تەنها ڕێگەچارە شۆڕش و ڕاپەڕینە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق … نووسینی: ڕۆژ عەزیز

0

تەنها ڕێگەچارە شۆڕش و ڕاپەڕینە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق

نووسینی: ڕۆژ عەزیز

ئەم جەنگەستانە وێرانەیە جەهەنەمە چییە بۆ خەڵکی کوردستان وعێراق خوڵقاوە؟ ئەمە چ جۆرە حکومەت و نوێنەرایەتیەکە بەناوی پەرلەمان و نوێنەری خەڵکەوە دروست بوون و خەریکی دزی وتاڵانین؟. سەیر بکەن لەسایەی حکومەتی تائیفی و قەومی مەزهەبی و عەشیرەتیەوە چ دەگوزەرێت؟ . زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردن ئەنجام دراوە هێشتا ناتوانن حکومەتێک تەشکیل بکەن، خەریکی دزی  و تاڵانین.

 ئەوەی لەناوەڕاست و خواروی عێراق هەیە کەمێک لەوەی کوردستان باشترە، هەرهیچ نەبێ نەوت غاز بەنزین موچە هەیە، لەکوردستان ئەوەش نییە دوو بنەماڵەی عەشیرەتی خەریکی دزی و تاڵانین و ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس خەریکی داگیرکاری زەوی و سەروەت و سامانی کۆمەڵگەن. تەنانەت ئەو موچەیە لە بەغدادیشەوە دێت هێشتا بەتەواوەتی  نایدەنە موچەخۆران. ئاخر ئەمە جەهەنەم نییە، چییە؟

لەزستاندا نەوت و کارەبا نییە لەهاویندا ئاو و کارەبا نییە، ئەوانەی نەوتیان نییە خۆزگە بەهاوین دەخوازن کاتێک هاوینیش دێت خۆزگە بەزستان دەخوازن، کە هیچیان تروسکایەک بۆ خەڵک خۆش نییە و خەمەکان زیاترو زیاتر دەبن. موچە نییە خەڵک بەسەرماو گەرما لەسەر شەقامەکان بەدیار سەرەگرتنی نەوت و بەنزین و موچەوە دەمرن و ژیانێکی تاقەپروکێن بەڕێ دەکەن. ئەوە بێجگە لەو لاشەوە ناعەدالەتی و ژیانی شاهانەی بەرپرس و حیزبەکان مرۆڤی تووشی حاڵەتی دەروونی خراپ کردوە. هەربەراست بێجگە لە شۆڕش و ڕاپەین هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکە ماوە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق بەتایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان؟

 شۆڕش و ڕاپەرین نەگەیشتۆتە لوتکە و قوڵپ نادات؟. ئەزانم شۆرش و ڕاپەڕین قوربانی دەوێ هێزو خۆ ڕێکخستن و ئیرادە هێنانە مەیدانی دەوێ، بەڵام خۆ بەدیار ئەم وەزعیەتەوە هەموو ڕۆژێک هەر مردنە. من لەوە تێدەگەم بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ ئۆپۆزسیۆنیان ناشیرین کردوەو خەڵک لەداخی ئەوانە نەباوەڕی بە هێنانە مەیدان و خۆپیشاندانی سەراسەری هەیە تا ئەمانە لەسەر کورسی لابەرێت.

لەوە تێدەگەم بێ ئاسۆیی و بێ ئەنتەرناتیفی ئەم دوو بنەماڵەیە، خەڵکی ئیرادە کوژ کردووەو باوەڕی بەهیچ نەماوە، بەڵام مەعلومە خەڵک لەوەها فرسەتێک دەگەڕێت هەر چۆن لە ساڵی ١٩٩١ بۆی گونجاو دیکتاتۆرترین ڕژێمی لەکوردستان ڕاماڵی. ئەمانەش درەنگ یان زوو دەبێت بڕۆن و ڕۆشتنێک دەڕۆن بۆ مێژوو دووبارە نابێتەوە، چونکە ئەوەی ئەمانە لە ماوەی ٣١ ساڵی حکومرانیدا کردویانە کەم وێنە بووە. بۆیە خەڵک لێیان پڕ بوون درەنگ یان زوو ئەگەر فرسەتیان بۆ برەخسێت لێیان دێنە دەنگ و لەسەر کورسیەکە لایان دەبەن.

