بەرەی بۆرژوازی کورد و ئەزموونی هەرێم، لە هەلومەرجی تازەدا! …. نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
بەرەی بۆرژوازی کورد و ئەزموونی هەرێم، لە هەلومەرجی تازەدا!
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
٩ی ئەم مانگە حزبەکانی بەرەی بۆرژوازی کورد بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبونەوە. کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە پرس و کات و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان.
پرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستاندا، کە لەلایەکەوە دۆخی سیاسی کوردستان لەبەردەم نائارامی و شلۆقی و هێرش و دەستێوردانی بەردەوامی وڵاتەکانی ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکی ترشەوە بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوانی جەماوەری بە دژی حزبەکانی بۆرژوازی کوردا، لە هەڵکشاندایە، مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی لەگەڵ مەترسیەکی زۆر گەورە بەرەوڕوو کردۆتەوە.
پرسی هەڵبژاردنەکان لە کوردستاندا، لە بنەرەتدا بۆ جەماوەری کوردستان کۆتایی هاتووە. جگە لە بەشێکی زۆر کەمی کادر و بەرپرسە حزبیەکان و ژمارەیەک بەرژەوەندخوزاو و چارەنووس وابەستە بە حزبەکان بەگشتی و حزبە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەتی، کەسی تر باوەری بە درۆی هەڵبژاردنەکان نەماوەو بەکردەوە خەڵکی کوردستان بەو ڕاستیە گەیشتون کە هەڵبژاردن تەنها گەمەیەکی فریوکارانەیە بۆ ڕەوایەتی بەخشین بە دەسەڵاتێکی ناڕەواو نایاسایی بۆرژوازی کورد بەسەر چارەنووسیاندا.
تەنانەت کادر و بەرپرسە حزبیەکانیش ئەو ڕاستیە دەزانن، کە هەڵبژاردن هیچ لە واقعیەتی باڵادەستی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی سیاسی حزبەکان بەسەر زونەکاندا ناگۆڕێت و لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە ئاکامەکەی هەرچیەک بێت، دەسەڵاتی پشت بەستوو بەپاوانی داهات و چەک و خۆبەستنەوە بە وڵاتانی ناوچەکە، دەستبەرداری دەسەڵات نابێت و جێگا بۆ هیچ لایەنێکی تر چۆڵ ناکات. هەروەها دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بە رێگای ئاشتیانە!! و لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە، رێگایەکی بن بەست و لەوەش زیاتر فریوکارییەکی ئاشکرایە.
دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و سەرجەم حزبەکانی تر لە بەرەی بۆرژوازی کورد، تا دەگاتە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان، گرفتیان گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکان نییە. کێشەیان ئەوە نییە، کە هەڵبژاردن هیچ لە واقعیەتی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی حزبی ناگۆڕێت، بەڵکو کێشەیان ئەوەیە چۆن خەڵکی کوردستان دوبارە راپێچی هەڵبژاردنێکی تر بکەنەوە، چۆن تورەیی و نەفرەتی جەماوەری لەشەقامدا بگوازنەوە بۆ کایەی هەڵبژاردنەکان و ململانێی ناو پەرلەمان و بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتیان.
بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوودا، هەر نارەزایەتی نەبوو بە دەسەڵات و حزبەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵکو لەوە واوەتر نارەزایەتی و کۆتاییهینان بوو بە کایەی هەڵبژاردنەکان و ناشتنی پاشماوەی خۆشباوەریەکان بوو بەوەی هەڵبژاردنەکان دەتوانن ئاڵوگۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت و ژیان و گوزەرانییان، بەرەو باشتر ببات.
هەموو خولەکانی پەرلەمان، بەهەموو بانگەشەکان و بەخشینەوەی بەڵێنەکان، نەک نەیتوانی کەمترین ئاڵوگۆر لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا پێک بهێنێت، بەڵکو دوای هەموو خولێکی هەڵبژاردن ژیان و گوزەرانی خەڵک، ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان، تا دەگاتە دۆخی سیاسی هەرێم بەرەو خراپتر و خراپتر رۆشتووە.
