لاقەکردنی ئەقڵ..(سایکۆلۆجیەتی زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوەو لەناوبردنی ئەقڵ و شۆردنەوەی مێشک) نووسینی: شەماڵ بارەوانی
لاقەکردنی ئەقڵ..(سایکۆلۆجیەتی زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوەو لەناوبردنی ئەقڵ و شۆردنەوەی مێشک)
نووسینی: شەماڵ بارەوانی
(سایکۆلۆجیەتی زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوەو لەناوبردنی ئەقڵ و شۆردنەوەی مێشک)
ناونیشانی کتێبێکی قەبارە مەزنی زیاد لە چوارسەت لاپەڕەیی نووسەر و دەروونناس و هۆڵەندی بەڕەگەز ئەمریکی (د.جۆست ئیبراهام ماوریتز میرلۆ)یە.
نوسەر تێیدا لەبارەی کومەڵێک بابەت دەدوێت، لەوانە: جەنگی سارد لەدژی ئەقڵ، تەکنیکەکانی خستنە ژێرکۆنتڕۆڵی مرۆڤایەتی، ترس وەکو ئامڕازی تیرۆر، دادگا بەرامبەر دادگا، ئەقڵ باوکی مرۆڤە، تەکنەلۆجیا شەڕی ئەقڵمان دەکات، ڕاهێنان لە دژی ئەشکەنجەدانی ئەقڵ، قوتابیەکانی بافلۆف و ..تاد.
لاقەکردنی عەقڵ/
پێمان دەڵێت لەوانەیە زۆرێک لە مرۆڤەکان تائێستا واحاڵی بوو بن، کە بە تەنها لاقەکردنی فیزیکی و جەستەیی هەیە، نەخێر بەڵکو جۆرێکیتر لە لاقەکردن هەیە، لاقەکردنێک، کە هیچی کەمتر نییە لە لاقەکردنی بەدەنی و جەستەیی، ئەویش لاقەکردنی ئەقڵە.
لاقەکردنێک بە شێواز و ڕێگەی زۆر و جۆر بەجۆر دەکرێت،
جارێ وایە ئەو لاقەکردنە لەسەر ئاستی تاکە، جاریش هەیە کۆیە و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دەستەجەمعی و بە کۆمەڵ ئەقڵی خەڵکێکی زۆر و بێ شومار لاقە دەکرێت.
جاریش هەیه لاقەکردنی ئەقڵی کومەڵ، لە ڕێگەی مەزهەبێک، یان، ئاڕاستە و ئایدیۆلۆژیایەک، یان، واعیزێک و پیاوێکی ئایینی، یان، سیاسی و سەرکردەیەک، یان جادوگەرێک، درۆزنێک، سەلەفیزم و فێندەمێنتالیستێک، ڕاگەیاندنێک.. تاد. دەبێت، لە مێژە گوتراوە: ڕاگەیاندنێکی بێ ویژدانم بەرێ، تا گەلێکی ناهۆشیارت وێ بدەم، ئەقڵی هەزاران کەست بۆ لاقەکەم، نموونە هەشتا ملیۆن ئەڵمانی لەلایان هیتلەر و چەند نازیزمێکەوە، ئەقڵیان لاقەکراو ئەو بڕوایەیان لا دروستکرا، کە ڕەگەزی ئاری باشترین و باڵاترین ڕەگەزەو ئەڵمانیا مافی سەرپەرشتیکردن و لێخوڕینی هەموو جیهانی هەیە و هیتلەر سەرکردەیەکی باڵاو پیرۆزە، بەڵێ گۆبلزی وەزیری ڕاگەیاندنی نازیزم، فۆهرەر و هیتلەر و کۆمەڵێک ژەنەرال و گەورە بەرپرسی سەربازی و سیاسی نازیزم، لە رێگەی ڕۆژنامەو ڕادیۆوە، لە ڕێگەی پڕوپاگەندەو درۆوە، وشە ئاگرین و حەماسیەکانی خۆیان بەگوێی گەلی ئەڵمان دەچرپاند و لەو ڕێگەیەوە، توانییان ئەقڵی ملیۆنان ئاڵمانی لاقە بکەن.
سەدام و عەفلەق و ئەسەدی بەعسیزم و کێو کێی تری شۆڤێنیزم، هەمان شێوە لە ڕێگەی ئیدەلۆژیای بەعسیزمەوە، مێشکی ملیۆنان عەرەب و مرۆڤی عیراقییان هاککرد و فیکرێکی ڕەگەزپەرستانە و نامرۆڤانە و بەربەریانەیان دەرخواردان و لەو ڕێگەیەوە، ئەقڵ و هۆشیان لێ لاقەکردن، لە مرۆڤبوونیان خستن و ویژدانیان لێسەندنەوە و کەسایەتی و بوونیان وێرانکردن.