چونکە ئەم بارودۆخە قابیلی قبوڵ نییەو کۆمەڵگە بۆ چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش بێجگە لە جەهەنەم هیچی تر نییە. خەڵکی کوردستان ٣١ ساڵە نارەزایەتی دەردەبڕێ، خۆپیشاندان ئەنجام دەدات و مان دەگرێ، چونکە خۆپیشاندانەکان یەک ڕیزو یەک دەست و سەراسەری نەبوون و بێ ئەڵتەرناتیف بووەو بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێش بۆ مەرامی سیاسی خۆیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بوون و دواجار بەسەرکەوتن نەگەیشتووە.

دەرس و تەجروبەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کە سەرمایەداری ڕێگەی نەداوە بە سەرکەوتن بگات بێگومان بەشێکی ئەوەش هۆکارە بەسەرنەکەوتنی راپەین و خۆپیشاندانەکان. لە لیبیا راپەین و خۆپیشاندان ئەنجام دراو لە سوریاش هەمان شت و سەرەتا خەڵک ئەنجامیدا دواتر هێزە ناوخۆو دەرەکیەکان و ئیسلامی سیاسی کارێکیان کرد کە هیج هێزو بزوتنەوەیەکی سیاسی لە ناوچەکەو جیهان ئەنجامی نەدات، چونکە کەوتە دەست ئیسلامی سیاسی هیزە باڵادەستەکانی دنیای ئەمرۆ کە دەورو دەخالەتیان هەبوو تا شۆڕش و راپەین ئەنجام نەدرێ وڵاتی دیکە نەگرێتەوە. هەموومان دەزانین چ لەسوریاو چ لە لیبیاو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەگەر بەسەرکەوتن بگەیشتایەو خەڵکی ئازادیخواز جڵەویان بگرتایە دەست، بێگومان کاریگەری لەسەر ناوچەکەو جیهان دەبوو، بۆیە ڕێگەیان نەدا بەسەرکەوتن بگات و لەڕێگادا دزیان و بەلارێیاندا برد.

ئەگەر راپەرین شۆڕش ئیمکانی هەبێ، نابێ ڕێگە بدرێت هێزە قەومی ئیسلامی سیاسی بێنە مەیدانەوە گەرچی ئەمانە ئیمتحانی خۆیان داوە شانسی ئەوەیان نییە ببنە هێز. خەڵکی ئازادیخواز مرۆڤدۆست دەتوانێ دەورو دەخالەتی هەبێ ئەم ژیانە سەختە کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام لەوەها فرسەتێک دەگەرێ بۆی بڕەخسێت، ئەگینا ئەم ژیانە سەختە چیتر قبوڵ ناکرێ و بۆ ژیانێکی باشترو ئازادو خۆشگوزەران بۆی تێدەکۆشێت جا درەنگ یان زووبێت دەتەقێتەوە چونکە لە لێواری تەقینەوەدایە درەنگ یان زوو.

 حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق و کوردستان هەمیشە لەبەرەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدان و تاکە هێزن کە لەنێو دەسەڵاتی تاڵانچی و دزەکاندا شەریک نین و بەهەموو کەمو کورتیەکانیەوە بەردەوام لەڕیزی پیشەوەی خەڵکی کرێکارو زەحەتکێش بەشمەینەتاندایە، گەرچی هێشتا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ململانێی ئیسلامی سیاسی ناسیونالیستی و تائیفی، هێشتا کۆمۆنیستەکان بۆیان ڕەخساو نییە بەتایبەتی لەناوەڕاست وخواری عێراق تا  بتوانن بەعەلەنی کارو فەعالیەتی خۆیان بەئازادانە ئەنجام بدەن. سەرکوتگەری ئەم هێزانە بەربەستی گەورەن لەبەردەم هەردوو حیزبدا، ئەگەر خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆست لەدەوری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کوردستان کۆببنەوە ئەوەی بەرەی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی شۆرش و ڕاپەین ئیمکانی دەبێ کە ئەم هێزانە لەسەر کورسی وەدەربنێن ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.