هێرشی تازەی سەرانی ئیسلامی سیاسی بۆ سەر ئافرەتان… نووسینی: عوسمان محەمەد
هێرشی تازەی سەرانی ئیسلامی سیاسی بۆ سەر ئافرەتان
نووسینی: عوسمان محەمەد
ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەم ڕۆژانەدا بێ پەردە هێرش دەکەنە سەر ئافرەتان، ئەگەر پێشوتر ئەیانوت مافی ئافرەت لای ئیسلام پارێزراوە یان کەباسی فرەژنی ئەکرا ئەیانوت ئەگەر عوزرێکی شەرعی نەبێ ئیسلام ڕێگە بە فرە ژنی نادات، ئەو عوزرە شەرعیەش ئەگەر ژنەکەت نەخۆشی درێژخایەنی هەبێ یان نەزۆک بێ یان کوڕی نەبێ ئەوە بۆت هەیە ژنی دووەم بێنی، بەڵام ئەمڕۆ زۆر بێ شەرمانە وە زۆر ئاشکرا هێرش ئەکەن و ئافرەت بە ئینسان نازانن، بەر لەو نمایشەی عەلی باپیر، دکتۆر عبدالواحد شەکری شکاندو وتی ئەم دەسەلاتە ناتوانێ ئیدارەی کۆمەڵگە بدات، هەزارەها گەنج و لاوی کورد بەشەقامەکاندا ئەسوڕێنەوەو بێکارن دامودەزکاکانی کوردستانیش پڕن لەژن و کاروباری ئەبەن بەڕێوە، بابێن ئەم ژنانە دەرکەن و ئەو گەنج و لاو و کوڕانە لەجێگایان دابمەزرێنن. ئەم شەکر شکاندنەی دکتۆر عبدالواحد هەر لەسەرەتاوە پێمان ئەڵێ ئافرت مرۆڤ نییە و وە نیوەی کۆمەڵیش نییە، چونکە پێشتر ئەیانووت ئافرەت دایکمانە، خوشکمانە، هاوسەرمانە، بۆیە ئەگەر ئەوان نەبن پیاویش نابێ، بەم شەکر شکاندنەی دکتۆر ئافرەت لای ئەوان کۆیلەو کاڵایە بۆ خزمەتی پیاو دروست بووە، نابێ هیچ جۆرێ کاروباری پیاو ببات بەڕێوە، ئەم زاتە خوێن شیرینە!! ئەگەر لەگەڵ فتواکەی خۆیدا ڕاستگۆیە ئەبێ هەرچی ئافرەت هەیە لەخەستەخانەکەیدا دەری بکات. ئەبێ لەخۆیەوە دەست پێ بکات بزانە چۆن شکست ئەهێنێ و چۆن لەکورت ماوەدا خەستەخانەکەی بەچۆڵی ئەبینێ، بەڵام ئەم زۆر بەقەستی ئەیەوێ سونەتێ جێگیر بکات کە ناوەڕۆکی ئیسلام باسی ئەکات، ئەویش بە کۆیلەکردنی ئافرەتە لەهەمان کاتدا بەکاڵاکردنێتی وەکو هەموو کاڵایەکی تر لەبازاڕدا. ئەوەندەی بە عەلی باپیر ئەگرێتەوە ئەویش ناوەڕۆکی ئەوکارە قێزەونەی کە کردوویەتی هەمان ناوەڕۆکە کە ئەو دکتۆرە تەرحی ئەکات، ئەوەی ئەم بکردەوە کارەکەی ئەنجام داوە عەلی باپیر هاتووە فتواکەی ئەوی بەکردەوە سەلماندووە وە ئاشکراو بێ شەرمانە نمایشی ئەکا بۆ کۆمەڵگە. عەلی باپیر پێویستی بە ژنهێنان نەبووە زۆر حیلە شەرعی تر هەیە ئەم زاتە حەزە جنسیەکانی خۆی پێ بەتاڵ بکاتەوە، لە ئیسلامدا کەنیزەک هەیە لەکاتی (محمد) ەوە، ئەو کەنیزەکانە لەخزمەت پیاودا بوونە بۆ ڕابەرەکانیان، هەر ئەم ژن هاوردنەش ئەیتوانی دوور لە چاوی کامێراو ڕاگەیاندنەوە جێبەجێ کرایە، بەڵام بەم شێوەیە پەیام و سونەتەکەیان جێگیر نابێ کە بەکاڵاکردن و کۆیلەکردنی دونیای ئافرەتانە………. کوڕەکەی عەلی باپیر هاتووە پاساو بۆ کردەوە ناشرین؟ و قێزەونەکانی باوکی ئەهێنێتەوە، ئەڵێ هەرچی بەرپرسەکانی کوردستان هەیە ئەچن بۆ وڵاتەکان بۆ هەوەسبازی و جنس بازی دەیان و سەدان بێئەخلاقیان لە کۆمەڵگەدا بڵاو کردۆتەوە، بەڵام باوکم هاتوە بەشەرعی ژنی هێناوەو سونەتەکانی خواو پێغەمبەری جێبەجێ کردووە. پاساوی کوڕەکەی زۆر لە ژنهێنانەکەی باوکی بێشەرمانە تر بووە، چونکە قسەی کوڕە نازدارەکەی عەلی باپیر دەکاتە ئەوەی کە دەڵێت، هەموو بەرپرسان بێ ئەخلاقن، بەڵام باوکم بێئەخلاقی شەرعییە. ئەڵێ ئەویش وەک بەرپرسانی تر هەمان ئەخلاق پیادە ئەکات، بەس بە شەرعی، لەوەی کوڕەکەی خراپتر پاساو هێنانەوە زاوەکەی عەلی باپیرە، کە ئەڵێ مامۆستا عەلی پێویستی بە ژنهێنان نەبوو، بەڵام ئەو کچەیان پێشکەش کرد ئەویش بەناچاری قبوڵی کرد! ئەم عبدالستارە دوابزمار لەتابووتی بەکاڵاکردنی ئافرەت ئەدات بەئاشکراو بێ پەردە وەزۆر بێشەرمانە ئەڵێ ئافرەتیش وەک سەیارەو مۆبایل و تەلەفزیۆن و شتی تر ئەکرێ بەکاڵا بکرێ! ئەم دوو پاساوەی کوڕەکەی و زاواکەی سەرگوزەشتەیەک بیر دێنێتەوە. ڕۆژێکیان هارونە ڕەشید بەبالولی دانا ئەڵێ ئەتوانی بیانویەکم پێ بڵێی لە تاوانە ڕاستیەکە گرنگتر بێ، واتا ئەگەر تاوانەکە لەسەدا پەنجایە بیانووەکە لەسەدا نەوەد بێ، بالول ئەڵێ ڕۆژێک پێت ئەڵێم. رۆژێکیان هارون ڕەشید و بالولی دانا بە پلیکانەیەکدا سەرئەکەون بالول لە دواوە دەس ئەبا بۆ ناوگەڵی هاروونە ڕەشید ئەویش ئەڵێ بێ ئەدەب ئەوە چی دەکەی؟ بالول ئەڵێ ببوورە گەورەم وامزانی ست زوبێدەی…” ست زوبێدە ژنـــی هارون ڕەشیدە)) پاساوەکەی ئەم دوو زاتە وەکو پاساوەکەی بالولی دانایە لەبری ئەوەی کە ئەو کردەوە دژی ئینسانیە پەردە پۆش بکەن ئەوەندەی تر مامۆستایان ڕیسوا کردووە. لەکۆتایدا ئەڵێم خەڵکی ئازادیخواز و متمەدن ئەم هێرشە دڕندانەیە ڕووی لەهەموو ئێوەیە ئافرەت وەکو نووکی ڕمەکەیە، ئەگەر بشکێ ئەوە هێرشی تازە بۆ سەر هەموومان ئەکرێ بۆیە ئەبێ وەڵامی ددان شکێن بەم مەسەلەیە بدرێتەوە، چونکە هێرشەکە لەوە گەورەتر ئەبێ کە لە فتوای ئەم دوو زاتەدا وتراوە. بەر لەچەند ڕۆژێک دادگای عێراق، بڕیارێکی دەرکرد کە ئەبێ هەموو پیاوێک دوو ژن بهێنێ وە لە درێژەی بڕیارەکە ئەڵێ هەرکەسێ بەرهەڵستی ئەم بڕیارە بکات ئەوە هەم ســجن ئەکرێ هەم غەرامە ئەکرێ!! ئەم هێرشە تەقەلای ڕەوتە کۆنەپەرست و ئیسلامیەکانە بۆ جێگیرکردنی سونەتە ڕزیوەکانیان. ماوەیەک پێش ئێستا هەر لەلایەن ئەو جانەوەرانەوە فتوایەک دەرچوو کە کچ ئەبێ لە نۆ ساڵاندا بدرێ بەشوو ئەم فتوایە لەگەڵ هێرشی ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز بووە، هەر زوو لەبەرامبەر پەلاماری خەڵک بێدەنگیان لێکرد، ئەبێ ئەم هیرش و سەرجەم هێرشەکانی سەرانی ئیسلامی لە کوردستانیش ڕووبەڕووی شەپۆلی توندی ناڕەزایەتی خەڵکی بەگشتی و ئافرەتان بە تایبەتی ببێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر شەکری وانەشکێنن.