عەلی باپیر سوننەت و شەرعی جێبەجێ کردوە… نووسینی: رۆژ عەزیز
عەلی باپیر سوننەت و شەرعی جێبەجێ کردوە…
نووسینی: رۆژ عەزیز
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەی عەلی باپیرو کچێکی گەنج کە گوایە ٣٥ ساڵ لەخۆی گەورەترە زەواجیان کردوە بەیەکەوەو تۆرە کۆمەڵایەتی و سایت و ڕۆژنامەکانی تەنیوە و لەلایەن ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخوازەوە ناڕەزایەتی لێ کەوتۆتەوە. عەلی باپیر ژن هێنانی چوارەمی دژی عورف و عادەتی مەزهەبی کۆمەڵگەی ئیسلامی نییە، بەڵکو ئەو لەسەر بنەمای سوننەت وشەرع ئەمەی کردوەو مەلا مەزهەریش دەڵێت “عەلی باپیر هەزارو یەک شتی ئیسلامی جێبەجێ کردوە تەنها یەک شت مابوو ئەویش ژنی چوارەمی بوو ئەویشی جێبەجێی کرد.
عەبدولستار مەجیدی کۆمەڵی دادگەریش دەڵێت “کەسوکاری کچەکە ئەو کچەیان پێشکەش بە عەلی باپیر کردوە ئەویش دڵی نەشکاندون ڕازی بووە “نەوەی نوێش پیرۆزبایی لە عەلی باپیر کردوە. نێچیرەڤان بارزانیش پیرۆزبایی لە عەلی باپیر کردوە. بێگومان مەلا مەزهەرێکی کۆنەپەرست و دواکەوتو کە خۆی شەرع جێبەجێ دەکات بێگومان بەکارەکەی عەلی باپیر سەرسامە. عەبدولستاریش لەهەمان قوتابخانەی مەزهەبیە بێگومان هەر ئەوەی لێ چاوەڕوانی دەکرێ کە بۆ پینەکردنی کارەکەی عەلی باپیریش دەڵێت باوکی کچەکەی پێشکەش بە عەلی باپیر کردوە. سەیرە خودی پرۆسەکەی عەلی باپیر بۆ سێکسە کەچی عەبدولستار دەڵێ پێشکەشیان کردوە.
سەیر بکەن ئەمانە بە مەلاو ئیسلامیەوە چۆن رەوایەتی بە چوار ژنە دەدەن؟ نەوەی بەحساب نوێ، بەڵام عەقڵیەتێکی دواکەوتوانەو کۆنەپەرستانەی ئەم نەوەی بەناو نوێیە رەوایەتی بە چوار ژنە دەدات و لەو لاشەوە نێچیرەڤان بارزانی و حکومەتەکەی بەحساب فرەژنیان قەدەغە کردوە کەچی رێگەیان بە عەلی باپیر داوە ژنی چوارەمی بهێنێت و پیرۆزبایشی لێ دەکەن.
ئەمە بێجگە لەم سیاسی و ڕەوتە ئیسلامیانەش، تەنانەت خەڵکی ئاسایی نیمچە موسڵمانیش بەشێکیان دیفاع دەکەن لە چوار ژنیەکەی و بگرە بەشێکیشیان ڕقیان لە کارەکەی دەبێتەوە کە خۆشیان باوەریان بە ئیسلام هەیەو بەتایبەتیش ژنانی نیمچە موسڵمانیش ژن هێنانی چوارەمی عەلی باپیر بەرەوا نازانن و پێیان ناخۆشە ژنی چوارەمی هێناوە. گرفتی ژنی موسڵمان لەوەدایە خۆی ڕازی نییە هاوسەرەکەی ژنێکی دیکە بهێنێت کەچی ڕەوایەتی بە چەند ژنە دەدات.
