پەیامەکانی پشت سەردانەکەی نێچیر بارزانی بۆ سلێمانی!… عەبدوڵا مەحمود

0

پەیامەکانی پشت سەردانەکەی نێچیر بارزانی بۆ سلێمانی!

٢٢ ی ئایار، نێچیر بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان! و جێگری سەرۆکی پارتی بەسەردانێک گەیشتە سلێمانی و لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 16ـی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان وتارێکی پێشکەش کرد. لە هەمان ڕۆژدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی – هەڵەبجە کۆبووەوە.

سەردانی نێچیر بارزانی بۆ بەشداری لە ڕێورەسمی دەرچوونی خولێکی ئەفسەران، و پێشکەشکردنی وتارەکەی لە بنەڕەتدا پاساوێک بوو بۆ خستنە ڕووی چەند پەیامێک.

دۆخی سیاسی کوردستان و زۆربوونی گوشارەکانی سەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەلایەن بەغداوە بەتایبەتیش گوشارەکان بۆسەر دۆسیەی نەوت و غاز و دۆسیەی ئەمنی سنورەکان. هێرشی بەرفراوانتری سەربازی دەوڵەتی تورکیا و کردەوە تیرۆریستیەکانی لە قوڵایی و ناوجەرگەی شارەکانی کوردستان. زۆرتربوونی دەستێوەردانەکانی ئێران و هێرشی موشەکی بەردەوامی بۆسەر هەولێر و دەوروبەری. پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە چوارچێوەی و پرۆسەی ماڵئاوایی لە ڕێکەوتنی تەوافوقی و لەسەر بنەمای حکومەتی زۆرینە. دوپاتکردنەوەی هوشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دەسەڵاتی هەرێم، کە دۆخی هەرێم ئاوا نامێنێ. بەرین بوونەوەی قڵشتی نێوان دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ جەماوەری نەدار و بێبەشکرا و برسیکراو تاڵانکراوی سفرەکانیان، نابودکردنی پەراوێزەکانی ئازادی و بەرتەسککردنەوەی مافە فەردی و مەدەنیەکان. قوڵبونەوەی ململانێی نێوان حزبە سیاسیەکان لەسەر دەسەڵات و هەژموون و داهات و پۆست. مت بوونی پەرلەمانی کارتۆنی و داخرانی دەرگاکەی بەهۆی ململانێی حزبیەوە. حکومەت و رۆڵی لاوازی لەبەرامبەر بە هەژموونی حزبی چەکداردا… تاد. چەند پەروەندەیەکن لەدەستپێکی دۆخێکی تازەی جیهانیدا کە بەجەنگ لە ئۆکرانیا، دنیای خستۆتە بەردەم ئارایش و هاوپەیمانیەتی تازەو دوبارە دابەشکردنەوەی دنیا بەپێی هاوسەنگی تازەی قوتبە جیهانی و بلۆکە ناوچەییەکان.

