کۆمەڵی ماسک… شەماڵ بارەوانی بەشی دووەم و کۆتایی
کۆمەڵی ماسک… شەماڵ بارەوانی
بەشی دووەم و کۆتایی
لە کۆمەڵی ماسکدا، خەڵکی ناچاری بەستنی ماسک دەکرێت و لەسەر نەبەستنی ماسک، مرۆڤ بێ ڕێزی و سوکایەتی پێ دەکرێت و ئازادییەکانی دەست بەسەردادەگیرێت و کەسایەتی تیرۆر دەکرێت. لە کۆمەڵی ماسکدا، مرۆڤ بوونی زیندانی و کەسایەتی بێ ئیرادە و بێ سەر و شوێن دەکرێت و حەزەکانی گەمارۆ دەدرێت و تەواوی ژیانی لە قەفەس دەکرێت.
بە تاوانی دژایەتی کردنی ماسک و بێ ڕێزی کردن بە پیرۆزیەکانی ماسک، خوێنی حەڵاڵ دەکرێت و دەکوژرێت.
لە کۆمەڵی ماسکدا، مرۆڤ هیچ هەڵبژاردن و ڕێگایەکیتری نییە و مەحاڵە و دەبێت وەکو هەموان ئیلا ماسک ببەستێت، یان، بۆ ئەوەی گیان و کەسایەتی سەلامەت و سەر و گیانی پارێزراو بێت، دەبێت خێرا ڕابکات بۆ هەندەران و تاراوگەو ژیانی نامۆیی و وڵاتی ماسکستان جێ بێڵێت.
لە کۆمەڵی ماسکدا، شتێک نییە بە ناوی ئازادی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ و ڕێز گرتن لە ئازادیەکانی مرۆڤ.
لە کۆمەڵی ماسکدا، دەبێت تۆ بەو شێوەیە بژیت، ئەوانیتر قبوڵیانە، نەک وەکوو ئەوەی خۆت دەتەوێت و ئارەزوو خولیای دەکەیت و قبوڵتە.
لە کۆمەڵی ماسکدا، تۆ پێچەوانەی شەپۆڵی مێگەڵ و ئاڕاستەی باو، مەلە بکەیت و هەنگاو بنێیت و قسە بکەیت و بیربکەیتەوە،
کەسێکی مەنبوز و نەخوازراویت و هەموان بەکەم سەیرت دەکەن و سوک سەرنجت دەدەن.
لەکۆمەڵی ماسکدا، وای لەحاڵت، بوێری ئەوە بکەیت، کەسی یاخی بیت. ئەنتی باو بیت. ڕازی نەبیت تەبای عامێ(مێگەڵ) بچیتە شامێ و لەسەر پەتی ئەوانیتر یاری بکەیت.
لەو کاتەدا، شاپۆلێک بێ ڕێزی و دنیایەک قسەی ناخۆش و دەرزنێک جوێنت بۆ حەواڵە دەکرێت و بێ ئەندازە سوکایەتی و بێ ڕێزیت پێ دەکرێت.
وەکو کەسێکی دەرچوو لە ئایین و بەزێنەری سنووری ئادابی گشتی و تێکدەری ڕەوشتی کۆمەڵ و تابوو شکێن و یاخی بوو له دابوونەریتە سواوەکان و کۆدەکانی مەملەکەتی ماسک و نەریتگەرا و سونەتی و مەزهەبی و وەکوو ئەهریمەنێکی شەڕانگێز و لوتکەی خراپەکاری و کەسێکی بێ ئەدەب سەیر دەکرێیت.
بەردەوام هەوڵی ناشیرینکردن و نابووت کردن و بە دڕندەکردن و پەراوێزخستنت دەدرێت. بۆیە ئامان و هەرگیز، نەکەیت بیر لەوەها کارێک بکەیتەوە، هەموان بکەیت بە دژ و دووژمنی خۆت.
لە کۆمەڵی ماسکدا، دەبێت تۆ وەک تاک، ئیتر دەست بەرداری تاک بوون و ئازادی بوون و ڕووی ڕاستەقینەی خۆت بیت و ڕادەستی هەموو بکەو نەکەیەکی ئەوانیتر ببیت. ببیت بە بەشێک لەهەموان و پەزێکی ناو مێگەڵ و ناچار دەست بخەیتە سەر دەمت و وەکو هەموان ماسک بپۆشیت و بێ دەنگ، ئاقڵ و ئۆخەی لێی دانیشیت.
لە کۆمەڵی ماسکدا، دەست لە تایبەتمەندیەکانت وەردەدرێت و پرسیار لەبارەی هەموو شتێکتەوە ئاڕاستەن دەکرێت.
چی دەخۆیت؟ شەو چی خەونێک دەبینیت؟ بۆچی ژن ناهێنیت؟ بۆچی مێرد ناکەیت؟ بۆچی تەڵاقدرایت؟ ژمارەی پێڵاوەکەت چەندە؟ بۆچی ستایلی قژت وایه؟
بۆ لەچک ناکەیت؟ بۆ نوێژ ناکەیت؟ بۆچی وازت لەئایین هێنا؟ بۆچی و بۆچی و بۆچی؟
لە کۆمەڵی ماسکدا، دەبێت تۆ بۆ ئەوانیتر بژیت و ماسکێکت پێدەبەستن، لە دەرەوەی ویست و ئیرادە و هەڵبژاردنی خۆت، لە دەرەوەی خۆزگە و خەون و خولیا و حەزی خۆت.
لە کۆتاییدا، زانیمان تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵی ماسک چییە و تاکی ماسک بەستو کێیە و چۆنە، وەلێ دەپرسین :چ کۆمەڵێک زیاتر بە کۆمەڵی ماسک ناسراوە و ماسک بە زۆر بە هاووڵاتیانی دەبەستێت؟!
بێگومان وەڵامەکەی ئاسانە، ئەو کۆمەڵانەی ڕۆژهەڵاتی و سونەتی و ئایینی و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژین.
ئەو کۆمەڵانەی دیموکراسیەت تێیدا گەشە و نەشونمای نەکردووە.
ئەو کۆمەڵانەی پۆپۆلیست و تۆتالیتار و فاشیست و نەریتگەرا و خێڵەکی و نێر سالارن.
ئەو کۆمەڵانەی ئاشنای پێوەرەکانی دنیای مۆدێرنێتە و پڕەنسیپەکانی مرۆڤ بوون و بنەماکانی یەکسانی جێندەری و فەلسەفەی لیبڕاڵیزم نەبوون.
ئەو کۆمەڵانەی باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ و، ئازادییەکانی ژن و سەربەستی ژن و و پلورالیەت و تولەرەنس و هێزی تاك و زمانی دیالۆک نییە.
ئەو کۆمەڵانەی لە جیاتی گفتوگۆ و قەناعەت بۆ دروستکردن و لێک تێگەیشتن و ڕێزگرتن لەئازادییەکانی تاک و دەرفەت دان بە ئەویتر و خۆ سەلماندن، پەنا دەبەنە بەر دیکتاتۆریەتی دەستەجەمعی و فشاری ناشارستانیانە و سەرکوتکاری و سەپاندن..