بەڵێ مەسەلەکە چینایەتیە!….وەهمی ڕیفۆرم و ئاڵوگۆڕی نیوداش نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بەڵێ مەسەلەکە چینایەتیە!….وەهمی ڕیفۆرم و ئاڵوگۆڕی نیوداش
نووسینی: ئیبراهیم حسێن
مەسروربارزانی ماوەیەک لەمەوپێش لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاندا کۆبوویەوە. دیدارێک کە بابەتە سەرەکیەکەی نیگەرانی و ترس بوو. نیگەرانی میدیا و ترسی دەسەڵات. لایەکی ئەو دیدارە خڵێی موسڵیحین و ڕیفۆرمیستی نیوداشتی ئەمڕۆی کوردستان کە سەرباری نزیکەی سێ دەهەی حاکمیەتی بۆرژوایی خۆیی ونیشتیمانی، سەرباری ژیانێکی بێ ئەندازە ناشایستە و پەست کە کراوەتە بەشی جەماوەرێکی چوارپێنج میلیۆنی کرێکار و زەحمەتکێش لە سایەی ئابوری بازاڕی کاری هەرزان، سەرباری تاوانی ئاماری کوشتاری ناموسی چەند هەزاری ژن له کوردستان و سەرکوت و زیندانی کردن و تیرۆری ڕابەرانی کۆمۆنیست و چەپی کۆمەڵگە و ڕەخنەگران لە شاپور و قابیلەوە تا بەکر علی وفەرهاد فەرەج، لە نەزیر عمرەوە تا زیندانیانی بادینان، لەو باوەەدان کە بۆرژوازی دەکرێ هێندە دژی ئازادی و سەرکوتگەر نەبێ. دەکرێ هێندە بەرامبەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان هێندە لاموبالات و کەللەشەق نەبێ. هاتبوون تا ئەم دەسەڵاتە بۆرژواییەی کوردستان لەوە بەئاگا بێننەوە کە ئەم بۆرژوازیە ناکۆکی و جەنگی چینایەتی بە ئاستێکی مەترسیدار گەیاندوە. دۆخێکی چینایەتی ئەوەندە ئاشکرای خوڵقاندوه کە پەیوەندی ئەو دەسەڵات و حاکمیتەی دوچاری پچڕان و لەبەریەک ترازانێکی بێگەڕانەوە کردوە بە جۆرێک کە ئیتر بەنج و تریاکی نیشیمان و نەتەوە و بەیت و بالۆرەی ڕیفۆرم و ئاڵۆگۆڕی نیوداش و شێنەیی، چیتر ناتوانێ ئەم شعور وهەست و دەرکە چینایەتیەی ئەو جەماوەرە کرێکار و بێبەشە سڕبکا، ئەگەر کارێک نەکەن. ئەگەر هەندێک سوبسید بە خەڵک نەدەن، ئەوا هۆکارێک نامێنێتەوە کە کرێکاران و چینەکانی خوارەوە سەرکوت قبوڵ بکەن و یاخی نەبن و بیر لە گۆڕان بەشێوەی شۆڕشگێڕانە نەکەنەوە. هاتبوون تا بۆرژوازی خۆیی ئیرشاد بکەن تا ئەوەندە دیکتاتۆر نەبێ، ئەوەندە بێ ئیعتینا و کەمتەرخەم نەبێ بەرامبەر بەو قڵشت و هەلومەرجە چینایەتیە و ئاکامە سیاسی کۆمەڵایەتیەکانی ئەگەر هەندێک وردەکار و وردە ڕیفۆرم کە لە توندی ئەو بەرکەوتنە چینایەتیە کەم بکاتەوە ئەنجام نەدەن. هاتبوون کە دڵسۆزانە بە بۆرژوازی حاکم ڕابگەیەنن کە هەلومەجەکە ئەوەندە چینایەتیە کە لە دۆسیەی نەوتدا کار گەیشتۆتە جێگەیەک هاوڵاتی ئەم کۆمەڵگەیە بە ئاشکرا دەڵێ نەوتێک کە بۆ ئێمە نەبێت، جیاوازی چییە لە دەستی کێدایە؟ نیشتیمانێک کە ئێمە تیایدا ئاوارەین و چواردیوارێکی چەند دە مەتری و سەرپەنایەکی نەبێ بۆ ئێمە، چ بەها وئەرزشێکی هەیە؟ بازاڕێکی کاری هەرزان کە میلیۆنێر و میلیاردێر تیایدا وەک قارچک هەڵدەتۆقن و سەروەت و سامان و موقدەراتی بەشەریەتی کرێکار و زەحمەتکێش تیایدا لە دەستی ئەم بۆرژوازیە دژی ئازادی و کۆنەپەرەستە بەبارمتە گیراوە، نیشتیمانی ئێمە نییە. هاتبوون بڵێن کە ئێوە حکومەتی خۆتان بکەن، بەڵام کارێک بکەن ئێمە بتوانین بەرگریتان لێ بکەین و بەرگری ئێمە هەرچەندە لەشێوەی ڕەخنەدایە، بەڵام خۆ سەرەنجام بۆ ئەوەیە پەیوەندی ئەو ئەزمونەی دەسەڵاتی بۆرژوایی خۆیی بە کۆمەڵگە، بە کرێکاران و بێبەشانێک کە خەریکە لەدەستدەردەچن وخێری نەتەوە و نیشتیمان لەسەری بەرژەوەندی چینایەتی خۆیانەوە، لە پێناو ئازادی و خۆشبەختی و کەرامەتی خۆیان دەبەخشنەوە، سەروسامان پێ بدەینەوە و لەو پێناوەدا ئەوان ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند و هەندێکیان ئامادە بوون ئازادی دەربڕینی خۆیان فیدابکەن بەو مەرجەی بۆرژوازی حاکمی کوردستان ئەوەندە دەست و دڵ ئاواڵا بێ ئاو و کارەبا بدا. موقایزەی ئازادی دەربڕینی ئەوان لە پێناو پاراستنی پەیوەندی ئەو ئەزمونە بە کۆمەڵەگەیەک کە بارە چینایەتیەکەی، مەسەلە چینایەتیەکەی گەیشتۆتە ڕاددەیەک کە وایکردوە بەرگری لێکردنی ببێتە مایەی شەرم و خەجاڵەتی بۆ ئەو ڕیفۆرمیستە نیوداشانەی کوردستان.
بەڵێ جەنابی بارزانی و دۆستانی خێرخوازی بۆرژوا ترس و نیگەرانی ئێوە واقیعیە. بەڵێ مەسەلەی کوردستان چینایەتیە. هەژاری و نەداری و فەلاکەتی ئەمڕۆ چینایەتیە. مردنی پیرانی خانەنیشینی چینی کرێکار لەسەرەی وەرگرتنی ساڵی چەند جارێکی خانەنیشینی چینایەتیە. مردن و خنکانی خەڵک لە ئاوی زێراب و باراندا لە هەولێری پایتەختی ئەم حاکمیەتە بێکەڵکەدا چینایەتیە. بەبارمتەگرتنی کرێ و موچەی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان و فەرمانبەران کە لەڕێگەی کار و زەحمەتی خۆیانەوە کاردەکەن و سەروەت دەخوڵقێنن و کۆمەڵگە بە پێوە ڕادەگرن، چینایەتیە. سەرکوت و دەم داخستن و زیندانیکردن و بەرشەقدانی مامۆستا و بێکارکردنی کرێکارانی ژینگە، چینایەتیە. بەڵێ هەموو ئەم بابەتانە چینایەتین و ئەم چینایەتی بوونە، ئەم دابەش بوونە چینایەتی و ئەم کێشمەکێش و خەباتە چینایەتیە ئەوەندە بەهێز و گەورەیە کە لە هەموو دەرکەوتنێکی کرێکاران و جەماوەری بێبەشدا خۆی نیشاندەدا. لە هەولێرەوە ئەم هاوارە لە قوڕگی ژنانی کرێکار و زەحمەتکش کاتێک کەلە تاوی بێ ئاوی و بێکارەبایی و لە تاوی ئەو شێوە ژیانە پەستە هاتبونە مەیدان ئەوەندە ڕوون هاتە گوێ کە ناکرێ گوێی کەڕی حاکمانی بۆرژوا و ڕیفۆرمیستی نیوداشی ئەمڕۆی نەسمی بێ، کاتێک وتیان گەڕەک و شوێنی ژیانی ئێمە سەیر کەن وگەڕەک شوێنی ژیانی ئەوانیش سەیر کەن، لە هەمان ئەو هەولێرەدا ئێمە کارەبامان نیە، ئاومان نیە و بەو شێوە ژیانە ناچارکراوین بەڵام سەیری گەڕەک و شوێنی ژیان و کۆشک و تەلاری چراخانی ئەوان بکەن. ئیتر ئەوان و ئێمە سەر بە یەک دنیا نین. جیاوازین و ئەوان بەشێک نین لە ئێمە.
