ڕەشەبای  سلێمانی  و پەیکەرێ بۆ  شوناسی میللی شار… نووسینی: جەمال نوری

0

ڕەشەبای  سلێمانی  و پەیکەرێ بۆ  شوناسی میللی شار

نووسینی: جەمال نوری

ڕەشەبا و سلێمانی  دوو چەمکی شوناسی ناسینەوەی خەسڵەتی  ئەو شارەن لە هەرێمی کوردستان  کە پێی دەوترێ سلێمانی.

هونەرمەند “شۆڕش ئەمین” هونەرمەندی پەیکەرتاشی کورد کە لەسوید  نیشتەجێ یە، پرۆژەی پەیکەری  ڕەشەبای سلێمانی   وەک پرۆژەیەکی  مۆدێرن خستەبەردەم  بەرپرسانی هەرێم  لەساڵی 2012 د ا، وا بڕیار بوو  پرۆژەکە لەسەر بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری بودجەیەکی بۆ دیاری بکرێت و تەواو بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ  پێشهاتێکی دیار نییە  بۆ پرۆژەکە، ئەگەرچی   لەڕێی گراڤیکەوە پەیکەرەکە لەگوگل دەتوانرێ ببینرێ و کەوتۆتە نێوان هەردوو شاخی گوێژەو ئەزمەڕەوە، ئەگەرچی ڕەشەبای سلێمانی زیان دەگەیەنێ بەشکاندنی دارو درەخت و باخ و بێستان لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕانی ژینگە دەڵێن کاتێک ئەو با بەهێزە هەڵدەکات هەوای شارەکە لەتۆزو دوکەڵ و خۆڵ پاکدەکاتەوە سلێمانی دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی ٣٤٫ ٣٦ وە ٨٠٠ م لەئاستی ڕووی  دەریاوە بەرزە و وەک ناوچەکانی تری هەرێم بە ئاوو هەوای دەریای سپی ناوەڕاست کاریگەرە.

بەهێزترین ڕەشەبای سلێمانی لەساڵانی ٦٠ کاندا بووە خێرایەکەی لەسەعاتێکدا ١١٠ بۆ ١٤٠ کم لەسەعاتێکدا، ڕەشەبای سلێمانی وەرزی نییە واتە لەهەموو وەرزەکاندا ئەگەری هەیە هەڵ بکات.

ئەگەرچی  لەباشوری کوردستان ئەزمونی پەیکەرسازی  ئەزمونێکی باشمان نییە لەم بوارەدا، ئەو پەیکەرانەی  تا ئێستاکه  کراون  هیچیان نەیانتوانیوە لەڕووی  ئێستاتیکای جوانی هونەرەوە  تەماشا بکرێن، بەڵکو ئەوەی هەیە و دانراوە لە ئیشێکی خراپی دوور لە بواری هونەر  دەبینرێن، بەمەش نەک نەیانتوانیوە سیمای شاری سلێمانی و شارەکانی تری هەرێم جوانتر بکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە سیمای شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریان  هێندەی تر  ناشرین کردوە؟ ئەمە بۆ شارێک کە ناسنامەی پایتەختی ڕۆشنبیری بێت زۆر ئەستەمە و  بەتایبەت کە وەفدێکی هونەری یان هەر هاوڵاتیەکی بیانی سەردانی ئەم شارە بکات وەک گەشتیارێک لەڕێگای هونەری پەیکەر سازیەوە  تێدەگات کە ئەم شارە کۆڵەوارە لەڕووی هونەری پەیکەرسازیەوە.  ئەوەی زەمینەی بۆ ئەم جۆرە کارە ناهونەریانە  کردۆتەوە   ژمارەیەک  سەرمایەداری خواپیاهەڵکەوتووە  بەبڕێک پارە  بەئارەزووی  خۆی دێت و لەناوجەرگەی شارو لە تەڵارو مۆڵ  و شوێنە گشتیەکاندا بەکەسێک دەڵێ بۆ دروستکردنی پەیکەرێ لە بەردەمی دوکانەکەیدا، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئاستی تەکنیک و هونەری پەیکەرسازی کردبێ. بەبێ ئەوەی حساب بۆ ئەوە بکات ئەو پرۆژەیەی کە دەیەوێ ئەنجامی بدات  لەجیاتی سوود و بەرژەوەندی گشتی بپارێزێ، دێت بەعەقڵی خۆی و بێ گوێدانە ئەوەی ماستەر پلانی شار  چی لێ دەخوازێت دێت پەیکەرێک لەخۆیەوە  دروست دەکات کەتەنها دڵی خاوەن سەرمایەدارەکە ڕازی دەکات.