هەموو ئەو دۆسیانە، دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کوردی لە تونیلێکی تاریکدا، راگرتووە. پارتی کە بەوێنەی هیزی یەکەم و خاوەن بڕیاری سیاسی مامەڵە لەگەڵ هەلومەرجی کوردستاندا دەکات، دەمێکە هەموو بریارێکی سیاسی.. چارەنووسازو دەسپێشخەریەکانی بۆ بەرخورد لەگەڵ کێشەو مەسەلەکان بەدەستەوە گرتووە، بەوە گەیشتووە کە هەلومەرجی سیاسی کوردستان، بەهەموو پێوانەیەک ناتوانێ بەم شێوەی ئێستای بمێنێتەوە. هەرێمی کوردستان یان دەبێت بەکردەوە بچێتە ژێر قەڵەمرەوی و هەژموونی دەسەڵاتی ناوەندی، یان دەبێ ڕیگایەکی تر بگریتە بەر و بەتەواوەتی سەربەخۆی سیاسی و ئابوری و حقوقی خۆی، رابگەیەنێت. دیارە بژاردەی دووەم لە ئێستادا زەمینەی نییەو هەر هەوڵیکی پارتی و بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد بۆ ئەوەی دەستبەرداری عیراق و دەسەڵاتی ناوەندی ببێت و سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری و حقوقی، خۆی رابگەیەنێت، رێگایەکی بن بەستە. ململانێی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق و بۆرژوازی کورد کە پارتی ئاڵاهەڵگریەتی بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە لە بازنەی ئەو ململانێیەدایە…. بەغدا دەیەوێت هەژموونی سیاسی و یاسایی و دەستوری خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت و پارتی و بزوتنەوەی کوردایەتی سەرباری پاشەکشە و هەوڵی بەرگریکارانەیان بۆ مانەوەی سەربەخۆی سیاسی و ئابوری، بەتایبەتیش سەربەخۆی لە فرۆشتنی نەوت و داهاتە نانەوتیەکان و باڵادەستی بەسەر سنورەکان و دەروازە گۆمرگیەکاندا، بەڵام بەهۆی بی ئاسۆیی و نەبوونی هیچ کارتێکی بەهێز بەرامبەر بە بەغدا، ناچار بوون بەشێوەی پەیتا پەیتا، سەری رەزامەندی بۆ دەسەلاتی بەغدا بلەقینن، بێ ئەوەی بەکردەوە ئەو سەر لەقاندن و رەزامەندی نواندنەیان بۆ بەغدا، وەڵامدەرەوەی خواستی بۆرژوازی عێراقی بێت. بە کورتی پارتی و بۆرژوازی کورد هەم ئامادەی مل دان بە بەغدا و خۆ جوتکردنن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و هەمیش دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانیان لەهەرێم نابن و نایانەوێت هەژمونیان بەسەر دۆسیەی نەوت و سنورەکاندا، لەدەست بچێت. لەم ململانیەدا، بۆرژوازی کورد تاک باڵ و بێ پشتیوانە لە ئاستی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا بۆرژوازی عێراقی هەم لە پشتیوانی ناوچەیی و هەمیش لە پشتیوانی نێودەوڵەتی بەهرەمەندەو خودی دەستوری عیراقیش ئەو مافە بە دەسەڵاتی ناوەندی دەدات، کە باڵادەستی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت. دیارە باس لە باڵادەستی بەمانای لەدەست دەر‌هێنانی دۆسیەی نەوت و غاز و پرسی ئەمنی سنورەکانە، نەک گێرانەوەی دەسەڵاتی فیزیکی سەربازی و ئەمنی هێزە عێراقیەکان بۆ هەرێم، چونکە ئەوە مەسەلەیەکی ترەو هەنگاوی لەو بابەتە زەمینەی نییە و لەحاڵەتیکی ئاوادا دەسەڵاتی ناوەندی هێندەی رووبەرووە لەگەڵ جەماوەری کوردستان، هێندە رووبەروونییە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی.

نێچیر بارزانی لە وتارەکەیدا بە وێنەی نوێنەری بۆرژوازی کوردو پارتی، پەیامەکەی وەڵامی ئەرینی راشکاو بوو بەبەغدا و بە نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان، کە ئامادەن لەڕیرەوی وەڵامدانەوە بەخواستی بۆرژوازی عێراقیدا هەنگاوی بەکردەوە هەڵبگرن. هاوکات پەیام بوو بە یەکێتی نیشتیمانی کە ئامادەیە لەچوارچیوەی مامەڵە لەگەڵ دۆزی تازەی عێراق و پێشهاتە تازەکان، دەورەیەکی نوێ لەگەڵ یەكێتی دەستپێبکات و هەندێک ئیمتیازاتیشی پێ بدات. لەبەرامبەردا چ یەکێتی و چ حزبەکانی تری کوردستان، لە ئاستە گشتییەکەیدا پێشوازیان لە پەیامی نێچیر بارزانی کرد و بە هەنگاوێکی ئەرینی و ڕیگایەک بۆ شکاندنی بەستەڵەکی ناوخۆی کوردستان لێیان ڕوانی…

گرنگترین مەسەلەش بۆ نوێنەری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بریتی بوو لە، یەکەم: رۆڵی ئیران لە کوردستان و کاریگەری بەسەر حزبەکانەوە کەم بکرێتەوە و کەنار بخرێت. دووەم: پارتی و یەکێتی وەکو دەسەڵاتی دوو زۆنەکەی هەرێم، ئاسۆ سیاسیان و گەرانەوە بێت بۆ ژیرسایەی عێراق و بەکردەوە هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکانی نیوان هەرێم و بەغدا، بنین هەژموونی بەغدا بەسەر پرسی نەوت و غازو سنورەکان پرسی ئەمنی قبوڵ بکەن. سێهەم: پارتی و یەکێتی دۆخی خۆیان ئاسایی بکەنەوە تا هەڵبژاردن لە کەشێکی رێژەیی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ڕیگە لەوە بگیرێت خروشانی جەماوەری بگاتە راماڵینی دەسەڵات.

