هێرش و ملهوری تورکیا، زیاد دەکات و دەگاتە قوڵایی شارەکانی کوردستان…
هێرش و ملهوری تورکیا، زیاد دەکات و دەگاتە قوڵایی شارەکانی کوردستان…
بەجیا لە هێرش و ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی ڕژێمی دڕندەی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان، هاوکات پیلانەکانی ئەم رژێمە و فراوانکردنەوەی کردەوە تیرۆریستیەکانی و تیرۆری ئەندامان و کادران و لایەنگرانی پەکەکە لە قوڵایی کوردستاندا تادێت روو لەزیاد بوون دەکات. لەچەند مانگی رابردوودا چەندین کەس لە لایەن رژێمی تورکیاوە لە ڕێگەی درۆنەکان و یان لە ڕێگای پیاوە چڵکاوخۆرەکانی کراونەتە نیشانەو تیرۆر کراون. هەروەها لە چەند هێرشی فرۆکەکانی تورکیادا بۆسەر کەمپی مەخمور و بنکەیەکی تر لە نزیک ئاغجەلەر چەندین هاوڵاتی و ئەندام و لایەنگری پەکەکە کوژراو یان بریندار بوون.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەگەر پێشووتر زۆرتر لەسەر سنورەکان ئەنجام دەدران، ئەوا ئێستا هێرش و کردەوە تیرۆریستیەکانی لە قوڵایی کوردستان و ناو شارەکاندا ئەنجام دەدرێن. ئەم ئاڵوگۆرەو بەرین بوونەوەی هێرش و کردەوە تیرۆریستیەکانی تورکیا، تەنها پەیوەست نییە بەخودی دەوڵەتی تورکیاوە، بەڵکو هاوکات دەسەڵاتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش پارتی و یەکیتی بەرپرسی ئەو تاوانکارایانەن کە تورکیا لە کوردستاندا ئەنجامیان دەدات، چونکە ئەگەر تورکیا چاوساغی بۆ نەکرێت و ڕێگای بۆ ئاوەڵانەکرێت و دەزگا هەواڵگریەکانی هەرێم هاوکاریان نەبن ناتوانن لەناو جەرگەی شارەکاندا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. ئەوەی لەو نێوەدا هێندەی تر دەستی هاوکاری تیرۆریستی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەم کردەوە تیرۆریستیانەدا ئاشکرا دەکات، ئەوەیە کە بکوژان و تیرۆریستەکان بۆی دەردەچن و کەس لەسەر ئەم تاوانکاریانە دەستگیر ناکرێت.
هێرش و پەلاماری دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێم و کردەوە تیرۆریستەکانی، تەنها هێرش و کردەوەیەکی تاوانکارانە دژی نەیارانی دەوڵەتی تورکیا نییە، بەڵکو پێشێلکاریەکی ئاشکرا و وردکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و هەر حزب و لایەنێکی سیاسییە کە خاوەنی کەمترین پرانسیبی سیاسی بێت. دیارە دەوڵەتی عێراقیش کە ڕۆژانە بانگەشەی سەروەری خاکی عێراق!! پاراستنی ئیرادەی تاکەکانی! دەکات، بەرپرسیارە لەو تاوانکاریانەو بێدەنگە هەڵبژاردنی نیشانەی ئاشکرای هاوکاری دەوڵەتی عێراقە بۆ ئەم کردەوە تیرۆریستی و هێرشە بەردەوامانە.
بێ دەربەستی دەوڵەتی عێراق و بێدەنگە و تەنانەت هاوکاری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ رژێمی فاشیستی تورکیا، زیاتر دەستی تورکیای ئاوەڵاکردەوە تا هێرش و ملهوریەکانی زیاتر بکات و دەستی بگاتە ناو قوڵایی شارەکانی کوردستان.
لەبەرامبەر بەو شەپۆلە لە تاوانکاری بەردەوامی دەوڵەتی تورکیا، پێویستە خەڵکی کوردستان و ئەو لایەنە سیاسی و جەماوەری و هەڵسوراوی سیاسی و رابەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، کەبەکردەوە دژی هێرش و کردەوەی تیرۆریستی دەوڵەتی تورکیان، رۆڵی کاراو بەنەخشەو فراوان بۆ هێنانە مەیدانی خەڵکی کوردستان بەدژی دەوڵەتی تورکیادا بگێرن… کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان هێزی فراوانی جەماوەرییان بهێنە مەیدان نەک تەنها بۆ ئیدانەی لەشکرکێشی و کردەوە تیرۆریستیەکان، بەڵکو بۆ ناچارکردنی دەوڵەتی تورکیا تا بنکەو بارەگا سەربازی و جاسوسیەکانی لە کوردستان بکشێنێتەوە.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، نیشانەی بەهێزی ئەو رژێمە نییە، بەڵکو نیشانەی داماوی دەرگیربوونیەتی لەگەڵ دەیان ئەزمەی ناوخۆیی و دەرەکی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی… بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستانی عێراقدا بە هاتنە مەیدانی بەدژی دەستێوەردان و ملهوری رژێمی تورکیادا، کۆمەکی گەورە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکپارتی دەکات، لەپێناو ئایندەیەکی باشتر و ئینسانیدا.