یان زۆر نیگەرانە ئەگەر هاوسەرەکەی بە سوعبەتەوە بڵێ ژن دەهێنم ئیتر ژنە توڕە دەبێت، کەچی ئیسلامی قبوڵە کە چوار ژنەی بەرەوا زانیوە بۆتە سوننەتی پەیامبەرەکەشیان، تەنانەت بۆ چوار ژنە پینەو پەڕۆیان کردوە کە گوایە دەبێت بەیەکسان سەیری هەمویان بکات، ئەگینا چوار ژنە بەرەوا نازانن. ئاخر تۆ چوار ژنە بەسوننەت بزانیت ڕێچکەت بۆ خۆش کردبێ ئیتر پێوست بەپینەو پەڕۆ ناکات. عەلی باپیر خاتری گرتوین کەلەکۆمەڵگەدا کچێکی ٢٥ساڵانی هێناوە، پێغەمبەری ئیسلام عائیشەی بە شەش ساڵی مارەکردو بە نۆ ساڵی گواستیەوە کە هێشتا عەلی باپیر وەک پەیامبەرەکەی نەکردوە.
دەپرسین ئەگەر هۆکاری ئابوری و مەزهەبی نەبێ کچێکی ٢٥ساڵان زەواج لەگەڵ کەسێک دەکات کە ٣٠ساڵ لەخۆی گەورەتر بێت؟ ئاخر ئەوە دەسەڵات حکومرانییە کە ئینسانەکانی والێ کردوە نەتوانن هاوسەرگیری بکەن بەهۆی نەبوونی وەزعیەتی خراپی ئابوری و نەبوونی شوێنی نیشتەجێ بوونەوە کە مرۆڤ ناچار دەبێت بۆ ئەوەی تەمەنی هەڵنەکشێ زەواج بکات بەعەلی باپیرەکان. پرسیار ئەوەیە ئایا عەلی باپیر ژن یەکەم وەک ژنی چوارەم سەیر دەکات؟ ژنی یەکەمی لا جوانترە یان چوارەم؟ بۆ سێکس کردنیش جیاوازی ژنی یەکەم و چوارەم وەک یەکە بۆ عەلی باپیر؟. ئەمانە مەزهەبیان بۆ ئەم خۆشی و لەزەتە دەوێ کە چوار ژنە ڕیز بکەن و کوڕەکەشی لە بەریتانیاوە خۆشحاڵە باوکی ژنی ڕیز کردوە سوننەت و شەرعی ئیسلامی جێبەجێ کردوە.
ئەگەر هەژاری بەدبەختی کۆمەڵگە نەبێ و ژنان وکچان ناچار نەکرێن هەرگیز ئەم بێ ڕێزیە قبوڵ ناکەن کە خودی ژنەکان بەناچاری زەواج دەکەن بەکەسێکی وەک عەلی باپیر کە لەئێستادا دوو ژنی دیکەشی هەیە. خەڵکی ئازادیخوازو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لەدژی عەلی باپیر نارەزایتیان دەبڕیوە تا ڕێگری لە چەند ژنە بگیرێت، بەڵام چونکە هێشتا یاسای فرە ژنی بەتەواوەتی کاری پێ ناکرێت و لە چەمچەماڵ زیاتر بڕ ناکات بۆیە خەڵکی دەچێت لەناوەراست و خواروی عێراق هاوسەرگیری دەکات. چونکە کۆمەڵگە یاساو قانونەکەی مەزهەبیەو بەزۆر بەسەر خەڵکدا سەپاوە.
ئەرکی ئازادیخوازن و ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازە ڕێگە نەدەن فڕە ژنی درێژەی هەبێت وعەلی باپیرەکان چەند ژنە بهێنێت و دەسەڵاتیش بێدەنگ بێت، لەکاتێکدا لە کوردستان فرە ژنی قەدەغەیە بێ ئەوەی عەلی باپیر هیچ پاساوێکی هەبێ بۆ هێنانی ژنی چوارەمی. دیارە دەسەڵاتی کوردی عەشیرەتی وخێڵەکی نایانەوێ لەئاست ژن هێنانی چوارەمی عەلی باپیر بێنە دەنگ، چونکە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەرییە. بەراستی خۆش سەرۆکی دادگەری، ڕیزکردنی چوار ژن کامەیە دادگەری لەکاتێکدا خۆت سەرۆکی حیزبێکی پڕوپاگەندەی دادگەری دەکەیت …