چەند کورتە شیعری: خالید بایەزیدی (دلێر)

0

چەند کورتە شیعری: خالید بایەزیدی (دلێر)

 

1

کە لە دایک بووم

وتیان:

منداڵێکی هەژار

رۆڵەی باوکێکی کرێکار

لە دایکێکی خەماوی و گیرۆدەی

کۆمەڵگەی پیاو سالار

چاوی ماتەم و پەژارە و گریانی هەڵێنا

بە ڕووی جیهانی بێ بزەی سەرمایەدار

2-

شنەی با

پرچە تەڵاییەکانی

گوڵەگەنم

شانە دەکا

وە هەر گوڵە گەنمێک

لە کاسەی مناڵانی هەژاراندا

ئارەزویەکە

3-

خوانە ڕەزیلەکانیان

بۆ.. ڕاخستین

پەرداخێک لە فرمێسک

حەسرەتێک لە نان

4-

خەمی نان

لە سوێراوگەی سیاسەتدا

چەپکە گوڵەکانی

تەڵایی یە

5-

پێکەنینی ئازادی

لە ژێرتابلۆی

 پێکەنین قەدەغەدا

چاو دەتروکێنێ

ساڵەهایە….

پێکەنینمان دەوەستێنێ

6-

دەکێڵم

چوڵ ودەشتێکی قاقڕ

بەڵکوو….

لەخەیاڵی برسییەکدا

گوڵە گەنمێ بڕووێ

7-

نان!

خۆی  یەک بڕگەیە

بەڵام خەمەکەی

جیهانی یە

8-

لە بێژنگی  جیهاندا

کردەوەمان

قورسایی بوونمانە

9-

ئەگەر

داسە  ژەنگاوییەکان

تیژکەینەوە

برسێتی

سەیرکردنی ناوێ

10-

دارستان

دڵی لە لێدان کەوت

کاتێک کە

ناڵەی کۆترێکی برینداری بیست

11-

مێروولەیەک

هیلاک هیلاک

ماندوو بە کۆڵە گەنمێکەوە 

بەرەو  هێلانەکە خۆی دەچوەوە

ئاخۆ ئەمساڵ

چ زستانێکی سەخت و دژوار بێ…!!؟؟

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.