ناکۆکی و لێکترازانی ناوخۆیی خێزانی بۆرژوای کورد و لاوزبوونی حزبەکانیان و وێرانبوونی پێگەی جەماوەری و کۆمەڵایەتیان، بەجیا لە ململانیی و ناکۆکی بەرژەوەندخوازیانەی حزبی، ریشەی لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستاندایە. هێنانە گۆری باسی بازنەکەکانی هەڵبژرادن، لە یەک بازنەیەوە بۆچەند بازنەیی، بەدەستەوە گرتنی بانگەشەی هەنگاونان بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی حزبی بە دەسەڵاتی پەرلەمانی و حکومی و یاسایی. بانگەشەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەو و هەنگاونان بۆ تواندنەوەی زۆنەکان لە ئیدارەیەکی سەراسەری و حکومەتێکی بان زۆنییدا. گێڕانەوەی دەسەڵاتی حزب بۆ دەسەڵاتی حکومی، تا دەگاتە بەدەستەوەگرتنی هەڕەشەی دەرەکی لەسەر قەوارەی هەرێم، هەموویان هەوڵ و پەلەقاژەی بۆرژوازی کوردن بۆ دەرچوون لەو ئەزمەو بن بەست و بێ ئاسۆیەی سیاسیەی تی کەوتوون.
لەم ماوانەی دوایدا رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان!!، لە رێگای نوێنەرەکەیانەوە، هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە، تا باڵادەستی بلۆکی ئەمریکا و غەرب، بەسەر رەقیبە ناوچەیەکان بەتایبەتی ئیراندا زامن بکات، بەڵام ئەمە تەنها لایەنێک و گۆشەیەک لە هەوڵەکانیانە، لایەن و گۆشەیەکی تر هەوڵیانە کە بۆرژوازی کورد لە داڕمان بە دەستی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری رزگار بکەن و بەر بەوە بگرن دەسەڵاتی بۆژوازی کورد دواین گورزی لەسەر دەستی جەماوەری کوردستان بەر بکەوێت.
بۆرژوازی کورد بۆ مانەوەی خۆی و بەرگرتن بە داڕمانی دەسەڵاتە سیاسیەکەی لە هەلومەجی ئێستادا زۆرتر ئاراستە و قیبلەنوومای رووی لە ئەمریکاو غەربە. بەتایبەتیش کە لەبەرامبەر زۆرییەکان و گۆشارەکانی بەغدادا گڵۆڵەی ڕوو لە لێژییەوە چەکە هەر کاریگەرەکەی کە باڵادەستییە بەسەر دۆسیەی نەوت و غازدا، خەریکە لەدەستی دەردەهێنرێت… بێگومان دەرهێنانی دۆسیەی نەوت و غاز لەدەستی دەسەڵاتی هەرێمدا، لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هیچ کارتێکی جێگرەوەی بەدەستەوە نییە، بەمانای هاتنە گۆڕی ئارایشیکی تازەیە، کە هاوسەنگی هێز لە گۆرەپانی سیاسی کوردستاندا بە سودی بۆرژوازی عێراقی دەگۆڕیت و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم هێندە سنوردار و پابەند بە مەرجەکانی دەکات، کەرۆڵی نوێنەرایەتی بە وەکالەت بۆ بۆرژوازی عێراقی بگێرێت. ئەم ئاڵوگۆرە هاوکات ئاڵوگۆر بە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەهێنێت و لەگەڵ خۆیشدا، ئاڵوگۆر بە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سیاسی بەغدا بە خەڵکی کوردستانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەغدا باڵادەستی بەسەر هەرێمدا زیادتر بکات، بە ناچار ئاراستەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان کە بنەماکەی” نان و خزمەتگوازاریی و ئازادییەکانە” دەگۆڕێت روو بە دەسەڵاتی ناوەندی و پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیش، زەقتر و بەرجەستەتر دەهێنێتەوە گۆڕ. دیارە ئەو پرۆسیسیێکە و بەشێوەی خێرا ناتوانێت بچێتە پێشەوە، بەڵام گومانی تیا نییە ئەو رەوتە لەسەرەتای پێگرتن و هەنگاونانیدایە… پێداگری و چەند بارەکردنەوەی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی و قەوارەی هەریم و لەبەردەم مەترسیدایە، ریشەی لەم رەوەندەدایە.