نێچیر بارزانی لە وتارەکەیدا قبوڵ بوونی ئەو ئەجندایانەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و وەڵامی ئەرینی حزبەکانی تری کوردستانیشی ڕاگەیاند.

نەتەوە یەکگرتوەکان و نوێنەرەکەی، باش دەزانن کە حزبەکانی کوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن و هەڵبژاردنی پێشوو بووە بەڵگەنامەیەکی حاشاهەڵنەگر، بۆ نیشاندانی ئەوەی خەڵکی کوردستان ڕێگای خۆی جیاکردۆتەوە و باوەڕ بەوەی ئەو حزبانە کارێک بۆ هاوڵاتیانی بکەن، بە سفر گەیشتووە. هەروەها ئەوەش دەزانن پارتی و یەكیتی بۆیە تا ئێستا لە دەسەڵاتدا ماون چونکە لەلایەکەوە دەستیان بەسەر داهاتی کوردستان و قوتی هاوڵاتیانیدا گرتووەو لەو رێگایەشەوە میلیشیاکانیان قەڵەو دەکەن بۆ بەرگری لە پاراستنیان و لەوەش زیاتر هەر لایەکیان بۆ مانەوەی خۆی، خۆی گریداوە بە دەوڵەتیکی ناوچەکەوە.

تورکیا و ئیران لە هەلومەرجی ئێستادا، بەرژەوەندی سەراسەری تر لە کوردستان و دوورمەوداتر لە دەسەڵاتی ئێستای پارتی و یەکێتیان هەیە. هەرەشەیەک کە لەسەر دەسەڵاتی هەرێم هەیە… لەلایەکەوە گوشارەکانی دەسەڵاتی ناوەندە لەسەر هەرێم لە راستای هەوڵەکانی بۆرژوازی عێراقی بۆ قوتبی کردنەوەی دەسەڵاتی لە ئاستی سەراسەری عێراقدا و لەلایەکی تریشەوە هائاهەنگ بوونی وڵاتانی ناوچەکەیە لەگەڵ ویست و خواستی دەسەڵاتی بەغدادا. نەتەوە یەکگرتوەکان مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەکەن و خواستی بەهیزبوونی عیراق و حکومەتەکەیان هەیە، بەو مەرجەی دەستی ئیران لە گۆرەپانەکەو لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا لاواز بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەدەستەوە گرتنی کارتی هەرێم، لەبەرامبەر بەغدادا، هێشتا جێگای ماوە، بەڵام بەچەندین هوشداری رۆشن. چونکە نە بۆ ئیران و تورکیا و نە بۆ ئەمریکا و غەرب، هەرێمی کوردستان پێگەی جارانی نەماوە. ئێستا چاوەکان و تەماحی بەرژەوەندییەکان روویان لە ناوەندە. نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە جێگای داننان بەو واقعیە ئاشکرایەدا دەیەوێت سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەرەشەی سەر دەسەڵاتی ئاگادار بکات.

بۆ پاساوی ئەو ئاڵوگۆرەی بەڕێوەیە و لە هەرێم و دەسەڵاتی هەرێمدا کە ئەویش لە بنەرەتدا لەژێر کاریگەری هەلومەرجی تازەی ناوچەکەو دۆخی عێراقدایە، نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان باسی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لایەنەکان، تا دەگاتە یەکخستنی هیزی پێشمەرگە و بەرەنگاری بوونەوەی گەندەڵی … دەکاتە مەرجی مانەوەی هەرێم یان رەواندنەوەی مەترسیەکانی سەر دەسەڵاتی هەرێم.

