کورتە چیرۆک … نووسینی: ئارام حەسەن

0

کورتە چیرۆک

نووسینی: ئارام حەسەن

لەسەر لەوحی مەحفوزی مام والی، بە دەستوخەتی خودا نوسرابوو: (بە شوانی بژی و بە شوانی بمرە)

ئاواتی هەمیشەیی ئەو خێرلەخۆ نەدیوە ئەوە بوو، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە قاتێک شاڵەوە دەرکەوێت، بۆ گەیشتن بەو ئاواتە، حەفتا ساڵ پارەی شوانێتی کۆکردەوە، هەتا لە کۆتاییدا توانی قاتێک شاڵ بکڕێت..

یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەمەو عەسر، مەڕوماڵاتی گوندەکەی هێنایەوە، پەلەپەلی چوونە دەرەوەی بوو، هەتا ماڵەوماڵ بگەڕێ و جەژنە پیرۆزە بکات، قاتەکەی لەبەرکرد، کۆنە پشتێنێکی زەردباوی لە کەمەری باریکەلە ئاڵاند، جامانەیەکی دڕاوی لە تەوقەسەر پێچا، دوای ئەوەی چاوە سیسەکانی چەند دڵۆپێک خۆشیان لێچۆڕایەوە، بە جووتێک کەوشی لاستیکەوە، ڕوویکردە ماڵی کوێخا عەلادین..

دیوەخان بۆنی بوغوردی گرتبوو، هەر کە مام والی دەرکەوت، بە بینینی قاتە شاڵەکە کوێخا ئیرەیی برد، پڕبەدڵ پێیناخۆش بوو، دەستی مام والی گرت و لە نزیک خۆیەوە داینیشاند، بە خزمەتکارەکانی گوت:

ــ “قۆخمان بۆ بێنن قۆخ، وەلێ مەیشۆنەوە”

وەختێ قۆخیان هێنا، کوێخا دانەیەکی هەڵگرت و بە ڕانی مام والی پاکیکردەوە، بۆئەوەی وەبیری بێنێتەوە کە ئەو تەنیا شوانێکە و هیچی تر، بەدەم هێنان و بردنیەوه گوتی:

ــ “خوا هەر بۆ ئەوە شاڵی داناوە، ڕیشی قۆخی پێبتاشین”

Leave A Reply

Your email address will not be published.