نامەیەکی کراوە بۆ مەلای بێ مەندیل مەلا بەختیار … نووسینی: کاوە پیرۆت
نامەیەکی کراوە بۆ مەلای بێ مەندیل مەلا بەختیار
نووسینی: کاوە پیرۆت
مەلای بێ مەندیل مەلا بەختیار لە فیستیڤاڵی گەلاویژدا بە سێ ڕەخنەی تەکنیکی دەستی بە قسەوباسەکانی کرد من تەنها ئیشارە بە دانەیەکیان دەکەم و دوانەکەیتر بە قەولی خۆی تەرح بۆخۆی. یەکەم وتەی وتی با ڕەخنە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین وەکو هەنگی لە دارا دۆزیبێتەوە، سیستەمی دەنگمان تەواو نییە!!
مەلا بەختیار حەوت مایکرۆفۆنی لەبەردەمە هێشتا ناڕازیە!! کە دەنگی ناگاتە دانیشتووانی فیستیڤاڵەکە بۆگەوجاندنیان. وامزانی مەلا باسی وەزع و ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکات کە حیزبەكەى بەڕێزی بەسەر ئەو خەڵکە بەدبەخت و چارەڕەشەی کوردستانیدا هێناوە، هەر لە نەبوونی موچەوە تاکو سادەترین مافی سەرەتایی ئینسان و دابین نەکردنی زەڕەیەک لە ئازادی سیاسی و کردنی کوردستان بە قەسابخانەی ژنان، وامزانی مەلا بەختیار باسی وەزعی ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکات کە بۆ موچە نییە؟ بۆخوشگوزەرانی نییە؟ بۆ ئازادییە سیاسییەکان نین؟ بۆ خزمەتگوزارییەکان نین و ئەوانەی هەش بوون وێرانکران و هەرزان فرۆش کران. من زۆرباش دەزانم کە ئەمە کاری تۆ نییە کەچی نیگەرانی لە سیستەمی دەنگی.
مەلای بێمەندیل ئایا بەڕێزت دەزانیت کە خەڵکی تاقەتی نەماوە لە گوێگرتن لە چەواشەکاریەکانتان. بەڕێزت بە چ چاووڕویەکەوە داوای سیستەمی دەنگی باش دەکەیت بۆ فریودانی خەڵک؟ دەڵێی کۆمپانیامان بۆ گرتوە کە چی دەنگمان هەر ناگات!
باش بزانە کە دەنگت زور باش ئەگات بەس چیتر ناتوانن خەڵک بگەوجێنن!!
ئایا بەڕێزت هەر ئەو مایکرۆفۆنەی قسەی پێ دەکەیت و خەڵک دەگەوجێنیت بۆ حیزبەکەت هەر ئەو حیزبە نەبوو بەڕێزتی زیندانی سیاسی کردو وەکو ئیهانەیەکیش برایم جەلال دادگایی دەکردیت. ئاخر پێم ناڵیت بەچی چاوەرویەکەوە دەتەوێ ڕووی قێزەونی حیزبەکەت سپی بکەیتەوە؟ مشکیلەی خەڵکی مایکرۆفون و سیستەمی دەنگی نییە، موشکیلەی خەڵک نەدانی موچەیە، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە، نەبوونی ئازادی سیاسیە!!
لەم دوایانەشدا کتێبێکت دەرکردوە بەناوی چەپ و دیموکراسی گەلان و راسان و مارکس و لینینیشت پێ هەڵەیە، خۆ ئەوە مارکس نەبوو بەڕێزتی زیندانی سیاسی کرد، ئەوە کۆمەڵەی مارکسی و لینینیەکەی بەرێزت بو زیندانی سیاسی کردیت !