داخستنی خەستەخانەی جمهوری “شەهید هێمن” لە سلێمانی تاوانێکی نەبەخشراوە!

0

داخستنی خەستەخانەی جمهوری “شەهید هێمن” لە سلێمانی تاوانێکی نەبەخشراوە!

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ و لە پێش هەموویانەوە بەپێی نامەیەکی بەڕیز خەڵات عومەر بەرێوەبەری خەستەخانەی جـهوری و ناسراو بە خەستەخانەی “شەهید هێمن”ی هەناوی کە ئاراستەی بەرپرسانی حزبی و حکومی لە سلیمانی کردووە، دەڵێت دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز دەیانەوێت خەستەخانەکە دابخەن. خەستەخانەی شەهید هیمن، یەکێک بووە لەو خەستەخانەی کە لەسەردەمی پەتای کۆڕۆنادا رۆڵێکی ئێکجار بەرجەستەی گێراوە بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا و لەهەموو شاری سلێمانیشدا تەنها ئەو خەستەخانەیە بۆ چارەسەری نەخۆشی هەناوی هەیە… دیارە ئەو خەستەخانەیە چونکە وەکو زوربەی خەستەخانەکانی تر لەبەرنامەدایە لەپێناوی سودمەندبوونی چەند کەسێک بفرۆشرێت، دەمێکە نە نۆژەن کراوەتەوە نە وەکو پێویست ئاوڕی لێدراوەتەوە و پێداویستیەکانی بۆ دابینکراوە. لەوەش زیاتر پۆل پۆل لە کارمەندەکانی دەگوازرێنەوە و دابەشی سەر خەستەخانەکانی تر دەکرێن. لەکاتێکدا هەواڵی فرۆشتنی ئەم خەستەخانەیە بڵاوبۆتەوە کە سەرجەم خەستەخانەکانە حکومیەکان بەهۆی پشت گوێخستنی لەلایەن دەسەڵاتی شار و نەبوونی دەرمان و پێداویستیەکانەوە لەبەردەم هەرەشەی داخستندان. داخستنی خەستەخانەکان و وەڵام نەدانەوە بەخواستی خەستەخانەکان، بۆ ئەوەیە کە خەڵکی ناچار بکەن رووبکەنە خەستەخانە تایبەتی و ئەهلییەکان و هێندەی تر دەست بخەنە بینەقاقای جەماوەری بێبەش و نەدارەوە، لەپێناو بەرژوەندی چەند کەسێکدا، بەرژەوەندی و سودی دەیان هەزار ئینسان لە بەین دەبەن.

خەڵکی شاری سلێمانی و دەوربەری و بەتایبەتیش کرێکاران و کارمەندانی خەستەخانەی شەهید هێمن و سەرجەم خەستەخانەکانی تر نابێت ڕیگە بدەن ئەم خەستەخانەیە لە پێناو بەرژەوەندی و چاوچنۆکی ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکومیدا بفرۆشرێت… چۆن کەمپەین بۆ بەرگری و ریگەگرتن لە خەستەخانەی هیوا ڕیگری لەوە کردووە تا ئێستا دابخرێت، دەبێ ئاواش هەوڵ بدرێت بەرپرسانی شار پەشیمان بکرێنەوە لە فرۆشتنی ئەم خەستەخانەیە، کە بەڕاستی تاوانێکی نەبەخشراوی ترە، ئەنجام دەدرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.