هەروەها دەیان و سەدان و هەزاران کەس، لەلایان بەغدادی و بن لادن و کۆمەڵێک توندئاژۆ و تیرۆرستی ترەوە، لە ڕێگەی فیکرێکی ئوسولیگەراو تاریکپەرست و مەزهەبێکی کۆنەپەرست و هۆڤانەوە، بوون بە هەڵگری فیکری بناژوخوازی و ئەقڵیان لاقەکراو بوون بە تیرۆرست.
لاقەکردنی ئەقڵ، پێمان دەڵێت لاقەکردنی ئەقڵ جۆری زۆرە، کەسێک بانگەشەی هەموو شت زانی و ئەویتر بە هیچ نەزانی دەکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک بە کۆمەڵێک گوتار و وەعزی خوڕافی و عاتیفی و سۆزداری دەیەوێت کاریگەری لەسەر ئەقڵ و هۆشی ئەوانیتر دروست بکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک بە ڕێگەی مەزهەبێک، یان، بیروباوەڕ و ئیدەلۆژیایەکەوە، ئەقڵی مرۆڤگەڵێک لە قاڵب دەدات و سنووری تێڕوانینیان تەسک و جیهان بینییان داخراو دەکات، ئەوەیش لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک دنیایەک تابۆ و سنوور و بڤەو بوت، بە پاساوی بێ مانا و لەژێر ناوی جیاجیادا، لە بەردەم بیری ئازاد و ئازادی بیکردنەوەدا قوتدەکاتەوە، ئەوە لاقەکردتی ئەقڵە.
کەسێک بە بیانووی پووچ و ناڕەوا، مافی تێهزرین و تێڕامان و بیرکردنەوە لەوانیتر حەڕام دەکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک ئەقڵانیەت بەهەرتەقە و، لۆژیک بە زەندەقە دادەنێت، ئەوەش لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ لەوانیتر دادەخات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک ڕەخنە قبوڵ ناکات و لە پرسیار دەترسێت و لە ئەقڵانیەت ڕادەکات، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک بانگەشەی یەقین دەکات و حەقیقەت بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە و تووشی نەخۆشی ڕەهاگەرایی بووە و فۆبیای لە بەرامبەر گووماندا هەیه، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک دەرگای توێژینەوە و ئیجتیهاد دادەخات، ڕێگری لە خوێندنەوەی تازەو نوێی تێکستە ئایینیەکان و تەفسیری جیاوازدەکات و کوشتەی دەستی شلۆڤە و تێگەیشتنێکی مێژوویانە و دۆگماییانە و سیاسیانە و مەزهەبیانەو حەرفیانە و چەقبەستووانە و ڕووکەشگەرایانەی ئایینە، ئەوەش هەر لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک لە زۆنگاوی سەلەفیگەرێتیدا گیری خواردووە و هەموو نوێگەرێیەک ڕەتدەکاتەوە، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
کەسێک تووشی وەهمی بەپیرۆزکردنی مێژوو و چەقبەستن لەناو کۆمەڵێک دۆگم و تێگەیشتنی کۆنی ماوە بەسەرچووی بەر لەهەزار ساڵ بووە، ئەوە لاقەکردنی ئەقڵە.
نەخوێندنەوەی ئەویتر و بەکەم سەیرکردنی ئەویتر و گوێ نەگرتن لە بۆچوونی ئەویتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
قۆرخکردنی حەقیقەتەکان و بە تاپۆکردن و مۆنۆپۆڵکردنی مێژوو و بەکافرکردن و گومڕاکردن و بە دۆزەخکردنی هەموو ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
ترساندنی مرۆڤ و دژایەتیکردنی ئەقڵانیەت و ڕاکردن لە ئەقڵ و ترسان لە ئەقڵی ئازاد، لاقەکردنی ئەقڵە.
سەپاندنی عەقیدەیەکی دیاریکراو، ئایینێکی دیاریکراو مەزهەبێکی دیاریکراو، لاقەکردنی ئەقڵە.
باوەڕنەبوون بە لێبوردەیی و فرەیی و پێکەوەژیان و قبوڵ نەکردنی جیاوازییەکان و ڕێزنەگرتن لەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
تۆتالیتاریەت و خۆسەپاندن و بۆچوون و ئایین و مەزهەب سەپاندن بەسەر ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
بیری فێندەمێنتالیزمی و ڕادیکاڵێتی و توندئاژۆیی، لاقەکردنی ئەقڵە.
بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردن و بچووکردنەوە و کۆپیکردن و بە سێبەرکردنی ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
سنووردانان و هێڵ کێشان، لە بەردەم ئازادی و خواست و حەزی ئەوانیتر، لاقەکردنی ئەقڵە.
لەناوبردنی جیاوازییەکان و تیرۆرکردنی پێکەوە ژیان و سڕینەوەی ڕەنگەکانی تر، لاقەکردنی ئەقڵە.
بیرنەکردنەوە و شوێن کەوتنی کوێرانە و نەفامانە، دیسان لاقەکردنی ئەقڵە….