دیارە هەرکام لەو مەسەلانە لە باسی هەڵبژاردنی پاک و بێگەردەوە!! و تا دەگاتە سەر یەکخستنی هیزی پێشمەرگە و تیکەڵ کردنەوەی زۆنەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی… نەک هەر لەتوانای دەسەڵاتی هەرێمدا نییە، بەڵکو دەست بۆ بردنیان دەسەڵاتی هەرێم کۆتایی پێ دەهێنێت. هەڵبژاردن لە ژێر سایەی دەسەڵاتی زۆر و چەک و دەستبەسەراگرتنی داهات و خۆبەستنەوەی دەسەڵاتی زۆنەکان بە وڵاتانی ناوچەکەوە، نەک دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم نارەخسێنیت بۆ بەشداری  ئازادانە و کەشی یەکسان لەپرۆسەی هەڵبژاردندا، بەڵکو سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردن دەکاتە درۆیەکی ئاشکرای و پێشتر ئەزمونکراو و لەوەش زیاتر جەماوەری کوردستان بەکردەوە و بەبەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنی پیشوودا نیشانیاندا کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و چەکداردا، هەڵبژاردن مانایەکی نییەو کەس باوەری بەوە نییە لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بکرێت و ئاڵوگۆر لە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا پێک بێت.

یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، یانی دەستبەردار بوونی حزب لە هیزی چەکدار، ئەمەش نەک هەر ئیمکانی نییە، بەڵکو مانەوەی ئەو دەسەلاتە لەهەردوو زۆنەکەدا بەندە بە مانەوەی هێزی چەکداری حزبیان و ئەگەر پارتی و یەکێتی هیزی چەکداریان لەدەست دەربهێنرێت لەیەکەمین دوبارە بوونەوە ١٧ شوباتێکی تردا، یان خرۆشانێکی جەماوەریدا دەسەڵاتی پارتی و یەكیتی رادەماڵرێن و هیزی چەکداری ناحزبی دەبنە پشت و پەنای جەماوەری راپەڕیوو یان بێ لایەنی هەڵدەبژێرن و ئامادەی بەرگری لە دەسەڵاتی تاڵانچێ دزەکان نابن. هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەهیزی دزو گەندەڵ و تاڵانچی ناکرێت و ئەگەر پارتی و یەکێتی دەست بۆ چاکسازی بەرن، دەسەڵاتیان دادەرمێت و ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت و لە بنەرەتدا لەسەر پایەی دزی و تاڵانی و پاوانی سەروەت و سامان و قوتی هاوڵاتیان دریژە بەدەسەلاتیان دەدەن.

نێچیر بارزانی باش دەزانێت، دەستبردن بۆئەم دۆسیانە هیڵی سورن و دەسەلاتیان کۆتایی پێدەهێنێت… بەڵام ئەو دەیەوێت بە وروژاندنی ئەم دۆسیانە لەلایەکەوە نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان رازی بکات کە ئامادەن بۆ چاکسازی وئالوگۆر تا لەپشتیوانی ئەمریکا و غەرب بۆ دەورەیەکی تر بەهرەمەند بن، و لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکی کوردستان، تا لەوڕیگایەوە جەماوەری کوردستان رابکێشتە پای سندوقەکانی هەڵبژاردن و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، تا وەکو هەڵبژادرنی پیشوو بایکۆتی جەماوەری کایەی هەڵبژاردنەکان، ریسوا نەکەن و دوبارە بەڵگەنامەی “نا” بۆ دەسەڵات، وەرنەگرنەوە.

چ پەیامی نوینەری نەتەوەیەکگرتوەکان و چ پەیامی نیچیر بارزانی لەناو پەیامە زۆرەکانیاندا، لە بنەرەتدا ترسە لە راماڵینی دەسەڵات لەلایەن جەماوەرەوە. پیلانی هەردوولاشیان، هەوڵە بۆ بەرگرتن بەو بزوتنەوە نارەزایەتیە جەماوەریەی بەکردەوە لە ١٧ شوباتەوە وەڕکەوتووەو تا هاتوە فراوانتر و بەرینتر و رۆشنتر و سەراسەری تر بۆتەوە و ئەزمونی بەخشیوەتە بزوتنەوەکەو بە لارێدا بردن و دەستەمۆکردنی یەکجار سەخت بووە… دیارە چ بارزانی و چ نوینەری نەتەوە یەکگرتوەکان بەو راستیەش پەی دەبەن کە ئۆپۆزیسۆنێک لە خانەی بۆرژوازیدا ئامادەیی نییە کە بتوانێت بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەی دەستەمۆ بکات و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لە دارمان بپارێزێت.

بۆیە نە پەیام و هوشداریەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و نەپەیامەکانی نیچیر بارازانی ناتوانێت دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لە دارمان و نەمان بپارێزێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.