گەر سەرنجێکی خێرا بدەین لەو پەیکەرانەی کە لەپایتەختی ڕۆشنبری  دەبینرێ، تاوەکو ئێستا پەیکەرێکمان نەبینی بەهۆی ئاستی تەکنیک پسپوری لەوبوارەدا  هاوڵاتیەکی  ئەوشارە یا دەرەوی ڕاگرتبێت، بەپێچەوانەوە ئەوەی مایەی نەنگییە بۆ هاوڵاتیەکی کورد کاتێک گەشتیارێک ڕووبکاتە شارەکە  پەیکەرێ نابینێ سەرسامی بکات، بەشێوەیهک کە تێبگات ئاستی هونەری و ئێستاتیکا  هێندە بەرزو جێگای بایەخ بێ، بەپێچەوانەوە ئەو پەیکەرانەی دەیبینێ  نەک نەبۆتە مایەی سەرسام بوونی، بەڵکو بەهۆی پەیکەرەکانەوە تێ دەگات  کە ئەم وڵات و مەملەکەتە کۆڵەوارە لەبواری پەیکەرسازی. کاتێک کە دەبینێ   لەبەردەم دوکانێکی قەسابی پەیکەری مانگایەک دروستکراوەو لەبەرامبەریشی کاکی قەساب بەخۆی و چەقۆیەکی گەورەوە لەبەردەمی  مانگاکە  دایە  بۆ سەربڕینی. ئەمە گەر بیانییەک بیبینێ تێ دەگات کەبۆچی باری سایکۆلۆجیەتی خەڵکانی کۆمەڵگەیەک ترس و گۆشەگیری و دابڕان  بەرهەم دەهێنێت، یان پەیکەری دوو خۆشەویست لەژێر نوکی چەقۆیەکی تیژدا، گەرچی ئەم پەیکەرە خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ کرا، بەڵام لەڕاستیدا بەشێوەیەک لەشێوەکان فۆرمە گشتییەکەی وا دەکەوێتەوە کە ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە قبوڵی خۆشەویستی ناکات، بەتایبەت لەنێوان خێزانەکاندا کە کوڕو کچێک لەڕێگای خۆشەویستیەوە  بیانەوێت  پرۆسەی  هاوسەرگیری بکەن، کاتێک گەشتیارێکی بیانی ئەم پەیکەرە دەبینێ تێ دەگات لەم مەملەکەتە خۆشەویستی تاوەکو هەنوکە بڤەیە و نابێ  ڕێگا بدرێ بەخۆشەویستی بەیەک بگەن؟ یان پەیکەری کاوەی ئاسنگەر کەللەسەری زوحاکی بەدەستەوە بوو وەک بڵێ ملی لەڕیشە هەڵکێشابوو کە ئەم دیمەنانەی کراونەتە پەیکەر جگە لەناشرینکرنی شارەکە هیچی تر نییە، یان کۆمەڵە دەم و چاوێکی وەک یەک لەناو باخی گشتی سلێمانی کە هەمووێان لەیەک دەچن  ناونراون پەیکەر یان پەیکەرێک بۆ شەهیدی قەڵەم دڵشاد مەریوانی کراوە هەر لە مەریوانی ناچێ. لەکاتێکدا پەیکەر دروست کردن گاڵتە نییە و دەبێ ئەو کەسەی دروستی دەکات شارەزایی زانستی توێکاری جەستەی مروڤ بێت، ڕۆژێک پەیکەرێ بۆ ژەنەڕاڵی پایز محمد عومەر عوسمان دەکرا   ژەنەڕاڵی پایز بە پەیکەرتاشەی وت گەر بتوانی هالەی دەم و چاوی من دەربهێنی ئەوا اعترافت پێ دەکەم دوایی تەماشامان کرد بەس حەمە عومەر نییە!