ئیتر مێژووی واقیعی کوردستان مێژووی ئەم خەباتە چینایەتیەیە و دینامیزمی هەر ئاڵوگۆڕێک ئەم پێکدادانە چینایەتی و کۆمەڵایەتیەیە. ئەگەر بە هەزار دەلیل بتوانین گومان لە ئاماری سەیارە و ماشێنەکانی بارزانی بکەین کاتێک ویستی بیسەلمێنێ کە کرێکاران وبێبەشانی کوردستان هەقیان نییە ئەوەندە ناڕازی و ناشکوربن چونکە ئەوەتا لە کوردستان سەیارە و ماشێن زۆره، بەڵام ترس و کابوسی بارزانی و بۆرژوازی و دەسەڵات و میدیاکەی لەم ناشکوری و ناخۆشنودی و ناڕەحەتیە چینایەتیەی کرێکاران و بێبەشانی کوردستان لەم کۆنەپەرەستیه بۆرژواییەی کوردستان، هیچ گومانێک هەڵناگرێ.
ترس و کابووسی بۆرژوازی لە دەسەڵاتداریەوە تا ئۆپۆزیسۆنەکەی تا میدیا و فەیلەسوف و چاکەکاری، لە چینایەتی بوونی دەرک و شعوری کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە لە ڕیشەی بێبەشی و بێمافیەکانیان و لەو شێوەژیانەی تێیدا دەژین واقیعیە. چونکە ئەگەر کرێکاران و بێبەشان چینایەتی بیربکەنەوە و لە وەهم و خۆشباوەڕی بە نیشتیمان و نەتەوەچێتێ وخورافەی دینی ڕزگاریان بووبێ و لەجیاتی ئەم خورافاتەی چینەداراکان لە ڕوانگەو گۆشەی چینایەتی خۆیانەوە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینایەتی خۆیانەوە، ئەم دەسەڵات و دەورو دوکانە بخەنە ژێر پرسیار، ئەوکات بیر لە گۆڕینی ژیانی خۆی و بەدەستەوەگرتنی چارەنوسی خۆی کۆمەڵگەکەی و پێوویستی دەستبردن بۆ ڕیشەی بێمافی و چەوسانەوە دەکاتەوە و ئەو چوارچێوە سیاسیانەی کە بۆرژواکان بۆ سیاسەت و دەخالەتی سیاسی دیاریان کردوە تێدەپەڕێنێ و بیر لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دەکاتەوە. ئەوکات لە هەلومەرجێکی بەو جۆررەدا هیچ هۆکارێک نابێ کە وا بکا مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش چارەنوسی خۆی ڕادەستی کۆنەپەرەستی بۆرژوایی کوردایەتی بارزانی و تاڵەبانیەکان بکا. نەک هەر ئەوە بەڵکو خێری ئۆپۆزیسیۆنی ساختەی بۆرژوازیش دەبەخشێتەوە کە بە نیازە لە ڕێی ڕەخنەی نیوەوناچڵی هەلومەرجی ئێستا و بەڵێندانی هەندێک ئاڵۆگۆڕی نیوداش و شێنەیی کە ڕەنگە تەمەنێک بخایەنێ، جارێکی تر کڵاو بکاتە سەر چینی کرێکار و لە جیاتی ئەم یان ئەو کارەکتەری ساختەی بۆرژوا و سەرمایەدار، لە جیاتی شاسوارەکان و موقتەداکان و فلان و فیسار کۆنەپەرەستی ئیسلامی و قەومی، دەچێتە پشتی ڕابەرانی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵی چەپی کرێکاری کۆمەڵگە. ئەوکات و لەو سیناریۆیەدا چینی کرێکار و بێبەشان، ڕابەرانی چەپی کرێکاری و کۆمۆنیستی خۆی پەیدا دەکا و گەورەیان دەکا. نەوەیەک لەڕابەرانی ڕادیکاڵ کە جارێکی تر دوای بەلەشەفیزم ئامادە بن لەسەر هەموو ئازادی نەک سوچێکی، لەسەر هەموو خۆشبەختی نەک کەمێکی و لەسەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و هەموو کۆمەڵگە و پیادەکردنی بەرنامەی خۆی، بەرنامەی دنیایەکی باشتر، کۆمەڵگە ودەسەڵات بگرێتە دەست، ئەو وزە و توانای مەزنە کۆمەڵایەتی و چینایەتیە کە لە قوڵاییدا لە پێناو ئازادی و خۆشبەختیدا دەجۆشێ دەخاتە سەر ڕێچکەی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و چارەنوسساز و ئەو مافە و ئەو ئیمکانە بۆ چینی کرێکار و ئەو مرۆڤایەتیە بێبەشە دەڕەخسێنێ کە جارێکیتر لە مێژووی هاوچەرخدا لە خەبات لەسەر ئازادی و خۆشبەختیدا کڵاوی نەکرێتە سەر و لە ڕیزێکی سیاسی چینایەتی سۆسیالیستی و کرێکاری بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی سۆشیالیستیدا بجەنگێ.