کۆبونەوەکانی ئەم دوایانەی نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان و لەگەڵ حزبەکانی کوردستاندا، چ لە پەیوەند بەهەڵبژاردنەکانەوە یان بە پاساوی تر و بۆنەی تر، لە بنەرەتدا لەچوارچێوەی ئەم رەوەندە تازەیەدا دەچێتە پێشەوە. هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم بەهەموو پێوانەیەک مۆری ئەو ئاڵوگۆرەی پێوە دەبێت.
دیارە پرسی هەڵبژاردنەکان، بەهەر شێوازێک لە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمدا، بچێتە پێشەوە، لەبنەڕەتدا هەڵبژاردن ئامانج نییە، بەڵکو هەڵبژرادن ئامڕازێکە بۆ پەیرەوی لە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی تازەی ناوچەکەدا و لە ژێر کاریگەری ئەو رووداو ئاڵۆگۆرانەی دەستی پێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا هەڵبژاردنەکان بۆ بلۆکی ئەمریکا و غەرب، بەمانای هەوڵیکە بۆ گۆرینی پارسەنگی هێز بە سودی ئەمریکا و غەرب، لە بەرامبەر بەباڵادەستی ئێران و ئەو رەوتی پاشەکشەیەی لە ئاستی فەرمیدا لە عیراقدا توشی هاتووە. ئەمریکا و غەرب دەخوازن ئەم باڵانس و پاشەکشەی ئێران لە کوردستانیشدا جێ بخەن. بە واتایەکی تر ئەو ئاڵوگۆرەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا پێکهات کە بە پاشەکشەیەکی ریژەیی رەوتەکانی سەر بەئیران لەبەرامبەر بەرەوتە سیاسیەکانی سەر بە ئەمریکا و غەرب پێکهات، دەیانەوێت هەمان رەوەند لە کوردستاندا دوبارەبێتەوە جێگاو ڕیگای ئیران لاوازتر ببێت. دیارە لەگەڵ ئەوەدا ئێران لە ئاستی فەرمی و کایەی هەڵبژاردنەکاندا توشی پاشەکشەیەکی رێژەیی بووە، بەڵام لە ئاستی پراکتیکی و رۆڵی سیاسییدا، کاریگەری بەهیزی لەسەر پرۆسەی سیاسی عیراقدا ماوەو لە هەرێمی کوردستیانیشدا ڕیگریەکی سەخت بۆ دەستێوەردان و تەنانەی شێواندن و روخاندنی سەرجەم ئەزمونی هەرێم، لە بەردەمیدا نییە. نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم بۆرژوازی عیراقی پشت بەستو بە بلۆکی ئەمریکا و غەرب، دەیانەوێت بە وابەستەکردنی زۆرتری هەرێم بە عیراق و بەغداوە، هەرێم لە هەژموون و هەرەشەکانی داهاتوی ئێران دووربخەنەوە. ئامادەیی بەردەوام و زۆر بوونی رۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان لە رێگای نێردەکەیانەوە، بەدوای هەر ئەو ئامانجەوەیە.
بەردەی بۆرژوازی کورد لە دۆخی ئێستادا، کە دەرگیری دەیان گرفتی چارە هەڵنەگرن، زۆر زیاتر لەپێشوو مل بە سیاسەتی ئەمریکا و غەرب دەدەن و بە گوێ ڕایەڵی زیاتر بۆ ئەمریکاو غەرب دەیانەوێت رەوتی مانەوەیان بە کۆمەڵیک ئیمتیازاتەوە، لەگەڵ عێراق و دەسەڵاتی مەرکەزیدا لەهەلومەرجی تازەو داهاتوودا زامن بکەن. بەردەوامی پەیامی نوینەری نەتەوەیەکگرتوەکان بەوەی جغرافیا لە سودی خەڵکی کوردستان نییە، دۆخی کوردستان ئاوا نامێنێتەوە، ریشەی لەم واقعیەتانەدایە.
ناوەڕاستی یونی ٢٠٢٢