پەیکەری ڕەشەبای سلێمانی و دوواندنی زمانی جەستە

گەر بڕوانین ئەو پەیکەرەی کە وا بەنیاز  بوون دروست بکرێ، ببێتە سمبولی  ڕەشەبای سلێمانی، واتە کاتێک باس لەخەسڵەتەکانی بوونە شاری سلێمانی بکرێ دەبێ  ڕەشەباکەیت لەبیرنەچێ، کە بریتی دەبێت لە چەمکی ململانێی نێوان دوو هێز؛ سروشت و مرۆڤ، کە ئەمەش باسێکی ئونیڤێرسێ لەو هەموو هەڵسوکەوتی ئەو مرۆڤە دەبێت ببێتە تەرجومەی سەردەمەکەی، بەڵام ئەم مرۆڤە  لەڕووی جەستەیەوە بە مرۆڤی  کوردەواری ناچێ  هێندەی بە مرۆڤێکی ڕۆمانی لەڕووی ماسولکەو جەستەیەوە دەزانین کە ئەم مرۆڤە وەرگیراوە، ئەم وەرگرتنەش زیانی لە ئاستی تەکنیکی هونەری پەیکەرەکە داوە لەجیاتی لەبەرگێکی کوردیدا کە  شوناسی کوردی،  بناسرێتەوە، بەڵام دەبینین لەکەسێکی ئەغریقی دەچێ، ‏گەرچی زمانی جەستەی پەیکەرەکە گوزارشت دەکات لە پیاوێک کە بەرگەی ململانێیەکانی ژیان دەگرێ و بەهەموو هێزی خۆی دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ ڕەشەبای شارەکەی، بەچەشنی ڕۆمانەکەی پیرەمێردو زەریای هەمەنگوایی لەناو دەریادا لەگەڵ زریان و باوو بۆران و شەپۆلی دەریا دەکەوێتە ململانێیەکی قورسەوە دواجار پێرەمێرد بەسەر زەریاو شەپۆلەکان و باو بۆران دا زاڵ دەبێ، ئەم پیاوەش لەپەیکەری ڕەشەبادا بەهەمان شێوەیە. ڕووبەڕووی ئاڵانگاری دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز ئەم کارە هونەریە  ناتوانین بە سمبولی شاری سلێمانی بناسێنین بۆ ڕەشەباکەی، بەڵکو  خەسڵەتە بنچینەیەکانی  پیاوی بەهێزو زۆرانبازی  سلێمانی تیا بەرجەستە نەکردوە. ‏بەداخەوە پەیکەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئاستێکی باڵاو بەرزی بەخۆوە نەبینیوە، بەپێچەوانەوە ئەو پەیکەرانەی ئێستا یەک فۆرمیان وەرگرتوە  لەڕووی سیماو ڕووی کارەکتەرەکانیەوە. ئەوە جگە لەوەی  بۆ شارەزابوون لەدروستکردنی پەیکەری کەسایەتیەکی شارێک  پێویستە پەیکەرتاش ئاگای لە بواری کۆمەڵایەتی نەریت و کەلتورو کەلەپورو کارە سەنعەتیەکانی ئەو شارەوە هەبێت، تاوەکو لەڕێگای ئەو کەڵچەڕەوە کەسایەتیەکان و سەردەمەکانیان بناسرێتەوە..

Leave A Reply

Your email address will not be published.