بەشێكی تر لەدەقی… درزێك كەوتۆتە ڕۆحمەوە

0

بەشێكی تر لەدەقی

درزێك كەوتۆتە ڕۆحمەوە

 

هیچم نیە بینوسمەوە

ناتوانم باس لەو شتانە بكەم

كەشەیتان دەیان قۆزێتەوەو

مرۆڤە گەمژەكانی پێهەڵدەخەڵەتێنێت

زۆرجار ئەمەوێت بەدەستی چەپم

شتێك لەسەر تیشكی خۆر بنوسم

بەئەستێرە بڵێم پێش ئەوەی بكەویتە خوارەوە

هەنسكی كانیەكی خنكاو بخە كۆڵەپشتەكەتەوەو

شار بەشار دێ بەدێ لەگەڵ خۆتا بیگێڕە

 

هیچم لەسەرخۆم بۆنانوسرێت

هەتا ئاوێنەی ژوورە تاریكەكەم ووردوخاش نەبێت

هیچم لەسەر خۆم بۆناوترێت

دڵم زۆر پەلە پەل دەكات

ئەزانم كەسێك بەخۆی و كۆڵێك تەنیایەوە

لەدەرگاكەم دەدات

 

نازانم بۆگوێم لەدەنگی خۆم نیە

دەرگاكەی دەرەوە لەخۆیەوە دەكرێتەوە

با بەدرزی دیوارەكاندا ڕادەكات

ئەڵێی دەمارەكانی دڵمەتەسك بونەتەوە

ناتوانم پڕبەدەنگی خۆم هاواربكەم و

بڵێم ئەوە كێیە بۆنایەیتە ژوورەوە

 

هیچم لەسەر خۆم بۆنانوسرێت

بیری بۆنی سەرپۆشە سپیەكەی دایكم دەكەم

بەیانیان بەئاسانی خەبەرم نابێتەوە

كەسێك لەناكاو لەدەرگاكەم دەدات

وەك ئەوەی كەسێك هەرچوار پەلی گرتبم

ناتوانم هەڵسمە سەرپێ

 

بیری گەڕەكە كۆنەكەمان دەكەم

ئەوگەڕەكەی كەهاوینانیش بارانی  لێدەباری و

پایزانیش گوڵ دەگرێت

هیچم بۆناوترێت

ئەزانم هەركاتێك زمانم لاڵ دەبێت

هەموو شتەكان  سەربەرەوخواردەبنەوەو

دڵم دەكەوێتە پەلەپەل

 

هیچم بۆ ناوترێت

بیری چركە چركی هەناسەكانی دایكم دەكەم و

حەزدەكەم گۆرانیەك بۆباران بڵێم

گۆرانیەك شانەیەكم بداتە دەست

ئاوێنەیەكم لەسەر سوچی كۆڵانی

گەڕەكە كۆنەكەمان بەلقی درەختێكی

حەزیندا بۆهەڵواسێت

 

ئەزانم شتێك ڕوودەدات

پۆستچیەك ماڵەكەی ئێمەی بۆنادۆزرێتەوەو

نامەكەی مریەمم پێناگات

حەزدەكەم بگریم گریانێك

نەخۆشم بزانم چۆنچۆنی دەستم  پێكردووەو

چۆنچۆنیش ژیردەبمەوە

 

شتێكم بۆناوترێت

چۆلەكەیەكی باڵ شكاوم بۆناخرێتەوە

هێلانەكەی خۆی

دەستم بەئەژنۆمەوە دەلەرزێت

ئەزانم شتێك ڕودەدات

شتێك لەهیچ شتەكانیترناچێت

………..

میرزا

١٦/٥/٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.