسەوە رەوتێکی سیاسی گۆرەپانی عیراق بووەو ئەم دۆخەی بە ئێستا گەیشتووە، رەوتی سەدر وەکو سەرجەم حزب و رەوتەکانی تر، بەرپرسیارە لەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەی کە عێراق دەرگیری بووە. جیا لەوانە رەوتی سەدر خاوەنی میلیشیایەکی ١٠٠ هەزار کەسییە بەناوی سەرایا سەلام. میلیشیایی سەدر لەپال میلیشیاکانی تری هێزە سیاسیەکانی تردا، سەرچاوەی سەرەکی دزی و تاڵانی و پاوانی جغرافیا و تیرۆری نەیارانی سیاسی و رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرین. رەوتی سەدر و سەرجەم رەوتەکانی تر کە پشتیان بەهیزی چەکدار و دام دەزگای حزبی و جاسوسی بەستووەو خۆیان بەیەکێک بە وڵاتان و بلۆک بەندیەکانی ناوچەکەوە گرێداوە، نەک هەر گەندەڵ و تاوانکارن، بەڵکو سەرچاوەی دزی ئاشکراو نائەمن کردنی کۆمەڵگە و دەیان دەردو کوێرەوەرین بەسەر خەڵکی عێراقدا.

رەوتی سەدر بەمانۆری کشانەوەی فراکسیۆنە پەرلەمانیەکەیی و بەدرۆی دەستهەڵگرتن لە پرۆسەی سیاسی عێراق، دەیەوێت مانۆری شەقام، بۆ زاڵ بوون بەسەر پرۆسەی سیاسی عیراقدا زامن بکات و هەر حکومەتێک کە خۆیان تیایدا باڵادەست نەبن، بخاتە بەردەم غەزەبی جەماوەری و هەڵوەشاندنەوە. دیارە رەوتی سەدر کەڵک لە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵات و رەوتە سیاسیەکان، وەردەگرێت. کەشی نەفرەتی جەماوەرییدا، هەمیشە بوار دەدات تا هیزی سیاسی دەستێوەردانی تیا بکەن و هەوڵ بدەن جڵەوی بکەن.

پاشەکشەی سەدر و شکست خواردنی لە رزگارکردنی بۆرژوازی عێراق لەو ئەزمە قوڵەی دەرگیری بووە چاوەروان کراو بوو، بێگومان ئەم شکستەش کاریگەری لەسەر سەرجەم هاوپەیمانیەتەکەی هەیە و لەو نێوەدا پارتییش دۆڕاوێکی ناو هاوپەیمانیەتەکە بوو… چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ڕەوتگەلی سەر بەئیرانن، بە کشانەوەی رەوتی سەدر، شانسی دووبارە دەستبردن بۆ حکومەت دروستکردنیان بۆ رەخساوە، بەڵام شانسێکی ژێر زەبر و لاواز و بێ ئاکام.

بەکورتی کشانەوەی سەدر لە پەلەمان و پرۆسەی سیاسی!! ئاکامی شکستە لە وەڵام بە ئەزمەی بۆرژوازی عێراقی و شکستە لە پێکهێنانی حکومەت، وە مانۆرێکی سیاسییە، لە پێناو دەستبردن بۆ مانۆرێکی تر. ئەم یارییە بەشێکە لە واقعیەتی داسەپاو بەسەر عێراقدا و دۆخی سیاسی عێراقیش خراپتر دەکات و دۆسیەی پیکهێنانی حکومەت زۆرتر دوا دەخات. هەموو بژاردەکانی رەوتی سەدر، بە ئامانجی ئەوەیە ببێتە ئاڵاهەڵگری رزگاری بۆرژوازی عێراقی لەو ئەزمە قوڵ و چارهەڵنەگرەی تووشی بووە. هەوڵدان بۆ زاڵ بوون بەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوانی شەقامدا، لەڕیگای خۆهەڵواسین و بەهرەبەرداری لەو نارەزایەتییە جەماوەرییەی بۆنان و کار و خزمەتگوزارییەکان و بەدژی ئەو دزی وتاڵانیەی لە ئارادایە… یەکێک لە مانۆرە سەرەکیەکانی سەدرە، بۆ پاشەپێکردن بە بزوتنەوەی جەماوەی و جڵەوکردنی.

١ی تەمووزی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.